کارمەند سلێمان نەبی: بڕوخێ سیستەمى شەق وەشێن و مافیا و دزەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژووی مرۆڤایەتیدا چەندین قۆناغ و سەردەمى شۆڕش و ڕاپەڕینى خەڵک هەیە، ئەگەر ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە ڵێکۆڵینەوەو شیکردنەوەیان بۆبکرێت زۆرلێک دەچن، دەتواندرێت سوودى هەبێت و سوود لێ وەربگیرێت بۆ هەنگاوەکانى داهاتوویی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانى باشوورى کوردستان لەدژى سیستەمى چەوسێنەرى خێڵایەتى حیزبى کە بەدرێژایی 29ساڵى دەسەڵاتى حیزبەکانى باشوورى کوردستان تەنها ئامانجیان کۆیلەکردن و چەوسانەوەو هەژارکردنى خەڵکى باشوورى کوردستانە کە بەدرێژەدانى سەرکوت و ئیستبداى زۆرو تیرۆرو بزرکردن و ڕفاندن و کوشتن گەشەیان بەسەرمایەو دەسەڵاتیان داوە.
لەقۆناغ و سەدەکانى ڕابردوودا بەهۆى بەرزکردنەوەى دەنگى ناڕەزایەتى وگوتنى نابۆچەوسانەوەو سیستەمى کۆیلایەتى و بەهۆى گەشەى وشیارى کۆیلەکانەوە. شۆڕشى کۆیلەکان لەدژى سیستەم و یاساکانى چەوسێنەرى کۆیلایەتى دەستى پێکرد و بەسەرکەوتنى کۆیلەکان و شکستى خاوەن کۆیلەکان شۆڕش سەرکەوتوو بوو، قۆناغى کۆیلایەتى کۆتاییهات، کۆیلەکان ڕزگاریان بوو.
لەقۆناغى ئێستاى باشوورى کوردستان بەشێکى زۆر لەهێزەکانى پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش زۆر بێزارو ناڕازین لەم سیستەمە چەوسێنەرەى باشوورى کوردستان لەبەرئەوەى ئەوانیش هەروەک فەرمانبەران مووچەکانیان کەمە و هەست بەئازارەکانى خەڵکى ناڕازى دەکەن، بەزۆر دەیان بەن بۆناو شاروشارۆچکەکانى باشوورى کوردستان. بەچەندین پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش نامەى نووسراو بڵاودەکاتەوە، دەڵێ ئەگەرچى بەزۆر هێندراوم بەڵام تەقە لەخەڵک ناکەم، ئەمە جێگاى دەستخۆشى و دڵخۆشییە. کێشەکە ئەوەیە هیچ هێزێكی پێشڕەو و پێشەنگ کە سیکۆلارو ئازادیخوازبێت کە ڕابەرایەتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى خەڵکى بکات زۆر بەداخەوە بوونی نییە. ئەگەر لەهەندێک شوێن و شار هەشبێت بەلاوازى و بێ کاریگەرى هەیە. پڕکردنەوەى ئەم بۆشاییە پێویستى بەهاوکارى و هەماهەنگى سەرجەم مرۆڤە کۆمۆنیست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازو چەپ و پێشکەتنخوازانى کوردستانە.
لە باشوورى کوردستان بەدرێژایى 29ساڵە حیزبەکانى یەکێتى و پارتى و ئیسلامییەکان و حیزبە سێبەرەکانیان و یستوویانە ئەم جۆرە سیستەمە چەوسێنەرە درێژەپێ بدەن، هەر کەسێک و لایەنێکیش ناڕازى بوو شوین بزریان کردو تیرۆریان کرد. ئەگەر لەساڵانى ڕابردو گوێیان لەخەڵکى ناڕازى بگرتایە، بەکردار چاکسازیان دەکرد لەدەسەڵات و سیستەم، بەڵام لەپێناوى پاراستنى بەرژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیی و خێڵایەتیان نەچاکسازیان کردو نەدژى گەندەڵى وەستانەوە، بەڵام خەڵکى باشوورى کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ووشیارتر بۆوە دەنگى ناڕەزایەتیەکانى بەهێزتر کرد.
لەسەردەمى ئێستادا زۆر زۆر بەداخەوە خەڵکى ناڕازى لەگەڵ هاتنە سەرشەقامەکانى لەشاروشارۆچکەکانى کوردستان بەشێکى زۆر لەگەنجان و لاوانى باشوورى کوردستان بوونە قوربانى و گیانیان لەدەستدا، بەشێکى زۆریش برینداربوون. لەکاتێکدا سەرەخۆشى خۆم ئاراستەى سەرجەم قوربانییەکان دەکەم و هیواى زوو چاک بوونەوەش بۆسەرجەم بریندارەکانیش دەخوازم. لەگەڵ ئەوەی پشتیوانى خۆم لەسەرجەم خواست و داواکارى یە مەدەنى و شارەستانییەکانى خەڵکى باشوورى کوردستان دەکەم. لەهەمان کاتیشدا هەروەک (گیڤارا گوتویەتى; من لایەنگرى چینەکەمم، چینى هەژاران. ئەوانەى کراسێک بەسەر لەشیانەوە نییە، ئەوانەن جیهان ڕزگاردەکەن، سەرۆک کرێکارێکە لەبەرگێکى پۆشتەدا، نەک دەسەڵاتدارێکى خوێڕى لەکۆشک و تەلارێکى ڕازاوەدا.)
ڕیسوایی و شەرمەزارى بۆ ئەو حیزبانەى کەدەیانەوێت بەسەرکوت و ئیستبدادى زۆر وبەداخستنى کەناڵى(N R T (و دەست بەسەرداگرتنی ڕۆژنامەنووسەکانى و بەده‌ستگیرکردنی چالاکوانانى مەدەنى وسیاسى و سه‌دان هاوڵاتی بێتاوان، تەنها لەبەرئەوەى لەدژى دزى و گەندەڵى و فەسادى و بەفیرۆدانى سەروەت و سامانى ژێرزەوى و سەرزەوى باشوورى کوردستان هاتونەتە مەیدانى تێکۆشانى مەدەنى و شارەستانى، بەڵام پارێزەرانى دەسەڵات بەهێنانی هێزێکی زۆر به‌چه‌کی قورس بۆ ناوشاره‌کان ئەیانەوێت ئەو جۆرە سیستەمە چەوسێنەرو نادادپەروەر و گەندەڵکارو دزە بپارێزن، ڕێگە بگرن لەهەرجۆرە گۆڕانکارێک لەسیستەمى حکومڕانى کە لەبەرژەوەندى خەڵکى باشوورى کوردستان بەگشتى دابیت. بەدڵنییایەوە ئەمەنیشانەو ئاماژه‌ی کۆتایی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ فاسیدو سته‌مکاره‌یە، ئه‌و هێزه‌ی دوێنێ به‌رپرسه‌ فاسیده‌کان به‌ ته‌سلیمکردنی که‌رکوک و خورماتو شکۆیان شکێندارا، ئه‌مڕۆ دیسانه‌وه ‌به‌هێنانیان بۆناو شاره‌کان هێنده‌ی دیکه‌ ناشرین ده‌کرێن، ڕیسواو شەرمەزاردەبن لەلایەن خەڵکى باشوورى کوردستانەوە. داواکارم له‌م هێزە چەکدارانە وشیاربن نه‌بنه‌ قه‌ڵغان بۆ به‌رپرسه‌ دزه‌کان، خه‌ڵکی برسی و بێکار سه‌رکوت نه‌که‌ن و به‌ئه‌رکی مێژووی خۆیان هه‌ستن و ویژدانیان ئاسوده‌ بکه‌ن.
پێویستە بەزووترین کات سەرجەم ڕفێندراون و دەستگیرکراوان بە هەر بیانوێکەوە بێت ئازادبکرێن، وە ئه‌و ده‌یان گه‌نجه‌ی دیکه‌ که‌ ده‌ستگیرکراون لەسەرجەم شارەکانى کوردستان هیچ مه‌ترسی نین بۆ سه‌ر کوردستان، ده‌بێت ئازادبکرێن. ئەوە لایەنى بەرپرسانى باڵای دزو مافیاکانن مەترسین بۆسەرتەواوى کۆمەڵگەى باشوورى کوردستان کە درێژەدەدەن بەدزی و تاڵانییەکانیان هەتا ئەو جۆرەسیستەم و دەسەڵاتە خێڵەکى و حیزبی یە بمێنێت.
هەنگاو بەهەنگاو قۆناغەکانى ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکان گۆڕانى بەسەردادێت ئەگەرچى بەهۆی نەبوون و نەهاتنە کایەوەى ڕابەرایەتیەکی دڵسۆزو پڕکاریگەر سەر بەو جەماوەرە زۆرە ناڕازییە، هێشتا چاوەڕێ دەکرێت لەلایەن بەرەی بۆرژوازی تاڵانچی نوێوە زاڵ ببن بەسەر ئاراستەی شەپۆلی ناڕەزایەتیە نوێیەکاندا. لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا لەگەڵ هەر هاتنە مەیدانێکی نوێی جەماوەریدا ئەزمونی زیاتری چینایەتی ئاشنا دەبن. ئەبێ ئەو ڕاستى باشتر بۆخەڵکى ناڕازى ڕوون بکرێتەوە کە نەمەلاکانى ئایینى و نەنوێنەرانى حیزبەکانى بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان لەچەشنى (ئیسلامى یەکان و بزووتنەوەى گۆڕان ) دەتوانن ڕابەرایەتێکى دڵسۆزبن بۆداواکارییەکانى خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەرى شارەکانى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەو حیزبانە بەپێی بەرژەوەندى خۆیان نەک بەرژەوەندى خەڵکى هەژارو ناڕازى خۆیان هەنگاو دەنێن هەروەک بینیمان لە 17ى شوباتى ساڵانى ڕابردوو چۆن بەسەر پشتى خەڵکى خۆپیشاندەرو ناڕازى دا سەرکەوتن بۆ بوونە ئەندام پەرلەمان و وەزیر. ماوەیەک ئۆپۆزیسیۆن, ماوەیەک لەناوحکومەت و دەسەڵات، چۆن بەرژەوەندییان هەبێت هەروەک حیزبەکانى دەسەڵات هەنگاو دەنێن بەکورتى و بەکوردى هەروەک کەرى ناوجۆگا وان ئەیانەوێت لەهەردوو لابخۆن هەم پۆست و پارەى دەسەڵاتیان هەبێت هەمیش دڵى خەڵکى ناڕازى بۆخۆیان کێش بکەن بۆ کاتى دەنگدان و هەڵبژاردنەکان.
چەندین ساڵە هەربەم جۆرە سیاسەت دەکەن و دەڵێن دەسەڵات و حکومەت دزو گەندەڵە کە هەڵبژاردن کرا بەهەمان جۆر سیستەمى خێڵایەتى حیزبى (بەش بەشێنە) دەچنەوە ناوحکومەت وپەرلەمان درێژە بەهەڵسوڕانیان دەدەن. خەڵکى باشوورى کوردستان پێویستە دوور لەکاریگەرى ئەم جۆرە بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە درێژە بەتێکۆشانى مەدەنى و شارستانى خۆیی بدات و داوای گۆڕینى سیستەمى خێڵایەتى حیزبى بکات، هەنگاوبنێت بەیەکگرتوانەى جەماوەرى بۆ دامەزراندنى سیستەمێکى شارستانى و مەدەنى وئازاد و دوور لەچەوسانەوەو کۆیلایەتی و نابەرابەرى. دەنا بەپێچەوانەوە خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەر داهاتوی خۆیی تەسلیمى ئەم بەناو ئۆپۆزیسیۆنانە بکات ئەم نارەزایەتى و خۆپیشاندانانەى رۆژانى قۆناغى ئێستا هەروەک 17ى شوباتى ساڵانى ڕابردوویی لێدێتەوە. ئەمانە بەسەرپشتى خەڵکى ناڕازى و هەژاروخۆپیشاندەر سەردەکەون.
باشترین بژاردەو چارەسەر بۆسەرکەوتن گەیاندن و بەدیهێنانى ئامانج و خواستەکانى خەڵکى ناڕازى بەسیستەمى ئەمرۆیی چەوسێنەرو گەندەڵکار ئەوەیە خەڵکى شارو شارۆچکەکان دوور لەتوندوتیژى درێژە بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى خۆیان بدەن، خەڵکى شاروشارۆچکەکان خۆیان ئەنجومەنى شورایی خەڵک دابمەزرێنن و لەڕوویی ئیدارییەوە دەسەڵاتى خۆیان جێگیر بکەن و شورای و گەرەک و شارەکان دابمەزرێنن و سیستەمێکى باشتر جێگیر بکەن و هەرخۆشیان بەرگرى لێ بکەن و بیپارێزن لەتەدەخولکردنى دوژمنان و داگیرکەرانى ناوچەکە (کە دەوڵەتانى ئێران و عێراق و تورکیا لەدەرفەتێک دەگەڕێن دژایەتى زیاترى خەڵکى کوردستان بکەن). ئەم بارودۆخەى ئێستا کەهاتۆتە پێش ناکرێت و ناگونجێت بەبێ ڕێکخستنى جەماوەرو دانانى میکانیزمێکى شارستانى و مەدەنى بۆ ئێستاو قۆناغەکانى داهاتوو بڵێین ئامانج و داواکارییەکان بەدەست دێت و خەڵکى باشوورى کوردستان دەچێتە قۆناغێکى باشتر لەئەمرۆ.
ئەوانەى قسەو دروشم دەڵێنەوە لەناو خۆپیشاندەراندا پێویستە بەجۆرێک بێت کەخزمەت و سوود بگەیەنێت بەسەرکەوتن، گەیاندنى خواست و ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى خۆپیشاندەر کەچەندەها قوربانیان لەپێناوى گۆڕینى ئەم سیستەمە چەوسێنەرە داوە. لەبەرژەوەندى خەڵکى باشوورى کوردستاندا نییە کە هیچ خۆش خەیاڵێک بەبەڵێن وپەیمانەکانى دەوڵەتى عێراق ببەسترێت هەروەک حکومەتى هەرێمى باشوورى کوردستان. خەڵک لەژێرسایەى دەوڵەت و سیستەمى ئیسلامى عێراقدا بارودۆخى گوزەرانیان لەخەڵکى باشوورى کوردستان باشتر نییە، بەڵکو زۆر خراپتریشە. لەدوایی ساڵى 2003 چەندین گەرەکى هەژارنیشن دروست بوون کەخانەوەکانیان لەکەلاوە دەچێت لەسەرەتایترین پێداویستى خزمەتگوزراى بێ بەشکراون. ساڵ لەدوایی ساڵ ڕێژەى گەشەى بێکارى و هەژارى زیاد دەکات لەژێرسایەى سیستەمى دەوڵەتى ئیسلامى عێراقدا. بەمانایەکى تر پێویستە خەڵکى خۆپیشاندەرو ناڕازى تەنها پشت بەخۆیان و بەرەى ئازادیخوازان و یەکسانیخوازانى باشوورى کوردستان ببەستن.
بەپێچەوانەوە ئەگەر بگوترێت چۆن هاتووە با وابڕوات، هەرچى دەگوترێت و دەکرێت با بکرێت و توندوتیژى و کوشتن دەبێ بابێ ئەوا بەدڵنییایەوە ئایندەی باشوورى کوردستان لەئێستاو لەساڵانى ڕابردوو زۆرخراپتر دەبێت دوژمنان و داگیرکەران و گەندەڵکاران و مافیاکانى ناودەسەڵات زۆر باشتر بارودۆخیان بۆ لەبار دەبێت هەتاوەکو بەئارەزویی خۆیان خەڵکى باشوورى کوردستان کۆیلەو چەوساوەو سەرکوت بکەن. گۆڕینى کەسەکان لەناو دەسەڵات گرینگ نییە، گرینگ گۆڕینى سیستەمى چەوسێنەرو نابەرابەرو دزو گەندەڵکارە بەسیستەمێکی سیکۆلارو شارستانى و ئازاد ودوور لەچەوسانەوە. هەربۆیە پێویستە لەیەکەم هەنگاو بۆ داهاتوو خەڵک ئامادەسازى بکات بۆهێنانەدى کۆمەڵگایەکى باشترو ئازاد.
خەڵکى باشوورى کوردستان ماوەى چەندین ساڵە بێ دەنگى شکاندووە لەئاست چەوسانەوەو نابەرابەرى و دزى و گەندەڵى بەرپرسانى حیزبەکانى پارێزەرى سیستەمى خێڵایەتى وبنەماڵەیی وحیزبى دا. ڕێپێوان و خۆپیشاندانى ساڵانى ڕابردوی چین و توێژە جیاوازەکانى مامۆستایان و خانەنیشینان و کرێکاران و دەستفرۆشان و ژنان و لاوان سەرجەم بەشەکانى کۆمەڵگە وجودى هەبووە. قوربانى زۆریش دراوە لەپێناوى بەدیهانانى ئامانج و داواکارى و ماف و ئازادییەکان. لە 17ى شوباتى ڕابردوو چەندین قوربانى لێکەوتەوە بەچەندین هەڵسوڕاوى سیاسى و رۆژنامەنووس و چالاکوانى مەدەنى بەهۆى هەڵسوڕانیانەوە لەپێناوى بەدیهێنانى ئایندەیەکى باشترى خەڵکى باشوورى کوردستان بوونەتە قوربانى و تیرۆرکراون.
لەساڵانى ڕابردوو چەندین حیزب سوودى زۆریان لەناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکانى خەڵک وەرگرت و ئەندام پەرلەمان و وەزیریان چوونە ناوحکومەتەوە، بەڵام خەڵکى ناڕازى هەژارو کرێکارو فەرمانبەر هیچ سوودى نەبینى، بەڵکو زۆر زیانى بەرکەوت لەبەرئەوەى موچەکەى کرایە نیوەمووچەو جادەو کۆڵان و گەرەک و شارو شارۆچکەو دێهاتەکانى بێ خزمەتگوزراى مانەوە.
ئەگەر ئەم جارەش خەڵکى خۆپیشاندەرو ناڕازى شارو شارۆچکەکانى باشوورى کوردستان لەساڵانى ڕابردوو ووشیارتر نەبێت بەرامبەر سەرجەم حیزبەکانى باشوورى کوردستان ئەگەر وشیار نەبیت بەرامبەرحیزبەکانى دەسەڵاتدارو حیزبەکانى بەناو ئۆپۆزیسیۆنى دوێنێ کەتائێستاش وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانیان لەناوحکومەتدان کە ئێستا بەو حکومەتە خۆیان دەڵێن حکومەتى دزو گەندەڵکار. پێویستە خەڵک زۆر وشیاربێت بەرامبەرئەم حیزبانە کەخەڵکى کرێکارو هەژارو فەرمانبەر نەکەنە پرد بۆخۆیان بەسەرى دا بۆدەسەڵات بپەڕنەوە.
ئەبێت خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەر ئەوەندە وشیاربێت کەبتوانێت بەباشترین شێوەو جۆر هەنگاو بنێت بۆ کۆتایهێنانى شەق وەشێن و مافیا ودزو گەندەڵکاران و بەدیهێنانى ئامانج و خواستە ئینسانییەکانى. سازش لەسەر هیچ نەکات هەتاوەکو سەردەکەوێت ئەمەش پێویست دەکات کەسوود وەرگرن لەهەڵەو کەموکوڕییەکانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى ساڵانى ڕابردوو کە بۆچى و لەبەرچى سەرکەوتوو نەبووە و ئامانج و خواستە ئینسانییەکان بەدی نەهاتوون.
لەناوئەنجومەن و شوراکانى خەڵکدا کە لەداهاتوودا پێویست دەکات دروست بکرێن، هەفتانەو مانگانە کۆبوونەوە و بەرنامەسازى خۆیان لەبوارى کارگێرى وئیدارى خزمەتگوزرارییەکان بەڕیوەبچێت. بەمەش خەڵک خۆیى دەتوانێت دوور لەدزى و گەندەڵى بەجۆرێکى مەدەنى و شارستانى هەنگاو بۆداهاتوو بنێت و خۆشى بەشداربێت لەدەسەڵات. ئەبێت ئەوە بزاندرێت بەبێ ڕێکخرابوون و ڕێکخستنى خۆپیشاندانەکان بەشێوازێکى شارستانى و مەدەنى هیچ جۆرە ئامانج و خواست و مافێکى ئینسانى بەدی نایە، تەنها ژمارەى قوربانییەکان بۆئایندە زیاد دەکرێت کەئەمەش جارێکى تر خەڵکى ناڕازى و چەوساوە بەرەو بێ ئومێدى زیاتر دەبات. هەربۆیە پێویستە سەرجەم ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و چەپ و کۆمۆنیستەکان باشتر لەساڵانى ڕابردوو بەهاوکارى یەکترى و پشتیوانى خۆپیشاندانەکان بن و ڕابەرایەتى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بکەن بۆئەوەى سەرجەم ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانەکان بەرەو ئاراستەو داهاتویەکى باشترو شارستانى و مەدەنى و ملبنێ و سەرجەم خواست و مافە مەدەنى و شارستانییەکان بەدى بهێندرێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت