بورهان شێخ ڕەئوف: خۆپیشاندان لە نێوان هێمنى و توندوتیژى دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش هەرشتێک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى و مانگرتن مافى سەرەتایى مرۆڤن، لە عێراقیش بەگوێرەى دەستوورەکەى ئەو مافەى بە هاوڵاتیانى خۆى داوە، کەس ناتوانێت لێ یان زەوت بکات بە هەرێمى کوردستانیشەوە.
ئەوەى گرنگە بۆ هەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک بۆئەوەى داواکارییەکانیان بە هەند وەربگیرێت و بە دروستى بگاتە حکومەت و دەستەڵاتداران و ئاکامى هەبێت، ئەوەیە رێکخەرانى ئەو میتینگ و کۆبوونەوانە بە هێمنى و ئارامى و دوور لە توندو تیژى و داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو و پێداگیرى لە سەربکەن.
بە پێچەوانەى ئەوەوە پەنا بردن بۆ توندوتیژى و پەلاماردانى دامودەزگاکانى دەوڵەت کە موڵکى گشتى تاک بەتاکى کۆمەڵگەیە لەسەر حسابى هەمووانیش دروستکراوەو دامەزرێنراوە، خۆپیشاندان لە ئامانج و ناوەڕۆکە حەقانى ڕەواکەى لادەدات و پاساو دەدات بە حکومەت و هێزەکانى ئاسایش پەلاماریان بدەن و بەگژیاندا بچنەوەو داواکارییە ڕەواکانیشیان وەلا بنرێت.
لە هەرێمى کوردستان کە کێشەو قەیرانى قووڵمان هەیە بە هۆى گەندەڵى و نەدانى مووچەى کارمەندانى حکومەت، خەڵکى بێزارو نیگەرانن تاڕادەیەکى زۆر ، بۆیە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا خەڵکێکى زۆر لە سەرشەقامەکانن بە شێوەى جۆراوجۆار، بە داخەوە قوربانى و برینداریش لە خەڵک و هێزى پاراستنى ئاسایشییش هەیە.
من لە کاتێکدا ئەو قسانە دەکەم بە حوکمى ئەزموونى چاودێرى زۆرێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى چەند ساڵى ڕابردووى عێراق و وڵاتانى عەربیش هەندێک ڕاستیم بۆ دەرکەوتووە کە حەزدەکەم لێرەدا بە کورتى باسیان بکەم:
1. عێراق لە تشرینى یەکەمى 2019 و ەو بزوتنەوەیەکى جەماوەرى خاوەن داخوازى ڕەوا لە بەغداى پایتەخت و زۆرێک لە پارێزگاکانى باشوور سەرى هەڵدا بە شێوەیەکى ئاشتیانە و دوور لە توندو تیژى و لە ئاکامدا توانیان حکومەتەکەى عادیل عەبدولمهدى ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە بکەن و حکومەتێکى نوێ بە سەرۆکایەتى کازمى پێکبێت و وادەى هەڵبژاردنى پێشووەختە دیارى بکات، سەرەڕاى ئەوەى میلیشلکان پەلاماریان دەدان و 700 کەسیشیان لێ کوشتن، بەڵام ئەوان هاواریان دەکرد ((سلمیە سلمیە ))
2. سودانیش بە هەمان شێوە ساڵى ڕابردوو بە خۆپیشاندانى هێمنانەو ئارامى حکومەتەکەى عومەر بەشیریان لابرد بە پشتیوانى سوپاى وڵاتەکەیان و ئێستا بەشیر لە زیندانە و داگایی دەکرێت و حکومەتى ڕاگوزەریش حوکمڕانى دەکات.
3. جەزائیریش هەربە شێوازى خەباتى مەدەنى و پشوودرێژیەکى زۆر عەبدولعەزیز بو تەفلیقەیان ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد و داخوازییەکانیان بە سەر حوکومەتدا سەپاند کە ساڵانێکى درێژبوو دەستەڵاتیان قۆرخکردبوو.
4. سوریا بە پێچەوانەى ئەو وڵاتانەى سەرەوە شێوازى شۆرشەکە گۆڕا بۆ توندو تیژى و تاقم و گروپە توند ئاژۆکان سوارى شەپۆلى ڕق و بێزارى خەڵک بوون، سوریایان وێرانکرد، ئەوە دەساڵە شەڕى ناوخۆییەو نیوەى خەڵکى وڵاتەکە ئاوارەو دەربەدەرى ولاتان بوون جگە لە کوژرانى سەدان هەزارکەس، و ڕژێمى ئەسەدیش وەکو خۆى ماوە لە شام تائێستایشى لەگەڵدا بێت.
5. یەمەنیش بە هەمان دەردى سوریا چوو توندوتیژى شۆڕشەکەى گەلى یەمەنى لە باربرد کە لە دەست دکتاتۆریەتى عەلى عەبدوڵاساڵەح وەخۆ هاتبوون هەرچەندە دکتاتۆر کوژرا، بەڵام یەمەن ئێستا گۆڕەپانى شەڕى ناوخۆیى و کوشتو بڕێکە کە وێنەى نیە.
6. لیبیا ش هەر بە هەمان شێوەى یەمەن و سوریا توندوتیژى و ئاژاوە سەرى شۆرشەکە خوارد کە لە دەست دکتاتۆریەتى قەزافى ڕاپەڕى بوون و ئێستا خۆزگە بۆ سەردەمى قەزافى دەخوازن.
7. تونس ئەو وڵاتەى کە یەکەم چەخماخەى بەهارى عەرەبى لەوێوە سەرى هەڵدا بە هیمنى و دوور لە توندو تیژى توانى تا ڕادەیەک سەرکەوتن بە دەستبێنێت.
ئەوەى لە کۆتاییدا دەمەوێت بیڵێم بارودۆخى شڵەقاوى هەرێمى کوردستانە کە وەکو دیفاکتۆیەک وایە سەرەڕاى ئەوەى لە دەستورى عێراقدا وەکو هەرێمێکى فیدرالیش جیگیر بووە، لەوەیە بەرگەى ململانێ و پێشهاتى لەو جۆرەى وڵاتانى تر نەگرێت، بۆیە زۆر پێویستە دەستەڵاتداران بە هۆشیارییە گوێ بۆ داخوازییەکانى خەڵک بگرن وڕیفۆرمى جدى بکەن بۆ نەمانى گەندەڵى و ناداد پەروەرەى کەوەک ڕۆژى ڕووناک بەبەرچاوى هەموومانەوەیە، خەڵکیش دەبێت زیاتر هۆشیاربن بوارنەدەن ئاژاوەچى و دەستى پیس داخوازییە ڕەواکانیان لەکەدار بکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت