نەوزادى موهەندیس: پێکەوە ژیان یان لێکترازان؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هیچ خێزانێک یان گروپێکى ئیتنى یان ئاینى یان مەزهەبى تەنانەت ڕێکخراوە پیشەیى و مەدەنیەکان و تا دەگاتە ئاستى حیزبە سیاسیەکان و دواتریش تەواوى کۆمەڵگا مرۆڤایەتیەکان بەگەورە و بچوکیانەوە ناتوانن بە بێ بنەماى پێکەوە ژیان لەگەڵ یەکدا لە چوارچێوە و سنور و بەرنامە و پەیڕەو ناوخۆى خۆیاندا هەڵبکەن و پێکەوە بژین،کە لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش داڕێژراوە و هەمووان لەسەرى ڕێکەوتوون و پێشى ڕازین و کاریش بۆ سەرکەوتنى دەکەن. جا ئەو چوارچێوەیە سیاسى یان ئابورى یان ئەمنى و یان کۆمەڵایەتى یانیش فەرهەنگى و کەلتورى بێت. چونکە پێکەوە کارکردن و بەشێوەى گروپ و کۆمەڵ و کۆمەڵگاش بەتەواوەتى و بەتایبەتیش لەم سەردەمى بەجیهانى بوون و دونیا پڕ جەنجاڵى و بەرژەوەندپەرستى و مادیەتى تەواو وپڕ ململانێى ناڕەوا و پڕ مەترسى و پەتاکوشندەکانیش، ئەوەیان لەسەر هەموان سەپاندوە کە پێکەوە و لەناو چوارچێوەى گروپ یان کارتێلى گەورە و بەهێز و یەک و یەکگرتوودا کاربکەن، نەک بەشێوەى تاک و پەرش و بڵاوى و لێکدابڕان و دوورکەوتنەوە و دڕدۆنگى و دواتریش دوژمنایەتى و نەیارى یەکترى.
قەوارەى مەترسیەکان هێندە گەورە و کاریگەرن لەسەر ئاستى جیهان و لەسەر ئاستى هەموو بوارەکان و ژیان و گوزەرانى مرۆڤایەتى چەرخى بیست و یەکەم. کە پێویست بە پێکەوە ژیان دەکات نەک دوورکەوتنەوە و لیکترازان. بۆ نمونە کۆمەڵگایەکى وەک کۆمەڵگاى کوردى لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەکەى کوردستانى گەورە و بەتایبەتیش لەسەر ئاستى هەر پارچەیەکیش بەتەنها، هەمان یاسا و ڕێساى جیهان و هەمان مەترسى و هەڕەشەکانیان لەسەرە، جا بۆیە لەم قۆناغ و سەردەمەدا لەهەموو کات زیاتر کۆمەڵگاى کوردى پێویستى بە کارى پێکەوەیى و پێکەوە ژیانى ئاسایى و هێمن و ئاشتیانە هەیە، دوور لە یەکتر شکاندن و هەڵدانەوەى لاپەڕە خوێناوى و ڕەشەکانى ڕابووردوو بەناوى نوسینەوەى بیرەوەریەکان کە کەمترین دەسکەوت و سەروەریان تیادا بەدیدەکرێت، دوور لە ململانێى تەسکى حیزبى ناڕەوا،دوور لە هەلپەرستى و موزایەداتى سیاسى، دوور لە خۆگیڤکردنەوە و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشەو گوڕەشەکردن لەیەکترى، دوور لە نەیارى و کەنارخستن و پەراوێزخستنى دۆست و نەیارەکان لەناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و دونیاشدا، دوور لە گیانى خۆپەسەندى و خۆسەپاندن و قۆرخکارى دەسەڵات و تەواوى جومگەکان،بەناوى زۆرینە و دیموکراسیەت و ئازادى و ژمارەى کورسى پەڕلەمانیەوە.
بەداخەوە هەموان خەڵکى ئەم وڵاتەیان و هەمووشمان زۆر باش لە فریودانەکان و ساختەکارى و گزى و فزیەکانى حیزب و سەرکردەکان دەزانین لە هەڵبژاردنەکان و کارى ڕۆژانەى حکومەت و دزینى سەروەت و سامانى ئەم وڵاتە وکە چۆن بونەتە براوە و دەسەڵاتدار، بۆیە ناکرێت ئەوەى لەدەسەڵاتدا بوو لاف و گەزافى براوەى گەورە لێبدات و وابزانێت کە بە ماف و ماندووبون و خۆشەویستى و متمانەى جەماوەر گەیشتۆتە دەسەڵات، بەهەمان شێوەش ئەو حیزب و لایەنانەى کە نەیانتوانیوە کورسى و قەوارەى سروشتى خۆیان بهێنن وابزانن کە ئەوە قەوارە و هێز و تواناى جەماوەرى ڕاستەقینەى خۆیانە.
بۆیە واباشترە هەردوولا لەسەر ئاستى حیزب و سەرکردەکان کارى گەرموگوڕتر بکەن پێکەوە بۆ زیاتر لێکنزیکبونەوە و تێگەیشتن لەیەکترى. لەسەر ئاستى حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمان شێوە دوو جەمسەرى بەهێزى ململانێکەرى ڕەوا پێکبێنن و لە کێبڕکێیەکى جدى خەمخۆرانەدا بن بۆ گەل و نیشتمانەکەمان.
لەسەر ئاستى جەماوەر و دەسەڵاتیش پێوییستە دەسەڵات ببێتە دەسەڵاتێکى خەمخۆر و بە باک و خزمەتکارى ڕاستەقینە و کارى سەرەکى دابینکردنى پێداویستیە سەرەکیەکانى ژیان و گوزرەانێکى پڕ شکۆ و ئەمنیەت و پاراستنى سەر و سامانى هاوڵاتیانى بێت. هەربەمەش متمانەى هەموان و زۆرینە وەدەستدێنێت. نەک بە گەندەڵى و مشەخۆرى و خۆسەپاندن و بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى میلەت.
ئەوەتا دواى نزیکەى 30 ساڵ لە ڕاپەڕین و حکومەت و پەڕلەمان و دەسەڵاتێکى خۆماڵى نەتوانراوە کە بچوکترین و سادەترین ماف و داخوازى گەل جێبەجێبکرێت، ڕاستە گەلێک هۆکارى ناوخۆیى و ناوچەیى و دونیایش لە سیاسى و ئابورى و ئەمنى و تەندروستى ڕێگربوون، بەڵام دەتوانرا گەلێک کارى باشتر و بناغەیەکى تۆکمەترى حوکمڕانیەکى ڕاشد و حەکیم و بەهێز دابمەزرێنرێت، نەک وە ک ئەوەى لە ماوەى 30ساڵ و 9 کابینەى حکومەتدا ساڵ بەساڵ میلەت هەژارتر و قەرزارتر و برسیتر و بێکار تر و نەخۆشتر ببێت و لە ئێستادا بڕى زیاد لە 28 ملیار دۆلار قەرزار بێت کە هەر تاکێکى ئەو 5ملیۆن کەسەى ئەم هەرێمە بڕى 5700 دۆلار قەرزار بێت.بۆیە بەڕاستى ئەمە مەترسیەکى گەورەى ئابورى و سیاسى و ئەمنى و کۆمەڵایەتیش بەدواى خۆیدا دەهێنێت و ئایندە و ئاسۆکانیش تاریکتر دەکات.
لەکۆتایدا ئەوەى مەبەستە بۆ تێپەڕاندنى ئەم قۆناغە پڕ مەترسیە پێویست بە پڕۆسەیەکى ئاشتەوایى سەرتاسەرى دەکات لەنێوان سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان و لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا و لەنێوان سەرجەم چین و توێژەکان و حکومەتدا. لەنێوان خێزان و تاک بەتاک و کۆمەڵە و ڕێخکراوەکاندا، هەربەم ئاڕاستەى پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیانە گرەوى سەرکەوتن و دەربازبوون دەبینەوە نەک بە لێکترازان و دور لەیەکترى و ناکۆکى و ململانێ ناڕەواکان و دیاردە دزێوەکانى بەهەرێمکردن و ناوچەگەرتى و شارچێتى و حیزب حیزبێنەى بەرتەسک کە 30 ساڵى زیانى گەورەى لێداوین.