هۆمەر نۆریاوی: دەرکەوتنی”بەیان”لە وەرزی خەزانی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە قۆناخێکی هەرە ناسک و هەستیاری مێژوودا کە ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە حاڵی گیان کەنشتدایە و تەنێ نووزەیەکی لێوە بەرگوێ دەکەوێت و بەشی فرەی بە ڕەشکردنەوەی ڕووپەلی پاکژەوە مژولە یان نایەوێت یانژی ناوێرێت خۆ لە قەرەی پرسە چارەنووسساز و هەستیارەکانی کۆمەڵگە بدات و کەمتر بڵاڤۆکێکت پێ شک دێت خودانی دەستەیەکی نووسەرانی کارامە و لێزان و پیشەیی و پڕۆفشناڵی بواری ڕۆژنامەگەری بێت،لێ دەرچوونی ژمارەیەک ڕۆژنامە و گۆڤار لێرە و لەوێ، هەندێک تەمەکە دەڕەوێنێتەوە و تۆوی هیوا لە دڵاندا دەچێنێت.
گۆڤاری “بەیان”، یەک لەو گۆڤارانە دێتە ئەژمار کە خۆی بە گۆڤارێکی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی ناودێر دەکات کە بە دوو زمانی کوردی- فارسی هەر دوو مانگ، جارێک چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ئەم گۆڤارە، بە هەمان ڕێچکە و ڕێبازەکەی “سروە”ی ئازیز و یادگاردا دەچێت و دەستەی نووسەرانی دەیەوێت بە هەمان بین و هەناسەوە لە پێناو درێژەدان بە خەباتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کار بکات و خزمەت و ڕاژەی چاند و کولتووری کوردی بکات.
خودان ئیمتیاز و بەرپرسی گۆڤارەکە، دوکتۆر” ئیسماعیل مستەفازادە”، زانستوەرێکی گەلپەروەرە کە بە هاریکاریی و هەوڵ و خەبات و خەمخۆریی کۆمەڵە مرۆیەکی نیشتمانپەروەر، گۆڤارەکە چاپ و بڵاو دەکاتەوە و لە باری ماددییشەوە ئەوە تەنیا مرۆ دڵسۆزە گەلپەروەرەکانن کە پاڵپشتی دەکەن و لە هیچ ئالی و لایەنێکی فەرمییەوە یارمەتی دراوی وەرناگرێت.
بەیان، گۆڤارێکی سەربەخۆ و بێلایەنە و ئێستا پێی ناوەتە ساڵی سێیەمی تەمەنەوە و هەتا هەنووکەیش، 12ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بۆتەوە. ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارە، مانگی گەڵاڕێزانی ساڵی 1397ی هەتاوی(2018) بڵاو بۆتەوە.
گۆڤارەکە، لە چاو ئەزموونی دوور و درێژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، هێشتا لە قۆناخی دەستپێکدایە و بە گۆڤارێکی تازە و ساوا دادەنرێت و پێویستی بە پێنووس و خامەی بەپێزی گشت ڕووناکبیرێکی پەرۆشی چاند و فەرهەنگی کوردی هەیە.
بەیان، هەوڵ دەدات بە بێ جیاوازی، خزمەتی گشت زاراوە سەرەکییەکانی زمانی کوردی بکات و ئەمەیشی لە ماوەی سێ ساڵ کارکردنەدا سەلماندووە. بەڵام پێویستە ئەم پرسە بەوپەڕی وشیارییەوە جێبەجێ بکرێت و ئەرکەکە بخرێتە ئەستۆی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و وەک دەرفەتێک سەیر بکرێت نەک چێکردنی کەند و لەند و تێکدان و شێواندنی زمانی پاکژ و زەنگین و دەوڵەمەندی کوردی.
نوێترین ژمارەی بەیان، ژمارە 12،مانگی خەرمانانی 1399ی هەتاوی(سێپتەمبەری 2020)چاپ و بڵاو بۆتەە. ئەم ژمارەیەی بەیان، ئاوڕ لە مۆسیقای کوردی لە هەر هەموو پار و بەشەکانی کوردستان دەداتەوە و کۆمەڵە بابەتێکی دەوڵەمەند و ڕەنگاڵەیی لە خۆ دەگرێت. شیاوی ئاماژەپێدانە کە بەیان لە شاری پێشەوای کوردان و قەڵای مەردان، مەهاباد، دەردەچێت و لە هەر هەموو ستان و پارێزگە کوردنشینەکانیشدا بڵاو دەبێتەوە.
بەیان،یەک لەو دەگمەن بڵاڤۆک و گۆڤارە کوردییانەیە کە جیهانی زارۆکانی لە بیر نەکردووە و هەر جارە و پاشکۆیەک بە ناوی”گڕ و گاڵی نوێ”بۆ منداڵان بڵاو دەکاتەوە و تا ئێستا 12 پاشکۆی بۆ منداڵی کورد بڵاو کردۆتەوە. پەروەردەکردنی منداڵی کورد لەسەر دوو بنەمای هەرە گرینگی زمان و چاندی کوردی،یەک لە مەبەستە سەرەکییەکانی دەرکردنی ئەم پاشکۆیە دێتە ئەژمار.
بەیان، ئەگەر دەیەوێت ژمارە لە دوای ژمارە زێتر پێش بکەوێت، پێویستە لە بن چاودێری دەستەیەکی نووسەرانی کارامە و خودان ئەزموونی بواری ڕۆژنامەگەرییدا دەربچێت و هەرگیز خۆی پاتە نەکاتەوە و بەردەوام کاژ فڕێ بدات. ژیرانە دەست بۆ پرسە هەستیارەکان ببات و دەوری چرایەکی گەش بۆ سبەی ببینێت؛ئەگینا ئەمیش زۆر زوو گیرۆدەی پەتا گشتییەکە دەبێت و پاش ماوەیەکیش، تەنیا ناوێکی ڕووکەشی لێوە دەمێنێتەوە.
جێی خۆیەتی هەر لێرەوە دەستخۆشی لە سەرپاک ستاف و دەستەی نووسەرانی بەیان بکەم و دادێیەکی درەوشاوەیان بۆ بە ئاوات بخوازم.
لە ژمارە 12ی بەیاندا بابەتێکی توێژینەوەیی نووسەری ئەم دێڕانە لەسەر هونەرمەند ئیسماعیل سابوور لە بن سەردێڕی”سروەی دەنگێک و غوربەتی ناخێک”بخوێننەوە.