حەمەئەمین شیروانی: 65 دەفتەر دۆلارەکەی قاسم شەشۆ.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوێنێ شەو لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبوەوە یەکێک لە فەرماندە سەربازیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەناوی قاسم شەشۆ دانی بەوە دانا کە حزبەکەی واتە پ.د.ک. مانگانە 65 دەفتەر دۆلاری بۆ دەنێرێت واتە 650 هەزار دۆلاری ئەمریکی، بەم لێدوانەی قاسم شەشۆ تووشی شۆک بووم و ئەو دایکە شەهیدە جەرگ سووتاوەی هێنایە پێش چاوم کە بۆ ڕێزلێنان لە کوڕە شەهیدەکەی جووتێک نەعلیان پێ بەخشیبوو، ئەو لێدوانەی قاسم شەشۆ دیمەنی ئەو مامۆستایەی بیرهێنامەوە کە لەکاتی داواکردنی مووچەکەی خۆیدا دایانە بەر شەق، وە دیمەنی ئەو مامۆستا ئاینیەم بیرهاتەوە کە لەکاتی داواکردنی مافی خۆیدا ڕیشە سپیەکەیان سوتاند.
بەم لێدوانەی قاسم شەشۆ دیمەنی ئەو هەژارانەم هاتە پێش چاو کە بەدەست نەخۆشیەوە دەناڵێنن و ڕۆژانە لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە داوای هاوکاری لە خێرخوازان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانیان،
کاتێک مووچەی قاسم شەشۆ بەراورد دەکەی بە مووچەی شەهیدان ئەگەر مووچەی شەهیدێک پێنج سەد هەزار دینار بێت، مووچەی قاسم شەشۆ بەقەدەر مووچەی 1625 شەهید دەبێت، واتە مووچەی مانگانەی هەموو شەهیدەکانی شەڕی دژی داعش کۆ بکەیتەوە هێشتا ناکاتە مووچەی قاسم شەشۆ!
بەم 65 دەفتەر دۆلارەی کە مانگانە دەدرێتە قاسم شەشۆ دەتوانرا هەموو مانگێک پڕۆژەیێکی خزمەتگوزاری وەک نەخۆشخانە یان خوێندنگایەک بۆ قەزای شەنگال دروست بکرێت، وە یان دەتوانرا خزمەتێکی زۆری ئاوارەکانی شەنگالی پێ بکرێت.
بەم لێدوانەی قاسم شەشۆ ئەو پرسیارەم لا دروست بوو، ئەگەر فەرماندەیەکی سەربازی یان کارگێڕ لقێکی پارتی وەک قاسم شەشۆ مانگانە 65 دەفتەر دۆلار وەربگرێت دەبێ ئەندامانی سەرکردایەتی و بەرپرسی لق و بەرپرسە پلە باڵاکانی تریان چەند دەفتەر دۆلار وەربگرن؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت