عیماد عه‌لی: ئایا خۆپیشاندانه‌كان به‌ قازانج ده‌كه‌وێته‌وه‌؟

بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ر كارێك، هه‌رجۆر و شێوه‌یه‌ك بێت، له‌ هه‌ر بابه‌تێكی گشتی بێت یان تایبه‌تی، بێگومان زه‌مین و زه‌مانی تایبه‌تی خۆی ده‌وێت. باسی بارودۆخی نێوخۆیی كوردستان و مۆرك و جه‌وهه‌ری ململانێكان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ هاوته‌ریب و یه‌كتربڕه‌كان له‌م كاته‌دا ناكه‌م، كه‌ ره‌نگی تایبه‌تی خۆی گرتووه‌. ئه‌گه‌ر زۆر به‌ وردی ته‌ماشای بكه‌یت، زۆر به‌ روونی بۆت ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ چ پشێویه‌كدایه‌ و چ عه‌قڵێكی ژیرانه‌ی ده‌وێت وه‌كو خۆی بیخوێنێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر و ئه‌لته‌رناتڤی بۆ بدۆزێته‌وه‌.
حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و پاشكۆكانیان له‌ بارێكدان و خه‌ڵك له‌ بارێكی تردایه‌. حزبه‌ به‌ناو ئۆپۆزسیۆنه‌ نا ئۆپۆزسیۆنه‌كان و قۆناغه‌كه‌ و نزیكبونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و موزایه‌داته‌كان و تێكهه‌ڵچونی باری سیاسیی هه‌رێم و به‌غدا و، وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و فشاره‌ هه‌مه‌چه‌شن و هاوكێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان و ئه‌و هاوبه‌ندیه‌ی له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ له‌ لایه‌ك و ئه‌و دژایه‌تی و پاڵپێوه‌نانه‌ی له‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتردا هه‌یه‌ له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ وای كردووه‌ چاوه‌ڕێی ده‌رئه‌نجامی دووسه‌ره‌ بین.
عیراق و توركیا و ئێران، هه‌ر یه‌كه‌ و لای خۆیه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی چاودێری به‌رژه‌وه‌ندخوازی و ملهوڕانه‌ و چاوچنۆكانه‌ ته‌ماشای كیانێكی بێ قووڵایی ده‌وڵه‌تی وه‌كو هه‌رێم ده‌كه‌ن و له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ده‌ست ده‌خه‌نه‌ نێو باره‌ سیاسیه‌كه‌ و زیاتر تێكی ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ ناته‌بایی و نا یه‌كگرتوویی و دژایه‌تی و مۆڕه‌ له‌یه‌ك كردن و شه‌ڕده‌نوك و دوژمنایه‌تی و نه‌خوێندنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌دیه‌ دورمه‌ودا باڵاكانی كورد له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانی هه‌رچوار پارچه‌كه‌ی كوردستان له‌وه‌لاوه‌ بوه‌ستێت. سه‌رباری ئه‌مانه‌ هه‌مووی، برسێتی و ناله‌باری باری ئابووری هه‌رێم وای كردووه‌ زه‌مینه‌ی ئاڵۆزی و تێكچون و زیانگه‌یاندن له‌ رێگه‌ی كاری ئاسایی و ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنی مافه‌كانی، ره‌خساندووه‌ و مه‌ودای ئه‌وه‌ی خستۆته‌ به‌رده‌ست داگیركه‌ران و دوژمان به‌ ئاسانی یاری به‌ ده‌سه‌ڵات و گه‌لی كوردستان بكه‌ن.
بۆیه‌، ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان و مانگرتن و ته‌نانه‌ت ڕاپه‌رینیش مافێكی ئاسایی هه‌موو گه‌لان بێت وه‌ك ده‌ربڕینی رابوچۆنی خۆیان و وه‌ك ئامرازێكی ئاسایی بۆ وه‌ستان دژی گه‌نده‌ڵكاری و له‌ پێناو راسته‌رێكردنی رێڕه‌وی حوكمداری و وه‌رگرتنی مافی تایبه‌تی و گشتی، ئه‌گه‌ر له‌ زه‌مینه‌ و زه‌مانێكی ئاسایی و سروشتی ژیانی خه‌ڵك ده‌ره‌ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراوی هه‌بێت، له‌ وه‌زعێكی ئاڵۆزكاو و پشێوی و قۆناغێكی گواستراوه‌ و نه‌بونی حیكمه‌تی فه‌رمانرڕه‌وایی و ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی، هه‌زار ئه‌گه‌ری جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرێت و زۆرینه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ له‌ زیانی خودی خه‌ڵكی راپه‌ڕیو و خۆپیشانده‌ر و مانگرتوو ده‌كه‌وێته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی له‌ ئارادایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و گوزه‌ر بكات، مه‌رج نیه‌ له‌وپه‌ڕی تونێڵه‌كه‌وه‌ به‌ ده‌رئه‌نجام و به‌رهه‌مێكی باش لێی ده‌رچین و زه‌ره‌ر سه‌ری قازانج نه‌خوات. به‌ڵام ئه‌و سوده‌ دیار و زه‌قه‌ی هه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی له‌وه‌ ئاگادار كرده‌وه‌ دڵنیا بوو كه‌ خه‌ڵك تاسه‌ر ته‌حه‌مولی ناله‌باریه‌كانی ژیان ناكات و بێباكی و خه‌مساری و گوێ نه‌دان به‌ خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندی و داواوكانیان باجی گه‌وره‌ی خۆی هه‌یه‌. هه‌ر بۆیه‌ راسته‌ بڵێین له‌م كاته‌دا پرسی گه‌لی كوردستان و ئامانجه‌كانی و دواڕۆژی له‌ سه‌ر شاخی گاكه‌دایه‌ و ئه‌ویش له‌سه‌ر گورزه‌ پوشێكدایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریا و، له‌سه‌رئه‌نجامدا نازانین ده‌خنكێت یان ده‌ربازی ده‌بێت و ده‌گات به‌ كوێ.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies