کارمەند سلێمان: ژن لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام مڵکی سەرەکی پیاوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە درێژایی مێژویی مرۆڤایەتی و دوای هاتنە ئارای ئایین و دینە جۆراوجۆرەکان هەموویان بەربەست و لەمپەر بوون بۆ سەر ماف و ئازادی ژنان، چونکە لە لایەن پیاوان و لەبەر ڕۆشنایی قازانجی کۆمەڵگەی چینایەتیدا نووسراونەتەوە. ئەم ئایینانە هەردەم بۆ کەم کردنەوە دەسەڵاتی ژنان بووە و تا بە هەنووکەش ئەو رەوتە هەر بەردەوامە.
هەر وەک دەزانین بە بێ جیاوازی هەموو ئایینەکان کەم تا زۆر دژی ژنان، بەڵام لەو نێوە دا ئایینی ئیسلام توندوتیژترین یاساکانی بە دژی ژنان پێیە و تا سەر ئێسقان دژ بە ئازادی و مافی ژنانە. ژن لە ئایینی ئیسلام دا تەنیا و تەنیا ئەمزارێکە بۆ دامرکاندنەوەی هەستی سێکسی پیاو و وەک ئەندامێکی زاوزێ مامەڵەی لەگەڵی دەکرێ. ژن لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلام مڵکی سەرەکی پیاوە و هەر بە پێی ئەو ئایینە و بەڕێوەبەرانی، لە ڕیگای مارەیی بە پیاو دەفرۆشرێت و پیاو هەر جۆرێک کە حەز کات دەتوانی لەگەڵ ئەو مڵکەی خۆی مامەڵە بکات.
ژن مڵکی باوک، برا، هاوسەر، خاڵ، مام، ئامۆزا وهەموو پیاوانی بنەماڵەیە و ئەوان دەسەڵاتیان بەسەریدا هەیە تەنانەت زۆر جار کوری دراوسێش بەو هەستە سەیری ژنانی گەڕەک دەکا و تەداخوڵی ژیانیان دەکات، چونکە ئایین و کۆمەڵگەی ئایینی و سونەتی ڕێگەی پێداوە.
ژن لە یاساکانی ئیسلامدا وەک هاوڵاتی پلە دوو حیسابی بۆ دەکرێ، نیوەی پیاو میرات وەردەگرێ و لەو ئایینەدا دوو ژن بە یەک شایەت حیسابە.. ژن کوشتن لە ئایینی ئیسلام لە ژێر ناوی خیانەت و نامۆس رێگەی پێدراوە و حوکمی بەردباران و توندوتیژی بە تاوانی خۆشەویستی ڕەوایی پێ دراوە. مافی خاوەندارێتی مناڵ و هەموو مافەکانی تر لەو ئایینە قیزەونە و لەو وڵاتانەی کە ئیسلام تیدا حوکمرانی دەکات یاخود ڕوانگەی ئیسلامی زالە لێ زەوت کراوە. بە گشتی ژن لە ئایینی ئیسلامدا بە بێ عەقڵ ناوی لێ دەبردرێ کە دەبێ هەمیشە پیاوێک بڕیاری بۆ بدات، چوونکە توانای بیرکردنەوە نییە و کەسێکی کامڵ نییە. ژنان لە زۆربەی ولاتانی ئیسلامی بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دەقە شەرعی و ئایینیەکان حوکم دەکەن ساڵەهای ساڵە دەچەوسێنەوە و بە دژی ئەو ناعەداڵەتیە خەبات دەکەن. ژنان تەنانەت لەو ولاتانەش کە بە ناو دین لە دەوڵەت جیایە، بەڵام ستراتیژی سیاسی و کۆمەڵایتەتیەکەی ئیسلام بە سەری دا زالە بەردەوام توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێ و دەچەوسێنەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو پرسە پەرە دەستێنێ. تەنانەت لە سەردەمی ئێستاشدا کە جیهان بەرەو ئاقارێکی تر دەروا ژنان هەر لە ڕیگای ئەو ئایینە قیزەونەوە دەفرۆشرین و وەک غەنیمەی شەر بەکار دەبردرێن کە دەتوانین باس لە نمونەی ژنانی ئێزیدی و کارەساتی شەنگال بکەین کە زۆربەی ئەو ژنانە بە کۆیلەی جنسی کران و لە وڵاتانی تر مامەڵەیان پێ کرا و فرۆشران. زۆربەی ئەو ژنانەی کە لە لایەن داعشەوە بە دیل و کۆیلەی جنسی گیران منالانی ژێر تەمەن بوون کە کارەساتێکی مرۆڤی خوڵقاند ئەو ژن و کچانەی تا بە هەنووکەش زۆربەیان دیلی دەستی داعشن و بنەماڵەیان چاوەرێی گەڕانەوەیانن. ژن لە ئایینی ئیسلام دا عەقڵ ناقسە و وەک مرۆڤی پلە دوو بە ئەژمار دێ. لە ئایینی ئیسلام دا ژن ناتوانێ بڕیاردەری ژیانی خۆی بێ و پیاوانی بنەمالە دەبێ بڕیاراتی ژیانی بۆ بدەن، چوونکە ئایین رێگەی پێ داون تەنانەت ئەگەر ژنەکە تەمەنی یاساییشی تێپەڕاندبێ.، هەر وەک ئاماژەمان پێکرد ژن لە ئیسلام و وڵاتانی ئیسلامی کەسی پلە دووە و لە بواری عەقڵی ناباڵغە و پیاو دەبێ بڕیاری بۆ بدات واتە لە تەمەنی یاساییش وەک کەسێکی عەقڵ ناقس حیسابی بۆ دەکرێ، بەڵام هەر لە هەمان ئایین دا جەستەی کچێکی تەمەن نۆ سالان لە ژێر ناوی زەواج و مارەیی کە هەر فڕٶشتنی ژنانە ئامادەی دەسترێژی کردنە و پیاو هەر تەمەنێکی بێ دەتوانێ بە پێی خواست و مەیلی خۆی دەستدێژی بکاتە سەر، چونکە لە روانگەی ئیسلامەوە کچێکی نۆ سالان ژنێکی کامڵە و جەستەی ئامادەی سێکسە. بە سەدان نمونەی زیندوو هەیە لە ولاتانی ئیسلامی و دواکەوتوو کچانی تەمەن نۆ سال لە ژێر ناوی مارەیی فرۆشراون و توندوتیژترین تاوانەکانیان بە دژی ڕەوا کراوە کە دیاردەی نالەبار و توندوتیژی و کارەساتی گەورەی لێ کەوتۆتەوە. سالەهای سالە چالاکانی مافی منالان هەوڵ بۆ بنبڕ کردن و لە ناو چوونی توندوتیژی بە دژی منالان بە تایبەتی زەواجی منالانی ژێر تەمەن دەکەن، بەڵام لە ولاتانی ئیسلامی ئەو دیاردە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوونە. لە ئێرانی و عیراق بەهۆی هەژاری لە ڕادەبەدەری بنەمالەکان و ماڵوێرانیەک کە دەسەلات بەسەری دا سەپاندوون دیاردەی بە شوودانی کچانی ژێر تەمەن ڕۆژ بە رۆژ خەریکە پەرە دەستێنێ. کچانی ژێر تەمەن لەژێر ناوی سیغە دەستدرێژیان پێ دەکرێ و بە ئەو کەسانەی سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن دەفرۆشرێن و بە دانی بڕە پارەیەک قیزەونترین هەڵسوکەوتێکیان بەرامبەر دەکرێ. لە سەردەمی سەرمایەداریدا ژنانی شەنگال وەک کۆیلەی جنسی کڕین و فۆڕشیان پێ دەکرێ، جەستەی ژن وەک کالا سەیری دەکرێ بۆیە ژن ئازاد نییە و ئەوە ڕون وئاشکرایە تا سەرمایەداری هەبێ دیاردەی زوو بە شودانی کچان و توندوتیژی و دەستدڕێژی ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێ بۆیە چالاکانی ئازادیخواز دەبێ سەنگەرەکانی خەبات بە گڕو تین تر بکەن تا دەسەلاتی سەرمایە لە ناوبەرن و سیستمێکی مرۆڤتەوەر کە هەموو تاکەکان تێدا خاوەن مافی هەڵبژاردن و ئازادی رەهان بنیات بنێن. ئازادی ژنان و نەمانی هەموو دیاردە کۆمەڵایەتیەکان و بنیاتنانی جیهانێکی جوان و بێ گەرد بۆ منالان و نەوەکانی داهاتوو بەندە بە دامەزرانی سیستمێکی سۆشیالیستی کە هەموو تاکێک تێدا خاوەن مافی یەکسان بێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت