بەهرۆز جەعفەر: دۆخەکە چی لێ دێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نە ژیان و نە سیاسەت هەمووی هەڕەشەو تەحەددا نییە، بەڵکو دەرفەتەکانیش زۆرن، ئیتر ئەوە کەوتۆتە سەر کاراکتەرو دامەزراوەی تۆکمەو ژیر وەکو ناونیشانی نامیلکەکەی لینین (کیف تتحول هزيمة الى النصر) چۆن شکست ئەگۆڕن بۆ سەرکەوتن. بە بڕوای من سەرەڕای مەترسییە گەورەکان ئەم دەرفەتانەش هەیە:
یەکەم/ لەماوەی یەک مانگدا دوو دەرزی ڤاکسین مۆڵەتی بەرهەم هێنان و بەکارهێنانیان وەرگرتوە. ئەمە جووڵەیەکی گەورە ئەخاتەوە بەر بازاڕی ئابوریی جیهانی کە سەرکردە باڵاکانی ئەمریکا بە پێش چاوی کامێراکانەوە دەرزییەکەیان لێ ئەدرێت. بەتایبەت کۆرۆنا زیاتر تەنگی بە وڵاتە پێشکەوتوەکان هەڵچنی بوو، زیانی گەورەی لێدان، وەکو ئەمریکاو بەریتانیاو کەنەداو مەکسیک و هیندستان و فەڕەنساو چین و ئیتاڵیاو ئەڵمانیا. بەشی هەرە زۆری داهات و ئابوریی گۆی زەویش کەوتۆتە لای ئەوانەوە.
دووەم/ هاتنی سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتوەکان «جۆ- بایدن» لە مانگی 1ی 2021 دا دەرەنجامی باشی بۆ دۆخی عێراق ئەبێت. بەتایبەت بایدن تێگەیشتنی تەواوی بۆ دۆخی عێراق هەیە بەبەراورد بە ترامپ کە هیچ زانیاری نەبو لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بایدن زیاتر لە 13 جار سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدای کردوە.
سێهەم/ نرخی نەوت ڕوو لەبەرزبونەوەیە، لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 دا بەرمیلێک نەوت بە 42$ دۆلار دانراوە، بەڵام ئەمڕۆکە بەرمیلێک نەوت گەیشتۆتە 52 دۆلار، چاوەڕێش ناکرێت دابەزێت بۆ خوار 43 دۆلار، لەبەر سەختی ئەم زستانەی بەڕێوەیە بۆ بەشە باکورو ساردەکەی ڕووی زەوی.
چوارەم/ سیاسیە عێراقی و کوردییەکان تێگەیشتون ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکەن، ئەوا نەک مەترسی لەسەر کورسی و پێگەی سیاسییان هەیە، بەڵکو مەترسی لەسەر ژیانیشیان هەیە. کێشەی کوردستان و عێراق نەبونی پارە نییە، بەڵکو کێشە گەندەڵی زۆرو یەک نەخستنی داهات و بەڕێوەبردنە.
ئیتر ئەوانە هەم دەرفەتن، هەم کاتیش زێڕە بۆ ئەوانەی لە چاکسازیی ڕاستەقینەو پرۆژەی نیشتیمانی و ئابوریی هەمەچەشنە تێ ئەگەن.
هەرچی پەیوەندی بە بەرزبونەوەی بەهای دۆلارە بەرانبەر دیناری عێراقی بە شێوەیەکی کاتی ڕا-ڕایی و مقۆمقۆیەک ئەخاتە ناو بازاڕو ژیانی گشتیەوە، بەڵام بە درێژ خایەن هەم سوودی لە کەمکردنەوەی کاڵای هاوردەو زیندوکردنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆییدا هەیە، هەم دۆلاریش نرخەکەی دائەبەزێتەوە. ئەگەرچی دواتر دەرئەکەوێ کە ئەم بەرزکردنەوەیەی بەهای دۆلار لەلایەن بانکی مەرکەزییەوە پتر بۆ گەندەڵی بوە تا لە ئاڵوگۆڕی بانکەکانی سەدرو گروپەکانی تردا ملیارەها قازانج بکەن و لەبەرانبەر وەرگرتنی پاڵپشتی بۆ هەڵبژاردن ئەمە کراوە، نەک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت