ئارام قزلەری: چەند سەرنجێک لەسەر ئەم وتانەی خاتو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە نوسینێکتاندا نارەزایەتیتان دەربڕیوەو دەلێن: سلێمانی نە تەکساسەو نە موڵکی باوکی کەسە تا بە ئارەزوی خۆی تەراتێنی تیادا بکات.
لێم ببوبوە کە منیش بلێم:
نەخێر سلێمانی تەکساسێکی بێ باوک و هەتیو و بێ یاسایە، گەر باوکی هەبوایە حاڵی بەم حاڵەی ئەمرۆ نەدەگەیشت هەر بەرپرسێک و بە ئارەزوی خۆی شاخ و گردو تەپۆڵکەکانی داگیر بکات و بیکات بەناوی نەوەکانیانەوە.
نەخێر سلێمانی کۆلۆمبیایەکی کوردی مافیاییە و سەدان چەکداری شەقوەشێن و سەرانە وەرگر بە ئارەزوی خۆیان تەراتێنی تیادا دەکەن و کەسیش بۆی نیە ئەلفێک هەڵ بێنێتەوە.
نەخێر سلێمانی شارە رۆشنبیریەکەی جاری جاران نیە کە تەنانەت دوژمنانی گەلەکەشمان شانازیان پێوە ئەکردو پێیان دەگوت ( سليمانية جنة الله ).
نەخێر سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانیەکەی سەردەمی مامی رەحمەتیمان نیەو ئێستا شارە حەیاتەکەی جاری جاران نیە.
نەخێر ئێستا سلێمانی شاری شارانەکەی سەردەمی رەحمەتی مامۆستا ئیبرایم ئەحمەدی باوکی جەنابتان نیە.
نەخێر ئێستا سلێمانی! سلێمانیە بە هەیبەت و بەسامەکەی سەردەمی بەعس و درندەکانی پێش راپەرین نیە.
نەخێر ئێستا سلێمانی سلێمانی هونەرو هونەرمەندان شاعیران و پیاوە مەعقوڵانی جاری جاران نیە.
نەخێر ئێستا سلێمانیش بەداخەوە خەلکەکەی ئازاو بەجەرگەکانی سەردەمی دوژمن بەزێنەکانی جاری جاران نیە.
ئێستا شاری سلێمانی موڵکی کۆمەڵێک بەرپرسی خاوەن چەکدارو خاوەن داهاتێکی زەبەلاح و سەدان و هەزاران شەقوەشێن و سەرانەوەرگرە.
ئێستا سلێمانی گەر وەک مرۆڤێک دووقاچی هەبوایە بیتوانیایە رێ بکات، یان وەک ئتومبیلێک چوار تایەی لە ژێردا بوایە بە جۆرێک سەری لوتی خۆی رەش ئەکرد لە داخی چەند بەرپرسێک سەری خۆی هەڵ ئەگرت و بە هەزاران کیلۆمەتر گۆیژەو ئەزمەرو گڵەزەردەو پیرەمەگرونی بە جێ ئەهێشت، ژیانی ئاوەرەیی پێ سەر بەرزی تر بوو وەک لەم بێ رێزیەی پێی ئەکرێت.
ئاخر تو ویژدانتان پێمان بلێن سلێمانی چ سیمایەکی جاری جارانی پێوە ماوە.
وەرن هاوڵاتیانە راستەقینەکەی بدوێنن! بزانن چۆن زوخاوو خوێن لە جەرگیان ئەچۆرێت بەدەست چەند بەرپرسێکی دەست رۆشتووەوە.
وەرن خانەوادەی شەهیدان بدوێنن تا سەر ئێسقان پەشیمانن لەو قوربانیانیە داویانە لە کور لە باو ک لە دایک و خوشک لە برا.
وەرن پێشمەرگە دێرینەکان و رێخستنەکانی ناو شارو زیندانیانی سیاسی بدوێنن هەر هەموی غەزەب لە ناوچەوانیان دەبارێت و پەشیمانن لەوەی کە کردویانە.
ئاخر پێمان بلێن کێ هۆکارە کە سلێمانی وای لێ بەسەر هاتوە خۆ هەر کەسێکتان ئەدوێنرێت شین و شەپۆرتانە بۆ سلێمانی و دانیشتوانەکەی، بەلام هۆکاری سەرەکی هەر ئێوەی بەرپرسانن.
وەرن مامۆستاو فەرمانبەری قوربەسەر کە بە چەند مانگێک نیو موچەیان پێ ئەدرێت، یان خانەوادەی شەهیدانی جەرگ سوتاو بدوێنن، یان چینی رۆشنبیران و هونەرمەندان کە زۆر بەی زۆریان بە کولە مەرگی ژیانی خۆیان و مال و مندالیان بەرێ ئەکەن هەر هەموو ئەمانە بدوێینن بزانن چەندە بێزارن لەو ژیانە نالەبارەی تێی کەوتون .
خاتو شانازی بەرێز تۆیەک کە خوشکەزایەکت هاوسەرۆکی یەکێتیە، خوشکەزایەکی ترت جێگری سەرۆکی حکومەتە، خۆشتان ئەندامی مەکتەبی سیاسین و سێ بەشی دەسەلات و داهاتی یەکێتی لە ژێر دەستی خۆتاندایە. سەیرە بەلامەوە بە سێ وشە نارەزایی دەر ببڕن و تونای ئەوەتان نەبێت شارێکی وەک سلێمانی یاسای تیادا بەرپا بکەن و ئەم پاشا گەردانیەی ئێستای سلێمانی کۆتایی پێ بێنن و لەبری پرتەو بۆڵەو نوسین بەکردار ئیشی بۆ بکەن.
کەواتە لەپێش هەموو بەرپرسەکانی ترەوە ئێوە پشکی شێرتان بەر ئەکەوێت لەم بارو دۆخە خراپەی بەرۆکی سلێمانی دانیشتوانەکەی گرتوە، لەبەر ئەوەی ئێوە لە بنەمالە بەدەسەلاتدارەکانی یەکێتین و هێز لای خۆتانە – پارە لای خۆتانە.
بەرێزتان ئاگادارن؟ گردو تەپۆلکە نەما لە سلێمانیادا داگیر نەکرێت، شاخ نەما دەستی بەسەردا نەگیرێت، نەکرێت بە ناوی مندالی هەندێک بەرپرسەوە پرۆژەو کۆمانیا نەما کە لە لایەن هەندێک بەرپرسان و نەوەکانیانەو قۆرغ نەکرێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت