بەساب گوش: پیاوێکی کوێر و پیاوێکی شەل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی
منداڵە زیرەکەکان : جارێکیان لە سەردەمی کۆندا، بە ڕێکەوت دوو پیاو یەکترییان بینی. یەکێکییان هەردوو چاوی کوێر بوو، ئەوەی تریان قاچەکانی شەلبوون. پیاوە کوێرەکەیان بە گۆچانێکەوە بەسەر ڕێگایەکی بەردەڵانی پڕ لە چاڵ و چووڵیدا دەڕۆیشت. نەشیدەزانی ئەو ڕێگایە ئەوەندە خراپ و وێرانە، بۆیە زوو زوو قاچی دەکەوتە چاڵەکانەوە، نەشیدەتوانی بە باشی هەنگاو بنێت و بڕوات. تۆزێک دەڕۆیشت و تۆزێکیش بۆی دەوەستا، خۆ ئەگەر گۆچانەکەی نەبووایە، لەوانەبوو تووشی کەوتن و کێشەی زۆر گەورە ببووایە. لە پڕ نووچێکی دا و کەوتە ناو چاڵێکەوە، زۆر ترسا و نەشی دەزانی چۆن چۆنی لەو ڕێگا پڕ لە چاڵوچۆڵییە ڕزگاری بێت. هەر بۆیە لە دڵێ خۆیدا وتی: ( باشە ئەمە چ جۆرە ڕێگایەکی خراپە، لەوە دەچێت تووشی کەوتنم بکات و شوێنێکم بشکێت و بە ساخی نەگەمەوە جێگای خۆم. خۆزگە هاوڕێیەکم لە گەڵدا بووایە و ئاوا بە تەنها نەبوومایە ). پیاوە کوێرەکە داما بوو، سەرلەنوێ تۆزێک بۆی وەستایەوە، پاشان بە ناچاری کەوتەوە ڕۆیشتن. پاش تۆزێک هەستیکرد، شتێک لەلایەوە دەجووڵێت.
نەیدەزانی ئەو شتە مرۆڤە، یان ئاژەڵە. بۆیە لایکردەوە و بە دەنگێکی بەرزەوە وتی: ( ئەرێ بەڕاست تۆ چییت لە لامەوە دەجووڵێیت ؟ ).
خێرا دەنگێک وەڵامی دایەوە و وتی: ( ئەوە منم هاوڕێی خۆشەویست؟ ). ئنجا پیاوە کوێرەکە وتی: ( ئەحواڵتان چۆنە ، ئەئ ئێوە باشن ؟ ). دەنگەکەش لە وەڵامدا و وتی: ( زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەم ). پیاوە پیرەکە بەو وڵامە ، دەمووچاوی وەک گوڵ گەشایەوە ، چونکە زۆری پێخۆشبوو ، کە زانی کەسێکی تریش لەسەر ڕێگاکە لە گەڵیدایە. ئنجا لە دڵی خۆیدا وتی: ( بەخوا باشبوو ئەم پیاوەش لەسەر ڕێگاکە هاوڕێمە ، دڵنیام لە ڕۆیشتندا هاوکاریم دەکات و لەو هەموو چاڵی و چۆڵییەشم ڕزگار دەکات و بە سەلامەتیش دەگەمەوە شوێنی خۆم و ئەوەندەش پێویستم بە کۆچانەکەم نامێنێ ) .. ئنجا کوێرەکە بە ڕوویەکی خۆشەوە بە پیاوەکەی وت: ( تکایە دەکرێت لەم ڕێگا ناخۆشەدا ، دەستم بگریت و تۆزێک یارمەتیم بدەیت و ببیت بە چاوساغم و بە ئاسانی لەو هەمووچاڵیو چۆلێیەم ڕزگار بکەیت؟، چونکە ڕێگاکە زۆر وێرانە و من هەردوو چاوم کوێرە و هیچ نابینم ، ئەوەتا زۆر بە گران هەنگاو دەنێم و دەترسم بە سەردا بکەوم و شوێنێکم بشکێت، هەر بۆیە زۆر پێویستم بە هاوکاریی بەڕێزتانە ) . پیاوەکەی تەنیشتی ئاخێکی قووڵی هەڵکێشا و بە کەساسی وتی: ( خۆزگە بمتوانییایە یارمەتیم بدایتایە .. بەڕێزم من قاچەکانم شەلە و لاقەکانم لە دووم نایەن و بە زۆر خۆم کێش دەکەم و ناتوانم بە چاکی هەنگاوێک بنێم، ئەوەتا بە لەرزە لەرز دەڕۆم ). پیاوە پیرەکە، کە زانی پیاوەکەی تەنیشتی شەلە و ناتوانێت بە باشی بڕوات بە ڕێگاوە ، هەناسەیەکی هەڵکێشا و زۆر نیگەران بوو ، پاشان بە بێ دەنگی کەوتەوە ڕۆیشتن و لە پیاوە شەلەکە دوورکەوتەو، لە پڕ پیاوە شەلەکە بانگی پیاوە کوێرەکەیکرد و وتی: ( دە تۆ جارێ ڕاوەستە با شتێکت هەیە پێتانی بڵێم، ئنجا وتی: من ئامادەم یارمەتیت بدەم، بە مەرجێک بمکەیتە کۆڵت ، چونکە ڕاستە تۆ کوێریت، بەڵام کەسێکی بەهێزیت و دەتوانی من بکەیتە کۆڵت. منش چاوەکانم ساغن و لەسەر پشتەوە دەتوانم هەموو چاڵەکانی بەردەمتان ببینم و لە چاڵەکانی بەرپێت بە زوویی ئاگادارتان بکەمەوە ، تا تێی نەکەویت، بەمەش هەردووکمان بەبێ کێشە ڕێگاکە دەبڕین و بە سەلامەتیش دەگەینەوە شوێنی خۆمان ).
پیاوە کوێرەکە ئەو قسانەی بە دڵ بوو، هەر زوو وتی: ( بە ڕاستی ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر چاکە، دەتوانیین بەم شێوەیە یارمەتی یەکتری بدەین ). ئنجا خێرا پیاوە شەلەکەی گرتە کۆڵ، شەلەکەش بەسەر کۆڵییەوە زوو زوو کوێرەکەی لە چاڵەکانی بەردەمی ئاگادار دەکردەوە. پاشان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا و بە یارمەتی هەردووکیان، ڕێگاکەیان بێ کێشە بڕیی و بە ساغی و سەلامەتیش گەیشتنەوە شوێنی خۆیان ).
جا منداڵە ژیرەکان: ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت: بە یارمەتی و کۆمەکی یەکتری، دەتوانیین ڕێگای دوور ببڕین و بە ئاسانیش بەسەر کێشەکاندا سەربکەوین.

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە نووسینی : ( بەساب گوش ) ە و لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت