پـادشـا و دوو هـەڵـۆ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی
منداڵە خۆشەویستەکان، لە سەردەمێکی کۆندا، پادشایەکی میهرەبان و دڵسۆزی زۆر باش هەبوو، کە بە دڵ باڵندەی خۆشدەویست. لە باخچەی کۆشکەکەیدا هێلانەی زۆر گەورەی هەبوو . لە وڵاتەکەیدا، هیچ کەسێک بۆی نەبوو ئازاری باڵند و ئاژەڵ بدات. ڕقی لەو کەسانەش بوو، کە ئازاری دەدان و گۆشتییان دەخواردن. جا لەبەر ئەوەی ئەم پادشایە، ئەوەندە پادشایەکی دڵنەرمی خاوەن بەزەیی بوو، ڕۆژێکیان پیاوێکی بازرگان، دوو هەڵۆی جوانی بە دیاری بۆ هێنا. پادشاکەش بەو دیارییانە زۆر شادو کامەران بوو، هەر بۆیە زۆر سوپاسی بازرگانەکەی کرد. پاشان فەرمانی بە پیاوێکی ڕاهێنەری شارەزای خۆی کرد، تا بە چاکی مەشق و ڕاهێنان بەو دوو هەڵۆ جوانانەی بۆ بکات و هەموو پێویستییەکانیان بۆ دابین بکات، تا لەگەڵ ئاو و هەوای وڵاتەکەیاندا ڕابێن و لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا بـەکاریـان بهێنێت.
ڕۆژێک پادشا ویستی بە چاوی خۆی فرینی هەڵۆکان ببینێت، دەشیزانی یەکێک لە هەڵۆکان، دەیتوانی زۆر بە خێرایی لە بەرزایی ئاسماندا بفڕێت. پیاوە شارەزاکەش گورج ئەو هەڵۆیەی لە هێلانەکەی دەرهێنا و خێرا بەرەڵلایکرد. هەڵۆکەش وەک بروسکە تیژ فڕیی بۆ قوڵڵایی ئاسمان، پاشان زۆر بە خێراییش، گەڕایەوە بۆ سەر دیواری هێلانەکەی.
پادشاکە لە خێرایی هەڵۆکە زۆر سەرسامبوو، هەر بۆیە بە ئافەرین و چەند لیرەیەکی ئاڵتوون، پاداشتی ڕاهێنەرەکەی کرد. پاشان پادشاکە هەواڵی هەڵۆکەی دووەمی پرسیی. پیاوە شارەزاکەش زۆر بە خەمبارییەوە وتی: ( لەو ڕۆژەی ئەم هەڵۆیانە هاتوونەتە ئەم کۆشکەوە، هەڵۆی دووەم ئەوەندەی حەزی لە دانیشتنە، ئەوەندە حەزی لە فڕین و گۆڕانکاری نییە. کاتێکیش دەفڕێت، زۆر بەرزنابێتەوە و خێرا لەسەر لقی نزمی ئەو درەختەی بەرامبەرمان دەنیشێتەوە و زەق زەق تەماشای دنیا دەکات. ئەوەتا تۆزێک پیش ئێستا فڕیی و لەسەر لقی دارەکەی بەرامبەرمان نیشتۆتەوە، ئیتر لەو شوێنەدا جووڵەی بۆ ناکات.. هەوڵی زۆریشم لەگەڵیدا داوە، تا وەک هەڵۆی یەکەم بفڕێت بۆ ئاسمان، بەڵام بە داخەوە لەسەر لقی ئەو دارە دادەنیشێت و خۆی ناڕەنجێنێت و نایەوێ لەوەش زیاتر بەرزببێتەوە!! ) .. ئنجا پادشاکە وتی: ( خەمت نەبێت ڕاهێنەرێکی شارەزاتر دەدۆزمەوە، تا باشتر مەشق بەو هەڵۆیە بکات، تا ئەویش وەک هەڵۆی یـەکەم بتوانێت بفڕێت بـۆ بـەرزایی ئـاسمان ). پاشان پادشا بۆ ئەوەی کەسێکی شارەزاتر بۆ مەشق پێکردنی هەڵۆکەی بدۆزێتەوە، ئاگادارییەکی بە ناو شاردا بڵاوکردەوە. لە ئاگادارییەکەدا نووسرابوو: ( پادشای وڵات پێویستی بە ڕاهێنەرێکی شارەزایە، کە بتوانێت هەڵۆکەی لە بەرزایی ئاسماندا، فێری فڕین بکات ). پیاوێکی پیر، کە بەو ئاگادارییەی زانی، گورج هات بۆ کۆشکەکەی پادشا، زۆر بە ڕێزەوە وتی: ( گەورەم: من دەتوانم وا لەو هەڵۆیە بکەم وەک هەڵۆکەی یەکەم، بفرێت بۆ قوڵڵایی ئاسمان ). ئنجا پادشا داوای لە سەرۆکی شارەزاکانی کۆشکەکەی کرد، ئەو پیاوە ببات بۆ لای هەڵۆکەی، تا دەست بە مەشق پێکردنی بکات. پاشان پادشا بە پیاوە پیرەکەشی وت: ( سبەینی دێمەوە، تا بزانم توانیوتە گۆڕانکارییەک لە هەڵۆکەدا بکەیت ).
ڕۆژی دوایی پادشا هاتەوە، زۆر سەری سوڕما، کاتێک هەڵۆکەی بینی، وەک هەڵۆکەی یەکەم، بە هەموو هێز و تین و تاوی خۆیەوە، وەک با گڤەی کرد و فڕیی بۆ بەرزایی ئاسمان، زۆر بە خێراییش گەڕایەوە بۆ سەر دیواری هێلانەکەی.. پادشاکە بەو دیمەنە ڕووی گەشایەوە و زۆر دڵی خۆشبوو، بۆیە هەر زوو بە زوو ئافەرینی پیاوە پیرەکەی کرد و چەند لیرەیەکی ئاڵتوونیشی پێشکەشکرد . ئنجا بە ڕوویەکی خۆشەوە پرسیاری لە پیاوە پیرەکە کرد و وتی: ( باشە تۆ چۆن توانیت بە تەنها ڕۆژیک، وا لەو هەڵۆیە بکەیت، بەوجۆرە جوانە بفڕێت؟ ). پیاوە پیرەکەش زۆر بە ئاسانی وەڵامی پادشای دایەوە و وتی: ( ئەوەی ڕاستی بێت، ئەم هەڵۆیەش دەیتوانی وەک هەڵۆکەی یەکەم بۆ بەرزایی بفڕێت، بەڵام کاتێک زانیم خوویەکی خراپی بە دانیشتنی سەر لقی ئەو دارەوە گرتووە خێرا چووم لقی ئەو دارەم لە بندا بڕییەوە، بە مەش بواری دانیشتنی بۆ نەمایەوە ) … ئنجا وتی: ( ئێمە زوربەمان وەک ئەم هەڵۆیە باڵمان هەیە و دەتوانیین بۆ هەموو شوێنێک پێی بفڕین. بەڵام بە داخەوە لە جێگای خۆمان دانیشتووین و جووڵەی بۆ ناکەین. یان کە دەشی کەین، بە تەواوی و تاسەر نایکەین، هەر بۆیە نە کاریگەرییەکی ئەوتۆمان هەیە، نە گۆڕانکاریش دەکەین! ).
جا منداڵە ئازیزەکان: پەند و ئامۆژگاری ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت: ( کـە بـاڵـت هـەیـە بـۆ فـڕیـن … بـە کـەسـاسـی دامـەنـیـشـە ).
******
تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی، لە نووسینی: شرەیا شەرمایە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت