بورهان شێخ ڕەئوف: تورکیا لە ئاسیاى بچووکەوە تاوەکو دەریاى سپى ناوەڕاست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە قەتەرو سۆمالەوەو تاوەکو باکورى قوبرس و سوریا و عێراق، دواجاریش ئازربیجان و هەرێمى ناگۆرنۆ قەرەباخ هێزەکانى تورکیا بڵاوەیان پێکراوە لە شەش وڵات و سێ قارەى جیهان جگە لە هێزەکانى تریشى کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانى ناتۆ لە ئەفغانستان و شوێنەکانى تریش.
لە ئاوا بارو دۆخێکدا کە لیرەى تورکى لە داڕمانى نرخەکەیدا بوو لە ماوەى ڕابردوودا، هەرچەندە چەند ڕۆژێکە بە هۆى دوورخستنەوەى پارێزگارى بانکى ناوەندى تورکیاو دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى دارایى کە زاواى سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بوو نرخەکەى لە بەرزبوونەوەدایە، پرسیار گەلێک خۆى قووت دەکاتەوە ئایا ئابوورى تورکیا بەرگەى ئەم بارە قورسە ى پەلهاویشتن و فراوانخوازى بەم ڕووبەرە فراوانەى سێ قارەى دەگرێت؟
لە وەڵامى ئەم نیگەرانى و مەترسیانەى خەڵک و ئۆپۆزەسیۆنى تورکیا دا ئەوەمان دەست دەکەوێت کە تورکیا لە گەڵ ئەو وڵاتانەى کە بنکەى سەربازى تێدا بنیاتنناوە ڕێککەوتننامەى ئابورى ئیمزا کردووە و سوودو قازانجى زۆرى دەست دەکەوێت.

بۆیە حەزدەکەم لێرەدا بە کورتى ئەو شوێنانە بخەمەڕوو کە هێزى تورکیاى لێیە:
باکورى قوبرس
تورکیا لە ساڵى 1974 ەوە دوڕگەى باکورى قوبرسى داگیرکردووەو دەوڵەتێکى دیفاکتۆى تێدا دروستکردووە بە ناوى کۆمارى تورکى باکورى قوبرس کە تاوەکو ئێستا هەزاران سەربازى خۆى لەوێندەرێ جێگیر کردووە، لە ساڵى 2019 شدا بنکەیەکى دەریایى دروستکردووە و حکومەتەکەى باکورى قوبرسیش قایل بووە کە فڕۆکەخانە ( جیجیتکاڵ) ببێتە بنکەى فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانى تورکیا لە دەریای سپى ناوەڕاست لە سەرداخوازى ئەنقەرە، هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێن کە هێزەکانى تورکیا بە چڕى لە دەریاى ئیجەو ڕۆژهەڵاتى دەریاى سپى ناوین جێگیر بوون بۆ گەڕان بە دواى نەوت و غاز لە ناوچە جێناکۆکەکان لە گەڵ یونان.

سوریا
سوریا وڵاتێکە ترە کە هێزەکانى تورکیا لە چەند ساڵى ڕابردوودا بە چڕى و پڕى جموجوڵى تێدا دەکەن هەر لە ئیدلبەوە تاوەکو عەفرین و گرێ سپى و شوێنەکانى ترى ڕۆژئاواى کوردستان ، لە گەڵ تێپەڕبوونى کاتدا ئەم ئامادەگیەى هێزەکانى تورکیا بووەتە دیفاکتۆ و بەشێکە لە کێشەو ململانێکانى ئەو وڵاتەو تەنانەت ڕێککەوتننامەکانى سوتشى و ئەستانە، کە لە گەڵ ڕوسیا و ئەمریکاشدا ئاڵوگۆڕى بەرژەوەندى دەکات.

لیبیا
دواى ئەوەى هێزەکانى جەنراڵ خەلیفە حەفتەر هێرشیان کردە سەر تەرابلوسى پایتەختى لیبیا بەمەبەستى کۆنترۆڵکردنى و دەرهێنانى لە دەست حکومەتى ویفاق کە سیراج سەرۆکایەتى دەکات و دۆستى تورکیایە ،لە بەرامبەریشدا حکومەتەکەى ویفاق داواى لە تورکیا کرد کە یارمەتیان بدات بۆ بەرنگاربوونەوەى هێزەکانى حەفتەر کە میسرو ئیمارات و ڕوسیا پشتیوانى دەکەن ، هەر بۆیە ئەنقەرە خێرا هێزو ڕاوێژکارى سەربازى و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و کەشتى جەنگى بۆ ناردن کە توانیان هاوکێشەکە هەڵگێڕنەوەو هێزەکانى حەفتەر ناچار بە پاشەکشە بکەنەوە بۆ بەنغازى.

لەلایەکى تریشەوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە تورکیا بەنیازە دوو بنەکە سەربازى دەریایى و ئاسمانى لە لیبیا بنیات بنێت، کە ئەمەش نیگەرانى زۆرى ئەوروپیەکان بە دواى خۆیدا دەهێنێت بە تایبەتى ئیتالیا و فەرەنسا.
قەتەر
قەتەریش یەکێکى ترە لەو وڵاتانەى کە ساڵى 2019 تورکیا بنکەیەکى سەربازى گەورەى تێدا بنیاتنا بەناوى بنکەى ( ڕەیان )، کە ئەمەش تاکە جێ پێیەکى گرنگە بۆ تورکیا لە ناوچەى کەنداوى عەرەبى کە بە گوێرەى ڕێککەوتننامەیەک ساڵى 2014 لە نێوان قەتەرو تورکیا ئیمزا کراوە کە تێیدا هاتووە کە هەردوو وڵات دەتوانن هێز بڵاوە پێ بکەن لە سەرخاکى یەکتر.

عێراق
تورکیا لە عێراقیش بە هەرێمى کوردستانەوە بنکەو بارەگاى سەربازى هەن کە لە هەرێمى کوردستان (11) بنکەى سەربازى هەن بە وتەی بیناڵى یەڵدرم سەرۆک وەزیرانى پێشووى تورکیا لە ساڵى 2018 بە بیانووى پاراستنى ئاسایشى خۆى لە دژى گەریلاکانى پارتى کریکارانى کوردستان و لە بەعشیقەش نزیکى موسڵ دژ بە داعش هات کە ئێستا شەڕى داعیش تەواو بووە هێشتا هەر لەوێ ماون.

سۆمال
لە سۆماڵیش تورکیا خاوەنى گەورەترین بنکەى سەربازییە کە سێ سەربازگەى گەورەى تێدایە کە (50) ملیۆن دۆلارى تێچووە.

ئازەربیجان
هەفتەى ڕابردویش ئەردۆگان ڕایگەیاند کە لە گەڵ پۆتینى سەرۆکى ڕوسیا ڕێکەوتون کە بنکەیەکى چاودێرى هاوبەش دابمەزرێنن بۆ چاودێرى کردنى ئاگربەس لە هەرێمى ناگۆرنۆ قەرەباخ.
لە کۆتاییدا ئامانجى تورکیا لەم لەشکر کێشیانە بۆ وڵاتانى سوریا و عێراق بۆ پاراستنى ئاسایشى خۆیەتى لە پارتى کرێکارانى کوردستان و پاراستنى ئاوارەکانى شەڕى سوریایە وەکو خۆیان دەبێژن، بۆ لیبیاش ڕێککەوتننامەى دیارى کردنى سنورى دەریای نێوان لیبیا و تورکیا ئیمزا کردووە بۆ ئەوە چوون ئەو ڕێککەوتننامەیە بپارێزن، بۆ سۆمالیش مەبەستیان فراوانکردنى هەژموونى تورکیایە لە ئەفریقیا.

.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت