Macron 25- 10- 2020

كەمال محەمەد: سەبارەت بە ئیسلامی سیاسی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قسەكانی ئەم دواییەی ماكرۆن سەبارەت بە ئیسلام و پەیامبەری ئیسلام، تەنها ئایدۆلۆژیایەكی پشت بەستوە بە گەشەی سەرمایەداری و كۆڵۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بێ دەنگی ئەو رێكخراو و حیزبە سیاسیانەیە كە بەئاڵای ئیسلام داپۆشراون، چونكە ئەمانە ئۆپۆرتۆنیسمێكی سادەن و هەر لەسەرەتاوە ئایینیان بۆگەشتن بە دەسەڵات و بسزنەكەیان بەكارهێناوە و، ئەوەی مەبەستیانە دوژمنی ڕزگاری ئایینە نەوەك سروشت و بنەمای ئیسلامێكی ڕاستەقینەیی! بۆیە كۆی ڕێكخراو ئیسلامە سیاسییەكان بەوانەی كوردستانیشەوە تەنها حەزەكانی ژیانێكی هاوچەرخیان لا گرنگەو ملكەچی بوون، بۆیە ئەوەی كە ئەیڵێن ئیسلام رێگا چارەیە بۆ بەرێوەبردن و دەستوری وڵات، تەنها قسەی ئەوانەیە كە دروشمێكی بەتاڵ دوپات ئەكەنەوە لە چوارچێوەی ئیسلامە سیاسییەكەدا!
ئەوەی گرنگە نەبون هەڵوێست و وەڵامی حیزبە سیاسییە ئیسلامییەكانە بۆ ئەوانەی بانگەشەی دیموكراتی ئەكەن، بەڵام دیموكرات نین و بەردەوام بیانوی ئیسلامی تیرۆریزم دەكەن بۆ پێكانی ئامانجە ناڕەواكانیان لە بەرگێكی دیموكراتیدا. ئەوەی ئەم هێزانەی پێ پێناسە ئەكرێت لەراستیدا تەنها هەڵخزاندنی هەستی خەڵك و جەماوەرەكەیانە لەڕێگەی ئیسلامەوە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانیان. ئەوەی نازانرێت ئایا ئەم هێزانە بەهۆی شەرمە لەرادەبەدەرەكەیانە بەهۆی نەرمیانەوە یان. بەرژەوەندییان كە بێ دەنگن و هیچ رەخنەیەكیان نییە لەو بۆچونانەی كە پێشتر ڕەتیان ئەكردەوە لە كاتی هەڵخزاندنەكەدا!
نەبونی هیچ ناسازگارییەكی ئەم ئیسلامە سیاسییە لەگەڵ سێستەمی سەرمایەداری بەمانا عەلمانییەت مامەڵایەكی مەزنی دوفاقیانە، چونكە ئەوەی كە ئەبینرێت بەجیهانبونی كەپیتاڵیزم و ئیسلامە سیاسییەكەیە كەچۆن تەواوكەری یەكترن، بۆیە ئەوەی كە یەكەم قوربانی ئیسلامی سیاسییە دواجار ئەو خەڵكەیە كەبەهۆی ترس لە ئیسلامەوە تێی كەوتون نەوەك خۆشەویستی راستییان بۆ ئیسلام و خودا ناسی! بۆیە پێویستە هەموان بپرسین زەرورەتی ئیسلامی سیاسی و حیزبە ئیسلامییەكان چییە كە نەتوانن مایەی رزگاری ئیسلامی راستەقینە بن و هەمیش نەتوانن مایەی رزگاری نیشتمانی و دیموكراسی بن و رەخنەو وەڵامیان هەبێت بۆ ئەوانەی بەناوی دیموكراسیەوە هێرش بۆسەر ئایینەكان ئەهێنن بە بێ جیاوازی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت