سەرکۆ یونس: پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب، دەروازەیەک بۆ هەستانەوەی ئابوری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ گەشتنی کۆرۆناڤایرۆس بۆ کوردستان و ناوچەکە سەرجەم کاروچالاکی هونەری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان وەستێنراو جومگەکانی کۆمەڵگا بەجارێ تووشی سستی بوون بەداخەوە لەئێستادا ئاماری تووشبووان و کۆچکردووان ڕێژەیەکی بەرز تۆمار دەکات.
بێ گومان هەموو ئەمانە لەگەڵ کاریگەرییەکانی کۆرۆناو دوبارە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی دارایی و ئابوری و نەبوون و دواکەوتنی مووچە بارودۆخەکەی گرانتر کردووە لەسەر هاونیشتیمانیان.
خۆشبەختانە لێرەو لەوێ چالاکی ئابوری و ڕۆشنبیری و کلتوری هەربەردەوامە وەک ڤیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە و لە ئێستادا دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی کراوەتەوە.
ئەوەی دەمانەوێ تیشکی بخەینە سەر لەپاڵ بزاوتە رۆشنبیری و کلتورییەکەدا گرنگی ئەم جۆرە پێشانگایانەیە بۆ ئابوری هەرێم بەگشتی و ئابوری سلێمانی بەتایبەتی.
بەپێ ی زانیاریەکانی ڕێکخەرانی پێشانگاکە زیاتر لە (68) کتێبخانە و ناوەندی چاپ و بڵاوکراوەی ناوخۆیی و نزیکەی (132) کتێبخانە وناوەندی چاپی دەرەکی لە (18) وڵاتی جیهانەوە بەشدارن لە پێشانگاکەدا و ماوەی (10) ڕۆژ دەخایەنێت.
ژمارەیەکی بەرچاوی نوسەر و شاعیرو ئەدیب و لێکۆڵەری ناوخۆیی و بیانی میوانی پێشانگاکەن..
ئاشكرایە پەیوەندی نێوان کەرتی رۆشنبیری و کلتوری لەگەڵ ئابوری پەیوەندیەکی ڕاستەوانەیە و هەموو چالاکییەکی ڕۆشنبیری و کلتوری کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ئابوری.
لەڕاستیدا بەسەیرکردنێکی ساکارانە دەبینین پێشوازی خوێنەران ڕێژەیەکی گەورەیە و جێگای ئومێدە و خوێنەری کتێب لەهەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستان وعێراقەوە بەشەوقەوە بەشدارن ئەمە بۆ خۆی کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بۆ نوسەران و خاوەنی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لەڕووی فرۆشی کتێبەکانیان و دەستکەوتنی داهات بۆ نوسەران بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر کاروچالاکی وبەرهەمی زیاتر.
لەلایەکی ترەوە هاتنی هەموو ئەو میوانانە و ستافی بەشداری ناوەندەکانی بڵاوکردنەوە و مانەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لە (10) ڕۆژ لەمیوانخانەو هۆتیلەکانی ناوشاری سلێمانی بۆخۆی دەستکەوتی داهاتە بۆیان بەتایبەت لەم بارودۆخە خراپەی ئابوری ودارایی هەرێم و نەبوونی مووچە .
هەموو ئەم چالاکیانە هەلی کاری کاتی دەرەخسێنێت بۆ چینێک لەگەنجان وەک چاودێرانی پێشانگاکە و هەموو ئەو کەس و لایەن و شوێنانەی کەناراستەوخۆ پەیوەندیان بە پێشانگاکەوە هەیە.
لەلایەکی ترەوە ئەم جۆرە چالاکیانە بەهۆکارێک دادەنرێت بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران لەناوخۆ و دەرەوە و سەرئەنجام بوژانەوەی کەرتی گەشتوگوزاری لێ دەکەوێتەوە.
ئومێدەوارین پێشانگاکە ئامانجە رۆشنبیری و کلتوری و ئابورییەکان بەدەست بهێنێت و دەرچەیەک بێت بۆ بوژانەوەی بازاڕی داتەپیوی ناوخۆ و هەنگاوێک بێت بۆ هەستانەوەی چالاکییە ئابوریەکان.

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت