بارام ئیبراهیم: پەڕلەمانتار لەنێوان پاراستنی یاسای نییشتمانی و زەرورەتی یاسانێودەوڵەتیەکاندا.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یاسا یەکێکە لەگرنگترین پێداویستیە ژیانیەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ ڕێکخستنی ژیان وەک ئامرازێک بۆ زاڵکردن و سەرخستنی هێزی چاکە بەسەر هێزی خراپەدا ، بەمەرجێک ڕێز لەیاساکە بگیرێت و ڕێنمای و داخوزیەکانی پەیڕەو بکرێت ، شان بەشانی پەروەردەی دروستی پڕ لەبەهای باڵا کە ئامرازێکی تری کاریگەرە بۆ ڕێکخستن وئاراستە کردنی کۆمەڵگا، بەڕەجاو کردنی ئەوەی کە پەروەردەش پێویستی بە یاسایەک هەیە بۆ ئاراستەکردن، تا دەرئەنجامی ئەرینی لێ بکەوێتەوە، یاسا پلەی زەرورەتی وەرگرتوە، فەیلەسوفی فەرەنسی مونتسکیو لە پەرتوکی (روح الشرائع)دا، گەشتوە بەو دەرئەنجامەی کە پێویستە یاساکان جیاوازبن، بەپێی جیاوازی وڵات و هەرێم و ڕەگەزو ئایدۆلۆژیا و بیرو باوەرەکان، یاسای هیچ وڵاتێک ناگونجێت بۆ وڵاتیکی تر لەسەر ئەو بنەمایەی کە یاسا لەواقیعی حاڵی کۆمەڵگاوە بەرهەم دێت،کۆمەڵگاکانیش جیاوازن لەنەژاد و بیرو باوەڕو داب ونەریتیاندا، سەرباری جیاوازی لە باری ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا ، ئەگەرچی لەڕێگای لیکۆڵینەوەی بەراوردکاریەوە ئەوە سەلماوە کە تا ئەندازەیەک لێکچون لە نێوان یاساکاندا هەیە بەتایبەت لەڕوی شکلیەوە ، ئەمەش بوەتە هۆی سود وەرگرتن و پەنا بۆ یەکتربردن لەدانانی یاساکان و ڕاڤەکردنیان و بەرەو پێش بردنیان، سەرەڕای کۆمەڵێک هۆکار کاریگەری داناوە لەسەر هەلوێستی وڵاتان کەتاڕادەیەکی زۆر سازش لەسەر یاسانیشتیمانیەکانی خۆیان بکەن بۆ یاسا نێو دەوڵەتیەکان، پرۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی لەکتێبی فەلسەفەی یاسادا ئاماژەی بۆ کردوە کەگرنگترینیان بریتین لە:
1- پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای گەیاندن پەیوەندیەکان لە نیوان گەلان و وڵاتانی جیهاندا،گۆی زەوی وەک گوندێکی بچوک لێکردوە، ئەمەش وایکردوە هەموو وڵاتانی دنیا دەکەونە ژێر کاریگەری ڕوداوەکان لەهەر کوییەکی گۆی زەوی ڕوبدات، بەتایبەت ئەوپەیوەندیانەی کەلەئەنجامی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیە بەکۆمەڵەکان ڕێکخراوە و پابەندی بۆ وڵاتانی بەشداربوی دروستکردوە.
2- زیاد بونی دۆخەکانی چەسپاندنی یاسای بیانی لەم سەردەمەدا لەبەر زیاد بونی پەیوەندی بازرگانی ئابوری ودامەزراندنی بانکە نێو دەوڵەتیەکان، پێویستی کردوە لەسەر وڵاتان ئاشنابن بەویاسایانەی کە ئەم پەیوەندیانە ڕێکدەخەن و بەڕیوەی دەبەن.
3- زیادبونی پەیوەندیەکانی باری کەسێتی نێو دەوڵەتی بەهۆی زەواج، نیشتەجێبون پێویستی کردوە لەسەر گشت وڵاتان زانیاری تەواویان هەبێت لەیاسای وڵاتانی بیانی و هەوڵی چەسپاندنی ئەو مافە بدات بۆ تاکەکانی گەلەکەی لەڕێگای ڕێککەوتن نامەو یاسا نێو دەولەتیەکانەوە یاخود بۆ دانانی یاسایەک کە گونجاو بێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی بەرامبەردا.
4- بڵاو بونەوەی گرێبەستە نێودەوڵەتیەکان پیویستی کردوە وڵاتان لە یاسا و دادگاکانی یەکتر شارەزاییان هەبێت وهەوڵی خۆگونجاندن بدەن لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنەیاسای یە نێو دەوڵەتیەکاندا.
5- فراوان بونی دادگانیشتمانیەکان لەکێشەی بیانیەکاندا کەلەوڵاتەکانیاندادەژین ،ئاراستەکردنی دادوەری بەرەو وەرگرتنی سیستەمێکی فراوانتر لە ململانێی یاساییەکاندا، پێویستی کردوە وڵاتان یاساکانی یەکتر بناسن و بۆ جێبەجێ کردنی باشترینیان لە کاتی بونی کێشەو ململانێی یاسای لەگەڵ بیانیەکانی دانیشتویوڵاتەکانیاندا.
ئەمانە و جەندین هۆکاری بابەتی تر وای کردوە کە وڵاتان بە پلەی جیاواز پابەندی ئەو ڕێکەوتننامانە بن کە بەکۆمەڵ لە نیوان وڵاتاندا ئەنجام دەدرێن وەک هەنگاوێکی کاریگەر بۆبە نێودەوڵەتی بونی یاسایی، بە ڕەچاو کردنی پارێزگاری کردن لە دەستوری وڵاتەکانیان وەک یاسای باڵای نیشتمانی کە پاریزەری سیادەو سەروەری دەوڵەتە، لەنێوان ئەودووزەرورەتە جیاوازەدا، ئەرکی ئەندامان وڕاوێژکارانی دەسەڵاتی یاسادانان لەسەرجەم وڵاتاندا زۆر قورستربوە، لەو ئەرکەی کەلەڕابردوداهەبوە، لەڕاگرتنی تەوازن لەنێوان پاراستنی دەستورو یاسا نیشتمانیەکان و سیادەو سەروەری وڵاتەکەیان لەلایەک، لەلایەکی ترەوە زەرورەتی پابەند بون بە یاسا نێو دەوڵەتیەکانەوە، ئەمەش دەکۆرێت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک تر بەگوێرەی سیستەمی حوکمڕانی و جۆری دەستورەکەی، وێڕای ئەرکی چاودێری کردنی دەسەڵاتی جێبەجێ کردن لە جێبەجێکردنی یاساکان، ئەم ئەرکە بۆ پەڕلەمانی کوردستان زۆر قورسترە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نە چوارچێوەیەکی دەستوری هەیەو نە سیستەمی حوکمڕانی جێگیر، بۆیە پێویستە ئەوانەی دەبن بەئەندامی پەرلەمان یان وەک ڕاوێژکاری پەرلەمان کاردەکەن، تێگەشتن و زانیاری و هۆشی تەواویان هەبێت دەربارەی یاسادانان و بەراورد کردنی یاساکان لانی کەمی ئەم مەرجانەیان تێدا ڕەچاوبکرێت:
یەکەم/ پێویستە هۆشێکی یاسای پێگەشتوی هەبێت و توانای شیکردنەوەو دەستنیشانکردنی ئەو بەندە یاسایانەی هەبێت لەپڕکردنەوەی بۆشاییە یاساییەکاندا چ لەبواری یاسا نیشتمانیەکاندا چ لەبواری بەراوردکردن و نقڵکردنی یاسای بیانی و تێکەڵ کردنی لەگەڵ یاسا نیشتمانیەکاندا.
دووەم/ دەبێت یاسادانەر شارەزای تەواوی هەبێت لەبوارەکانی لۆژیک، فەلسەفە، ئسوڵی فقهی، زمان ئەمانە پێداویستی بنەڕەتین لە توانای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کۆمەڵگاودانانی یاسای گونجاوی نیشتمانی یان گونجاندنی یاسای بیانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ یاسانیشتمانیەکاندا.
سێیەم/ پیویستە یاسا دانەر ویستی خۆی ملکەچ بکات بۆ عەقڵی لە هەڵسەنگاندنی یاساکان لەگەڵ بارو دۆخی کۆمەڵگاکەی، تابتوانێت گومان لەخودی یاساکە بکات بۆ ئەوەی لێی ورد بێتەوە بەتایبەت لەنقڵی یاسای بیانیدا، بەو مانایەی هەڵسەنگاندن بۆخودی مادە یاساییەکە بکات لەبەرژەوەندی هاووڵاتیاندابێت نەک لەمشوری مراعاتکردنی ئەو لایەنە یان ئەوسەرچاوەی کە یاساکەی لێوەرگرتوە.
جێگەی خۆیەتی بپرسین تاچەند ئەندامان وڕاێژکارەکانی پەرلەمانی ئەم هەرێمەی ئێمە ئەو مەرجانە کەوەک پێوەرێکی زانستی لەلایەن زانایانی بواری تەشریعاتەوە ئیقراری پێکراوە بونی هەیە؟، بۆچی بەشێک لەیاساکان پاش ئەوەی ئەکەونە بواری جێ بەجی کردنەوە کورت دەهێنن و پێویستیان بە هەموار کردنەوە هەیە لەماوەیەکی کەمدا ؟ بەنمونە یاسای سندوقی خانە نشینی پارێزەران ژمارە( 18 )ساڵی 1999، چوار جار هەموار کراوتەوە، یاسایی لێبوردنی گشتی ژمارە ( 4 ٤) ساڵی 2017 یاسایەکی پڕ لەکەم وکوڕی بو ناڕەزای زۆری لێکەوتەوە، ئایا هەڵپەی هێنانی یاسای بیانی بەدەستکاریکردنێکی کەمەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بە نمونە یاسای وەبەر هێنانی ئوردنی لەخولی دوەم وە لە هەموار یەکەمی دا لەخولی سێیەم، پێشنیارە یاسای ڕەدکراوەی میدیای ئەلیکترۆنیەکانی کۆیتی لەم خولەدا. ئایا چارەسەر کردنی ئەوکەم و کورتیە بەتەنها دەگەڕێتەوە بۆ وشیاری دەنگدەر لەدەست نیشانکردنی نوێنەرانیان لە هەڵبژاردنەکاندا یان گرنگیپێدان و بەمەرجگرتنی پارت و لایەنە سیاسیەکان بۆ پاڵێوراوەکانیان کەبە ناوەندە زانستی و ئەکادیمیەکانتا تێپەرن بەر لە کاندید کردنیان بۆ پەرلەمان؟.