بەختیار نامیق: لێگەڕێن با بارەگاکان بسوتێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاوڵاتی بون بە سەنتەرکردنی هاوڵاتی یەکێکە لە بنەماکانی بونی هەر دەستەڵاتێک وە تا چ ئاستێک ئەم دەستەڵاتە لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون دروست بوە، هاوڵاتی بون بە مانای ئەوەی تاک لە بەرامبەر حوکمڕانیدا هەست با ماف و ئەرکی خۆی بکات، بەڵام دەوڵەتێک لەسەر بنەمای خێڵگەرای و دەستەڵاتی ڕەهای بنەماڵەکان دامەزرا بێت، ئەوا هاوڵاتی وەک ماف دەکەوێتە دەرەوەی بازنەی ئەم دەوڵەتە و وەک ئەرک دەبێت هەمو ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بە مانایەکی تر ئەم حکومداری کوردیە لە باشور بەرهەمی دو وڵات و دو بنەماڵەیە و هەر هاوڵاتیەک سەر بەم دو بنەماڵەیە نەبێت ناتوانێ بە مافەکانی خۆی بگات، بەڵام وەک ئەرک باجی قورس دەدات، نابەرابەری گەیشتوەتە شوێنێک کە نەوەی بنەماڵەکان و چڵکاوخۆرەکانیان لە دنیایەکی تردا دەژین و هاوڵاتی تریش لە دنیایەکی پڕ ماندوبونی بێ مافدا دەژی، دنیایەکیان دروست کردوە کە نابەرابەری وای کردوە کە چینی ناوەند تەواو داڕماوە و بێکاری گەنجان چوتە ئاستێکی مەترسی دار.
جا ئەگەر سەیر بکەی نەوەی دەستەڵاتدارەکان و نەوەی خەڵک چۆن دەژی، ئەو دەزانی بۆچی گەنجێک پڕە لە توڕە بون، پڕە لە ڕەشەبا، کوڕی بەرپرسەکان هەر ڕۆژەی سەیارەیەک و هەر جارەی وڵاتێک و کاری باش و دەستیان گرتوە بەسەر داهاتی ئەم وڵاتەدا لە ڕێی شەرعیەتدانی باوکیانەوە. کوڕی دەروەی ئەم بازنەیە خەرجی ڕۆژانەی پێ نیە، دەبینی ڕۆژانە باری قاچاخ دێت و ئێران و تورکیا ئەم وڵاتە تاڵان دەکەن، گەنجێک دەبینێ برسی دەکرێ بۆ ئەوەی تورکێک یان ئێرانیەک یان کوڕی بەرپرسێک تێر بێت چۆن ناتەقێتەوە و چۆن بارەگا ناسوتێنی، گەنجێک دەبینی کوڕانی بەرپرسی ئەم وڵاتە میوانداری کچانی مۆدێل دەکەن و لە تەنها پێنج ڕۆژدا دەبن بە خاوەن سەیارەی گرانبەها، ئەمیش خەرجی ڕۆژانەی پێ نیە چۆن بە گژ ئەرز و ئاسماندا ناچێتەوە، چۆن بارەگاکانتان ناسوتێنێ.
گەنجێک دەزانێ داهاتی ئەم وڵاتە لە بازاڕەکانی دەروەدایە یان لە گیرفانی ئێران و تورکیادایە، یان دەچێتە گیرفانی کچە مۆدێلەکانەوە و ئەمیش نەک هەر لە ماڵەکەی توانای کڕینی قاتێکی نیە، بەڵکو دەبێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و هیچ مافێکی نەبێ، بێکار بێ پارە و دەبینێ باوکی کاری نیە و موچەی نیە، ئیتر چۆن ناچێتەوە بەگژ بارەگاکانتان و ڕقی خۆی ناڕێژێ، ئەم بارەگا سوتاندنەش بەشێكی توڕەبونی گەنجان خامۆش دەکات، دواتر دەچێتە خانەیەکی تر ئەم گەنجە لە تاو ژیان دەبێتە ئەو ڕەشەبایەی هەمو دەستەڵاتدارانی ئەم هەرێمە دەسوتینێ.
لێگەڕین با بارەگاکان بسوتێنن، لێگەڕێن با جامخانەکانتان بشکێنن، لێگەڕین با هەرچی سەیارەی وەنەوشە و لێکزز و جیکڵاسە بوستێنن، ئەم ڕەمزانە لای گەنج بوەتە وێنەی ئەو دنیا ناشیرینەی کە بەرهەمی شۆڕشگێڕەکانی شاخ بوە، لێگەرێن تا نەگەیشتوەتە خۆتان با بارەگاکانتان بسوتێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت