بورهان شێخ ڕەئوف: شکستى ترەمپ پەیامێکى گرنگ بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە تا ئێستاش من ئەم بابەتە دەنووسم هێشتا سەرۆک ترەمپ دانى بە شکستى خۆیدا نەناوە لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى وڵاتەکەیدا، هەر ڕۆژەى قسەیەک دەکات بێ ئەوەى بەڵگەیەکیشى لابێت کە وتەکانى بسەلمێنى کە ساختەو فێڵ کرابێت لە هەڵبژاردنەکەدا، بەڵام بە هەرحاڵ یاسا و سیستمى ئەمریکا مکوڕتر و چەسپاوترە لەوەى کە ترەمپ لێ ى یاخى بێت.
ئەمریکیەکان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا کە کێبڕکێیەکى سەخت هاتە ئاراوە لە سەد ساڵى ڕابردوودا بەشدارى وا چڕى بە خۆیەوە نەدی بوو، هیچ سەرۆکێکیش هێندە دەنگى نەهێنابوو وەکو بایدن، بۆیە ئێستا هەست بەوەدەکەن کە جارێکى دى دیموکراسى و نەریتە باڵاکانى بە دەست هێنایەوە، کە لە سەردەمى ترەمپدا لێ یان ڕفێنرابوو.
لە بەرئەوەى ئەمریکیەکان باش دەزانن وڵاتەکەیان لە سەربنەماى فرەچەشنى و فرە ڕەنگى گۆڕانکارى ڕیفۆرمى ئاشتى بنیاتنراوە.
هەر لە بەرئەوەش بوو کۆچبەرانى کۆن و نوێ هەموو ڕەنگە جیاوازەکان بە ڕەش و سپیەوە، لاوان بە پێشخانە ئایینى و ئتنیکیە جیاوازەکانیانەوە لە ئاسیاوە تا ئەفریقیا لە ئەمریکاى لاتینەوە تاوەکو ئاسیا هەرهەموو دەنگیان دا بە بایدن دژ بە ترەمپ بۆ ئەوەى بەربگرن لەو پۆپۆلیستەى کە دەی خواست ڕوخسارى ئەمریکا بگۆڕێت بە قازانجى ڕەگەز پەرستى کە جیاوازى بکات لە نێوان هاوڵاتیەکى ئەمریکى و هاوڵاتیەکى تر لە نێوان کۆچبەرێکى کۆن و نوێ لە نێوان ڕەنگێک و ڕەنگێکى تر.
ئەوەش کە واى کرد بایدن ئەم سەرکەوتنە مەزنە بە دەست بهێنێت بەشى زۆر ى بۆ ( کامیلا هاریس ) دەگەڕێتەوە ئەو ژنەى کە کاندیدى دیموکراتەکان بوو بۆ پۆستى جێگرى سەرۆک کە لە باوکێکى کۆچبەرى جمایکى و داێکێکى کۆچبەرى هندیە ڕەشپێستە کە ئەمەش یەکەم جارە لە ئەمریکادا ژنێکى ڕەش پێست ببێتە جێگرى سەرۆک کە نەوەى کۆچبەرانە، پێشووە چونێکى ترى سیستمى دیموکراسى ئەمریکایە کە چۆن یەکەم جار ساڵى (2008) ئۆباما بووە یەکەم سەرۆکى ڕەش پێست. لە لایەکى تریشەوە هەڵبژاردنى بایدنیش دووەم سەرۆکى کاسولیکیە دواى جۆن کینیدى لە مێژووى ئەمریکادا.
ئەگەر ئەم نمونەى سیستمى دیموکراسیەى کە لە جیهان و ئەمریکاشدا هەندێک جار خەریکە لە ناوەوە خۆى بخواتەوەو لەق بێت وەکو ڕژێمە دکتاتۆریەت و تۆتالیتارەکان، ئەوا لە ئەمریکا بە پێچەوانەوە بەرگرى لەخۆى کردو سەرکەوتو بوو جارێکى تر هەرچەندە ترەمپیش دەنگى کەمى نەهێنا بەڵکو حەفتا ملیۆن کەس پشتیوانیان کرد، خۆشبەختانە بایدن حەفتاو پێنج ملیۆن کەس دەنگیان پێ دا، بەڵام دەبێت دیموکراسى خوازان و هەموو یەکسانى خوازان حسابى جدى بۆ ئەو مەترسیە بکەن کە هێشتا بەرەیەکى فراوان خەڵکى پۆپۆلیست و ڕەگەزپەرست هەن لە کەمیندان بۆ ئەوەى هەر کاتو ساتێک بۆیان بلوێت بەر بە ڕەوڕەوەى پێشکەوتن و عەدالەتى کۆمەڵایەتى بگرن.
لە کۆتاییدا دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین کە ئەوەى بەرى بەم ڕەوتە پۆپۆلیستیە گرت، ناوەندى دەستەڵاتى بە هێزى ئەمریکا نەبوو، ۆڵ ستریت نەبوو، ملیاردێرەکانى ئەمریکا نەبوون، هێزەکانى بزوتنەوەى سەهیۆنیزم نەبوون، بەڵکو هێزى جەماوەرو گەلى ئەمریکا بوون دژ بە ڕەگەزپەرستى و دژ بە فاشیەت و ئەو بزوتنەوانە بوو کە دژى ئابورى چەوسێنەرانە بوون و لایەنگرى ئابورى مرۆڤدۆست و هاوسەنگ بوون، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا لایەنگرانى فرەیى و دادپەرەوەر ى و لێبووردەیى و ئاشتى و پێکەوەژیان سەرکەوتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت