سەرتاشەکەی پیکاسۆ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

میسون شقیر ـــ و. لە عەرەبییەوە / قارەمان حسین عبدالله
سەرچاوە / سایتی العرب
رەنگە ئەو جوامێری و هۆشیارییەی لە ناخی مرۆڤدا دەچەسپێت، گەورەتر و فراوانتر و گشتگیرتربێت لە هەموو بڕوانامە ئەکادیمییەکان، پەروەردە و ژێرخانی مۆراڵی و گۆڕانی بارودۆخەکانی ژیان کەسەکان درووست دەکەن و بەها و کارە لە پێشینەییەکانیان پێدەبەخشن.
ئۆخینیۆ ئاریاس ئەو منداڵەی کە لە شارۆچکەی بوێتراگۆ لە باکووری مەدرید لە ئیسپانیا لە ساڵی 1905 لە دایك بوو، لە باوکێکی بەرگدروو کە روحێکی پەیوەست بە ژیان و دڵێکی میهرەبانی هەبوو، وە لە دایکێك کە شوانی مەڕ بوو لەو شارەدێیە و شەیدای دەشتودەر و راستگۆییەکانی بوو.
بەڵام هەموو ئەمانە وەك پێویست بەس نەبوون بۆ ئەوەی ئەم خێزانە بتوانێت درێژە بە ژیان بدات لە سەخترین سەردەمی ئابووری کە ئیسپانیای پیا تێدەپەڕی.
ئاریاس لە سەردەمێکی هەڵە لە دایك بوو … وازی لە قوتابخانە هێنا هەرچەندە ئەو لە قوتابخانەکەی ئیلهام بەخشی مامۆستاکانی بوو، چونکە زیرەکییەکی سروشتی و لە راددە بەدەری هەبوو، توانای داهێنانی گاڵتەوگەپی جوانی هەبوو!
” قوتابخانەی بێنەوایان ”
لە تەمەنی یانزە ساڵیدا ئاریاس وازی لە قوتابخانەکەی هێنا و چوو لە لای مامی شاگردی بکات کە شوێنکارێکی سەرتاشینی هەبوو.
لە ماوەی چوار ساڵدا ئاریاس فێری پیشەی سەرتاشین دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا فێری ژیان دەبێت لە رێگای زوو ئەزموونکردنی کارکردن و لە رێگای کاریگەری کەسایەتی مامەیەوە کە رۆشنبیر و خوێنەرێکی بە پەرۆش بوو.
ئەم شوێنکاری سەرتاشینە بەشێکی زۆری بریتی بوو لە پەرتووكخانەیەك کە هەڵبژاردەیەك لە باشترین پەرتووکەکانی تێدابوو! ئاریاس لەم شوێنکارە ڤیکتۆر هۆگۆی خوێندەوە، بۆیە دەیوت :
” من دەرچووی قوتابخانەی بێنەوایانم ”
هەروەها لەم شوێنە سێرڤانتس و زۆر پەرتووکی فەلسەفە و رەخنەی ئەدەبی و هونەری خوێندەوە، گوێبیستی زۆرێك لە گفتوگۆی هزری و ئەدەبی بوو کە لە نێوان هاموشۆکەرانی سەرتاشخانەکەدا روویاندەدا و پێیان وابوو کە ئەم شوێنە بریتییە لە ماڵی رۆشنبیری شارۆچکەکەیان!
پاش ئەوەی مامی دەمرێت و ئاریاس شوێنکارەکە و پەرتووکخانەکەی بە میراتی بۆ دەمێـنـێـتەوە، ئەو هێشتا تەمەنی پانزە ساڵان بوو، بەڵام ژیان وایلێکردبوو کە گەورەتر بێت لە ساڵەکانی تەمەنی!
سەرتاشخانەکە، پەرتووکخانەکە و گفتوگۆکانی هاموشۆکەران بەردەوامییان پێدران و هەمیشە پەرتووکی نوێیان دەهێنا و لەنێو خۆیاندا ئاڵوگۆڕیان دەکردەوە!
ئاریاس خولیای شانۆ بوو، زۆری لەسەر خوێندەوە، بە راددەیەك کە بەشداری کرد لە شانۆگەرییەك کە لە دەرهێنانی بەڕێوەبەری فێرکردنی خۆجێیەتی شارۆچکەکە بوو کە ئەویش یەکێك بوو لە هاموشۆکەرە هەمیشەییەکانی پەرتووکخانەکە، ئاریاس لەم شانۆگەرییە توانایەکی زۆر باشی نواندنی پیشاندا و سەلماندی کە روحێکی کاریگەری هەیە، ئەمەش وایکرد کە ببێتە جێگای سەرنج لە لای دۆستانی شانۆ و تەواوی خەڵکی شارۆچکەکە.
” شانەی سوور و بەرگری ”
پاش ئەوەی ئاریاس تواناکانی بەدەرکەوتن و بووبە جێگای سەرنجی خەڵکی، یەکەم شانەی پارتی کۆمۆنیستی دامەزراند لە شارۆچکەکە لە ساڵی 1931.
ئاریاس خۆی دەڵێت کە ئەو لە شوێنکارە تایبەتەکەی پەرتووکی چەپەکانی دەخوێندەوە و پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە سەربازییەکان هەبوو لە ماوەی جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا، لەپێناو سەرکەوتنی کۆمارییەکان بەشدار بووە لە جەنگدا و بەو هۆیەوە لە پێیەکیدا بریندار دەبێ و ئەمەش وایلێدەکات کە هەموو پاشماوەی تەمەنی بە شەلی بمێنێتەوە، بەڵام ئەو رێگای بە باشی دەزانی!
لە ساڵی 1936 کۆمار هەرەسی هێنا و فرانکۆ دەستیکرد بە راوەدوونانی کۆماریخوازەکان.
بۆیە ئاریاس هەڵهات بۆ فەڕەنسا و لەگەڵ خۆیدا خەونەکانی، ئازارەکانی، پێیە شەلەکەی، لێهاتوویی پەنجەکانی و ئیشقی نەبڕاوەی بۆ ئیسپانیا هەڵگرتبوو!
بەڵام نەیدەزانی کە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی بە زیندوو هێشتنەوەی ناوەکەی لە مێژوودا زیاتر لە ناوی ملیۆنان لە هەڵگرانی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی!
لە فەڕەنسا راستەوخۆ پەیوەندیکرد بە بەرەی بەرگرییەوە و بەشداری هەموو کۆبوونەوەکانیانی دەکرد، لە شاری تۆڵۆز خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا وەك ناودارترین کەسی ئیسپانی کە دژی نازییەکان جەنگابێت لە ئیسپانیا.
پاش کۆتایی جەنگی جیهانی دووەم، لە فەڕەنسا لەگەڵ پیکاسۆ .. بەناوبانگترین ناوی هونەری لە مێژووی هونەر بەیەك گەیشتن … ئاریاس سەرلەنوێ لە فەڕەنسا شوێنکارێکی سەرتاشینی کردەوە لە شارۆچکەی پیاریۆس کە ماڵی پیکاسۆ لەوێ بوو.
” هەڵهاتن لەگەڵ پیکاسۆ ”
پێش ئەوەی بۆ یەکەم جار بەیەکتری بگەن، ئەوان ناوبانگی یەکترییان بیستبوو، هەستیان دەکرد زۆر شتی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە و کۆیان دەکاتەوە!
هەردووکیان ئاشقی ئیسپانیا بوون و لە دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ هەڵهاتبوون، هەردووکیان ئارەزوویان بۆ بیروباوەڕی سۆسیالیستی هەیە و کۆمارین، هەردووکیان داخ لە دڵ و دوورخراوەن لە نیشتیمان و لە ژیانیان، هەردووکیان بەشداربوون لە بەرەی بەرگری ئیسپانی …
بەم شێوەیە و سەرەڕای جیاوازی زۆر لە نێوان بەناوبانگترین نیگارکێشی سەردەمەکە و سەرتاشێکی هەژار و سادە، ئەوان بوون بە دوو هاوڕێی راستەقینە و هەر یەکێکیان بۆ ئەویتر بریتی بوو لە نیشتیمانی ونبوو، بریتی بوو لەو زمانەی ئاشقی بوون، بریتی بوو لەو روحسووکی و خوێن شرینییەی کەسایەتی ئیسپانی پێدەناسرێتەوە، بۆ یەکتری مایەی زاڵبوون بوون بەسەر تاراوگە و دوورخستنەوە!
ئاریاس بوو بە سەرتاشی هەمیشەیی پیکاسۆ و هاوڕێی گیانی بە گیانی و پارێزەری نهێنییەکانی، تەنها کەس بوو کە دەیتوانی هەموو هەفتەیەك چاوی بە پیکاسۆ بکەوێ و پێکەوە بڕۆن بۆ تەماشاکردنی زۆرانبازی گایەکان، ئەو بەرەنگاربوونەوەیەی لەم زۆرانبازییەدا هەبوو بۆ پیکاسۆ وەك بەرەنگاربوونەوەی ژیان بوو … ئاریاس تاکە کەس بوو کە دەیتوانی بچێت بۆ ماڵی پیکاسۆ هەرکاتێك ئارەزووی بکردایە، پێکەوە شەوگاری درێژیان بەڕێدەکرد و گفتوگۆیان دەربارەی سیاسەت و نیگارکێشان و ئەدەب و هەونەر دەکرد، باسی بەرەی بەرگرییان دەکرد لە ئیسپانیا لە دژی فرانکۆ، باسی دۆخی پەنابەرە ئیسپانییەکانیان دەکرد لە فەڕەنسا!
پیکاسۆ ئۆتۆمبیلێکی بۆ ئاریاس کڕی بۆ ئەوەی هەرکاتێك بیەوێت سەردانی بکات، هەر کاتێکیش دەچوو بۆ لای بۆ سەرچاکردن، تابلۆیەك لە تابلۆکانی لەگەڵ خۆی بۆ دەبرد … ئەم تابلۆیە لە بری نرخی سەرچاکردنەکە نەبوو کە هەرگیز ئاریاس وەرینەدەگرت، بەڵکو وەك دیارییەکی هەمیشەیی و دووبارە لە پێناو هاوڕێیەتییەکی راستەقینە و قووڵ بوو!
پیکاسۆ هەرگیز تابلۆیەك یان کارێکی هونەری خۆی بە فیڕۆ نەدەدا، زۆر هۆگر و پەرۆشی بەرهەمەکانی خۆی بوو، بەڵام دەیزانی کە بەنرخترین شتێك پێشکەشی هاوڕێکەی بکات بریتییە لە تابلۆیەك یان کارێکی هونەری هەرچەندە بچووکیش بێت!
کاتێکیش سەردانی دەکرد، لەسەر پێشەکی پەرتووکێك یان لەسەر دەفرێکی خەزەفی وێنەیەکی بۆی دەکێشا، هەروەها لە پاش هەر زۆرانبازییەکی گایەکان کە پێکەوە ئامادەی دەبوون و کۆتاییەکەی خراپ و ئازار بەخش نەدەبوو، پیکاسۆ وێنەیەکی خێرا و سەرسووڕهێنەری دەکێشا کە گوزارشتی لەو خۆشییە لە راددەبەدەرەی خۆی دەکرد بەو کۆتاییە!
هەندێ جار پیکاسۆ بەنرخترین تابلۆی خۆی پێشکەش بە هاوڕێکەی دەکرد، وەك تابلۆی جاکلینی هاوسەری کە بە واژۆی پیکاسۆ خۆی واژۆ کرابوو!
کاتێك ئاریاس لەگەڵ کچە برادەرەکەی (سیمۆنا فرانکواڵ) کە هاوڕێی بوو لە هێزی بەرەنگاری، هاوسەرگیرییان ئەنجامدا لە ساڵی ١٩٥٠، پیکاسۆ و جاکلینی هاوسەری شایەتحاڵی ئەو هاوسەرگیرییە بوون و تیایدا پیکاسۆ تابلۆیەکی تری وەك دیاری هاوسەرگیرێتی بەخشییە ئاریاس کە بریتی بوو لە پۆرترێتێکی نوێی جاکلین.
بەم شێوەیە بیست و شەش ساڵ تێپەڕی لە هاوڕێیەتی و هۆگری لە نێوان پیکاسۆ و ئاریاس، بە جۆرێك کە جوانترین رۆژگاریان پێکەوە بەسەردەبرد.
کاتێك دەچوونە یانەکان پێکەوە گۆرانی ئیسپانییان دەوتەوە، بۆ وڵاتێك دەگریان کە بۆیان نەبوو بگەڕێنەوە بۆی چونکە لێیان قەدەغە کرابوو، خۆشەویستییان بۆ ئەو وڵاتە جۆشی دەسەند و نەفرەتیان دەکرد لە نازییەت و دیکتاتۆرییەت و ستەمکاری لە هەرکوێیەك و بە هەرشێوەیەك بوایە، پێکەوە خەونیان بە ژیان و بە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا دەبینی …
” گەنجینەکەی ئاریاس ”
لە ماوەی ئەو بیست و شەش ساڵەدا ئاریاس توانی گەنجینەیەکی سەرسووڕهێنەر لە تابلۆ و پارچەی هونەری جۆراوجۆری بەناوبانگترین ناوی هونەری کۆبکاتەوە کە هەموو جیهانی بەخۆیەوە خەریك کردبوو بەجۆرێك کە مۆزەخانەکان و پایتەختەکان و گەلەرییەکان لە خولیا و پەرۆشی ئەوەدا بوون شتێکیان دەستبکەوێت کە بە ناوی ئەوەوە واژۆ کرابێت.
ئەوەی گرنگ بوو ئاریاس ئەم گەنجینە بەنرخەی کۆکردەوە لە ئەنجامی متمانە و خۆشەویستی ئەم نیگارکێشە کە لەگەڵ خەڵکیدا زۆر بە ساردی و بە رەقی مامەڵەی دەکرد!
لە ساڵی 1973 پیکاسۆ لە پاش ژیانێك کە پڕبوو لە هەموو شتێك کۆچی دوایی کرد.
ئاریاس تەنهاکەسی ئیسپانی بوو کە لە کاتی سەرەمەرگیدا ئامادە بوو، بە کوڵ بۆی دەگریا هەروەك چۆن منداڵێك بۆ خێزانەکەی بگری، تەرمەکەی بەو ئاڵایە پێچایەوە کە دایکی لە ئیسپانیاوە بۆی ناردبوو، بە درێژایی شەو لە لای مایەوە تا بە خاکیان سپارد، بەو شێوەیە پیکاسۆ هونەری نیگارکێشان و هەموو رەنگەکانی بەجێهێشت، تەنها بەرەو رەنگی رەش و سپی رۆیشت.
پاش مردنی پیکاسۆ، ئاریاس پیشانگایەکی کردەوە لە شارۆچکەی پیاریۆسی فەرەنسی بۆ کارە هونەرییەکانی پیکاسۆ کە تایبەت بوون بە خۆیی و پیکاسۆ پێی بەخشیبوون، هەر ئەوەندە هەواڵەکە گەیشتە رۆژنامەکان، نوێنەری مۆزەخانەکانی جیهان بە پەلە خۆیان گەیاندە ئاریاس و داوای کڕینی ئەو گەنجینەیان لێیدەکرد.
بەڵام ئاریاس هەمیشە دەیوت کە ئەمانە بۆ فرۆشتن نین و رۆژێك دێت لەگەڵیاندا دەگەڕێینەوە بۆ ئیسپانیا، ئەوسا ئەم تابلۆیانە لە شوێنی شیاوی خۆیان دەبن!
بەو شێوەیە ئاریاس ئەو هەموو بڕە پارەیەی کە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرا رەتکردەوە کە خرانە بەردەستی لە لایەن دەوڵەمەندەکانی جیهان و گەلەری و ماڵەکانی هونەرەوە!
پاش مردنی فرانکۆ لە ساڵی ١٩٧٥ و کۆتایی هاتنی قۆناغی دیکتاتۆرییەت لە ئیسپانیا، ئاریاس هەموو کارە هونەرییەکانی پیکاسۆ کە تایبەت بوون بە خۆی پێچایەوە و پێکەوە گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا، تابلۆکان دەیانزانی کە دەگەڕێنەوە بۆ لای رووحی ئەو دەستەی کە نەخشاندوونی، هەروەك چۆن ئاریاس بە درێژایی رێگاکە گفتووگۆی لەگەڵیان دەکرد و دەستی دەهێنا پێیاندا و دەیوت ” ئەوەتا دەگەڕێینەوە، دیکتاتۆر مرد و ئیسپانیا بە زیندوویی مایەوە، ئەوەتا وا دەگەڕێینەوە هاوڕێکەم هەروەك چۆن خەونمان دەبینی ”
” گرینکای مرۆڤایەتی ”
ئاریاس گەڕایەوە بۆ شارۆچکەکەی خۆی لە ئیسپانیا، ناوبانگی تابلۆکانی پیکاسۆ کە لە لایەتی لە پێش خۆیەوە گەیشتبوون، بە گرنگییەکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا، ئۆفەری زۆر خرانە بەردەستی بۆ کڕینی ئەو تابلۆیانە بە هەرنرخێك بێت!
بەڵام ئەو هەمیشە دەیوت کە ئەمانە دیاری پیکاسۆن و دیاریش نافرۆشرێت!
بەو شێوەیە ئاریاس بە هەژاری گەڕایەوە شارۆچکەکەی خۆی هەروەك چۆن بە هەژاری بەجێیهێشتبوو، بەڵام دەوڵەمەند بە ئەزموونی خەباتگێڕی و هاوڕێیەتی لەگەڵ پیکاسۆ.
ئاریاس هەموو کارەکانی پیکاسۆ کە زیاتر لە شەست تابلۆ، چل پارچە نیگاری کانزایی و بیست و حەوت پارچە نیگاری خەزەفی بوون، پێشکەش بە شارەوانی شارۆچکەکەی کرد و تەنها داواکاریشی ئەوەبوو کە ئەم سامانە بکرێتە مۆزەخانەیەك بۆ ئەوەی خەڵکی بۆ تەماشاکردنی سەردانی شارۆچکە دوورەدەستە فەرامۆشکراوەکەی بکەن و بەو شێوەیە بمێنێتەوە و هەرگیز نەفرۆشرێن، هەرگیز هیچ پارچەیەکی نەگوازرێتەوە بۆ هیچ جێگایەك!
شارەوانی شارۆچکەکە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییان بۆ ئاریاس رێکخست، لەو چاوپێکەوتنەدا بە دوور و درێژی باسی پەیوەندی نێوان خۆی و پیکاسۆی کرد، باسی پشتگیری ماددی و رووحی پیکاسۆی کرد بۆ بەرەی بەرهەڵستکاری، باسی پشتگیری ماددی پیکاسۆی کرد بۆ پەنابەرە ئیسپانییەکان لە فەڕەنسا، باسی ئەو ماوەیەی کرد کە پیکاسۆ پەیوەندی کردبوو بە پارتی کۆمۆنیستییەوە، باسی بەرواری وێنەکێشانی تابلۆی گرینکای کرد، پیکاسۆ لەم تابلۆیەدا هەڵوێستی خۆی پیشانداوە سەبارەت بە هەموو نازییەکان لە جیهاندا، هەروەها باسی کۆنگرەی ئاشتی کرد کە پیکاسۆ داوای بەستنی کردبوو، هەر ئەم کۆنگرەیە بوو کە وای لە پیکاسۆ کرد تابلۆی جەنگ و ئاشتی وێنە بکێشێت، هەروەها باسی پەیوەندی پیکاسۆی کرد بە هاوڕێکانیەوە وەکو سارتەر و سیمۆن دی بۆڤوار و دڵسۆزی پیکاسۆ بۆیان، باسی شەیدایی لە راددەبەدەری پیکاسۆی کرد بۆ هونەرەکەی و چۆن هەمیشە لە پلەی یەکەمی گرنگییەکانی بووە لە ژیانی و تەنانەت گرنگتربوو لە پەیوەندییەکانی و هەتا لە پەیوەندی نێوان خۆیی و خێزان و منداڵەکانی!
ئاریاس زۆر بە پەرۆشەوە بوو کە پارێزگاری لە نهێنییە کەسێتییەکانی پیکاسۆ بکات، بۆیە زۆر بە توندی رەتیدەکردەوە باسی پەیوەندییە سۆزدارییە جۆراوجۆرەکانی بکات و هەمیشە لە وەڵامدانەوە خۆی دەدزییەوە و دەیوت کە ئەو هونەرەکەی لە هەمووشتێك لەلا گرنگتربوو.
سەرتاشەکەی پیکاسۆ لە 28ی نیسان لە ساڵی 2008 کۆچی دواییکرد، ئەو ماڵئاواییەی کە شارۆچکەکەیی و ئیسپانیا لێیانکرد وەکو ماڵئاواییکردن لە پاڵەوانەکان بوو!
ئاریاس ئەو مۆزەخانەیەی کە لە ساڵی 1985کردییەوە و ناوی لێنا مۆزەخانەی سەرتاشەکەی پیکاسۆ، تا ئێستا لەو شارۆچکەیە کراوەیە و هەموو ئەو تابلۆ و کارە هونەرییانەی تێدا دانراوە هەروەك چۆن لە وەسیەتەکەی داوایکردبوو!
بەو شێوەیە ئەو شارۆچکە بچووکە دوورەدەستە بوو بە گرنگترین شوێنی گەشتیاری لە شاری مەدرید و ئاریاسیش وەك جوامێرترین و بەناوبانگترین سەرتاشی جیهان باس دەکرێت پاش ئەوەی کە هەژارێکی لەبیرکراو بوو وەك هەموو هەژارەکان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت