سامانی وەستا بەکر: یەکینەکانی مردن.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

دیسانەوە شەڕێکی نەگریس بەر دەرگای ماڵی کوردی گرتووە و دڵی هەموو کردێکی نیشتمان پەروەر، خاوەن خاک، مرۆڤ دۆستی بێزار کرووە. هیچ گومانی تیا نیە کە تورکیا لەپشت ئەم رووبەڕوو بوونەوەیەیە و مەبەستێتی کورد بە کورد قڕ بکات.
تورکیا بەشێکی زۆری ڕۆژئاوای کوردستانی داگیر کردوەو ناڕاستەوخۆش باشوری کوردستانیشی لەژێردەستایەو چۆنیان بوێت وائەکەن بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەسێک، ڕۆژانە شاخ و کێو دەشت و دۆڵ و گوندەکان بۆمباران ئەکەن و کەس دەنگی لێوە نایەت و حکومەت و پارتی دەسەڵاتداریش بەو هەموو موڵگە و بنکە سەربازیانەی کە لە دهۆک و هەولێر و تا سلێمانیش جێگیریان کردووە ناڵێن داگیرکەر و بگرە بۆیان دادەتاشرێ و ئەڵێن لەبەر بوونی پەکەکە لەو ناوەن.
بەڵێ ڕاستە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بوونیان هەیە لەباشور، بەڵام: یەکەم/ ئەوان لە وڵاتی خۆیانن و ئەوە تورکەکانن کە بێگانەن. دووەم/ ئەوان لەخۆیانەوە نەهاتوون، بەڵکو لەسەری داوای پارتی و یەکێتی هاتنە ناوچەکە، کاتێکیش ترس هەبوو ئیسلامی توندڕەو لە قەندیل و ئەو ناوچانە جێگیربکرێت.

میساقی میللی
تورکیا نیازێتی “میساقی میللی” لەڕێگەی گورگە بۆرەکانەوە جێبەجێ بکات. به‌كورتی ئاماژه‌ به‌داگیر كاریه‌كانی رژێمی توركیا ئه‌كه‌ین له‌ته‌واوی ناوچه‌كه‌ ئایا‌ توركیا ئامانجی چیه؟‌
تورکیا بە بیانوی بوونی “پەکەکە”وە زۆرجار هه‌ڵئه‌كوتێته‌ سه‌ر باشوری كوردستان، ئه‌و ده‌وله‌تەی كه‌پێی ئه‌ڵێن توركیا میراتگری ده‌وله‌تی عوسمانیە. ميساقى ميللى توركی له‌28ی كانونی دووه‌می سالی 1920 به‌پێی ئاگربه‌ستی “مه‌نده‌رۆس” له‌30ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 1918یا كه ‌له‌نێوان هێزه‌كانی هاوپه‌یماننان: ئیتاڵیا، فرنسا، به‌ریتانیاو ده‌وڵه‌تی عوسمانی واژۆكرا، لەو پەیمان نامەیەدا سنوری توركیا دیاری كرا،كه‌ سنوری توركیای ئێستا تێئه‌په‌رێنێ بۆ سوریا و عیراق و شاره‌كانی حه‌له‌ب و موصل و كه‌ركوك و هه‌ولێرو سلێمانیش ئه‌گرێته‌وە.
بەپێی بەڵێننامەکە توركیا ئه‌و مافه‌ی هه‌بوو نه‌هێڵێت ئه‌و شارانه‌ لە هیچ لاییه‌كه‌وه‌ داگیر بكرێ و سوپای بۆ بجوڵێنرێ. به‌لام دوای تێگه‌یشتنی به‌ریتانییه‌كان له‌سنوری جوگرافیا و هه‌ڵكه‌وته‌ی موسڵ، ئاگربه‌ستی “مه‌نده‌رۆسیان” پشتگوێ خست و په‌لاماری شاری موسڵیاندا و ئه‌و شاره‌یان له‌ده‌ستی عوسمانی ده‌رهێنا.
له‌كۆتایی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ووڵاتانی زلهێز ئه‌یانویست ده‌وله‌تی عوسمانی لاواز بكه‌ن كه ‌ته‌نها چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌می له‌ ده‌ستا مابوو، كه ‌ئه‌وانیش سنوری توركیای ئه‌مرۆو رۆژئاواو باشوری كوردستان و به‌شێك له‌خاكی یۆنانی له‌ژێر ده‌ستا مابوو. ده‌ره‌نجام سه‌ره‌تا په‌یمانی سیڤه‌رو دواتر په‌یمانی ميساقى ميللى لە28ى كانونى دووەمى 1920 له‌ مه‌جلسی په‌یمانی ده‌وله‌تی عوسمانی په‌سند كرا و به‌م جۆره‌ش له‌چوارچێوه‌ی كۆماری توركیا بچوكیان كرده‌وه‌.
په‌یماننامه‌ی میساقی میللی توركی له‌ چه‌ند خاڵێكە:
1- له‌كاتی ئاگر به‌ستی مۆندۆرۆس ئه‌وناوچه‌یه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردانه‌گیرابوو به‌دڵنیاییه‌وه‌ خاكی توركیایه‌ و نابێ پارچه‌ بكرێت.
2- ئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌هه‌رسێ ویلایه‌تی قه‌رس و ئه‌رده‌هان و باتووم، ریفراندۆم ئه‌نجام بیرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ژێرده‌ستی عوسمانی بمێنێته‌وه‌ یان نا.
3- عه‌ره‌به‌كان مافی خۆیان دیاری ئه‌كه‌ن و ئه‌و شوێنه‌ی له‌ژێرده‌ستی عوسمانیابێت و زۆرینه‌ی عه‌رەب بێت ئه‌وا ریفراندۆمی تیا ئه‌كرێت.
4- چاره‌نوسی یاسایی رۆژئاوای توركیا به ‌هه‌ڵپه‌سێراوی ئه‌مێنێته‌وه‌، ته‌نها به ‌ریفراندۆم چاره‌نوسی یه‌كلای ئه‌كرێته‌وه‌.
5- ئاسایشی ئه‌سته‌مبول و ده‌ریای مه‌رمه‌ره‌ له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌ فه‌راهه‌م ئه‌كرێت و له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره‌ هێرشێك پارێزراو ئه‌بێت.
6- كه‌مینه‌كان له‌ووڵاتانی تردا واته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی تورك كه‌مینه‌ن ده‌بێ مافیان پارێزراوبێت و به‌فه‌رمیش رابگه‌یه‌نرێت.
ئێستا ئەردۆگان و تورکیا چاویان بڕیوەتە هەموو ئەو ناوچانەی میساقی میللی ئەیانگرێتەوە و بگرە زیاتریش وە بە شێوەی پراکتیکیش دەستاین پێکردوەو لە هەندێک شوێنیش ئامادەکاری بۆئەکەن، بەدیاریکراوی لە باشوری کوردستان چەندین بنکەی سەربازی گەورەیان دامەزرانووە، بەڵام ئەوەی کۆسپە و تەگەرەیە لەبەردەمیانا پارتی کرێکارانی کوردستانە “پەکەکە”، هەربۆیە بەنیازن بۆ داگیرکردنی کوردستان ئەو کێشەیە هەر بەخودی کورد چارەسەر بکەن لەڕێی ئەوەی کورد بکەن بە گژی کوردا و خوێنی کورد بەدەستی کورد بڕژێنن، ئەمەش بۆ ئەوان دوو سودی هەیە، یەکەم/ کورد لاواز ئەکەن لەکاتی جێبەجێ کردنی میساقی میلیا کورد بڕشتی پێ نامێنێ بۆ بەرگری. دووەمیش/ تا بە خەڵکو وڵاتانی جیهان بڵێن کە بۆ گەرانەوەی ئاشتی یە و، ئیتر وەک نمونەی قوبرس بۆ هەتا هەتایە ئەمێنەوەو کوردستان بۆ ئەبەد داگیرئەکەن.

گورگە بۆرەکان
ناکرێ باسی گورگە بۆرەکان بکەین و کەمێک باسی سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالستی تورک نەکەین.
تۆرانیزم لەسەدەی نۆزدەیا لە ژێر کاریگەریی بزوتنەوە نەتەوەییەکانی ئەوروپا سەریهەڵاوە، بریتیە لە ئایدۆلۆژیای نەتەوە پەرستی تورک کە ئامانجی یەکخستنی هەموو نەتەوەی تورک زمانەو ئەم ئایدۆلۆژییایە ئەکرێت لە چوار چێوەی کەلتوری یاخود سیاسیا بێت. سەبارەت بە ئایدۆلۆژیای پانتورکیزم دەستیان پێکرد، “سابیر زیان بەدرەدین” کە خۆی ئایدۆلۆژیستێکی تورکە ئەڵێت: پانتۆرکیزم هەوڵدانە بۆ یەکخستنی هەموو نەتەوە تورکەکان لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتی سەربەخۆ یان لە دەوڵەتێکی فیدراڵیا.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیا بیری ناسیۆنالیزمی تورکی بە تەواوی ریشەی خۆی لە نێو کۆمەڵگەی تورکیا داکوتاو هەر ئەمەش وای کرد کە حزبی ئیتحادو تەرەقی دابمەزرێت، لە دروستبوونی ئەو حزبەشا جولەکەکانی تورکیا رۆڵێکی گرنگیان بینیوە، چەند کەسێک لە جولەکەکان بوونەتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە. کاریگەریی فەرهەنگی خۆرئاوا بە تایبەتی فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکاو ئەڵمانیا بۆ سەر تورکیا ناکرێت نادیدە بگیرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر بیرمەندان و روناکبیرانی تورکی داناو سێ رەوتی جیاوازی هێنایە ئاراوە (یەکێتی ئیسلامی، یەکێتی تورکی و یەکێتی عوسمانی) بەڵام سوڵتان عەبدول حەمید تەنها خەمی بەهێزبوونی ئیمپراتۆڕی ئیسلامی ئەخواردو بە توندی دژی یەکێتی تورکی و یەکێتی عوسمانی بوو، هەر ئەمەش بووە یەکێک لە هۆکارەکانی بۆ ئەوەی تۆرانییەکانی ناو حزبی ئیتیحادو تەرەقی لە ساڵی 1908 دژی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدول حەمید کۆدەتا بکەن و بۆ یەکەمجار دەستور بۆ تورکیا دابڕێژن. چۆنێتی دروستبوون مەهەپەو هۆکارەکانی دروستبوون و ئایدۆلۆژیای دروستبوونی مەهەپەو دەزگاکانی ئایدۆلۆژیای مەهەپە ئوزال و چەند بابەتی پەیوەندیدار بە مەهەپە کە بنچینەدانەری گورگە بۆرەکانن لێرەیا باسی لێوەناکەین، بەڵکو تەنها گورگە بۆرەکان بە نمونە وەرەگرین کە ترسناکترینن لەسەر بوون و نەبوونی کورد.
بۆ ناسینی گورگە بۆرەکان سەرەتا هەندێ خەسڵەتی گورگ باس ئەکەین پاشان بەراوردێک لەنێوانیان:
گورگ کە “کوڕی بەوەفا”ش ئەناسرێت یەکێکە لە ئاژەڵە دڕندەکان و نزیک بوونەوە لێی بێ مەترسی نیە. بەوەفاو بەهێز و نەفس بەرزە. ژیانی گورگ بەشێكی كۆمەڵایەتییەو لەژیانی مرۆڤەوە نزیكە، ئەمە وێڕای ئەوەی بەشێكی تری ژیانی هێرشبەر، کێوی و دڕندەیە.
گورگ هەرگیز گۆشتی مردارەوە بوو، خواردنی پیس بوو، بۆگەن و کۆن ناخوات. هەرگیز لە دایك و خوشكی نزیک نابێتەوە بۆ جووت بوون هەربۆیەش هیچ نەوەیەکی زۆڵ لەناو گورگا بوونی نیە و هەموو بێجووە گورگێک بە دڵنیاییەوە ئەزانێ کێ دایک و باوکێتی. گورگەكان تاكو لەژیاندا مابن یەك هاوسەریان هەیە، خیانەتیان لێ ناكەن، بۆیە هەر خێزانێکی گورگ هەموویان ئەندامانی هەمان خێزانن و بێگانەیان تیانیە، ئەگەر یەكێك لەهاوسەران مردن، ئەوا بۆ ماوەی سێ‌ مانگ پرسەیان هەیە، جاری واش هەیە تاكو ساڵێك درێژ دەبێتەوە، لەناو گورگدا فرە خێزانی نییە، ئەگەر گورگێك نیازی پرۆسەیەكی وای هەبێت، ئەبێت لەناوچەكەی دووربكەوێتەوە. کاتێ دایک باوکیان پیرئەبن ئەوا کوڕەکانیان ڕاویان بۆ ئەکەن و خواردنیان بۆ دابین ئەکەن لەکاتێکا ئەوان لەنێو کولانەکانیانا ژیان بەسەرئەبەن. لەكاتی ڕەوكردنیان، سێ‌ گورگی ئازاو هێرش بەر لەپێشەوە ئەڕۆن بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان نەكراو، دوای ئەوانیش پێنج گورگی بەهێز لەدوای ئەوانەوەن، گورگ سەركردەكەیان لە دواوە ئەڕوات، پارێزگاری لەهەر هێرشێكی دواوە ئەكات، گورگە مێینە و مناڵ و بێ هێزەکان ئەخەنە ناوەڕاست و بەهێزەکان لە پێشەوەو سەرکردەش لەدواوە ئەیان پارێزن و خۆیان ئەکەن بە سوپەر و قوربانی تا ئەوانیتر سەلامەت بن. یەکێکی تر لەو شتانەی گورگی پێ جیائەکرێتەوە ئەوەیە کە مرددوەکانیان ئەخەنە ژێر گڵەوە وەک مرۆڤ.
ئایا گورگە بۆرەکان هیچ یەکێ لەم ڕەوشتە بەرزانەی گورگیان تیابەدی ئەکرێ؟
گورگە بۆرەکان یان یەکینەکانی مردن یان لاوە نمونەییەکان “ئۆجاکلاری”
گورگە بۆرەکان لەبری ناشتنی نێچیر و مردووەکان، سەریان لەلاشیان جیائەکەنەوەو و سوکایەتی بە جەستەیان ئەکەن، دەستدرێژی سێکسی ئەکەنە سەر ئەو کچانەی بە زیندووی یان بە مردووی ئەکەونە دەستیان. هێندە پیسخۆرن تەنها لەبەر تێرکردنی حەزی نەژادی و ئارەزووی نەخۆشیان دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن و ئامادەن لەهەر شوێنێک بۆیان بگونجێ و توانایان هەبێ بیکەن بە قەسابخانە.گورگە بۆرەکان دەست لە مناڵ و ژن و پیر و پەکەوتە ناپارێزن بە تایبەتی ئەگەر کوردبن ئەوا تەنها دوای کۆمەڵکوژی دەست هەڵەگرن، هیچ بەهایەکی مرۆڤایەتی بوونی نیە لایان و کۆی زەویەکانی بەڵقان تا ناوەڕاستی ئاسیا بە میراتی عوسمانی ئەبینن و داگیری ئەکەن ئەگەر توانایان هەبێ. بە شێوەیەک پیس خۆرن بچنە هەر شوێنێک دوای داگیرکردنی تەنانەت مریشک و قاز و قەل و بگرە تا دارەکانیش ئەدزن وەک دار زەیتونەکانی عەفرین.
دوای بێ دەنگ بوونی ئەم گرووپە بۆ ماوەیەک پاشان لەڕێگەی دەرگاکانی سوریاوە و لەژێر سەرپەرشتی هەواڵگری تورکیا جارێکی تر سەریان هەڵدایەوە، پاش ئەوەی سەرکەوتنەکانی خۆی دژی کورد سەلماند.
سەرەتا بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەم گرووپە لەناو سوپای تورکیایا سەریان دەرهێنایەوە لە حەلەب و ئیدلبی سوریا، هەتا ڕوویەکی نەتەوەی بەن بە داگیرکاری تورکیا لەسەر حسابی خاکی سوریا.
ئەم ڕێکخراوە کێیە و تا چ ئاستێک لەسەر ئاستی جیهانی بڵاوبۆتەوانێ؟
ڕێکخراوی گورگەبۆرەکان یان لاوە نمونەییەکان کە دواتر بە یەکیینەکانی مردن ناسران. ڕێکخراوێکی توندڕەوی فاشی ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵی ڕاستڕەو ڕەگەزپەرستی تورکی دژە کوردە، لە کۆیاییەکانی ساڵای 1960دا دەمەزرێنرا، لەسەر دەستی “عەقید”ی سوپای تورکیا “ئەڵپ ئەرسەلان تورکش” .
ئەم ڕێکخراوە بە باڵی سەربازی نافەرمی حیزبی جوڵانەوەی نەتەوەپەرست یان بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا “مەهەپە” کە “دەولەت باخچەلی” سەرۆکایەتی ئەکات، کە لە ئێستایا هاوپەیمانی پارتی داد و گەشەپێدانە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکایەتی ئەکات.
هەڵای تێکەڵ کردن و پێکەوەلکاندنی ناسنامەی تورکی و ئاینی ئیسلام زۆر زیاتر بەو ڕێکخراوەوە دیارە و زۆر بە فراوانی کاری لەسەر ئەکرێ کە ئەوەش بە خیتابی ڕێکخراوەکەوە زۆر بەڕوونی ئەبینرێ. ئیسلام بەکار ئەهێنن بۆ ڕاکێشانی سۆزی موسوڵمانانی نەتەوەکانی تر. ئەگەرنا دەست لە هیچ مرۆڤێ ناپارێزن کە تورک نەبێ، هەر لەڕێی ئیسلامەوە بە ئاسانی کورد ئەکەوێتە تەڵەکانیانەوە.
کوردیان بە دوژمنی سەرەکی و سەرسەخت و خەتەری سەرخۆیان و بوون و نەبوونی تورک گرێداوە، نەمان و نەهێشتن و توانەوەی کورد کاری لە پێشینەی ئەم ڕێکخراوەیە. ئەمە ویرای دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تری وەک ئەرمەن، عەرەب، یۆنان، بوڵگارییەکان، ئەلبانیەکان و ئاینەکانی تری وەک مەسیح و جولەکە و بوزییەکان.
لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر بە ڕێکخراوێکی ئیرهابی و تورندڕە و ڕادیکاڵ ناسێنراو بوو بەهۆی کردەوە خراپەکانیانەوە لە ساڵانی هەشتاکانا، بەڵام ئەردۆگان جارێکی تر گورگە بۆرەکانی زیندووی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کورد.
بەجۆریك ئەردۆگان پاڵپشتی ئەو ڕێکخراوە ئیرهابییە نەتەوەپەرست و ڕادیکاڵە فاشیەی کرد کە لە ئێستایا گەیشتوونەتە هەریەکە لە “ئەزەبایجان، شیسان، چین، ئەرمینیا، کوردستان، ئێراق، سوریا، کەنارەکانی یۆنان، قوبرس، ڕوسیا، نیمچە دورگەی قرم، تایلاند، فەرەنسا، ئەلمانیا، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا.
لە چەندین کەرت جیاوازی وەک ئابوری، کۆمەڵایەتی، وەرزش، پەروەردە و بنکە ڕۆشنبیرییەکانی وەک زانکۆ و فێرگەکانی خوێندن و قوتابخانە ئایینەکان چالاکن و فەقێ و ناوەندە ئایینیەکان باشترینی ئەوانەن کە گەرایان تیا دائەنێن. تۆرە کۆمەڵایەتیەکانیان تەنیوەو کار لەسەر گەنجان و نەوجەوانان ئەکەن بەتایبەت کەم دەرامەت و ئاوارە و ئەو خوێندکارانەی کە داخلییەکان نیشتەجێن.
ئاڵای گورگە بۆرەکان یان یەکیینەکانی مردن کە تەختێکی سوری هەیە سێ کەوانەی نیوە مانگی سپی “هلال” لەسەر کێشراوە، بەپێی باوەڕی خۆیان ئەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی تورک لە هەرسێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقا وە ئەوروپا .
لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دەرکەوتنەکانیانا دەستی ڕاستیان بەرز ئەکەنەوە وەک هێمایەکی شەیتانی، هەردوو پەنجە تووتە و دۆشاو مژە ڕاست بۆسەرەوە لە شێوەی گوێچکەکانی گورگ بەرزئەکەنەوە و ئنجا هەرسێ پەنجەکەی تریان لە شێوەی سەری گورگ پێکەوە ئەلکێنن و بۆ پێشەوە درێژی ئەکەن. کە ئەمە بێچگە لە پیشاندانی سەری گورگ، بەڵکو مەبەستێکی شاروەی تریشی لەپاڵایە، واتە لە هەر شوێنێک تورکی لێبێ بۆی ئەچن وەک ئاماژەیەک بۆ هەرسێ نیوە کەوانە یان نیو مانگ “هلال”ی سەر ئاڵا سورەکەیان کە مەبەست لێی “ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا”یە.
چیرۆکی هەلبژاردنی گورگ وەک ناو و ناونیشان بۆ ڕێکخراوەکە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەیەک کە تورکەکان باوەڕیان پێیەتی و بڵاوە لە ناوەڕاستی کیشوەری ئاسیایا کە گوایە گورگێکی مێینە کە ناوی “ئەسینا”بووە کە ڕێبەری تورکەکانی کردووە لە ڕووباری “ئەرجەنیکۆن”وە، پاش ئەوەی کە چوار سەدە لەوی ماونەتەوە دوای ئەوەی کە لە جەنگا دۆڕاون، کە هەر ئەم ئەفسانەیەش بنچینەیە بۆ دەرکەوتن و دروست بوونی هەدوو نەتەوەی مەنگۆلی و تورک.
گورگە بۆرەکان باوەڕیان وایە یان ڕاستر ئەوەیە کە بڵێین وا پەروەردە ئەکرێن و باوەڕیان پێئەهێنرێ کە هەموو ئەو زەوییانەی ئەکەوێتە نێوان بەلقان و ئاسیای ناوەڕاست موڵکی خۆیانە و خاوەندارێتی ئەگەڕێتەوە بۆ تورک، کاری ئەمانە هەر فرسەتێک بێتە پێشەوە بیگێڕنەوە بۆخۆیان هەر ئەمەشە وای کردووە کە تورک پێبخاتە خاکی هەر وڵاتێکی ترەوە هەرگیز بە ئارەزوومەندانە و بە ئاشتی لێی ناکشێتەوە نمونەی وڵاتی قوبرس کە لە ٢٠ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٤ نیوەی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردوەو تا ئێستاش چۆڵی نەکردووە ، تا ساڵی 1983 باکوری قوبرس کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە کۆماری باکوری قوبرسی تورکی ڕاگەیاند کە تاکە وڵات تەنها تورکیایە کە دانی پیاناوە، ئەوەی جێگای سەرنج و ئاماژەیە ساڵی 1974 تورکیا لەژێر ناوی گەڕانەوەی حوکمی دەستور چووە ناو قوبرسەوە، پاشان دەرکەوت کە مەبەست لێی داگیرکردنی ئەو وڵاتەیە و کردنێتی بە بەشێک لەو خەیاڵەی گورگە بۆرەکان کاری بۆئەکەن کە ئەویش هەموو خاکی نێوان بەلقان و تورکستانی ڕۆژهەڵات خاوەندارێتی بۆ تورک ئەگەڕێتەوە!
گورگە بۆرەکان هەموو دانوستانێکی سیاسی و نا سیاسی لەگەڵ کوردا ڕەت ئەکاتەوە، تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کورد لەلای ئەوان نەمان و بوونی کوردە کە وەک خۆیان ئەڵێن (بـــــاشــــتــریــــــن کـــــــورد ئــــــــەوەیــــــە کە مـــــــــردووە) واتە هیچ کوردێک باش نیە تا ڕێبکەوی لەگەڵیا و کاتێ کۆتای بە کێشەی کورد یەت کە وەک نەتەوە بوونی نەمێنێ.
هەر ئەوش وایکرد کە لەسەرەتای هاتنە سەر کاری پارتی داد و گەشە پێدان بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان و کرانەوەیەکی تاکیکی بۆ ماوەیەک بەڕووی کوردا ئەم گرووپە واتە گورگە بۆرەکان سەرسەختانە داژایەتی ئەردۆگان و پارتەکەیان ئەکرد هەتا ساڵی 2018کە هەردوو پارتی نەتەوەپەرستی “مەهەپە” و داد و گەشەپێدان “ئەکەپە” ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد و بوون بە هاوپەیمان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەۆکایەتی کە ئەردۆگان بوو بە سەرۆکی دەسەڵاتداری تورکیا.
ئەو کارە ناوخۆییە خوێناویانەی کە گورگە بۆرەکان ئەنجامیانداوە:
هێرش کردنە سەر بیرمەند و لیبراڵ، و ڕۆشنبران و چەپەکانی تورکیا بوو لە گۆڕەپانی تەقسیم لە ئەستەمبوڵ کە بە ” 1ی پێنچی خوێناوی” لە ئەستەمبوڵ ناسراوە لە 01- 05- 1977 ئەنجامدرا کە بووە هۆی کوشتنی 41 کەس، پاش ئەوەی کە ئەو کارەیان بۆ چووەسەر ئیتر پاش ساڵێک لەو قەسابخانەیە هێرشیان کردوە سەر “عەلەوییەکان” سەدانیان لێکوشتن کە بە “قەسابخانەی مەرعەش” “مذبحة مرعش” ناسراوە لە ساڵی 1978.
پاشان هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی پاپای فاتیکان “یوحەنا پۆلسی دووەم” ساڵی 1981 لەڕێی یەکێک لە ئەندامەکانی گورگە بۆرەکانەوە بەناوی “محەمەد عەلی ئاغا”.
دواتر 28ی 7ی ساڵی 1988 هەوڵی تیرۆکردنی “تورگۆت ئۆزال”یاندا کە بە دامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دائەنرێ لەڕێی “کارتال دیمیراغ” ئەندامی گرووپی گورگە بۆرەکان، بەڵام سەرکەتوو نەبوون، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: هۆکاری یەکەم/ نزیک بوونەوەی تۆرگۆت ئۆزال لە کورد و کارکردن بۆ چارەسەری کێشەکەی کە ئەمەش لای تورکەکان کفرێکە و لێخۆشبوونی نیە، هۆکاری دووەمیش/ سەردانی کردنی ئۆزال بوو بۆ یۆنان تا گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان هێور بکاتەوە پەیوەندییەکان ئاسای بێتەوە.
ئیتر لە دوای ساڵەکانی 1980وە گورگە بۆرەکان بوون بە نەیاری دەسەڵات، دوای ئەوەی کە بوون بەخاوەنی زیاتر لە 100 سەربازگەی ڕاهێنان، زیاتر لە 1700 لق، کە زیاتر لە 200 هەزار ئەندامیان هەبوو، ئیتر لێرە بەدواوە گورگە بۆرەکان بوون بە هێزی سەرەکی وڵات و دەسەڵاتدار و بەرپرس و دەستیان کرد بە پشیووی نانەوەو تیرۆرکردن و توندوتیژی سیاسی لە تورکیا، تیرۆر و کوشتن و تەقەکردن لەسەر شەقامەکان بوو بەکارێکی سانا و ئاسان بۆیان.
لە سەرەتای نەوەدەکانا حکومەتی تورکیا دەستپێشخەری کرد و لەبری سزادانی گورگە بۆرەکان بانگی کردن و داوای للێکردن کە بەشداربن لە دژایەتی و شەڕکردن لەگەڵ کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە”، ئەو کار و مەبەستەی کە کاریی سەرەکی و دڵخواز و ئامانجی هەموو تورکێکە بەتایبەتی گورگە بۆرەکان، ئیتر لەوەودوا ئەم گروپە بوون بەهاوکاری حکومەتە جیاجیاکانی تورکیا و ئەوانیش بۆ شەڕکردن لەگەڵ کورد بەکاریان ئەهێنن.
وە لە مانگی شەشی ساڵی 2016 کاتێ کە پەرلەمانی ئەڵمانیا ئیبادەکردن و جینۆساید کردنی ئەرمەنەکانی لەسەر دەستی تورکەکان پەسەند کرد، بەشێکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمانانەی کە پاڵپشتی ئەو بڕیارەی پەرلەمانیان کرد بوو بەشیوەی جیاواز هەڕەشەیان لێکرا لەلایەن تورکە نەتەوەپەرست و ئەردۆگانچییەکانەوە، تا کار گەشتە ئەوەی 12 ئەندام پەرلەمان لەژێر چاودێری پۆلیسا بپارێزرێن، ئیتر لەو کاتەوە ئەندامانی گرووپی گورگە بۆرەکان و لایەنگرانی ئەردۆگان پێکەوە ئەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەهەر شتێک دڵخوازی ئەوان نەبێ، وە بەتایبەتی کارتێ هەوڵی ئینقلاب درا لە 31ی 7ی ساڵی 2016 دژی ئەردۆگان هەردوو لایەن پێکەوە ڕژانە سەرشەقامەکانی ئەڵمانیا لەشاری کۆڵن لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و ئیتر بێ ترس و شەرم ئاڵا و شیعارەکانی گورگە بۆرەکان بەرزکردەوە.
لەوەش سەیرتر هەروەک چۆن ئەردۆگان پشتگیری خۆی بۆ ئێخوانییەکانی میسر دەربڕی و چوار پەنجەکەی بەرزکردوە، هەرواش پشتگیری خۆی بۆ گورگە بۆرەکان دەربڕی سێ پەنجەکەی ئەوانیشی بەرزکردەوە، ئەوەش ئەوە ئەگەیەنێ کە ئەردۆگان بێ شەرم وە بەبەر چاوی کامێرا و هەموو جیهانەوە ڕەوای ئەیا بەکاری ئەو گروپە تیرۆرستیە، فاشییە ناسیۆنالیستە و وەک بەشێک لە سوپاکەی بەکاریان ئەهێنێ و چی بوێت پێێان جێبەجێ ئەکا.
گرنگە تاکی کورد زۆر وشیاربێت و نەکەوێتە ئەو تەڵەیەی تورکیا و گورگە بۆرەکان بۆ داگیرکردنی خاکی کوردان دایان ڕشتوەو خاوەن ماڵ بکەن بەنامۆ لەسەر خاکی خۆی و هانی ‌هێزە کوردیەکان بەن بۆ شەڕکردنی یەکتر کە ئەو شەڕە کورد ماڵوێران و تورک سودمەند و ماڵ ئاوەدان ئەکات.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان