محەمەد بەرزی: چیرۆکەکانی کاتی نووستنی منداڵان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆکەکانی کاتی نووستنی منداڵان، ئەو چیرۆکانەیە، کە دایک و باوک یان کەسێکی تر بۆ منداڵانی دەیخوێننەوە، تا بە ئارامی بچنە ژێر باڵی خەوێکی خۆشەوە. بێگومان بە درێژایی ڕۆژ منداڵ سەرقاڵی خوێندنی خوێندنگا و یاری و تەلەفزیۆن و ئایپاد و بابەتە ئەلکترۆنییەکانە. لە هەمان کاتیشدا دایک و باوکەکانیش، چ لە ماڵەوە و چ لەدەرەوەدا، خەریکی کاری ڕۆژانەی خۆیانن. ساتەکانی پێش نووستن باشترین ساتە، کە دایک و باوک بتوانن پاش کۆتایی ڕۆژێکی پڕ سەرقاڵی هەردوو لایان، ماوەیەکی باش لەگەڵ منداڵەکانیاندا بە خوێندنەوەی چیرۆکی بە سود بەسەربەرن. ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەهێزبوونی پەیوەندی نێوانیان و کەمکردنەوەی گرژی و هێورکردنەوەی مێشکی منداڵەکانیان و خەوێکی خۆش و ئاسودە بۆیان. پاشان دروستکردنی کەسایەتییەکی بەهێز و چەسپاندنی کۆمەڵێک یادگاری جوان لە ناخیاندا. لە ڕاستیشدا جگە لە بەهێزبوونی پەیوەندی نێوان مندڵان و دایک و باوکیان، لە هەمان کاتدا ڕادەی ئاڵۆزیان کەمدەکاتەوە و پەرە بە ئاستی خویندنەوە و نووسینیان دەدات و بـاشتر و زووتـر فێری زمانەکەیان دەبن، چونکە چیرۆک کەرەسەیەکی باشی فێربوونی زمانە، سەرباری ئەوەی هەرچ وشەیەکیش لە دەمی دایک و باوکەوە دەربچێت، زوو بە دڵ و دەروونی منداڵەوە دەنووسێت. توژینەوەکانیش ئەوەیان سەلماندووە، ئەو منداڵانەی، کە دایک و باوکیان کاتیی خۆیان تەرخانکردووە بۆ خوێندنەوەی چیرۆک بۆیان، زۆر لەو منداڵانە زیرەکترن، کە دایک و باوکیان گرنگییان پێ نەداون. پاشان ڕاپرسییەک لە ئەمەریکادا ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات، لە نێوان دە منداڵدا، حەوتییان ساتی ناو جێگایان بە خۆشترین و باشترین کاتی خویندنەوە داناوە.
ئەوەی شایانی باسە دەرباری خوێندنەوە بۆ منداڵان، دکتۆر ( ج . رید لیۆن )، کە بڕوانامەی دکتۆرای هەیە و لە ئامۆژگای نیشتمانی تەندروستی و پەرەپێدانی مرۆیی ئەمەریکا، سەرۆکی بەشی پەرەپێدانی هەڵسوکەوتی منداڵانە دەڵێ: ( جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نیوان دەمارەکانی مێشکی ئەو منداڵانەی، کە بە بەردەوامی کتێبیان بۆ خوێندراوەتەوە، لەگەڵ ئەو منداڵانەی کتێبیان بۆ نەخوێندراوەتەوە ). لە زانکۆی تەکساسی ئەمەریکاش، توێژەرەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی، کە وێنەی ئەلکترۆنی مێشکی ئەو منداڵانەی، کە ماوەی کەمیان بۆ خوێندراوەتەوە، لە بواری دەربڕینی وشەدا، زۆر سست و لاواز بووە. بەڵام کاتێک توێژەرەوەکان ڕۆژانە لە نێوان کاتژمێرێک بۆ دوو کاتژمێریان بۆ مەشق پێکردن لەسەر خوێندنەوە و گفتوگۆ و پرسیار و نووسین بۆ تەرخانکردوون، ئەوا ئەوانیش دوای هەشت هەفتە، دەمارەکانی میشکیان چالاک بووە و وەک دەمارەکانی ئەو منداڵانەی لێهاتووە، کە زۆریان بۆ خوێندراوەتەوە.
جا لێرەدا بە کورتی دەتوانیین ئاماژە بە چەند لایەنێکی باشی خویندنەوەی چیرۆک لە ساتەکانی پێش نووستندا بکەین:
1- منداڵان باشتر دەخەون، لە نیوەشەودا بە هاوار و گریانەوە خەبەریان نابێتەوە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە قازانجی دایک و باوک دەگەڕێتەوە و بە ئیسراحەت ڕۆژدەکەنەوە. کەواتە ئەگەر منداڵان لە چیرۆکەکانیش سود وەرنەگرن، ئەوا بە ئاسودەیی دەخەون و دایک و باوکیان ماندوو ناکەن. پاشان نووستنی بێ کێشەی منداڵیش، خۆی لە خۆیدا نیشانە و بەڵگەی تەندروستییەکی زۆر بـاشی منداڵەکەیە.
2- فراوانکردنی ئاسۆی خەیاڵی منداڵان، چونکە بە گشتی چیرۆکەکان پڕن لە بابەتی خەیاڵاویی سەرنجڕاکێشی هەندێک لە کەسایەتییە پاڵەوانە کۆنەکان و باڵندە و ئاژەڵ و شاخ و دارستانەکان، کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پێی ئاشنا نەبوون و ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر هەستی منداڵان و بیرکردنەوەیان بە هێز دەکات و برەو بە داهێنانیان دەدات.
3- خوێندنەوەی چیرۆک پێش نووستن هۆکارێکە بۆ پەرپێدانی زیرەکی و چاندنی ڕەوشتی بەرز، چونکە ئەو تەمەنە باشترین تەمەنە بۆ فراوانبوونی ئاسۆی خەیاڵ و گەشەکردنیان بە شێوەیەکی لەبار. باشتریش وایە پێش تەواوبوونی چیرۆکەکان داوا لە کۆتایی چیرۆکەکە لە منداڵەکە بکرێت، تا بزانرێت ئەو بە چ شێوەیەک کۆتایی بە چیرۆکەکە دهێنێت. یان پرسیار و گفتوگۆ دەربارەی چ شتێکی چیرۆکەکەی بەلاوە سەرنج ڕاکیش بووە. ئەمانەش هۆکارێکی چاکن بۆ بیرکردنەوەی زیاتری منداڵان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کێشانەی تووشیان دەبێت.
4- هەر هەمان تەمەن، تەمەنێکی باشە بۆ پێدانی زانیاریی تەندروستی و دەتوانن بە زوویی ئەو زانیارییانە وەربگرن.
5- لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکدا، دەکرێت پرسیاریان ئاڕاستە بکرێت، بەمەش باشتر فێری هونەری بیردەکەنەوە دەبن.
6- لە کاتێکدا منداڵان بە بەردەوامی گوێدەگرن، باشتر و زووتر فێری وشە و دەستەواژە و قسەکردن و زمانی پوخت و پاراوی دایکیان دەبن.
7- خوێندنەوەی چیرۆک و هاندانیان بۆ خوێندنەوە، وا لە منداڵان دەکات، لە گەورەییشدا لە خوێندنەوەدا بەردەوام بن. خوێندنەوەی کتێبەکانی خوێندنگا بە لایانەوە سوک و ئاسان بێت و باشتر بیربکەنەوە و زووتریش تێبگەن، ناوسکیان پڕبێ لە قسە و شوێنپێی دایک و باوکیان هەڵبگرن و ببن بە ئاوێنەیەکی باڵانما بۆیان، لە ئەنجامیشدا ببن بە نووسەری چاک.
8- خوێندنەوەی چیرۆکی پڕ مانا، کە گوزارشت لە خواستی منداڵەکە بکات، هۆکارێکە بۆ دروستبوونی حەز و خولیا و مەراقی لاسایی کردنەوە و چاولێکردنی پاڵەوانەکانی ناوچیرۆکەکان. ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی کەسایەتییەکی بەهێزی سەلار و سەنگینی زیت و زیرەک لە منداڵەکەدا.
9- کاتی خویندنەوە هەلێکی لەبارە بۆ دایک و باوک، تا بتوانن لەگەڵ منداڵەکانیاندا گفتوگۆ لەبارەی کەسایەتییەکانی ناو چیرۆکەکانەوە بکەن، لەو گفتوگۆیانەشدا چەندین وشە و زاراوە و دەستەواژەی تازە دێنە ئاراوە و دەتوانن لەسەریان بوەستن و ڕاڤەیان بۆ بکەن، بەمەش لەو وشە و دەستەواژانە باشترتێدەگەن و باشتر زمانەکە فێردەبن.
10- بەگشتی چیرۆکەکان پڕن لە ڕەوشتی بەرز. ئەمەش یارمەتیدەرێکی چاکە بۆ چاندنی تۆوی بڕوا و ڕاستگۆیی و ئازایەتی و ڕێز و ڕەوشتی جوان لە ناخیاندا، بە مانەش چاوی ئومێدیان لەسەردەبێ، تا لە دواڕۆژدا و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیاندا، ببن بە خاوەنی بەهرە و توانا و کەسایەتی بەهێزی سودبەخشی ئاکار چاک لە ناو کۆمەڵگادا.
لە کۆتایی ئەم کورتە باسەدا ئەوە ماوە بڵێم: بە درێژایی مێژوو وڵاتە ئەتککراوەکەمان، بەم قۆناغە پڕ لە کێشە و قەیرانانەی ئەمڕۆدا تێنەپەڕیوە. هەرگیز کۆمەڵگاکەمان وا وێران و دانەتەپیوە. پەروردە و بوارەکانی خوێندن و ڕاگەیاندن و ژیانی خەڵکی، تووشی سەختی و گرانی وا گەورە نەبووە، بۆیە پێویستە دایک و باوکەکان بە تەمای ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرە نەبن، بەڵکو بە پێی تین و توانای خۆیان لە خەمی پەروەردکردنی منداڵەکانیاندابن، بە جۆرێكی کارا و کارامەی وا نەوەکانیان پەروردەبکەن، تا چاوی ئاوات و ئومێدیان لەسەربێت و لە دزە شاخدارەکانی شاخ نەچن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت