بورهان شێخ ڕەئوف: عەرەب و یەهود لە دوژمنەوە دەبن بەدۆست؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەرچى یەکەم ڕێککەوتنى ئاشتى لە نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵى 1979 ئیمزا کرا بەناوى ڕێککەوتننامەى (کامپ دیڤید ) لە لایەن ( ئەنوەر سادات ) ى سەرۆکى ئەوکاتى میسر و ( مناحیم بیگن ) ى سەرۆک وەزیرانى دەوڵەتى ئیسرائیلى ئەوکات بە ئامادەبوونى سەرۆکى ئەوساى ئەمریکا (جیمى کارتەر )، کە ئەمەش کاردانەوەى زۆرى بە دواى خۆیدا هێنا کار گەییە ئەوەى میسر لە کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبى دەربکرێت و هەموو وڵاتانى عەرەبى و تەنانەت هەندێک وڵاتى ئیسلامیش پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانیان لە گەڵ میسر بقرتێنن.
لە دواى ئەوەش ئیسرائیل ڕێککەوتنەکانى ئۆسلۆ لە گەڵ فەلەستینیەکان و ڕێکەوتنى وادى عەرەبە لە گەڵ ئوردن و ئەم ڕێککەوتنانەى ئەم دواییە لە گەڵ ئیمارات و بەحرین بەست،
ئەوەى گرنگە بەلامەوە و مەبەستمە باسى بکەم و بیوروژێنم بە کورتى لەم وتارەدا ئەوەیە ئایا ڕێککەوتننامەو پەیماننامەو پرۆتۆکۆلاتى فەرمى دەتوانن کێشەو قەیرانێکى قووڵى فرە ڕەهەندى وەکو کێشەى عەرەب _ ئیسرائیل چارەسەر بکەن؟
کێشەیەک حەفتاودوو ساڵە درێژەى هەیە و سێ شەڕى گەورە لە نێوانیاندا لە ساڵەکانى 1948 و 1967 و 1973 ڕویداوەو هەموو عەرەب لە کەنداوى عەرەبیەوە تاوەکو ئۆقیانووسى ئەتڵەسى خەڵکى یەهوود و دەوڵەتى ئیسرائیل بە دوژمنى زایۆنیزم ناو دەبەن و لە هەموو پرۆگرامەکانى خوێندنیاندا ڕەنگى داوەتەوەو وا بە ئاسانى لە بیرەوەرى گشتى نەتەوەى عەرەبدا ناسڕێتەوە.
ئەگەر لە ئێستادا سەرۆکى ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە کە متر لە دوو مانگى ماوە بۆ هەڵبژاردنى خوولى دووەمى سەرۆکایەتى، دەخوازێت بەم ڕێککەوتنە خێراو پەلە پەلانە لە نێوانى ئیسرائیل و وڵاتانى کەنداو باڵانسى دەنگەکانى بەرز بکاتەوە بۆ خوولى دووەمى سەرۆکایتیەکەى لەلایەن یەهوودەکانى ئەمریکاوەو سوود لە پێگەو توانا داراییەکانیان وەربگرێت.
لەلایەکى ترەوە نەتەوەى عەرەب لە بەرامبەر پشتیوانى ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا و زۆرێکى تر لە وڵاتانى جیهان لە دەوڵەتى ئیسرائیل لە هەموو کۆڕو کۆبونونەوەو مەحفەلە نێودەوڵەتیەکاندا، هەست بە پشتگوێخستن و زوڵمێکى گەورە دەکەن، وەکو دەرئەنجامێکى ئەو ناهەوسەنگیە ئەو هەموو ڕەوتە جیهادی و تیرۆریستى و توندو تیژە سەرى هەڵداوە لە ناو هەناوى کۆمەڵگاى عەرەبیدا کە لە هەموو کونو کەلەبەرێکى ئەم جیهانە بەدى دەکرێت، نمونە زۆرن هەر لە ڕوداوەکانى 11 سبتمبەرەو لە ئەمریکا تاوەکو دەیان و سەدان کردەوەى تیرۆریستى خۆکوژى لە شارە گەورەکانى جیهان لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و ئەفرییقیا و ئوسترالیا و… تد.
لە مانگى ئابى رابردوودا پەیوەندییەکانى دەوڵەتى ئیمارات و ئیسرائیل ئاسایى کرایەوە، دواتر باسى ڕێککەوتنى عەرەبستانى سعودیە و ئیسرائیل بە گەرمى هاتە ئاراوە بەهۆى چەند فاکتەرێکەوە:
1- پەیوەندى نزیکى شازادەى جێنیشین موحومەد بن سەلمان لە جارید کۆشنەرى زاواى ترەمپ و ئەندازیارى سەوداى سەدە و خودى ترەمپ.
2- دیدى شازادە موحەمەد بۆ گۆڕینى سعودیە لە وڵاتێکى کۆنزێرڤاتیڤەوە بۆ وڵاتێکى نوێ سەردەمیانەوە و نوێ و کراوە.
3- دروستکردنى جەمسەرێکى بەهێز لە نێوان سعودیەو ئیسرائیل کە هەردووکیان دۆستى ئەمریکان دژ بە ئێران.
کەچى سەرەڕاى ئەو فاکتەرە بەهێزانەش بەربەستى گەورە بۆ پرۆسەى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى سعودیە و ئیسرائیل هاتنە پێش، لەلایەن خودى مەلیک سەلمان پادشاى وڵاتەوە بە گوێرەى ئەو هەواڵانەى دزەییان کردووە بۆ میدیاکان شا سەلمان وتوویەتى ئێمە خاوەنى دەستپێشخەرى خاک بەرامبەر بە ئاشتین کە دوو دەیە بەر لە ئێستا کۆمەڵەى وڵاتانى عەرەبیش بە فەرمى پێشتیوانیان کرد، کە ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان پاشەکشە بکات بەرامبەر بە ئاشتى و ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان یان بەڵێن بدات کە پاشەکشە بکات لە داهاتوودا، بەڵام پێچەوانەى ئەمە واتە ئاساییکردنەوەى خۆڕایى و بێ بەرامبەر خیانەتە لە مەسەلەى فەلەستین بە ڕاى فەلەستینیەکان.
بۆیە عەرەبستانى سعودیە لە ڕووى قەوارەو پێگەو ژمارەى دانیشتووانەوە زۆر جیاوازە لە بەحرێن و ئیمارات، جگە لەوەى حیجاز لانەکەى ئایینى ئیسلام و شوێنى هەموو مەزارە پیرۆزەکانى ئیسلامەوخۆى بە خاوەن و دەمڕاستى هەموو موسڵمانانى جیهان و کێشەکانیان دەزانێت، بۆیە لە ئێستادا و بە زیندویەتى شا سەلمان گرێدانى پەیوەندى لە گەڵ ئیسرائیل کارێکى سانا نیە، بۆیە پێدەچێت لە سەردەمى شازادە موحەمەد دا ئەو گۆڕانکارییە بێتە دى کە خاوەنى دنیابینى نوێیە کە دەخوازێت عەرەبستان بکاتە هێزێکى ئیقلیمى بەهێز و کاریگەر بە هاوپەیمانێتى لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
لە کۆتاییدا هەرچەندە هەندێک ئاماژە بەدى دەکرێن لە لایەن میدیاکانى سعودیەو و پیاوانى ئایینى ئەو وڵاتەوە کە باسى دوژمنى زایۆنیزم ناکەن و میدیاکان باسى هۆلۆکۆست دەکەن، بەڵام وەکو گەواهیەکیش بۆ وتەکانى سەرەوە م لە سەر پەروەردەو هەڵوێستى نەتەوەى عەرەب، ئاکامى ڕاپرسیەکى پەیمانگاى واشنتۆن بۆ سیاسەتى ڕۆژهەڵاتى دوور کە لە عەرەبستانى سعودیە ئەنجامیانداوە دەخەمە ڕوو کە زۆربەى زۆرى سعودیەکان دژى ئاسایى بوونەوەى پەیوەندى وەرزشى و بازرگانین لە گەڵ ئیسرائیل تەنها 9% لایەنگرى ئاسایى کردنەوەن لە گەڵ ئیسرائیل.