عوسمان عومەر: قەرقۆش کێیە، کە خاوەنى ئەو حوکمە سەیرانە بووە؟ ئایا زۆردار بوە؟
زۆرجار گوێمان لە قسەیەک یا ووتەیەک بووە گوتراوە حوکمى قەرەقۆشە، ئەوە واتاى ستەم و زۆردارى و فرمانى قازى یا حاکمێک بووە، بۆیە کەسەکە هەست بەمەغدورى دەکات لە بڕیارەکە. هەروەها بەکەسانێکیش دەگوترێ کە خاوەنى دەسەلات و زۆردار بە لەخۆبایی بونەوە حوکمڕانى خەلک دەکات و بەزۆر خۆى سەپاندوەو زۆرداریى زۆرى کردبێ.
قەرەقۆش کێیە؟ ئایا کەسایەتیەکى راستەقینەیە یا جیاواز؟
ئایا ئەو چیرۆک و بەسەرهاتانەى لێى دەگێرنەوە هیماى زۆردارى و ستەم کردنیەتى یا ئەوە مێژوە شێواندویەتى کە کۆمەڵگا سەدە بە سەدە بۆى دروستکردوە؟
بهاء الدین قەرەقۆش ناوى ئەبو سعید قەرەقۆش کورى عەبدولاى ئەسەدى ناسراو بە بەهادین سالى 597 کۆچى خزمەتکارى سەلاح الدینى ئەیوبى بوەو، هەندێ سەرچاوەش ئەوەیان گوتوە کە خزمەتکارى ئەسەد الدین شیرکۆى مامى سەلاح الدین بووە، خۆشى ویستوەو کاتێ لە میسر نیشتەجێ بوە وەک فەرماندارى کۆشکەکەى دایناوە. کاتێ لە میسر گەشتى کردوە بۆ شوێنى تر لەجیاتى خۆى دایناوە و، دەسەلاتى پێداوە و، متمانەى بە کاروکردەوەکانى هەبووە.
بەهادین پیاوێکى خۆش مەشروب بووە، بەردەوام ئامانجى باشەو نیەتى باش بووە. زۆر وورە بەرزو بەهیمەت بووە. خاوەنى شوراى دەورى قاهیرەو میسر و چواردەورى،قەلاى جەبەل، پردەکانى جیزەى سەر رێگاى هەرمەکان و… تاد، کارى کردوە کە سەرچاوە کلتوریەکان پێمان ڕادەگەیەنن کە قەرەقوش کەسایەتیەکى ڕاستەقینەیەو یەکێک بووە لەوەزیرەکانى سەلاح الدین و پایەیەک بووە لەچەسپاندنى حوکمڕانىەکەى ناوى بەهادین قەرەقۆشە.
سەرەتا کۆیلەیەک بووە، بەهۆى تواناکانیەوە بۆتە فەرماندەیەکى سەربازى، دواتر کراوەتە فەرماندەیەک لە وولاتى شام و دواتر میسر و لەگەل دوو کەسایەتى تر بەناوەکانى عیسا هەكاری و قازی فازل، سێكوچكەی متمانە پێكراوترین خەڵكانی دەوروبەری سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی بوون. قەرەقۆش رۆلێکى مێژوویی گێڕاوە لە بەکەنارکردنى خێزانى العاضد و بەندى کردون و ژن و پیاو و مندالەکانى لێک جیاکردۆتەوەو دەستى گرتوە بەسەر سەروەت و سامانى کۆشکى فاطمیەکان لە میسر. قەرقۆش بەوە ناسراوە کە فەرمانڕەواییەکى توندى هەبوە.
قەرەقۆش نزیکەى 30 ساڵ لە خزمەتى سەلاح الدین و کوڕانى بوە، لاى شارۆمەندان بەفەرمانى سەیرو سەمەرە ناوى دەرکردوە. هەندێ جار زیرەکانە هەندێ جاریش گەمژانە بریارى داوە، هەر لەدەسەلات و حوکمدارى بوە تا براکەى سەلاح الدین لەدەسەلات لاى داوە لەماڵێک ژیاوە تا کۆچى دوایی سالى 1201 زاینى.
کوڕى مەماتى و فاشوش
بەها دین قەرەقۆش نازناوى شازادەى پێبەخشراوە بڕواو متمانەى لاى فەرمانڕەوایانى میسرو شام هەبوە, کەسێکى میسرى بەناوى کوڕى مەماتى هاوژیانى قەرەقۆش بوە کتێبێکى نوسیوە بەناوى الفاشوش فى حکم قرقوش.
ووشەى (الفاشوش) بەواتاى ئەو فرمانە سەرنەکەوتوانە یا وەهمییانەى لەسەر زارى عەرەبەکان داهێنراوە، واتایەکى ترى فاشوش بێتوانا لە بڕیارو نیازى بڕیاردانیش دێت، بە جولفەیی فشوش واتە ئەو قسەو کردانەى بێ بنەماو بونییان نییە.
ئیبن مەماتى لەو نوسینەى هەولى داوە کە هەندێ چیرۆکى هەڵبەستراو و ساناو پێکەنیناوى دەگێرێتەوەو دەیخاتە پاڵ قەرەقۆش, هەربۆیەشە ئەو بابەتانە نەوە دواى نەوە باس دەکرێت، هەندێ لەو چیرۆکانەش واقیعى نین دروستکراوى خەیاڵى ئیبن مەماتی خودى خۆیەتى. وەک هەندێ سیناریۆى ئەم سەردەمەى دەسەڵات.
وا باس دەکرێ ئەو گرژى و ناخۆشیەى نێوان ئیبن مەماتى و قەرەقۆش بۆتە هۆى نوسینى ئەو کتێبە، چونکە قەلەم بەدەستى دەربار بووە. دووەمیشیان زاڵبونى شمشیر بووە ئەو دوانە لەکێبڕکێ بوون لە سەردەمى ئەیبویەکان و کامیان دەسەلاتى زیاتر بێ و قەرەقۆش سەرکەوتوبووە، دواتر نوسەرى کتێبەکە یادى قەرەقشى کردۆتەوە بەو وێنانەى کەخۆى ویستویەتى، بەتایبەت وێنەى ئەحمەقى و زۆرداریەکەى.
حوکمەکانى قەرەقۆش
هەرچەندە حوکمەکانى قەرەقۆش کەسەپاندویەتى بەسەر خەلک دا ئەحمەقى پێوە دیارە بەلام هەندێ جاریش حیکمەتێ یاپەندێکە بۆ زۆر لەکاروبارەکان و زیرەکى بەدەر دەخات:
* رۆژێک کەسێک سکالاى هێنایە لاى قەرەقۆش کە بازرگانێ سەروەت سامانى خواردووە، قەرەقۆش بانگى بازرگانەکەى کردو هۆکارەکەى لێپرسى. بازرگان گوتى هەرجارێ پارە کۆدەکەمەوە بۆ ئەوەى قەرزەکەى بدەمەوە بۆى دەگەرام نەم دەدۆزیەوە، بۆیە قەرەقۆش بریارى بەندکردنى بۆ خاوەن قەرز دەرکرد تا قەرزار بزانێ شوێنى کوێیە بۆیە کابرا هەلات و گوتى خوا حەق سێنم بێت. وەک ئەم سەردەمە یەکێ داواى موچە دەکاتو بەند دەکرێ.
* بە قەرەقۆشیان ڕاگەیاند ئەو بازەى لاى خۆشەویست بووە لە قەفەزەکەى فڕیوە، ئەویش فەرمانى دەرکردوە کە هەموو دەرگاکانى قاهیرە داخەن تا ڕانەکات.
* جوتیارێ سکالاى لەسەر سەربازێ گەیاندە میر قەرەقۆش، جوتیارهکهو ژنی جوتیارەکە بەسوارى بەلەمێکەوەبون،کە سکی حەوت مانگ بووه ئهو سهربازه سیخورمەیەکی لێداوە و منالەکەى لەبارچوه، قەرەقۆش وەک پیشەى هەمیشەیی بیرى دەکردەوە ئینجا بڕیارى دەدا (نەک وەک ئەوانەى خۆمان بیریشیان لە بریاردان نەکردۆتەوەو دێن و قسە بۆ جەماوەر دەکەن) قەرەقۆش فەرمانى دا ئەو سەربازە ژنەکە بۆماوەى 7 مانگ بباتە لاى خۆى و مەسەرەفى بکێشێ و مالێکى تایبەتى بۆ رێکخات، ئەوەش دلى جوتیارەکەى خۆش کرد تا دوا بڕیارى گوێ لێبو کە سەربازەکە ژنەکە بە سکى 7 مانگیەوە بداتەوە بە مێردەکەى. بۆیە جوتیارەکە لەگەل ژنەکەى هەلاتن و لەبەرچاوان ون بون.
بەپێى هەندێ سەرچاوە دەگوترێ قەرقۆش هۆکارى لەسێدارە دانى زانا شەهابەدینى سەهەروردى بووە لەسەردەمى سەلاحەدین کە خاوەن چەندین دانروى وەک حمکة الاشراق و هیاکل النور و لغة النمل بووە.
ئەى حوکمى قەرەقۆش چۆنە کە بەگەلەکەمان دەگوترێ خۆتان بگونجێنن، خۆ ئێمە پەتاى کڕۆنامان نەهیناوە، خۆ ئێمە نرخى نەوتمان دانەبەزاندوە. جیهان هەمووى ڕووبەڕوی قەیران بۆتەوە ئەى عەقل ئیدارکى حوکمڕانى لەکوێ بوو کە سەدا 17 شمان بۆدەهات ونەوتیشمان دەردەهێناو دەفرۆشت بۆچى بیر لە سندوقێک نەکرایەوەو بلێن ڕۆژان رۆژى لەدوایە با دەست نەبرێ بۆ موچەى فەرمانبەر، ئەى حوکمى قەرەقۆش چۆنە کە ناوێرن موچەى بندیوارەکان ببڕن و رێگە نەدرێ بەرپرسان قاچاخچیەتى نەوت و دەرمان و زۆر شت بکەن. ئەى حوکمى قەرەقۆش چونە کە فەمانبەرێ داواى موچەکەى بکات بە شەق و بۆکس لێى بدرێ و بەند بکرێ.. ئەى حوکمى قەرەقۆش چونە بەبێ هیچ یاسایەک لە 21% موچەى فەرمانبەران ببڕدرێت، بەلام موچەى پەرلەمان و خۆیان رێژەیەکى واى لێکەم نەکرایەوە + 21% بۆ ئەوەى ئەوانیش خۆیان بگونجێنن و 16 ملیۆن یا 20 ملیۆن وەرنەگرن هیچ نەبێ 3 ملیۆن وەرگرن. حوکمى قەرەقۆشیش هەروابوە موچەى شەهیدیک بدەى بەکەسێک کەخۆى زیندو بێ بچێ وەریشى بگرێ.. حوکمى قەرەقۆشیش هەروابوە قەرزى داوە بە نزیک و دۆستەکانى و باجى لێوەرنەگرتون.. حوکمەکانى قەرەقۆشى لەم هەریمەى خۆشمان زۆرو لەبەرچاوە، یەکێکى وەک ئیبن مەماتى هەرپەیدا دەبێ لە رۆژگارێک دا بۆیان بنوسێتەوە. ووتەیەکى عەرەبیش هەیە سکتوا دهرا ثم نطقوا کفرا….
بۆ ئەم بابەتە سودم لەچەند سەرچاوەیەکى ئینتەرنێت وەرگرتوە