پشکۆ ئەمین:کۆنگرە ڤیدیوییەکەی وڵاتانی ناتۆ و تووڕەیان لە تورکیا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژی سێ شەمە 01- 12- 2020 کۆنگرەیەک بۆ وەزیرانی دەرەوەی هەر 30 وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ بەڤیدیۆ سازکرا، ئەم کۆنگرەیە پر بوو لە تووڕەی و بە ئاشکرا قسەکردن و تاوانبارکردن و خستنە رووی کێشەکانی ناو ناتۆ .
پۆمپێو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە پێدەچێت دواین بەشداریی بێت لە کۆنگرەی ناتۆدا، پاش ئەوەی دوو بۆ سێ هەفتەیەک لەمەوپێش لە سەردانێکی سەر سورهێنەردا بۆ تورکیا پۆرتی ئەردۆگان و چاوش ئوغلوی شکان بەوەی کە ئامادەنەبوو چاوی پێیان بکەوێت، رۆشتە ئەستەمبوڵ و سەردانی کەنیسەی ئەرسۆدۆکسی یونانی کرد، لەوێ لەگەڵ قەشەی گەورە بارسۆلۆمیو کۆبوەوەو پێیوت: شانازی دەکەم ئەمرۆ لێرە لەم کەنیسە پیرۆزەدا لەگەڵ تۆدا کۆدەبمەوە.
دەوترێت چاوش ئۆغڵو هەوڵیداوە کە یەک ببینین، بەڵام پۆمپێو رەفزیکردوە. ئەمکارەی پۆمپێۆ لەدوا رۆژەکانی دەسەڵاتی ترەمپدا، بۆتە هۆی توڕەکردنی ئەردوگان و چاوش ئۆغڵو. دەوترێت تورەیی کۆنگرەکەی ئەمرۆش بەشێکیتری هەمان فلیمە و پۆمپێو دەوری سەرەکی تێدا دەبینێت.
بۆیە روو دەکاتە چاوش ئۆغلوی وەزیری دەرەوەی تورکیاو پێیدەڵێت: حوکمەتەکەی سەرۆک ئەردوگان، کێشە لەسەر کێشە بۆ ئەندامانی ناتۆ دروستدەکات، لە هەمانکاتیشدا دیاریی باشیش پێشکەش بە روسیای دژە ناتۆ دەکات، بەکڕینی دژە مووشەکی S-400 ، بەوتەی رۆژنامەی پۆلیتیکۆ “Politico” پۆلیتیکۆ دەنوسێت، بەشی هەرە زۆری وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لەگەڵ پۆمپێو هاورابوون و نارەزایی و رەخنەی خۆیان دژی هەڵس و کەوتی تورکیای ئەندامی ناتۆ دەربری.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لۆدریان وتی: هەرگیز رێکەوتن و یەکگرتن لە ناو ناتۆدا نابێت تا تورکیا لە سەر ئەم هەڵویستانەی بەردەوامبێت و پشتگیری رووسیا بکات لەکارە ناڕەواکانیدا .
چاوش ئۆغڵوی دوژمنی کورد هیچی بۆ نەمایەوە بۆیە وەک هەمیشە کێشەکەی بردەوە سەر کوردو وتی: وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پشتگیری رێکخراوە تیرۆرستیەکوردەکان دەکات واتە ( یەپەگە )، هانی هاوپەیمانەکانمان دەدات دژی تورکیا، دژە مووشەکی پاتریوتی بەتورکیای نەفرۆشت، ناچاربووین لەرووسیای بکڕین. لە کێشەی یونان و بەحری ئیجەدا پشتگیری یونان دەکات. ڕۆژنامەی پۆلیتکۆ دەڵێت: لە کۆتای کۆنگرەکەدا تورکیا تەنها مابوەوە، هەر 30 وڵاتەکەی ناتۆ دژی تورکیا بوون. هۆکارەکەی سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەردۆگان و تورکیایە.
پۆمپێو دیسانەوە وەڵامی چاوش ئۆغڵو دەداتەوە و دەڵێت: تورکیا هێندە کاری نارەواو کێشەی دروستکردوە،لە ژمارە نایەن. پەلاماری هەموو لایەکدەدات.کڕینی دژە مووشەکی ئیس 400 رووسی کە مەترسی بەکارهێنانی هەیە لە سەر فرۆکەی جەنگی F35—ئەمریکی فرۆکەکانی تری ناتۆ، کە رەنگە هەواڵگری رووسی سودی لێببینێت، لە ئاشکرابوونی تواناو هێز و لاوازی فرۆکەکانی ناتۆ لە کوێدایە، دەرکەوتنی ئەم نهێنیە بۆ رووسەکان زۆر گرنگە و بە شکست بۆ ناتۆ دەشکێتەوە. پەلاماردان و داگیرکردنی ناوچەی هاوپەیمانە کوردەکان لە سوریا لە 2019دا کە هاوپەیمانێکی گرنگ و سەرەکی ئەمریکاو ناتۆن و شەری دژی داعشیان کرد.
پەلاماری تورکەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان، بە بڕوای هەندێک وڵات و لایەن دژی یاسا نێو دەوڵەتیەکانیش بوو ، ترەمپ لەسەرەتادا هەوڵیداو کە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ ئەمکارە نەکات و هەرەشەی لەناو بردنی ئابوری تورکیای کرد ، بەڵام لە پاشان راستی نەکردو هیچ وەڵامێکی نەبوو.
پۆمپێو دەڵێت: خۆ هەڵقورتاندن لە شەری لیبیاو پشتگیری لایەکی شەرەکە و ناردنی چەک و سوپای تیرۆرستە ئیسلامیەکانی سوریا بۆ بەشداری لەو شەڕەدا، ئەمکارە دژی بریاری نەتەوە یەکگرتوەکانە کە داوا دەکات رێگری لەناردنی چەک بۆ لاکانی جەنگ لە لیبیادا بکرێت.
تورکیا رێگری لە پشکنینی ئەو کەشتیانە دەکات کە لە تورکیاوە دەچنە ناو لیبیا، تا ئیستا دووجار رێگری پشکنی کەشتیتان کردوە، فەرەنسیەکان هەوڵیاندا کەشتیەکە بپشکنین، تورکیا ریگەی نەدا، خەریک بوو ببێتە جەنگ لەناو دەریادا. هەفتەی پێشوش بە هەمانشێوە تورکیا رێگری کرد کە کەشتی هامبورگی ئەڵمانی،کەشتیەک ببپشکنێت کە دەچووە ناو لیبیا، دیاربوو کە چەک و جبەخانەی قاچاخی تێدایە بۆیە رێگری لەپشکنینی دەکات. بەشداری کردنی تورکیا لەشەری ناگۆرنۆ قەرەباغدا و ناردنی چەک و سوپا بۆ ئەو شەرە و پشتگیری ئازەربایجان. پۆمپیو لەم دوا دوایەدا ئاوها دژی تورکیا دەدوێت.
ئەم رەخنانە دژی تورکیا هەرلای پۆمپیووە نیە، ئەوەتا هەر لەم رۆژانەدا کاتیا لێکرت کە سەرۆکی پەیوەندی تیمی بایدنە بە ئەوروپاوە بە ،Business Insider دەڵێت: بەداخەوە دەبێت تەماشاکەین، تورکیا چۆن بێبەزەییانە رۆژانە رەفتاردەکات لە شەری لیبیادا.لێکرت دەڵێت: دەبینین کە چۆن هێزی دەریای ئەڵمانیا کە وەک نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەوروپایە بۆ رێگریکردن لەگەیشتنی چەک بە لیبیا، دەیەویت کەشتیەکی تورکی بپشکنێت کە دەیەویت پچیتە لیبیا، تورکیا ریگری دەکات لەپشکنینی کەشتیەکە. ئەم کارانەی تورکیا لادان و دەرچونیەتی لە ریکەوتنی وڵاتان و بریارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، بۆیە داوا دەکەین تورکیا واز لەم ریگە نا لەبارو هەڵەیە بهێنێت، بەرژەوەندی خەڵکی لیبیا لەمەدانیە.
پاش کۆبونەوەکەی ناتۆ بریارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەوروپی ببەسرێت! رادوێی ئەڵمانیا دەڵێت: کە Charles Michel ئەندامی دەستەی راویژکاری یەکیەتی ئەوروپا وتویەتی لە کۆبونەوەی سەرەتای ئۆکتۆبەردا سزامان نەخستە سەر تورکیا، بەڵکو دەستمان بۆ درێژکرد تاکۆتای بە یاری مشک و پشیلە بهێنین. بۆیە بریارماندا تا سەرەتای مانگی 12 ئەمساڵ، چارەسەرێک بۆ کێشەی یونان و قوبرص و تورکیا بدۆزینەوە. داوامانکرد لەتورکیا هەلویستی خۆی چاک بکات، واز لە گەران و پشکنین بەدوای نەوت و گازی ناو دەریای ناوەراست بهینیت، وازیش لە هەڕەشەی کردنەوەی دەرگا سنوریەکان بەناوی ناردنی پەناهیندە بهێنێت. تا ئەو کاتەش دەزانین هەڵوێستی تورکیا چۆن دەبێت. بەلام تورکیا نەک پشتگیری نەکردین و هاوکار نەبوو لەگەلمان، بەڵکو زیاتر بەردەوام بوو لەسەر یاری مشک وپشیلەکەی خۆی. ئێستا ئیتر کاتیەتی کە لە کۆبونەوەی هەفتەی داهاتووی لوتکەی ئەوروپادا، کە رۆژانی پێنج شەمەو هەینی لە بروکسل دەبەسترێت، کۆتای بە یاری پشیلەو مشک بهێنین و بریار بدەین کە بە چ شێوەیەک و بە چ رێگەیەک باشە و چ سزایەک بەسەر تورکیادا بسەپێنین، تا کۆتای بهێنرێت لە هەڕەشەکردن و تورەکردنی یونان و قوبرص و ئەوروپا.
شپیگڵ نوسیویەتی ئەمرۆ 04.12.2020 پاش ئەو کۆنگرەیە کە داخ کرا بەدڵی دەسەڵاتدارانی تورکیدا، ئەردوگان قسەی بۆ کۆمەڵێک رۆژنامەنوس دەکرد، هێرشی بردەوە سەر ئیمانۆئیل ماکرۆن و وتی: هیوادارم گەلی فەرەنسا بەزوترین کات لە ماکرۆن رزگاریانبێت. ماکرۆن مەترسیەکی گەورەیە بۆ فەرەنسا، ئێستا فەرەنسا لە سەردەمێکی خراپدا دەژی. ئەردۆگان دەڵێت: لە سەردەمی ماکرۆندا بەرگ زەردەکان لە خۆپیشانداندان، رەنگە خۆپیشاندانی بەرگ زەردەکان ببێتە بەرگ سورەکان.
ماکرۆن هەر ئەمرۆ لە گفت و گۆیەکدا لەگەڵ لاپەرەی »Brut« دەڵێت: من رێزم هەیە، جنێو وق سەی ناشیرین لە نێوان سەرکردەی سیاسیدا کارێکی باش نیە، فەرەنسا لە کۆمەڵەی مینسکدا فەشەلی هێنا، نەیتوانی کێشەی نیوان ناگۆرنۆ قەرەبخ کۆتای پێبهێنێ و بە ئاشتیانە چارەسەریکات، بۆیە داوای لە رووسیا کرد تا هەوڵی نیوانگیری بدات.
لەو کاتانەدا کۆمەڵەی پیرانی فەرەنسا داوایەکیان بەرزکردەوە بۆ ماکرۆن کە هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی تازە لە ناگۆرنۆ قەرەباغدا بدات، فەرەنسا بروای پیبهێنێت و پشتگیری بکات.
ئەردوگان نوکتەیەکی پێکەنیناوی سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام عەلیف دینێتەوە بۆ رۆژنامەنوسان،کە دەڵێت: باشترە ماکرۆن واز لەشاری مارسیلیا بهێنێت بۆ ئەرمەنیەکان، گەر بە نیازە دەوڵەتێکی تازەیان بۆ دروستبکات.
لە ئوکتۆبەردا کێشەکانی نێوان ئەنقەرەو پاریس زۆرتر قووڵبوونەوە، کاتێک ماکرۆن بریاریدا کە بەرهەلستی ئیسلامیە تیرۆرستەکانی زیاتربکات، ئەردوگان بە ماکرونی وت: با پشکنینێک بۆ مێشکی بکات بزانێت کە تەواوە.
ئەمرۆ ، 07.12 ئەردوگان ڤیدێویەکی بڵاوکردەوەو هێرشی بردە سەر یەکیەتی ئەوروپاو ناوزەدی کردن بە کویری ستراتیژی. ئەردوگان دەڵێت: ئێمە کە بە دوای گازو نەوتدا دەگەڕێین مافی خۆمانە ئێمە درێژترین سنوری ئاویمان هەیە، بۆ دەبێت وەک تەماشاکەر دانیشین و خەڵک لە سنورەکەماندا گازو نەوت دەربهێنێت و ئێمە تەماشاکەربین؟ باشترە یەکیەتی ئەوروپا خۆی لەکوێری ستراتیژی رزگار کات ئەو مافی ئێمەشە.
دەبا بزانین لە کۆبونەوەی ئەم هەفتەیەدا ئەورپیەکان بە راستی سزای تورکیا دەدەن، رەنگبێت زوربەیان رازیبن جگە لە ئەڵمانیا کە بەرژەوەندی زۆری هەیە لەگەڵ تورکیادا. گەرچی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس دەڵێت: من فەشەلم هێنا، لە هەوڵەکانما بۆ نەهیشتنی کێشەو بارگرژیەکان و ریکەوتنی تورکیاو قوبرص و یونان، لەم کاتەدا داوای لە ئەردوگان کرد کە کۆتای بە هەرەشە بهێنێت و رێگە بەدبلۆماسیەت بدات بۆ چارەسەری گرژیەکان، لەدوایشدا ماس وتی: ئا لەم کاتەدا تاکە چارە سزایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت