ئارام هادی: دوادەرفەتی هەرێم لەگەڵ بغداد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێککەوتن لەگەڵ عیراق، بەشێک لە کێشەکانی هەرێم ئەوەی پەیوەندی بە قەیرانی دارایی وەک دواکەوتن و لێبڕینی موچە هەیە چارەسەردەبێت، ڕێککەوتنەکە واش دەکات پرۆژەکان بخرێنەوەگەڕ و هەلی کار زیادبکات، بەڵام بەشەکەیتر بە دژایەتی گەندەڵی ئیداری و هەوڵدان بۆ کاڵکردنەوەی ناعەدالەتی و جێگیربوونی یاسا دێتەدی.
لەلایەکیترەوە ڕێککەوتنی هەرێم و بغداد قورس بووە، لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم بەبێ خواستی تورکیا توانای بڕیاردانی نیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بغداد، هەرچی حزبە سوننی و شیعیە عیراقیەکانیشە گرەویان لەسەر نەناردنی موچە و بودجەیە بۆ هەرێم، تا دڵی شەقام بەدەست بهێنن و لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراقدا هەریەکە چەند کورسیەک بۆخۆی مسەوگەر بکات.
نەبوونی کەسێکی کاریزماش بۆ ئێمە بۆتەوە بە کێشە تا بەدەوری مێژوویی خۆی هەستێت و واقعی هەرێم و بغدادیان لە کۆبونەوەیەکی فراواندا بۆ بخاتە سەر مێزەکە و ناچار بە ڕێککەوتنیان بکات، کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتییش بەهۆی بڕیارە بەرژەوەندیە کەسیەکانی ترامپەوە بۆشایی سیاسی زیاتر لە ڕابردووی بەدوای خۆیدا هێناوە و وایکردووە قورسایی ڕۆڵەکەیانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
دواتر گومانم هەیە لەوەی کە تا ئێستاش گەورەیی مەترسی خۆپیشاندانەکان ڕۆچوبێته ناو کەلە سەری حکومەتی هەرێمەوە، کە تا دێت خۆپیشاندەران جار دوای جار سورتردەبن لەسەر بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان و ناڕەزایەتیەکانیان توندتر دەردەبڕن، دەمەوێت بڵێم بەلای هاوڵاتیانەوە گرنگ نیە هەرێم و بغداد دەگەنە ڕێککەوتن یاننا، ئەوەی بۆیان گرنکە لەکاتی خۆی موچە وەرگرن و قەرەبوی موچە فەوتاوەکانیان بۆ بکرێتەوە و هەلی کار زیادبکات، ئیدی خۆی بە سەربەخۆ وەک ڕابردوو نەوت دەفرۆشێت یان لەگەڵ عیراق ڕێکدەکەوێت کێشەنیە.
لە دوو لاوە دوادەرفەت بۆ هەرێم هاتۆتە پێش، یەکەم جارێکیتر هاونیشتمانیان مۆڵەتێکیان دایەوە بە حکومەت بۆ گرتنە بەری دابینکردنی موچە و بودجە، هەروەها عیراقیش کەم تا زۆر نیازی ڕێککەوتنی لەکەڵ هەرێم هەیە، ئەمەش دەرفەتێکی ئاڵتونی و دواکاتە بۆ هەرێم تا هەوڵەکانیان لە ڕێککەوتن و پابەندبوون بە ڕێککەوتن چڕتربکەنەوه، گەرنا دەربڕینی ناڕەزایەتی ئەمجار بەو توندوتیژیەوە کە لە خۆی گرتبوو، دووکەڵی پێش ئاگر و ڕەشەبای پێش زریانێکی سوتێنەر و کاولکەرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت