بورهان شێخ ڕەئوف: بەرەو هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا 2020.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە 3 تشرینى دووەمى 2020 هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکایە، ئەم پرۆسەیە نەک هەر لە ئەمریکا گەرچى ئەمساڵ بە هۆى ڤایرۆسى کۆڤید 19 ەوە جیاوازە لە جاران، بەڵام لە زۆربەى زۆرى وڵاتانى جیهانەوە بە وردى چاودێرى دەکرێت و قسەى لە سەر دەکرێت.
ڕەنگە بپرسن باشە بۆ؟ لەوەڵامدا دەبێژم لە بەرئەوى ئەمریکا ڕۆڵى پۆلیسى جیهان دەبینێت، سیاسەتەکانى کاریگەرى لە سەر ژیان و ئایندەى گەلێک لە وڵاتان هەیە، بەتایبەتى سەرۆکى ئەمریکا پێگەیەکى گرنگى هەیە لە سیاسەت داڕشتنى ئەو وڵاتەدا.

ترەمپ و بایدن
هەڵبژاردنەکانى ئەمساڵ لە نێوان دوو کاندیدى بەهێزدایە جۆبایدن کە جێگرى سەرۆک کۆمارى پێشووى ئەمریکا باراک ئۆبامابوو، جگە لەوەى پەنجا ساڵە لە ناو کۆڕى سیاسەت و کۆنگریس و سەناتدایە، دۆناڵد ترەمپیش کاندیدى کۆمارییەکانە سەرۆکى ئێستایە و پێشتر بازرگانێکى خانوبەرە بوو.

جیاوازییەکانى ئەم دووانە
دواى چوار ساڵ لە حوکمڕانى گومڕایى و بێ دەربەسى سەرۆک ترەمپ، بایدنى دیموکراتخواز خۆى کاندید دەکات و بە هیوایە سەروەرییەکانى ئەمریکا زیندوو بکاتەوە لە سەر ئاستى نیشتمانى و نێو دەوڵەتیش بەهۆى ئەو شارەزاییە زۆرەى کە هەیەتى، لە کاتێکدا هەندێک لەو باوەڕەدان کە بایدن ناتوانێت ببێتە هۆى هەڵهاتنى ڕۆژێکى نوێ بە قەدەر ئەوەى کە هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانى پێش ترەمپ، ئەمە لەلایەک لەلایەکى ترەوە بۆ بابەتە هەستیارو گرنگەکانى وەکو کەشو هەواو جیاوازى ئابورى و بەرەنگاربوونەوەى سەرکردە دکتاتۆرو ستەمکارەکان هەنگاو دەنێت، لەمانەش زیاتر لایەنگرانى بایدن دەبێژن سەرکەوتنى بایدن واتە مانەوەى ئەمریکا لە سەرکردایەتى جیهان، بەڵام نەیارەکانى بە پێچەوانەوە دەیبینن ودەڵێن بایدن تەنها سێبەرى ئۆبامایە و سیاسیەکى ناوەنجى بێ دیدگاى ڕوونە و دەمێنێتەوە سەرئەوەى کە کێ دەکات بەوەزیرى دەرەو بەرگرى و ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئەوە گرنگە.
بایدن لەو باوەڕەدایە کە بەهێز کردنى بەرەى ناوخۆیی ئەمریکا مەرجێکى بنەڕەتیە بۆ سەرکردایەتى جیهان لەلایەن ئەمریکاوە، لە ڕاستیدا ئەو بیرۆکەى کە دەیگووت کە سەرکردایەتى جیهان ئەرک و بەرپرسیارێتى ئەمریکایە ئەو بایدن خاوەنێتى بەڵام ترەمپ وازى لێهێنا.

کەش و هەواو تەندروستى
ترەمپ ساڵى پێشوو لە پەیماننامەى کەشو هەواى پاریس کشایەوە، بەڵام بایدن بەڵێنى داوە ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەوا یەکسەر دەگەڕێتەوە ناو پەیماننامەکە و ئەمریکا پابەند دەبێت بە ڕێککەوتننامە ى احتباسى گەرماوە . لە ڕووى تەندروستیشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى و پابەند دەبێت بە دانى هەموو شایستە داراییەکانى و کۆمەک و هاریکارى دەکات بۆ دۆزینەوەى ڤاکسین بۆ ڤایرۆسى کۆڤید 19 کۆرۆنا.

دیموکراسى و پرنسیپە جوانەکانى
بایدن دەڵێت: ئێستا جیهان لە جەنگێکدایە لە نێوان دیموکراسى و دیکتاتۆریەتدا ، پێویستە ئەمریکا پێشڕەوى دیموکراسى بێت، هەروەها زیاتر لە سەرى دەڕوات لە گۆڤارى ( فۆرین ئەفیرز ى ئەمریکى ) ئەمریکا ئامادەیە ئەم ڕۆڵە ببینێت نەک لە ڕێ ى نمایشکردنى نموونەیەکى بەهێزمانەوە بەڵکو لەڕێ ى هێزى نموونەکەمانەوە و بەڵێنى ئەوەشى داوە کە کۆبوونەوەیەکى لووتکەى جیهانى دیموکراسى ببسەستێت لە یەکەم ساڵى ولایەتەکەیدا.

دەربارەى چین
بە پێچەوانەى ترەمپەوە ، بایدن دەڵێت زۆر توند دەبم بەرامبەر بە چین بە تایبەت لە مەسەلەى هەڕەشەکانى لە تایوان و ڕەفتارە نایاساییەکانى لە بوارى بازرگانیدا لە دزینى بیرۆکە و تەکنۆلۆجیای کۆمپانیا ئەمریکیەکان، هەروەها بایدن پێشنیارى ئەوەى کردووە بۆ هاوپەیمانەکانى ئەمریکا کە بەرەیەکى یەکگرتوو پێک بهێنن بۆ بەرنگاربوونەوەى ئەو ڕەفتارانەى چین.

قەدەغەکردنى چەکى ئەتۆمى
بایدن لەگەڵ ئەوەدایە زیندووکردنەوە ى پەیماننامەکانى دانانى سنوور بۆ بڵاو بوونەوەى چەکى ئەتۆمى لە گەڵ ڕوسیا کە لە سەردەمى ترەمپدا ئاڵۆزبوو، هەروەها درێژکردنەوەى پەیماننامەى ستارت ى نوێ لە گەڵ ڕوسیا کە ئۆباما ساڵى 2010 ئیمزاى کرد بوو، دەربارەى ئێرانیش بایدن دەڵێت ئەگەر ئێران پابەند بێت ئەوا ڕێککەوتنى ( 5+1) ڕیفۆرم دەکەینەوە کە ترەمپ پاشەکشەى لێ کرد ساڵى 2018.

کێشەو ململانێکانى جیهان
بایدن بە نیازە ناتۆ زیندوو بەهێز بکاتەوە هاوپەیمانێتیەکانى لە ئاسیا پەرە پێ بدات بەرامبەر جموجووڵەکانى ڕوسیا دژ بە ڕۆژئاوا و هەروەها هەوڵى زیندوو کردنەوەى پرۆسەى ئاشتى فەلەستین _ ئیسرائیل کە ترەمپ تێکى دابوو، هەروەها بڕینى کۆمەک و چەک لە شەڕى سعودیەو یەمەن، چاککردنى یاساى کۆچ و هاریکارى نەتەوە یەکگرتووەکانە و یاساى نێودەوڵەتى.

دبلۆماسیەت
بایدن دەڵێت ڕاستگۆیى و متمانە دەگەڕێنینەوە بۆ دیبلۆماسیەت ئەوەى کە ترەمپ وێرانى کردبوو. دەڵێت من وەکو سەرۆک دیبلۆماسیەت دەکەمە بنەماى سەرەکى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت