رەزا شـوان: کچۆڵە لیدیا سیباستیان یەکێکە لە بلیمەتەکانی جیهان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کچۆڵەی روخۆش (لیـدیـا ئـارۆن سیباستیان) لە شاری (لەنـدەن) لە بریتانیا لەدایکـبوە. خـێزانەکەیان بە رەسەن هـێندین، دایک و باوکی خـەڵکی ویلایـەتی (کـیراڵا)ی باشوری هیندستانن. دەمێکە کۆچیان کردوە بۆ بریتانیا و بونەتە هاوڵاتی ئەو وڵاتە. لیدیا تاقانەی دایـک و باوکـێتی. هەمویـان لە ناوچـەی (ئیسکـس) لە شاری لەنـدەن پێـکەوە دەژیـن.
باوکی لیـدیا (ئـارۆن سیباستـیان) پـزیشکی پسپۆری تیشکە، لە ( نەخۆشخـانەی گـشتی کۆلـشیـستەر) لە لەنـدەن. دایکـیشی (ئێـریکا کـوتیـاس) جێگـری بەڕێـوەبـەری (بانـکی بـریکـلا) یـە لە لەنـدەن.
ئارۆن و ئێریکا دەربارەی لیدیای کچیان دەڵێن:”هەر بە کۆرپەیی زیرەکی دەرکەوت. لە تەمەنی شەش مانگاندا دەستی بە قسەکردن کرد. لە تەمەنی دو ساڵیدا پرسیاری زۆری لێمان دەپرسی. لە تەمەنی چوار ساڵیشدا بە باشی ئامێری موزیکی کەمـانجەی دەژەنـد.
لە منداڵیشەوە، هـۆگری خوێندنەوەی پەرتـوک و گۆڤـاری منداڵان بو. بو بە هاوڕێیەکی هەمیشەی پەرتوک، خوێنـدنەوە بو بە پێویستی و بە بەشێک لە ژیـانی. ئەو پەرتوک و گۆڤـارانەی دەخوێنـدەوە، کە بۆ منـداڵانی ئاست بەرزتـر لە خـۆی نوسرابـون. لیدیـا زۆر سەرسامی خوێندنەوەی رۆمانی (هـاری پوتـەر) بو، کە لە نوسینی (جـوان رۆلینگ) ـە. تەمەنی لە دوانـزە ساڵان کەمتر بـو، سێ جـار هەر حـەوت بەرگەکەی زنجیرەی (هـاری پوتـەر)ی خوێنـدەوە. هەمیشەش خـۆی بە کـارێکەوە سەرقـاڵ دەکـرد.
باوکی وتی:”کچـەکەم بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بە پرسیارکـردن بێـزاری کـردین، قـسەی لەسەر تاقـیکردنەوەکانی نمونەی زیرەکی دەکرد. لە ئینتەرنێـتدا ئەو سایتانەی دەکردەوە کە پرسیاری تاقیکردنەوەی زیرەکی نمونەییان لەخۆگرتون. لە قوتابخانەشدا لە سەروی رێزبەنـدی قوتابییە زیرەکەکانی هاوپۆلەکانییەوە بو. جێی سەرنجراکێشانی مامۆستاکانی بـو. لە پێشبڕکـێی پرسیارەکانی بیرکـاری لە قـوتابخانەکەیـدا، خەڵاتی یەکـەمی بـردەوە.
لیدیا سیباستیان، کچۆڵە قوتابییەکی بریتانییە، لە پۆلی هەشتەمە لە قوتابخانەی ئامادەیی (کولشیستەر) ی کچـان لە ئیسکـس لە لەنـدەن. خۆشترین بابەت بەلایەوە فیـزیا و کیمیا و بیرکـارییە. لیدیـا دەڵـێت:” هەر کارێک بکەم، زۆر بە وردی و بە ئەوپەڕی توانامەوە ئەنجـامی دەدەم. دەمەوێـت بزانـم بە کـوێ دەگـات”
لیدیـا لە تەمەنی (12 ) ساڵیـدا، لە پشوی هـاوینەی قوتابخـانەدا، بڕیاریـدا کە بەشداری لە تاقـیکـرنەوەکانی (مینسا) دا بکـات و بۆ ئـەم مەبەستەش خـۆی ئامـادەکرد. شایـەنی باسە، کۆمەڵـەی مینـسا، تا ئێستا تەنیا کۆمـەڵە و گەورەتـرین و کۆنتـرین کۆمەڵـەیە لە جیهانـدا، بۆ پێـوانەکردنی تێکـڕای پلــەی زیـرەکی مـرۆڤـە زیـرەکەکـان.
لیدیـا کارتی (کاتـێـل٣ ب) ی وەرگـرت. بۆ بەشـداریکردن لە تاقـیکردنەوەکانی مینـسادا، کە دوو تـاقـیکردنەوەن، تـاقـیکردنەوەی زاری و تـاقـیردنەوە بە نـوسـین، کە لە لایـەن کۆمەڵـێک پســپۆر و پـزیشکی سـەر بە کۆمـەڵەی میـنساوە، سەرپـەرشـتی دەکـرێـت و تێکـڕای پلـەی زیـرەکی بـۆ تاقیکردنەوەکانی تـاقـیکەرەوە دادەنـێن.
پرسیارەکان (١٥٠) پرسیاری جیاوازی جـۆراجـۆری زۆر قـورسن، لەوانەش ملەکـردن لەگەڵ توانای پاراوی زمانی و زانستی گشتی و بیرکاری و بەراوردکردن و بیر قـوڵی و هەستکردنی لۆژیکی و…هتد. ماوەی دیاریکراوی وەڵامدانەوەش تەنیا ( 150 ) خولەکە.
دایک و باوکی لیدیا، گەرچی لە زیرەکی و متـمانە بەخۆبـونی کچەکەیان دڵنیابـون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشـدا، لـەم بـڕیـارە قـورسەی لیـدیـا دودڵـبـون.
لیـدیا سیباستیان، لە کاتی بۆ دیاریکراویـدا، لە کۆلـێژی (بـیربیک) لە لەنـدەن، ئامـادەی بەشـداریکـردنی تاقـیکردنەوەکـانی میـنسا بـو. بۆ دیاریکـردنی تێکـڕای پلـەی زیـرەکی.
لیـدیا تـوانی بە دو خولـەک لە پێـش زەنگی کـاتی تەوابونـیدا، بە سەرکەوتویی وەڵامی هـەمو پرسیارەکان بداتەوە. توانی تێکـڕای زیـرەکی ( 162 ) پلـە بەدەستبهـێنێت، کە دو پلە لە سەروی تێکڕای پلەی زیرەکی، هەردو زانـای فـیزیکی (ئەلبـێرت ئەنیشـتایـن) و پرۆفـیسۆر (ستیڤـن هـۆکـنیگ) ەوەیە، کە تێکڕای زیـرەکی هەریەکەیان ( 160 ) پلەیە.
هـۆی بەکارهـێنانی ناوی (ئەنیـشتاین) بەرانبەر بە زاراوەی (بلیمەتی) چونکە ئەلبێرت ئەنیشتاین روناکبیری ئەقڵی سەدەی بیستەم بو. بۆیە کە باسی بلیمەتی کەسێکی زیرەک دەکـرێـت. بە ئاستی بلیـمەتی ئەنیشتاین هەڵـدەسەنگـێنرێت.
لیـدیا لە بـارەی پرسیارەکانی تاقـیکردنەوەکانی میـنسا و باری دەرونی لەو ساتـەدا، بـۆ رۆژنامەی (گاردیـان) ی گـێڕایەوە و وتی:” لەراستیدا، لە سەرەتـادا شـپرزەبـوم، بەڵام دوای چەنـد خولەکێک خاوبومەوە و هاتمەوە سەرخۆم. هەرکە دەستم بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکان کرد، زۆر بەلامەوە ئاسانتربون، لەوەی لەو بڕوایەدا بوم. تاقـیکردنەوەکان پێویستی بە شارەزایی زمـان و بەراوردکـردن و بە هەستی لـۆژیکی هەبون. لە راستیدا ئەوپـەڕی توانـام بەکارهـێنا. پرسیارەکـانـم بە دروستی و زۆر بە باشی وەڵام دانـەوە”
لەگـەڵ ئـەوەی کە لیـدیا، ئەو پلـە بـاڵا زیـرەکییەی بەدەستهـێنا. بـەڵام ئـەم سەرکـەوتنە مەزنـەی تـوشی لەخـۆبـایی و خۆهـەڵکـێشانی نەکـردن. زۆر بە خـاکی و بە سـادەییەوە دەڵێت:” لەو بـڕوایەدا نیـم و بە راستی نازانـم، کە من لەگەڵ هەردو زانـا و رۆشـنبیری مـەزنی وەکـو، ئەلبـێرت ئەنیشـتاین و ستیڤـن هـۆکنیگ بەراورد بکرێـم، ئەمـانە کـار و ئەنجـامی زۆریـان بەدەستهـێـناون”
باوکی دەڵێت:” من و هاوسەرەکەم، کە بیستمان لیدیـا بەرزترین پلەی تێکڕای زیرەکی، بەدەسـتهـێناوە هەستـمان بە سەرسوڕمـان کـرد. لە راستـیشدا ئێمە مامەڵەی تایبەتی و شتـێکی جیـاوازی ئەوتۆمـان لەگەڵـیدا نەکـردوە.. پشتی بە تواناکـانی خـۆی بەسـتوە”
لیـدیا سیباستیان، بۆ بە یەکێک لە بلیمەتەکانی جیهان. بو بە یەکێک لە رێژەی لە سەدا یەکی (1%) ی بلیمەتەکـانی هەمـو جیهـان. بو بە ئەنـدامـێکی کۆمـەڵـەی (مـینسا). کە ژمارەی ئەندامەکانی لە هەمـو جیهـاندا ( 20.000) هـەزار بلیمەت و زیـرەکـن لە کچـان و لە کـوڕان. لیـدیا بو بە مایـەی شانـازی بۆ خـێزانەکەی بۆ بریتـانیا و بۆ هـیندســتان.
لیدیا سیباستیان، لە ئێستادا شانازی بەوەوە دەکا، کە چوە پاڵی هەردو هـاوڕێی بلیمەتی هاوقـوتابخانەی، هەریەکە لە کچۆڵەی بلیمەت (نیکـۆڵ بـار) ی ( 12 ) ساڵان و کاکەلەی بلیمەت (ئـاهـیل گەوهـەر) ی تەمـەن ( 10 ) سـاڵان. کە تێکـڕای زیـرەکی ئەم دو منـداڵە بلیمەتـەش ( 162 ) پلـەیە. هەرسیکـیشیان دانیشتوی ناوچـەی (ئیسکـس) ی لەنـدەنن.
(سیمارتـیز) لە بارەی ئەم سێ منـداڵە بلیمەتـەوە دەڵێت:” بە دەنگێکی بەرز و رونەوە دەڵـێم، کە ئـەم دو کچـۆڵـە و ئـەم کـوڕە بچـوکە، هـەنـگاوی سەرسـوڕێنـەر دەنـێن، بە بەکارهـێـنانی زیرەکییان لە داهـێنان و نەخشەدانان، بۆ چونە ناو چالاکی قـورسەوە. کە دەیانبزوێنن و پەرۆش و شەیـدایان دەکەن. ئەمەش ئەو راستییەیە کە بە دەوری ژیاندا دەخولێـتەوە. لە هـەر تەمەنێکـدابیـت، حـەزت لە هەرچـییەک بێت، گەر بتـەوێـت خـۆت دەربخەیـت و فـێری شارەزایی بیـت، دەتـوانیـت. گـرنگـتر لەمـانەش چـێـژ لە کاتـەکـانت وەربگـرە. ئایـا کارێـکی ئەوتـۆ کـردوە، شـایەنی ئەوەبێـت کە شانـازی پێـوە بکەیـت؟”
لیـدیـا سیباستیان کە گەورەبێـت، هـیواخـوازە و حەزدەکـات، کارێکی دەستبکەوێـت، کە پەیـوەنـدی بە بیـرکـارییەوە هـەبێـت.

(*) بۆ نوسیـنی ئەم بابـەتە، سـودم لە پانـزە سـایتی ئینگـلیزییەوە وەرگـرتـوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت