ڕاگەیاندنی کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان- عێراق.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە دەستەیەک لە خەڵکانی ناڕازی و ئازادیخواز بە بێ لەبەرچاوگرتنی پێشینە یان ئینتیمای سیاسی له هەلومەرجێکدا دەستمان بردوە بۆ بونیاتنانی ئەم کۆمیتەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا پێشێلکاری گەورە بەرامبەر سەرەکیترین مافەکانی هاوڵاتیان دەکرێت و ئازادییەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرتەسککراونەتەوە و سەرکوت و ستەماکاری لەوپەڕی هەڵکشاندایە. ئەگەرچی لە 29 ساڵی ڕابردودا پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان شوێنی ناڕەزایەتی خەڵکانی ئازادیخواز بووە، بەڵام لە سایەی ئەم کابینەیەدا هەنگاوەکانی بڵاوکردنەوەی تیرۆر و ڕفاندن و ترس و تۆقاندن و پێشێلکرندی مافەکانی خەڵک لە ئاستێکی مەترسیداردایە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هاوڵاتیان بە قەیرانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی یەکجار سەختدا تێدەپەڕن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە تاڵانە و وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بەو دۆخە نالەبارە بە پێویستمان زانی ئەم کۆمیتەیە ڕابگەیەنین کە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم کار و چالاکی بکات بۆ بەرگریکردن لە ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لە ڕێگای کاری پێکەوەیی دیبلۆماسی و چالاکی گشتگیر لەگەڵ خەڵکانی ناڕازی تا بتوانین وەک قەڵغان سنورێک بۆ ستەمکاری لە هەرێمی کوردستان دابنێین.
بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی 01- 11- 2020 یەکەم کۆبونەوەی خۆمان سازدا و وەک یەکەم کاری هەنوکەیی کۆمیتەکە ئازادکردنی زیندانیانی بادینان لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان کە لە چەند مانگی ڕابردودا بە پاساوی جۆراوجۆر یان فڕێندراون یان دەستگیر کراون. بەداخەوە هەندێکیان بێسەروشوێنن، ڕیگا بە پارێزەر و کەسوکاریان نادرێت سەردانیان بکەن و بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتۆتەوە لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەرونیدان. لەم ڕوەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا هەوڵەکانمان چڕ کردەوە بۆ بەستنی پەیوەندیەکان لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپای یەکگرتوو و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لەو ڕەوشە مەترسیدارە.
ئازادکردنی ئەو زیندانیانە ئەرکی ئەم حکومەتەیە و پێداگری لەسەر ئازادکردنیان ئەرکی تەوای پارتە کوردستانییەکان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە.

کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان/ هەرێمی کوردستان_ عێراق
11/11/2020
rightandfreedomcommunity@gmail.com

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت