بورهان شێخ ڕەئوف: دابەزاندنى بەهاى دینار هەنگاوێکى سەخت لە کاتێکى دژواردا.

دواجار حکومەتى عێراق بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنانى بودجەو دابینکردنى مووچەى کارمەندانى حکومەت لە ڕۆژى 20/12/2020 بڕیارى دابەزاندنى بەهاى دراوى نیشتمانى عێراقى دا بە ڕێژەى 20% ، بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و دابینکردنى خەرجى بۆ مووچەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتى و پێویستیەکانى خەڵک.

کاریگەرى ئەم هەنگاوە
لە یەکەم کاردانەوەى خێرادا بەرامبەر بە دابەزاندنى نرخى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلارى ئەمریکى لە 1190 دینارەوە بۆ 1146 دینار ، نرخى زۆربەى کاڵاو پێداویستە خۆراکیەکانى ڕۆژانەى خەڵک بەرزبووەو، دۆخێکى پڕ لە نیگەرانى و ئاڵۆزى بۆ هاوڵاتیان خووڵقاند لە ڕووى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتیشەوە، سەرەڕاى قەیران و گرفتە کەڵەکەبووەکانى پێشترى.

بنەچەى ئەم قەیرانە
1. ئەوەى جێگەى داخەو زۆرێک لە هێزو قەوارەسیاسیەکان کە خۆیان خوڵقێنەرى ئەم قەیرانانەن بەدواى ڕەگوڕیشاڵى ئەم دەردە کووشندەدا ناگەڕێن، بەڵکو باسى هۆکارو پاساوى بێ بنەماى تر دەکەن بۆ وێڵ کردن و بولا ڕێدا بردنى هەست و سۆزى هاوڵاتیان، لەکاتێکدا عێراق لە پێش ساڵى 2003 تەنها (850) هەزار کارمەندو مووچە خۆرى هەبووە بە وتەى وەزیرى دارایى پێشوو ،بەڵام ئێستا عێراق (6) ملیۆن کارمەندى هەیە، واتە جاران 20% بودجەى وڵات بۆ مووچە خۆران بوو ئێستا 100%. بنواڕن! چ نا هاوسەنگیەک ڕویداوە ئەمە بە کێ ڕاست دەکرێتەوە؟
2. داڕوخانى دۆخى ئاسایشى وڵات یەکێکى تر لەو فاکتەرانەیە کەواى کردووە وەبەرهێنان لە عێراقدا نەکرێت، شتێکى ڕوونە لە هەرکوێ ئارامى و سەقامگیرى هەبێت خاوەن پارەو سامانەکان سەرمایەکانیان دەخەنە کارەوە خەڵکێکى زۆریش سوودمەند دەبێت لێ یان بەڵام لە عێراق پێچەوانەکەى ڕاستە.
3. گەندەڵى و خراپ بەڕێوەبردن کۆسپێکى ترى بەردەم وەبەرهێنان و بووژانەوەى ئابورى عێراقە.
4. دەستەگەرى و مەحسوبیەتى حزبى و ئتنیکى و تائیفى وایکردووە کە لەسەر ئەو بنەمایە ژمارەى کارمەندان و مووچە خۆران زۆر هەڵبکشێت بۆسەرەوە، بۆ کڕینى وەلائو دەنگەکانیان بۆ حزبە سیاسیەکان و وەکو جۆرێک لە کرێ گرتەیى لێبێت لە جیاتى خزمەتى گشتى و سۆز وەفا بۆ گەل و وڵات، جگە لە هەزاران ناوى وەهمى و بندیوار لە لیستى مووچودا کە داهاتەکەى دەڕوات بۆ لایەنەسیاسیە دەستڕۆیشتووەکان.

تەنها ئەم هەنگاوە چارەسەرە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە؟
هەرچەندە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران وتى ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پرۆسەیەکى ڕیفۆرمى قەیسەرى بەزۆر کە هیچ ئەڵتەرناتیفێکى ترمان لە بەردەمدا نیە جگە لە داڕمانى سیستمەکەو ئاژاوەیەکى بێ سنوور ، چونکە ئێستا ئاکامى هەموو هەڵەو کەموکورتیەکانى هەڤدە ساڵى ڕابردوو دەرکەوتووە و ئێتر ناتوانرێت و ناکرێت درێژەى هەبێت، کازمى وتى هەرچەندە لە حوزەیرانى ساڵى 2021 بۆ هەڵبژاردنى پێش وەختە دەڕۆین و ئەم هەنگاوە کارەساتبارە بۆ من، بەڵام من ناخوازم بە خەڵک پێ بکەنم.
بۆیە هەنگاوى تر چاکسازى و ڕیفۆرمى زیاترو زەمینەسازى بۆ وەبەرهێنانى ناوخۆو دەرەکى و بە گژاچوونەوەى گەندەڵى بە دەستێک لە ئاگرو ئاسن، سەقامگیرى و ئارامى وڵات زۆر گرنگە.
لە کۆتاییدا لە ئاوا بارودۆخێکدا کە کازمى وەکو کابینەیەکى ڕاگوزەر شەش مانگى لەبەردەمدایە بۆ ئەوەى ئەو چاکسازییانە ئەنجام بدات ، پێناچێت ئەرکەکەى ئاسان بێت لە دۆخێکى بارگاوى بە بانگەشەى هەڵبژاردن و ململانێ ى سیاسى توند کە لایەنە سیاسیەکان هەوڵى شکاندنى یەکتر دەدەن نەک بەرژەوەندى باڵاى وڵات لە دۆخێکى چارەنووسسازى ڕوو لە هەڵدێردا لە لە ڕووى ناوخۆی عێراقەوە.
لەڕووى ئیقلیمى و نێو دەوڵەتیشەوە کازمى لە گەڵ ئیدارەیەکى نوێ لە ئەمریکا ڕوبەڕوە کە پێناچێت عێراق لە دۆسیە لە پێشینەکانى سەرۆکى نوێ بایدن بێت، جگە لە کاریگەرى پەیوەندییە ئاڵۆزو پڕ کێشەکانى ئەمریکاو ئێران و کاریگەرییان لە سەر عێراق لە ڕووى سیاسی و ئابوورى و ئاسایشەوە.
زۆر گرنگە ئەوەش بڵێم کە کاتى سازش و موزایەدەو پۆپۆلیستى و یارى کردن بە هەستو سۆزى هاوڵاتیانى عێراق بەسەرچووە لەم کاتە هەستیارو ناسکەى عێراقدا ، بەڵکو وەلائو ئینیما بۆ وڵات و بەرژەوندییە باڵاکان عێراق ڕزگار دەکات نەک شتێکى تر.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies