بەهرۆز جەعفەر: لە 17 ی شوبات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مۆڵەتی خۆپیشاندانەکەمان وەرگرت، هاتن لە ڕێگەیان دەرکرد.. 18 ی شوبات و 19 و 20 و 21 ی شوباتیشمان بۆ خستنە سەرسکە. مەنەسەمان داناو داواکاریی هەنوکەیی و هەمیشەییمان نوسیەوە. (18) خاڵ سەپێنرا بەسەر دەستەڵاتدا، هەندێکیشی هەر یەکسەر چوە خانەی جێبەجێکردنەوە وەکو چۆڵکردنی ئەو موڵکە حکومیانەی حیزب داگیری کردون. کەمترین خوێنیش ڕژابو.
لە پڕێکدا، ئەوانەی لە ئۆپۆزسیۆن بون هاتن و دایان بەسەر ئەنجومەنی سەرای ئازادیداو، وەکو ئەوەی ئەوان بێن ئێمە کڵاو و جامەدانەکەمان دە بن هەنگڵ ئەنەین و هەڵدێین..!. میدیاکانیان لێ داخستین (سۆشیال میدیا ئەوکات نەبو).
دونیایەک مناڵی خەڵکیان بە کوشت داو، سواری شەپۆلەکە بون، چۆن سوارێک… دەساڵە هێشتا دانەبەزیون.. ئینجا ئێمەش هەر ئەوکات ڕاستی نمایشکارەکان و ئۆپۆزسیۆنمان لە دەیان چاوپێکەوتندا باسکرد..شەڕ دەستی پێکرد ئێمە کە ڕەخنەگری ڕاستەقینە بوین جاش و خۆفرۆش ئەوانیش باش و فریشتە…!. برادەرێک کە لەسەر خوێن و خۆپیشاندانەکانی 17 ی شوبات دوو خولە ئەندامی پەرلەمانی عێراقەو خولێکیش پەرلەمانتاری هەرێم بو، لە ئەنجومەنەکە هەموو تەکبیری ئەوە بو « ئەبێ خوێنێکی زیاتر بڕژێ… ئینجا میدیا جیهانیەکان دێن»…!.
ئۆپۆزسیۆن سەدان پۆستی چەوری وەرگرت و دەیان ملیار دۆلاریش لەسەر هەرێمەکە کەوتن. هێشتا ئەوان پەلاماریان ئەداو دێواندنیان ئەکردو جنێو و تەخوین و… تادواییان هەبو.
من لە بەرئەنجامی دیوە تاریکەکانی 17 ی شوباتەوە، تێگەیشتم کە چارەسەری دۆخی ئەمڕۆکەی نەک کوردستان بەڵکو تاڕادەیەک دونیاش لەناو کایە سیاسیەکاندا نەماوە. ئەوانەی هەڵپەی خۆ- دەرخستنیانە، ئەیانەوێ بچنە ناو کایەکەوە بۆ چارەسەر ناچن، بەڵکو پیشەیەکی ئەوتۆ نازانن و بۆ هیچ کارێک ناشێن جگە لە چەلەحانێ و لایک و کۆمێنت و مووچەی مفت…
ئێستا کە هەندێک نمایشی لاواز ئەبینین، خوالێخۆشبو نەوشیروان مستەفام بیر ئەکەوێتەوە، کە پیاوێکی سادەو داوێنپاک و ڕاست و قسە لە ڕوو بو. بەڵام لە کۆتاییدا گردێکی سەدان دۆنمی و چەند کارگەیەکی بۆ خێزانەکەی جێهێشت و، هەزاران مووچەخۆری پلە باڵای بۆ هەرێم زیادکردو، بۆ خۆشی چوویەوە بۆ بەردەم بارەگای بارزانی و، تەمەنی درێژتر بوایە هەر ئەهاتەوە ماڵە گەورەکە… ئێستا تۆ بڵێی ئەم نمایشکارانە لە کاک نەوشیروان خاکیترو دەستپاکترو زیرەکتر بن؟!.
دیارە هەرگیز ئیشی من نییە دژایەتی هیچ لایەنێک بکەم، تەنها ئەوە نەبێت بیری هەموو لایەکی بخەمەوە کە لەماوەی ساڵانی 2006 بۆ 2011 ڕەخنەو وتارەکانمان ئەنوسی زۆر کاریگەرتر بو، وامان ئەزانی بڵاوبونەوەی وتارەکەی ئێمە لە ڕۆژنامەکەدا دونیا ئەگۆڕێت. بەڵام کە ئۆپۆزسیۆن سەریهەڵدا تەنانەت هەڵوێست و قسەکردنیش ئەو لەزەتەی نەما. ئێمە ئەوکات کادری یەکێتی بوین ئازادی ڕەهاشمان هەبو بەو تەمەنە زۆر کەمەوە. کەچی دواتر ئازادی تەنانەت لە ناو حیزبەکانیشدا نەما !.
جا لە دواییدا، کە گسک لە 17ی شوبات درا، زۆر شانازییان ئەکرد کە ئاوا ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانیان تێکداوە بۆ چەند پۆستێک؛
ئاخر
– 17 ی شوبات نە شۆڕشی کوبا یە نە ئەمانەی کوردستان هوشی مینەن،
– 17 شوبات نە شۆڕشی فەڕەنسایە نە شۆڕشی ناتوندوتیژیی و نەمانی جیاکاری ڕەگەزییە لە ئەمریکا
– ئاخەر ئێوە نەزەریەی ثەورە دائیمەی «ترۆتسکی»تان هێناوە یان چی؟
– 17 ی شوبات کۆکەرەوەی پۆڵۆنییەکانی دوای جەنگی ساردە یان شۆڕشی کۆمۆنیستی چین ە تا پیاو شانازی پێوە بکات.
ئاخەر!. ئێستاو ئەوساش ئەو گەنجانە پێویستیان بە موزایەدەو دەنگە دەنگ و سەرپەرشتیارو پاڵەوانی موزەیەف نییە فووی تێ بکەن و بیانخەنە پەرلەمانەکانەوە. خۆیان سەرکردەن و پێویستیان بە فۆڕمێکی باشترە لە ژیان.
17ی شوبات تەنها هەوڵێک بو بۆ ڕیفۆرمی سیاسیی لە کوردستان وە لە واقیعدا هەڵە خوێندنەوەی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبیش بوو لە لایەن هەندێکەوە، بە داخەوە ئەوجاش هاوارمان کرد مناڵی خەڵک با لەوە زیاتر بە کوشت نەدرێ چونکە خۆپیشاندانەکە خۆڕسک نییە.
کوڕی شاریان ئەبرد بۆ لادێ بۆ ڕاوە ژیژک ( بە شەو) ئەیانگوت تەنەگە لێ بە ئیتر ژیژکەکە دێتە دەرەوە ئێمەش ئەگەڕێین بەدەست ئەیگرین، ئیتر کوڕی لادێ ئەچوەوە بۆ ماڵ خۆی ئەخەوتن. ئەمیش تا بەیانی هەر تەنەگەی لێ ئەدا. بۆ هەر کردەیەک پێویستە قەواعیدی لوعبەکە یان ئەودیوی شتەکان بزانیت چیە ئینجا دەستی لێ بدەی ئەگینا تەنەگەتان پێ لێ ئەدەن.
لە کۆتاییدا…نەخێر بۆ خوێن ڕشتنی زیاتری گەنجەکان، ئەو فیشەکانە بنێن بە نایەکسانی و گەندەڵیەوە… بەڵێ بۆ نیشتیمانێکی ئازادو خۆشگوزەران.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت