کارۆخ خۆشناو: بایـدن و کـورد!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بێت، دەتوانین بڵێین (جۆ بایدن) سەرۆکی ژمارە (46)ی ئەمریکایە، بابزانین (جۆ بایدن) کێیە؟
(جۆ بایدن) ناوی تەواوی (جۆزیف رۆبینێت بایدن جۆنیۆر)ە پارتی دیموکرات و رکابەری سەرسەختی (دۆناڵد ترەمپ) بوو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكا کە لە رۆژی سێ شەممە رێکكەوتی (3/11/2020) بەڕێوەچوو، بایدن لە رێکەوتی (1942/11/20) لە شاری سکڕانتنی ویلایەتی پێنسلڤانیا لەدایک بووە، من چوار ساڵ لە شاری سکڕانتن ژیاوم و خوێندنی ماستەرم لە (زانکۆی مێری وود)ی ئەم شارەدا تەواو کردووە، زۆرینەی رەهای خەڵکی سکڕانتن (جۆ بایدن)یان خۆش دەوێت و لە هەر کەسێکیان بپرسیت باس لە زیرەکی و مرۆڤدۆستی و لیبڕاڵی و ئازادیخوازی ئەوت بۆ دەکەن، بایدن دکتۆرای لە یاسادا هەیە و ماوەی (47) ساڵ خزمەتی سێکتەری گشتی ئه‌مه‌ریكای کردووە، بەجۆرێک بۆ ماوەی (36) ساڵ سیناتۆر بووە بۆ ویلایەتی دیڵاوەر، هەروەها ماوەی (8) ساڵیش جێگری سەرۆک باراک ئۆباما بووە، جۆ بایدن لە ئێستادا تەمەنی (77) ساڵە و ئەگەر بتوانێت لەم هەڵبژارنەدا سەرکەوتن بەدەست بێنێت و دۆناڵد تره‌مپ ببەزێنێت، ئەوا دەبێتە (46)مین سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا و بەتەمەنترین سەرۆکی هەڵبژێردراو لە مێژووی کۆشکی سپی ئه‌مه‌ریكادا.
(جۆ بایدن) شارەزاترین کارەکتەری سیاسی ئه‌مه‌ریكایە بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و دۆزی کورد بەتایبەتی، بایدن ماوەیەکی زۆر بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەتی پیران (سێنات) بووە، جگە لەوەی لە سەردەمی ئۆبامادا بۆ دوو خول جێگری سەرۆک و بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە کۆشکی سپی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (24) جار سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستانی کردووە (چ وەک سیناتۆر یان وەک جێگری سەرۆک)، جۆ بایدن یەکێک بووە لە سیناتۆرە دەگمەنەکانی پارتی دیموکرات کە پشتگیری (بۆشی کوڕ)ی کرد بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (2003) هەروەها خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە بۆ سێ هەرێم و یەکێک لە هەڵوێستە مێژوویەکانی (بایدن) بەرامبەر بەکورد ئەوکاتە بوو کە گوتی “بەتەنها شاخەکان هاوڕێی کورد نین بەڵکو ئێمەش هاوڕێی کوردین”.
ئەمڕۆ زیاتر لە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئەویش دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان (تره‌مپ و ئه‌ردۆغان) بوو کاتێک تره‌مپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئه‌ردۆغان هەڵکرد تاکو پڕۆسەی داگیرکارییەکە ئەنجام بدات، بەڵام ئەم هەڵوێستەی تره‌مپ هەردوو پارتەکەی ئه‌مه‌ریكا و کۆنگرێس و میدیا و شەقامی ئه‌مه‌ریكای تووڕە کرد و ئەم هەڵوێستەی تره‌مپ شەرمەزارکرا، لەبەرامبەردا جۆ بایدن گوتی “ئێمە هەرگیز وەک تره‌مپ پشت لەکورد ناکەین”.
هەڵـبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكا بۆ ئێمە و زۆربەی وڵاتانی جیهان چارەنوسسازە، بە جۆرێک پاڵپشتی زلهێزەکانی دابەش کردووە بەسەر کاندیدەکان (ڕوسیا و تورکیا) کاریان بۆ دەرچوونەوەی تره‌مپ دەکرد، لە بەرامبەردا (چین و ئێران) کاریان بۆ سەرکەوتنی جۆ بایدن دەکرد، ئەم گرنگی پێدان و دابەش بوونە بەهۆی گرنگی پێگەی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكایە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا، چونکە بە گوێرەی ماددەی دووی دەستوری ئه‌مه‌ریكا (سنوری دەسەڵاتی سەرۆک) زۆر فراوانە، واتە بە گۆڕانی سەرۆک سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكاش دەگۆڕێت، چونکە سەرۆک دەسەڵاتی ڕەهای ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی دەرەوەی هەیە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بە گۆڕانی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەیە بگۆڕێت، بەتایبەت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دا، بە جۆرێک ئەگەر (بایدن و دیموکراتەکان) سەر بکەون ئەوا چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و رێکكەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە، لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە، وەک لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نيويورك تايمز New York Times)دا رایگەیاند “ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر ئه‌ردۆغان”
لە ئێستاشدا کە جۆ بایدن به‌ره‌و كۆشكی سپی به‌ڕێوەیە، گومان له‌وه‌دا نییه‌ به‌ چوونی بایدن هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ش ده‌گۆڕێن، ئه‌و هه‌ژمون و په‌لهاویشتنانه‌ی توركیا بۆ باشور و رۆژئاوای كوردستان و بۆ لیبیا و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له‌ شه‌ڕی جۆرجیا و ئه‌رمینیا و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ ئه‌وروپا و ده‌رودراوسێكانی، به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌ كه‌سییه‌كانی نێوان ئه‌ردۆگان و ترامپه‌وه‌ بوو، چاوپۆشی ئه‌مریكا له‌ شه‌ڕفرۆشتنه‌كانی توركیا له‌به‌ر بڕیاره‌ تاكڕه‌وییه‌كانی ترامپ بوو، به‌ هاتنی بایدن زۆرشت پێچه‌وانه‌ ده‌بنه‌وه‌.
ئه‌و گوشارانه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئێران ره‌نگه‌ ئاقارێكی تر بگرن و ئێران به‌ هێزێكی كاریگه‌رتره‌وه‌ بهێننه‌وه‌ ناو هاوكێشه‌كان، پێویسته‌ ئه‌مانه‌ له‌به‌رچاو بگیرێن و چاوه‌ڕێ بكه‌ین، ره‌نگه‌ زۆر رووداو به‌ قازانجی کورد وەربچەرخێن.
شایەنی باسە دوای رێکەوتنی (سایکس بیکۆ) لە ساڵی (1916) خاکی کوردستان دابەشکرا بەسەر هەرچوار وڵاتی (عێراق-ئێران-تورکیا-سوریا)، تاکو ئێستاش ئه‌مه‌ریكا لە چوارچێوەی ئەم وڵاتە داگیرکەرانەدا مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکات، بۆیە ناتوانین بە ڕەهایی بڵێین (بایدن) بەیەک چاو سەیری دۆزی کورد دەکات لە هەرچوار پارچە، چونکە هەڵبژاردنی (بایدن) ئەگەری هەیە لە بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بێت و لەبەرژەوەندی پارچەیەکی تری کوردستان نەبێت، بۆ نموونە لە بەرژەوەندی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوایە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە (بایدن) دژی ئه‌ردۆغانه‌، بەڵام لەبەرژەوەندی کوردانی رۆژهەڵات نییە کە (بایدن) هەڵبژێردرێت، چونکە ئەگەری هەیە بایدن سزاکان لەسەر ئێران هەڵگرێت و رێكکەوتنی ئەتۆمی کارا بکاتەوە، لەم حاڵەتەشدا ئێران زیندوو دەبێتەوە.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (تره‌مپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكا (پێودانگ و سەنگی مەحەک) بوون لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا.

نوسەر سەرۆکی ئینستیتۆی ئەمریکی – کورد دە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت