دکتۆر نازەنین عوسمان: پۆپیولیزمی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پۆپیولیزم یان گەلپەروەری یاخود شەعبەوی، جۆرێکە لە بانگەشەی سیاسی کە لەسەر جولاندنی هەستی خەڵک کار دەکا، دەزانێ خەلک کوێی دێشێ و دەردو نارحەتیەکەی لەچیەوە هەڵدەقوڵێ لە وەێ دەست بە بانگەشە سیاسیەکەی دەکا، ئەمە جۆرێک نیە لە ئایدیۆلۆجیا، بەڵکو مەنهەج و پەیڕەوە. لەناو هەموو پارتەسیاسیەکانی کورد لەو جۆرە کەسە پۆپیولیستانە زەقن وخەڵک گوێیان لێدەگری و مەدح و ستایش دەکرێن و خەڵکیکی زۆر بۆ خۆیان رادەکێشن بەتایبەتی پێش هەڵبژاردنەکان. ئەم کەسانە وریان بۆ حاڵی خۆیان، دەزانن چۆن یاری بە عەقڵی خەڵک بکەن، ئەو خەڵکەی کە کێشەکانی بە گەورەیی دەبینێ و بەدوای چارەسەری ئانی و یەکسەری دەگەرێ، ئەو خەڵکانەی کە خەون و خەیاڵی بە دوا چارەسەرکی خێرایە کە رەنگبی زۆر زەحمەت بی بەو پەلە پەلەیە چارەسەر بکرێ وەیان هەرنەکرێ، بەڵام، ئەو پۆپیولیستانە وا پێشانی خەڵکی ساوێلە و خۆشباور دەدەن کە بەڵێ چارەسەر دەکرێ و وەعد و سۆز بە خەڵکەکە دەدا کە جێبەجێی دەکا گەر لەدەسەڵات بێت باڵام نەخەڵک داوا دەکا چۆن و بە چ رێگایەک و شێوەیەک چارەسەری دەکا نە خۆشی هەر لە ئەسڵا نازانێ چۆن چارەسەر دەکرێت.
پۆپیولیستەکان سەرکەوتوون لە کاتی قەیرانا، قەیرانی ئیکۆنۆمی کە حکومەت چارسەری پێ ناکرێ وەک ئێستای کوردستان، قەیرانی مەترسی دەرەکی وەک داعش چۆن لەوکاتانە پۆپیولیستەکانی نێو دەسەڵات هەوڵیان دەدا خەڵک قەیرانەکانی تری بیر بچێتەوە و بە ریفەرەندۆم و بە داعش و بە نەناردنی بەشە بودجە، خەلکەکەی پێوە مەشغول بکا و داوای مافەکانی تر نەکەن.
یەکێکی وەک ترامپ کە ملیار دێر بوو وفڕی بەسەر زانیاری سیاسی نەبوو بەڵام بە زمانی بازاڕیی قسەی دەکرد و توانی لە 2016 بیباتەوە لە کلینتۆن کە زۆر زانا تر بوو لە هەموو بوارەکانی دەوڵەتداری و راست گۆترو واقیعیانە سەیری کێشەکانی دەکرد، ترامپ دەیزانی خەڵک بە چیەوە دەناڵێنی و لەسەر ئەو وەتەرەی دەدا. هیتلەر کاتی خۆی، ماری لۆپێنی فەرەنسی و ماتیۆ سەلڤینی ئیتاڵی و سەبەستیان کورزی نەمساوی و… هەتد … ئەو پۆپیولیستانەن کە لەسەر یەک نەغمە دەخوێنن ئەویش کێشەی بێگانە ومیللەتی پاك و ئەوروپای یەکگرتوە، وەک ئەوەی گەر بێنە سەر حوکم وڵاتەکەیان کێشەی نامێنێ، ئەوەتا لە هەنگاریا و ئینگلتەرە دەسەڵاتیان بەدەست گرتوە بەڵام کێشەکانیان کەمی نەکردوە، رەواجی ئەم جۆرە پەیڕەوە تا دێ زیاد دەکا و لە ئێستادا سەرتا سەری ئەوروپا نزیکەی 35٪ دەنگ بۆ پۆپیولیستەکان دراوە.
خەڵک لە دەسەڵات بێزارەو هەموو کێشەکان لەمەڕ حکومەت دەبینێ و دوژمنی سەرەکیتی و هەرچی حکومەت کردی ئەوە لە دژی خەڵکە و هیچی لێشین نابێت. پۆپیولیستەکان خۆیان لەبەرەی خەڵک دادەنێن و دژ بە حکومەتن گرنگ نیە باری کۆمەڵایەتی و ئابوریەکەی لە چ ئاستێک دابی، مادام بە زمانی خەڵک قسە دەکا ئیتر خەڵکەکە لەبەرەی خۆی دایدەنێ، فلان سەرکردە چەند سادەیە و چۆن دەست لەسەر شانی ئەو خەڵکە دادەنێ و لەسەر چیچکان دادەنێشێ و چایەک لەسەر شەقام دەخواتەوە وهەست بە ئێش و ئازاری خەڵک دەکا ئیتر شەعبیەتی هەیەو خەڵکە ساوێلکەکەش پێی هەڵددەخەڵەتێ، هەر هەمان سەرکردەیەیە چەکدار دەهێنێتە سەر ئەو خەڵکە کاتێک بزانێ بزاڤی ئەو خەڵکە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی دا نییە وەک ئەوەی لە سلێمانی بینیمان.
ئەو پۆپیولیستانە تا لە دەسەڵات دورن زۆر بە ئاسانی پێشانی دەدەن کە چارەسەرەکانیان لەدەستە و گەر ئەوان لەدەسەڵات بن وڵات شامی شەریفە. بەڵام کاتێک دەگەن بە دەسەڵآت نەک هەرچارەسەری کێشەکان ناکەن، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە بەرەو خراپتری ببەن هەروەک لە گەڵ گۆڕان بینیمان. ئەم کەسانە دوفاقەیی لە هەڵس و کەوتیان داهەیە هەمان کەس کاتی لەدەرەوەی دەسەڵاتە لەپشت خۆپێشاندانە لەگەڵ خەڵک و کاتێک لە دەسەڵاتە دژ بە خۆپێشاندانی خەڵکە.
سۆشیال میدیا کاریگەری زۆرە لەسەر ئەو بزاڤە، جاران کە چەند دەستەبژێریک خاوەن ئایدیا بوون وچەند رۆژنامەیەک هەبو و چەند تەلەفزیۆن و رادیۆ هەبو کە دەکرا رای خۆیان دەرببڕن و کاریگەری لەسەر خەڵک هەبوو، ئێستا هەموو کەس رای خۆی هەیە و دەتوانێ دەریببڕێ و چارەسەریشی پێیە، هەرچەندە زۆربەی چارەسەرەکان هەر قسەی رازاوەن و نەزۆکن چونە رێگای چارەسەری پێنیە یان چارەسەری دور لە واقیعن و جێبەجێناکرێ، بۆ نمونە دەرچوی زانکۆ بۆ ئەوەی بەبێئیشی نەمینێن ئەبێ حکومەت دایان مەزرینێ…..بەڵام ئەم سوپا دەرچوە بە چ شیوەیەک و پارەی مووچە چۆن دابین بکا و لە کوێ دایان مەزرێنێ ئەمانە کێشەی ئەوان نین. تەنیا چارەسەرەکە لە دامەزرانەکە دەبینن و پۆپیولیستەکان بە هەمان شێوەی خەڵکەکە دەڵین دایان دەمەزرێنین، جا ئەمە بە دڵی خەڵکەکەیە و چەپڵە و هوتافی بۆ دەکێشن بەڵام لە دواییا بۆیان دەردەکەوێ کە هەر قسە بوو.
مەترسی پۆپیولیستەکان لەوەدایە تا ئەوان بەرز ببنەوە رێڕەوی یەکتر سڕینەوە بەکار دەهێنن کە ئەمە هەستی دۆژمنایەتی دەچێنی لە نێوان لایەنەکان، یان لەگەڵمی یان دوژمنمی. مەترسیەکی تر بەهۆی ئەوەی خەڵک حەزی بە قسەی پۆپیولیستەکانە، رۆشنبیرەکانیش بەدوا هەمان مەنهەج دەکەون تا سەر لە خۆیان و دەور و بەریان دەشێوێنن ونابنە دینەمۆی گۆڕانکاریەکان، نمونەی چەند سەرکردەمان هەن کە بەدوای پۆپیولیستی کەوتن و کارە گرینگەکەیان کە کاریگەریان بوو لەسەر مێژو لەدەسیان داو لەدەستی دەدەن.
ئەمانەی دەکەونە بەر کاریگەری پۆپیولیستەکان زیاتر لە چینی هەژار و مام ناوەندین کە کەوتونەتە بەر قەیرانەکان و بەشێک لە توانیان لێی دراوە وەک موچەخۆرەکانی ئێستای کوردستان.
ئەم جۆرە رەوتە بۆشایەکی ترسناک لە فیکرو رەوشی بەڕێوەبردن دروست دەکا کە رەنگبێ وڵات بەرەو نەدیار ببا. تاکو ئێستا رێگا چارەیەک نیە چۆن پۆپیولیستەکان بتوانن رێگا خۆش کەن بۆ میللەت کە بتوانێ خاوەن برێار بێت. کاری زۆر دەوێ و بیرمەندی دەوی بۆ ئەوی ئەو رێرەوە وای لێبێ لە خزمەتی خەڵک دابێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت