کاوسێن بابەکر: تورکیای داشەهارە تاکوێ وتاکەی بڕدەکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی ئاکپارتی هاتۆتە سەر حوکم و ئەردۆگان کورسی دەستەلاتی وەر گرتووە، شەهیەی قوتدانی زەوی و زارو داهاتی ووڵاتانی نزیک و دوری کراوەتەوەو بووە بە داشە هارەو هەر جارە پەلاماری شوێنێک دەدات. هێرش بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان، هێرش بۆسەر باشوری کوردستان و دانانی دەیان بارەگا لەسەر سنورو لەقوڵایی خاکی عێراق و، ناردنی هێزی کرێگرتە بۆ لیبیا، پەلاماردانی سنوری ئاوی قوبرس و یۆنان لە دەریای سپی. ئێستاش ناردنی هێزی کرێگرتە بۆ ئازەرباینجان و دنەدانی ئەو ووڵاتە بۆ شەڕ لەگەڵ ئەرمینیای هاوسێی بۆ قوتدانی ناکۆرنی قەرەباخ!
هەموو ئەو ئاژاوەو شەڕانەش بۆ گێڕانەوەی سەردەمی زێڕینی دەستەڵاتی عوسمانیەکان کە بەناوی ئیسلامەوە فراوانترین پانتایی گۆی زەویان داگیر کردبوو هەر لە سنورەکانی ئێرانەوە تا ناوەڕاستی ئەوروپاو بۆ ناوەڕاستی ئەفریقاو سەرجەم وولاتانی عەرەبی، تا لەئەنجامی زوڵم و زۆرو برسیتی و خراپ ئیدارەدان، دانیشتوانی ووڵاتەکان لێی راپەڕین و لەجەنگی جیهانی یەکەمدا، لەشەر دۆڕان و موڵکی پیاوە نەخۆشەکەیان دابەشکردو دایانەوە خاوەنەکانیان جگە لە چەند شوێنێک نەبێ کەتا ئێستاش ماکی شەڕوکێشەکانن.
ئەم خەونە ئێستا لەمێشکی فاشیانەی ئەردۆگاندا نوێبۆتەوەو ئەوبەڵاو نەهامەتیەی بەسەر دەیان ووڵاتو میللەتدا داهێناوە کەبۆتە هۆی داڕمانی ئابوری ووڵاتەکەی و دروستکردنی کەشێکی شەڕانی لەسەراپای ناوچەکەو جیهاندا. بەڵام تاکەی و تاکوێ ئەوداشە هارەیە بڕدەکات؟ئەرمینیا ووڵاتی ئەو ئەرمەنیانەن کە تورکیا نزیکەی دووملیۆن کەسی لی قڕکردن لەساڵەکانی 1915-1917 کە بە جینۆساید ناسراو تورکیا هەتا ئێستاش ڕەتی دەکاتەوەو دانی پیدا نانێ. ئەم شەڕە کەلەڕابردوشدا چەندین جار كڵپەی هەبووە و دەیان دۆستی تورکیای بۆ دوژمن گۆڕیوەوزۆربەی دەوڵەتانی دونیای هێناوەتە دەنگ لەسەرویانەوە فەڕەنسە، روسیا، تەنانەت چین و ئێرانی دۆستیشی ناڕەزاییان دەر بڕیوە داوای کۆتاییهێنان بەم شەرە دەکەن، یوئێن و ئەمریکاش ئامۆژگاری ئەردۆگانیان کردووە کە شەڕەکە بوەستێنن. لەولاشەوە دۆخی ناوخۆی تورکیا بەرەو کێشەی گەورەتردەچێ و ناڕەزایی ئۆپزسیۆن وتوێژی روناکبیران و میدیاکاران هەروا توندترو زیاتر دەبێ، ئایا ئەم داشەهارەیە لەسنوری کۆتایی خۆی نزیک نەبۆتەوە؟ لەدەریای سپی پاشەکشەیان پێکرد و لاقەکانیان پێ هەڵكێشایەوە، لەلیبیا تینیان بۆ هێناوەو خەریکە بارەکەی لەوێ دەکەوێ و میسرو دۆستەکانی بەپاڵپشتی ئەمریکا دۆخەکەیان بەرەو هێمنبونەوە بردووە، لەباشوری کوردستان دوای دەیان هێرشی ئاسمانی و زەمینی بێ ئەوەی ئامانجەکانی بپێکێ بە شکاوی پاشەکشەی کرد، لەڕۆژاوا لەناوکێشەکانیدا گیریخواردووە و ناتوانێ بجوڵێ، ئیدی تورکیا دەستی لەدەرەوە بەرەو بڕینەوە دەچێ و لەناوخۆشدا لە هەڵبژاردنی داهاتودا ڕەنگە قاچەکانی لەدەست بدات ئیدی داشەهارە دەبێتە تەیرێکی ماقوڵ بۆ مێژوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت