شکــۆ جـاف: چۆن گۆگرد(سەلفات) شکست بەکۆنکرێت دەهێنێت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەمیشە ئەندازیاران هەوڵ دەدەن ئەو کۆنکرێتەی لە کارەکانیاندا بەکاری دێنن باشترین ئەنجامی هەبێت و دوور بێت لە شکستهێنان لە داهاتوودا. چەند هۆکارێکی جیاواز هەن بە شێوەی سروشتی یاخود کیمیایی کار دەکاتە سەر کۆنکرێتەکە و دەبێتە هۆی تێکدانی یاخود کەمکردنەوەی بەهای کۆنکرێتەکە. لێرەدا باسی ماددەی سەلفات دەکەین کە چۆن چۆنی کار دەکاتە سەر کۆنکرێت و توانا و خۆڕاگری کۆنکرێت کەم دەکاتەوە. سەلفات یەکێکە لەو ماددانەی کە لە ڕێگەی ئاوێتەبوونی ئەتۆمێکی سەلفەر و چوار ئەتۆمی هایدرۆجین پێک دێت کە لە ئەنجامدا بە هۆی یەکگرتنی چەند بۆندێکەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ترشی گۆگردیک (سەلفەریک ئەسید) کە شێوەی وەکو بەردی خوێیاوی وایە. سەرەکیترین هۆکار کە وا دەکات کۆنکرێت لە ئاستی هێرشی سەلفات شکست بهێنێت بریتییە لە بەرگ (مێمبرەین)ی کۆنکرێتەکە ، چونکە ڕێگە دەدات بە چوونە ناوەوەی سەلفاتەکە بۆ ناو کۆنکرێتەکە کە ئەمەش سەرەنجام دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆنکرێتەکە.

لێرەدا بە کورتی باسی ( 6 ) خاڵی گرنگ دەکەین کە وا دەکات سەلفات بتوانێت هێرش بکاتە سەر کۆنکرێت:
1- چڕیی سەلفات: مەبەست لە چڕی سەلفات ئەوەیە کە هەتا چڕییەکەی زۆرتر بێت ترسی هێرشکردنە سەر کۆنکرێت زۆرتر دەبێت.
2- توانای توانەوەی سەلفات: کاتێک سەلفات دەتوێتەوە دەتوانێت دوو مادەی زۆر زیانبەخشی لێ بەرهەم بێت کە ئەوانیش بریتین لە کالسیۆم سەلفات و مەگنەسیۆم سەلفات. کالسیۆم سەلفات دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئاو لە ناو کۆنکرێتەکەدا بە شێوەیەکی هەمیشەیی. هەروەها مەگنەسیۆم سەلفات دەتوانێت ببێتە هۆی تێکدانی کۆنکرێت.
3- جووڵەی ئاوی ژێر زەوی: لێرەدا مەبەستمان ئەوەیە کە ئاوی ژێر زەوی ماددەی سەلفاتەکە چالاکتر دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتری تەشەنەسەندنی سەلفاتەکە بۆ کارلێکردن لە کۆنکرێت .
4- گوزەرکردەیی (پێرمابیڵیتی) کۆنکرێت: زیانگەیاندنی سەلفات بە کۆنکرێت دەکەوێتە سەر کوالیتی کۆنکرێتەکە بێ گومان هەتا کۆنکرێتەکە باشتر ، بەرگەکەی بەهێزتر بێت دەتوانێت ڕێگر بێت لە چوونەناوەوەی سەلفات.
5- سووڕی تەڕبوون و وشکبوونەوە: مانەوەی ماوەی تەڕیی کۆنکرێت یان وشکبوونەوەی زۆر گرنگە چونکە لەو کاتەدا ئەگەر سەلفاتەکە زیانی پێ نەگەیەنێت ئیتر کۆنکرێتەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامی خۆی دەبەخشێت.
6- قۆناغی بوون بە هەڵم: پێویستە بەرگی کۆنکرێتەکە ئەستوور بێت بۆ ئەوەی ڕێگری تەواو بکەت لە چوونە ناوەوەی کۆنکرێتەکە چونکە بەرگی تەنک ترسی زیاتری هەیە کاتێک پڕۆسەی بوون بە هەڵم ڕوو دەدات سەلفات بە ئاسانێ بتوانێ زیانی پێ بگەیەنێت.

پەیدابوونی سەلفات لە کۆنکرێتدا لە دوو ڕێگاوە دەبێت؛ لە ڕێگای ناوخۆییەوە یان لەڕێگای دەرەکییەوە:
1- ڕێگای یەکەمیان دەگمەنە تەنها ئەو کاتانەیە کاتێک لە کاتی ئامادەکردنی کۆنکرێت لەڕێی تێکەڵکردنی ماددەکان ڕەنگە سەلفاتیشی تێ بکەوێت چونکە هەندێک لەو ماددانەی کە لە کاتی ئامادەکردنی کۆنکرێتدا بەکاردێن بە ڕێژەیەکی کەم ماددەی سەلفاتیان تێدایە.
2- ڕێگای دەرەکیەکان مەبەستمان لە ئاوی ژێر زەوی و خاک و پاشماوە پیشەسازییەکانە .

دەستنیشانکردنی زیانەکانی سەلفات بۆ سەر کۆنکرێت بە دوو ڕێگا دەبێت:
1- تاشینی کۆنکرێتەکە بەهۆی هێرشی سەلفات.
2- ڕێگای تاقیگەیی بە مایکرۆسکۆب بۆ سەلفات .

چۆن بتوانین کۆنتڕۆڵی هێرشی سەلفات بکەین بۆ سەر کۆنکرێت و ڕێگری لێ بکەین؟ بە دوو ڕێگا دەتوانن ببنە هۆی پاراستنی کۆنکرێت لە تێکچوونی لە لایەن سەلفات:
1- جۆر و کوالیتی کۆنکرێتەکە زۆر گرنگە لە سەرەتادا دیاریبکەین و گرنگی بدەین بە لایەنی ئەستووریی کۆنکرێتەکە و تێکەڵکردن و ڕێژەی ئاو و چیمەنتۆکەی .
2- دەتوانین جۆرێکی چیمەنتۆ بەکاربێنین لە کۆنکرێتەکەدا کە تایبەتە بە بەرگری کردن لە کۆنکرێت لە دژی سەلفات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت