کاوسێن بابەکر: وەفدی کوردی ئەمجارە دەبێ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ بکات!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوەتەی دانوستانەکان لەنیوان بەغداو هەولێر دەستی پێکردووە لەدوای ڕوخانی ڕژێمەوە تا ئێستا،کورد تەنها دوو بژاردەی لەبەردەمدا بووە، یان خۆی ئیدارەی خۆی بدات و بەسەر بەخۆیی نەوتەکەی بفرۆشێ، یان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ڕێکبکەوێ و کۆتایی بەم دۆخە سیاسیە داراییە نائارامە بهێنێ کەبۆتە هۆی نائارامی ژیان و بازاڕیش لەکوردستاندا.
لەچەند ساڵی رابردودا ئەزمونی بەسەربەخۆیی فرۆشتن و ئیدارەدانی هەرێممان بینی، وێڕای شەڕی داعش و دابەزینی نەوت کە کاریگەری لەسەر هەموو دونیا هەبوو نەک هەر هەرێم. بەڵام لەبەر بێ پلانی و بێ سیستەمی و ئەوپەڕی ناشەفافی، ئەوپەڕی گەندەڵی، هەرزانفرۆشتنی نەوت، شکات و شکاتکاریەکان لەدادگاکانی بەریتانیاو دۆڕاندنە ئابڕوبەرەکانتان بەرگەتان نەگرت. لەکۆتاییدا بەناچاریی رووتان لەبەغدای موفلیس کردەوە خۆتان گوتەنی! لەو کاتەوە خۆتان باش دەزانن تەنها یەک بژاردەتان لەبەردەم ماوەو هیچی تر، دانوستان لەگەڵ بەغدا، لەم دانوستانانەشدا جەندینجار ڕێککەوتن بەغدا مافەداراییەکان بنێرێ و ئێوەش بڕێک نەوت کە تاهاتووە بڕەکەی بەرزدەکرێتەوە مادام ئێوەپابەند نابن! ڕادەستبکەن. ئێستا بیانو دێننەوە بۆ بوونی ڕەگەزپەرستی لە دۆسەیەدا، ئێمە دوای سەدەیەک مامەڵە لەگەڵ عەرەب دەبوایە وازمان لەو قسەیە بهێنایە کە کورد گوتەنی یەکجار بەزستان دەڵێن ساردە، تۆلەگەڵ ئەم جۆرە لەخەڵکە مامەڵە دەکەی. هەرچەند ئەوەش راست نییە عادل عەبدولمەهدی دەرفەتێکی زۆر باشی ڕەخساند، بەڵام بەهەندتان وەر نەگرت!
ئێستا دەبێ ناچار ناچار ڕوولە کۆمپانیای سۆمۆ بکەن نەک حکومەت، چونکە بڕیاری حکومەت بووە بەیاساو تیایدا هاتووە سۆمۆ دەتوانێ ئەو بڕەنەوتە دیاریبکات کە دەبێ هەرێم ڕادەستی بکات. بەڵام پرسیارە قورسەکە ئەوەیە هەرێم دەتوانێ هیچ بڕێک ڕادەست بکات؟ ئەگەر دەتوانێ بۆ لەو هەموو بەڵێنانەدا یەکێکیانی جێبەجێ نەکردوو رادەستی نەکرد؟ یان لەم دانوستانەی دواییدا وەک ئەندام پەرلەمانەکان قسەی لێدەکەن لەسەر هەموو ووردەکاریەکان ڕێککەوتن، تەنها بڕیاری رادەستکردنی نەوتەکە مابوو هەولێر ڕەتیکردەوە! مافی خۆمان نیە گومان بکەین؟ هەڤالان دۆخی سیاسی و ئابوری عێڕاق و بەتایبەت تر کوردستان بەرگەی کۆبونەوەکان ناگرێ تا ئەم هەرێمەش کە ڕەنگە دوا دەرفەتی کورد بێ لەگەل میرنشینەکان نەبیتەوە بەمێژوو، بۆ جارێکیش بووە دوور لەگیانی خۆپەرستی وحزب حزبێنە بەخەمی نیشتمان و گەلەکەتانەوە ڕوو لەدانوستانەکان بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت