قوتەیبە فازڵ: دەسەڵاتداریەتی لە عێراقدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ماوەی زیاتر لەمانگێك دەبێت بنەماڵەیەكی كورد لە بەغدا كە دواتر ناسران بە (بنەماڵەی شیلان) بە شێوەیەكی دڕندانە تیرۆر كران، تا ئێستا ڕەوتی لێكۆڵینەوە لە تاوانباران و كەیسەكە بە شێوەیەكی شاراوەیە و هیچ زانیاریەك لە بارەیەوە ئاشكرا نەكراوە، هیچ شتێك دەربارەی پاڵنەری پشتی ئەو تاوانە گەورەیە نازانرێت.
من لێرەدا وەك وەبیر هێنانەوەیەك ئەو تاوانەم باس كرد بۆ چوونە نێو بابەتەكە، ئەوەی كە تیشكی دەخەینە سەر بیركردنەوە و تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی عێراق و عەرەبی عێراقە بەرامبەر بە چەمكەكانی حوكمڕانی و دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستانە بە تایبەت.
دەبێت هەمووان ئەوە بزانین كەعەقڵیەتی مرۆڤی عەرەبی بە گشتی و عەرەبی حوكمڕانی عێراق بەتایبەت ئەوەیە كە خۆی بە خاوەنی تەواوی عێراق دەزانێت و هەموو نەتەوە و پێكهاتەكانی تری عێراق وەك میوان و، بەڵكو زۆرجاریش بە داگیركاریان دەزانێت، لەو تێڕوانینەشیەوە هەمیشە ئەو مافە بە خۆی دەدات كە ماڵ و سامان و نامووسی نەتەوەكانی تر داگیر بكات، مێژووی دوور و نزیكیش شایەتی ئەوەمان بۆ دەدات، هێڕشەكانی ( حەرەس قەومی ) و شاڵاوی ئەنفال و كیمیا باران و دواترینیشیان هێڕشی سەر ئێزدیەكان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن.
ئەو دەستە و تاقمانەی ئێستا حوكمڕانی عێراق دەكەن هیچ جیاوازیەكیان نیە لە ڕژێمەكانی پێش خۆیان تەنها ناو و دەم و چاوەكانە گۆڕدراون، ڕژێمی پێشوو چۆن مامەڵەی لەگەڵ كورد دەكرد ئەمانیش بە هەمان نەفەس درێژە پێدەری ئەو ڕەوتەن و گۆڕانی ڕژێمەكانی عێراق هیچ كاریگەریەكی ئەوتۆی دروست نەكردووە لەو داگیركاری و ستەم و بیركردنەوانەی كە بەرامبەر بە كورد هەیە، لە لایەكی تریشەوە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان نموونەیەكی حوكمڕانی هێندە جوانیان پیشانی هاوڵاتی كورد نەداوە و لە بری خۆشگوزەرانی هەندێك جار بوونەتە هۆی نەهامەتی، بۆیە دەبینین بەشێك لە خەڵكی هەرێم زۆر جار لە وتە و گوفتاریاندا پەنا بۆ عێراقی داگیركار دەبەن ئەمەش خاڵێكی لاوازی هەرێمە كە دژەكان بەكاری دەهێنن.
دیموكراسی ومافی مرۆڤ تەنها دروشم و قسەی بەتاڵی دەسەڵاتدارانی عێراق و پارتە دەست ڕۆیشتوو خاوەن نفوزەكانە بۆ پەردە پۆش كردنی ئەو هەموو كوشتار و خوێنڕێژی و ڕفاندنانەی كە ڕۆژانە لە عێراقدا دەگوزەرێت، بێنرخترین كاڵا خوێن و گیانی مرۆڤە، ڕۆژانە لاشە بێ نازەكان لە شەقام و شارەكاندا نمایش دەكرێت، ڕۆژێك بەناوی ئاین و ڕۆژێك بەناوی نەتەوە و ڕۆژێك بە ناوی نامووسەوە و… هتد .
خاڵێكی تر كە پێویستە تیشكی بخرێتە سەر ئەوەیە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بووەتە جێی ململانێ و تەراتێنی هێزە ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیەكان و هاوكێشەكانیان لەسەر خاكی عێراق یەكلایی دەكەنەوە، سووتەمەنی ئەو ناكۆكیانەش هەر هاوڵاتیانی سڤیل و بێ دەرەتانە و داڕمانی زیاتری ئابووری وڵاتە.
خاڵی جەوهەری ئەوەیە كە هاوڵاتی كورد هەمیشە سووتەمەنی و قوربانی دەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بووە، هەموو كات نەتەوەكانی تری عێراق و بەتایبەت عەرەب دژ بە كورد هاندراون، لە بەرامبەردا تاكی كورد و دەسەڵاتی كوردی هەمیشە لێبوردەیی و نیاز پاكی نیشان داوە ئەو ڕق و كینەی نەتەوەكانی تری لەسەر پەروەردەكراون لە كلتور و پەروەردەی كورددا هیچ كات بوونی نەبووە.
تیرۆر كردنی ئەو بنەماڵە كوردەی بەغدا پێویستە ببێتە زەنگێكی ئاگادار كردنەوەی كورد بە گشتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم بە تایبەت، ناكرێت ئەم ڕووداوەش وەك ڕووداوەكانی تر پەردە پۆش بكرێت و بە چەند بەڵێنێكی هاكەزایی و سەرزارەكی بەڕێ بكرێت.
پێویستە ئەم ڕووداوە و پاشانیش سووتاندنی ئاڵای كوردستان بكرێتە سەرەتایەكی نوێ بۆ پەیوەندیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و هاوڵاتیانی كورد بە دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانی تری عێراقەوە بە تایبەت عەرەب، پێویستە دووبارە داڕشتنەوە بۆ سەرجەم پەیوەندیەكان بكرێت، ناكرێت هەمیشە هاوڵاتی كورد بكرێتە قوربانی بەرژەوەندی دارایی و دەسەڵات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت