نەبەز جەلال: بادەرگاکان ئەڵقەڕێزکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کورد دەڵێ: ماڵت توند بگرەو، کەس بە دز مەبینە.
لە ئێستادا نە ماڵمان توند بۆ دەگیرێ و نە دەشتوانین دەزە گەورەکان بگرین و وەدەرنێین.!
ھێزە بەناو دەسەڵاتدارو حیزبیەکانی ھەرێمی کوردستان بەجۆرێک« گیرفان و قاچ و دەستیان » تێکەڵی بەرژەوەندییە قوڵەکانی دوژمن و نەیارانی کورد بووە، ئەستەمە بۆ ئەم دۆخ و گرژییەی ئێستا بەم شێوەیە بتوانن بچنە ژێر باری بڕیارێکی ژیرانەی سەربەخۆ و سەرکەوتوو بە قازانجی زۆرینەی خەڵکی کوردستان!
ھەرێم و ناوچەکە بەرەو دۆخی گرژی و بە خراپی زیاتری ھەمەچەشنەدا تێدەپەڕێت و دەڕوات، ناکرێت ئەم دەسەڵاتە سەروەتە مادی و مەعنەوییەکانی خاک و خەڵکی کوردستان پشتگوێ بخات و سوربێت لەسەر تاقیکردنەوە پوچ و چەوتەکانی خۆی.
لە ئێستادا بژێوی حکومەت و داھات و دەستکەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر کۆی بەرھەمە نەوتیەکانییەتی، بۆیە دەبێتە گرنگترین پرس و کەیسی بەدوادا چوون بۆ داھات و ئارامی ژیانی خەڵکی کوردستان.
ئەم کەیسەش بەڕوونی ڕوو بە ڕووی ووڵاتی تورکیا دەبێتەوە بۆ وەستاندن و ڕێگیرکردنی ئەو لەو بەتاڵانبردنەی لە داھات و سامانە نیشتیمانییەدا دەیبات.
بە بڕوای من تورکیا قبوڵی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە نھێنیی و شاراوەکانی خۆی و ھەرێمی ژێر دەسەڵاتی بەرژەوەندی حیزبییەکانی خۆی ناکات، بەتایەبەت لەم دۆخە خراپە ئابوری و ئاڵۆزییەدا.
بەشێک لەدەسەڵاتە بەرژەوەندخوازەکەی ھەرێمیش بەبێ دەستبەرداربون لە تورکیاو قاچ لێبونەوەیان لە داوی بەستراوەو گیرخواردوو، ناتوانن سەربەخۆ، بە بەشێکی دیاریکراو لە نەوتی ھەرێم کە لەسەری ڕێککەوتوون لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی خەمڵێندراوی کوردستاندا بۆ بەغداد بنێرن.
ئاشکرایە کە دەستکاریکردنی باڵانس و لادان و کەمکردنەوەو تێکدانی بەرژەوەندی ھێڵی نەوت و بازرگانییە داخراوەکەی تورکیا و ناوچەکە، باجەکەی زۆر قورس دەکەوێت لەسەر خەڵکی کوردستان، وەک دەسەڵاتدارانی ھەرێم باسیدەکەن دەگاتە ئاستی داگیرکردن و لە ناوچونی ئەزمونەکەمان و بە نەمانی ھەرێمی کوردستانیش کۆتایی دێت.!
لەبەردەم ئەم شێوە بیرکردنەوەو پەلکێشییەی تورکیادا پێناچێ بەرەی ئێرانیش لەم جۆرە جوڵەو ئەگەری داگیرکاری و بوونی بەرژەوەندییە قوڵەدا بێدەنگبێت و باڵانسی خۆی لە ناوچەکەدا نەپارێزێ، بێگومانیش ئێران ناوەستێ و لێناگەڕێ تورکیا بەتەنھاو ئاسانی شوێنە ستراتیجییە دیاریکراو و دەستکەوتە گرنگەکانی لە ئێستادا بێخاوەنن بۆخۆیببات.
جا گەر لە ئێستادا ھەر ھیچی پێ نەکرێ بە ئاسانی دەتوانێ گەڕو گێچەڵی ناوخۆیی بۆ شەڕێکی خوێناوی ناوچەییمان پەلکێشبکات بە ناوی جیاوازەوە بۆ ڕوخان.
بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی ھەرێمی کوردستان دەبێت ڕوو بکەینەوە خەڵکی کوردستان و داوا لە ھەر دوو زلپارتی « پارتی و یەکێتی » بکەین کە خاوەنی ھێزی چەکدار و پارەو پەیوەندی و بەرژەوەندییە حیزبییەکانن،کە دەرگاکانی دوژمنان و نەیارانی کورد ئەڵقەڕێزبکەن و ڕوو بکەنەوە خەڵکی کوردستان و دەروازەی سەربەخۆبوونمان بکەینەوە بەرنامەو نەچینە بەرەی « ئێران و تورکیا» وە، خۆیی بوونی خۆمان بۆ دونیاو کورد بسەلمێنین.
لێرەوە دەبێت حکومەتی ھەرێم بێ ترس و سڵەمینەوە و دوردۆنگی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە ھاودەنگی زیاتر و پێویست بۆ تێگەیشتنی دۆخی سیاسی و بژێوی و داھاتی ھەرێم و عێراق دروستبکات ،لەو کەلێنەشەوە مایەپوچیی ماڵی « ئیفلاسی مادی»ی خۆی بۆ دونیا ڕابگەیەنێت و داوای ھاوکاری مادی و ئەمنی و ئیداری لە دۆستەکانی بکات، وەک ئەوەی لە ڕاگەیاندن و پەیوەندییە حیزبییەکانی خۆیاندا ھەمیشە باسی دۆستەکانی کورد دەکەن و دەبیستین و ھەمیشە خەڵکی پێ قان ئەدەن.
بچنە ژێر باری دۆڕاندنی متمانەی ئەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ دوژمنەکاناماندا بە ناچاری کردوبیانە بۆ خۆپارێزی و مانەوەو بەرگریکردنی حیزب و تاکە کەسی، بە بەکارھێنانێکی چەوتانە وگرتنە دەستی دەسەڵاتی تاک ڕەویی دژ بە زۆرینەو گەل و ھاوڵاتی و ئەزمونەکەمان کە بە بچوکی لە سوچێکدا گیریان کردووە.
با بەیاسایی گشت گرێبەستە نەوتی و غازی و پرۆژە ستراتیجیەکانی ھەڵبوەشێننەوەو بە نھێنی و ئاشکرا ڕوو لە ھێزی ڕاستەقینەو دەسەڵاتداری ناوچەکە و ناوەند « ئەمریکا- عێراق» بکەن و بە گرێبەست و پرۆژەی نوێوە بڕیاری کۆتای بۆ قۆناغێکی نوێی ئێستا بدرێ تا دەگەینە دوا قۆناغی ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان.
حکومەتی ھەرێم دەبێت ھەنگاوی ڕاستەقینەی بنێت بۆ:
1- پرۆژەی چاکسازیی گشتگیرو چڕتر و ووردتر بکرێتەوە لە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە تا ئاستی بچوکترین دەزگای دەوڵەتی.
2- پرۆژەی یەکگرتنەوەی ھێزەچەکدارەکان ھەرێم و نوێبونەوەیان بەگشتی.
3- پرۆژەی دروستبوونی یەکحکومەتی و یەکدەسەڵاتی ھاوڵاتی شۆڕبکرێتەوە بە ڕێنوێنی دەستورێکی دەنگبۆدراوی ھاوڵاتی لە ھەرێمی کوردستان کە خەڵک و حیزب بخاتە ژێر کارو کاریگەرێتی بەرپرسیارێتی مێژوویی و راستەوخۆش لە ئەستۆ بگرێ و دوور بکەوینەوە لە حکومەتی حیزبی و تاکدەسەڵاتی و ململانێیی بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکان.
4- پرۆژەی بوژاندنەوەی سەرتاسەری ئابوری کوردستان بەگشتی دابڕێژرێ و بەزوویی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
5- ئاشتبونەوەی نیشتیمانی بکەینە پێویستییەکی حەتمی و خواستێکی ژیاری گرنگ لە کۆی کۆمەک و پشتگیری و پیشتیوانی و پێکەوەبوونی کورد و پارچەکانی تری کوردستانیش بکەینە ھاوخەم و ھاوبەش لەم پرۆژەی سەرکەوتنەوە بۆ کردنەوەی دەروازەی زیاتر بۆ کورد و دۆزەکەی، نەک بچوککردنەوەو قەتیس بوون لە فۆڕمی میر و میریدا بۆ ناوی زل و دێی وێران.

گەرچی کورد ئەھلی قەزاو قەدەرە، بەھیوای لە کۆتایدا « قەزامان لەم قەدەر » ەی ئێستا نە سوڕێ و نەکەوێ، دەرک و دەگای سەربەخۆیمان لێبکرێتەوەو ئیتر دەرگاکانی نەھامەتی کورد بە ھەموان بۆ ھەتا ھەتایە ئەڵقەڕێز بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت