دلێر محەمەد نوری: وتاری حزب لە فەزای ئازاددا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دونیای ڕۆژنامەگەریدا و بە بێ جیاوازی لە سەرتاسەری جیهاندا، وتار نووسین بە هەموو جۆرەکانێوە پانتاییەکی فراوانی داگیرکردووە. ئاساییشە کە بە پێی ئەو دۆخەی میللەتێکی دیاریکراوی تێدا دەژی لە کاتێکی دیاریکراودا وتار نووسینیش ڕێچکەیەکی تایبەتی بگرێت و تیشک بخاتە سەر ئەو کەیسەی لەو کاتەدا خەڵکی وڵاتیان سەرقاڵ کردووە. لە دۆخی کوردیشدا وتاری سیاسی زاڵە, چونکە سیاسەتی کوردی وەکو نەخۆشییەکی درێژخایەنی بێ چارەسەری لێ هاتووە.
ئەگەرچی هەر کەسێک دەستی وتارنووسینی هەبێ و هەڵگری بیرێک یان هەڵوێستێک بێت مافی خۆیەتی بنووسێت جا ئەو کەسە نووسەر بێت یان ڕۆژنامەنووس، حزبی بێت یان تەنها لایەنگری حزبێک بێت، بێلایەن بێت یان کەسانی ئەکادیمی خاوەن بڕوانامە بن و لە سۆنگەی بوارەکەی خۆیانەوە بنووسن. بەڵام ئاشکرایە کە کاریگەرترین وتار ئەوانەن کە نووسەرەکانیان ڕەخنەگری دڵسۆزی بێلایەن و واقیع بینن. لاوزترین و بێ ئەرزشترینیشیان وتارە شاباشن کە نووسەرەکانیان کەسانی حزبن بەرانبەر بە بەخشیشی حزب وەسفی حزب و سەرکردە ئەکەن و لە هەر دۆخێکدا و چاو لە واقیع ئەنووقێنن و ڕەخنەبارانی نەیارانی حزب و سەرکردە و سەرۆک ئەکەن. ئەگەر چی کاری من نیە باس لە پێناسە و بنەماکانی وتار نووسین بکەم، بەڵام هێندەی من تێگەیشتبم لە وتار کە دەبێت لە پاڵ ئەو بۆچونەی دەری دەبڕیت لە وتاردا هەوڵ بدەیت بە زانیاری نوێش دەوڵەمەندی بکەیت و دەبێت وتارنوس شیکردنەوە و ڕونکردنەوەی پێویستیش بدات لە بارەی زانیارییەکانیشەوە، نەک وەکو کۆمێنتارێک کۆمێنتێکی گشتی بنووسیت و ناوی وتاری پێوە بلکێنێت.
ئاشکرایە ئەو ڕۆژنامە و هەفتەنامە و سایت و پێگە ئەلکترۆنیانەی کە زیاتر مۆرکی ئەهلی بوونیان هەیە و فەزای ئازادییان فراوانە ئەوانەن کە بە زۆری لە زۆنی سەوزدا دامەزراون یان لە ڕۆژئاواوە ئاراستە ئەکرێن و گەشەیان کردووە لە گەڵ دانەیەک یان زیاتر لە دەڤەری زەرد, بەڵام بە شێوەی پچڕ پچڕ و لە ژێر پەستانی بەردەوامی سزادان و گرتن و داخستندا. ئەمانە زۆرترین خوێنەر و میوانی جیدییان هەیە. بە جۆرێک ئەگەر خوێنەرێک عەوداڵی هەواڵی ڕاست و دروست بێت ئەوا یەکەم جار سەردانی ئەم پێگە و سایتانە ئەکات، نەک پێگە و سایت وڕۆژنامەی حزبی کە کەمترین حەقیقەت لە خۆیان ئەگرن.
هەر بۆ نموونە هاوڕێیەکی حزبیم کە لە پێگەیەکی بەرزی حکومی و حزبی بوو لە ساڵانی پێشوو وتی: هەموو جارێ کە ڕۆژنامە فرۆشەکە ئەهات زیاتر ڕۆژنامە ئەهلییەکانم ئەکڕی نەک ڕۆژنامەی حزبەکەی خۆم، ڕۆژێک هاوڕێیەک لێی پرسیم ئەمە بۆچی؟ لە وەڵامدا وتم ئەگەر حەز ئەکەی سەرجەمی هەواڵەکانی هەفتەی داهاتووی ڕۆژنامەکانی خۆمانت پێ دەڵێم، ئێمە کادری حزبی و کارمەندی حکومەتین ئەبێت ئەگامان لە ڕاستی ڕووداوەکان بێت، نەک وتاری حەماسی و هەواڵی تەشریفاتی.
ساڵانی پێشوو نووسەران دابەش بوو بوون بە سەر ئەو سایت و ڕۆژنامانەدا و بە جۆرێک هەر کەس لە فەزای خۆی ئەینووسی و کەسیش کێشەیەکی نەبوو، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی حزبی لە ڕۆژنامە و پێگەی حزبی و بێلایەنەکانیش لە پێگە و سایتە ئەهلییەکان. بە شێوەکی گشتیش نووسەری حزب نەک لە ڕۆژنامەی ئەهلی نەیدەنووسی بگرە بە دوای ئەو فەزا ئازاد و ئەهلییانەوە بوو بۆ بەرتەسک کردنەوەیان و بگرە حزبیش رێگەی بەوە نەدەدا کە سەرکردە و نووسەرانی لەوێ بنووسن. هیچ بابەتێکی نووسەری ئازادیش بواری بڵاوکردنەوەی نەبوو لە فەزای ڕۆژنامەگەری حزبدا لە بەر ئەوەی قەڵەمی ڕەخنەگر بوون نەک وەسف و پیاهەڵدان. بەڵام لە دوای ئەوەی ڕۆژنامە و سایت و پێگە ئەلکترۆنیێەکانی حزب چیتر تەنانەت بۆ خودی حزبییەکانیش باوەڕپێکراو نەمان، خوێنەری جدی و بێ شوماری خۆیان لە دەست داو کار بەوە گەیشت ئیتر تیراژی ڕۆژانەی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان وەکو خۆیان بە بێ ئەوەی دەقەکانیان بشکێت دەگەڕانەوە بۆ ئۆفیسی ڕۆژنامەکە یاخود کارگوزارەکان مێزی بەرپرس و جامخانەی ئۆفیسەکانیان پێ ئەسڕی.
بەڵام دواجار بە ناچاری نووسەر و سەرکردە و سیاسی و پارلەمانتارانی حزب کەوتنە وتار نووسین لە سایت و پێگە ئەلکترۆنییە ئەهلیێەکان تا لە ڕێگەی ئەمانەوە دەنگی خۆیان بگەیێن و بە جۆرە فانتاسیایەک بنووسن کە هەوڵی هەم ڕاکێشانی و هەم بە لارێدا بردنی خوێنەرانی بێلایەن و پەست بدەن. هەر وەها ئەم فەزا ئازادە بەکار بهێنن بۆ تانەدان لە حزبی بەرانبەر یاخود دژ بە هەڤاڵانی نەیار لە هەمان حزب.
ئەوەی ئاشکرایە زۆرێک لە سەرکردە و نووسەرە یەکێتییەکان زۆر بەر لە پارتییەکان لە فەزای ڕۆژنامەگەری ئەهلیدا کەوتنە وتار نووسین بەڵام زیاتر بۆ ڕەخنەکردنی حزبی خود و هەڤاڵانی دیکەی خۆیان بوون، بەڵام پارتی چەند ساڵێکە بۆ لێدانی حزبەکانی دیکە بە تایبەتی یەکێتی و گۆڕان و رەمزەکانیان زۆر بە چڕی ڕۆژ نیە چەند وتارێکی چەند سەرکردە و پارلەمانتار و نووسەرێکی پارتیت لە سایت و ڕۆژنامە ئەهلییەکان بەرچاو نەکەوێت کە هەموویان ئەچنە خانەی تەخوین کردنی ئەوی تر و شاری تر و ڕەنگی تر و بە نەتەوەیی و نشتیمانی کردنی سەرۆک و حزب و شار و ڕەنگی خود. بەرانبەر بەمەش هەندێ نووسەر و سەرکردە و پارلەمانتاری یەکێتی و گۆڕانیش تەنها باس لە نادادپەروەری و هەڵە و پەڵەی حوکمڕانی و قۆرخکاری و دەسەڵاتی پارتی ئەکەن.
مەبەست لەم وتارەش تەنها تیشکێکە بۆ سەر ئەو جۆرە لە نووسین و لە نووسەرەکانیانن، تا وەکو کەمێک ئاسانتر بناسرێنەوە. وە گرنگە لێرە پۆلێنێک بکرێت بۆ ئەو سەرکردە و سەرۆک و پارلەمانتار و نووسەرە حزبییانەی کە لە سایت و پێگە ئەلکترۆنی و ڕۆژنامە ئەهلییەکان ئەنووسن.
سەرکردە هەیە تەمەنێکی لە حزبێکدا بەسەر بردووە، بەڵام ئێستا وتاری وا لە سەر حزب و حکومەت ئەنووسێت وەک ئەوەی هەرگیز دەستی بە ئاویاندا نەکردبێت!
نووسەرە سەرکردەش هەیە بە قەڵەمێکی ڕەشی تێر وەها خۆی لە پیاهەڵدانی سەرۆک و کوڕە گەورەی سەرۆک و ئامۆزا و خوارزای سەرۆک بچوک ئەکاتەوە کە ڕوحی هەموو فەلسەفەیەک لە نووسیندا ئەکوژێت!
سەرکردەی وا موخەزرەمیش هەیە کە دوا تاڵی سەری لە حزبێکدا سپی کردووە بەڵام ئێستا لە سەر قسەی حزبی ئەولای دوای پەتپەتێنی حزبی و بەرژەوەندی خوازی هەفتەی بە دوو وتارێک نەبێت بە دانەیەک بە قەڵەمی بێ بەزەیی لە قاچی حزبی کۆنی خۆی دەدات!
لە نێو هەموو ئەمانەش لە ئاکامی نەهامەتی و نادادی و شکستە گەورە ئابوری و داراییەکاندا، سەرکردە نووسەریش هەیە ئەیەوێت تازە بە تازە بە وتاری بەردەوامی لە بارەی ناعەدالەتی و گەندەڵی وەک فریشتە لە ڕووداوگەلێک بێیتە دەرێ کە خۆی کارەکتەری سەرەکی بووە تێدا. گەر ئەمە ترسی دەسەڵات گۆڕین، بەرزبوونەوەی ترسناکی دەنگی فراوان جەماوەر نەبێت چی تۆ ئەکات بە وتار نووس لە ڕۆژنامە و پێگە و سایتگەلێکی ئەهلی لە کاتێکدا تۆ ڕۆژگارێک خۆت له کەسە یەکەم و دووەمەکانی هەم حکومەت و هەم حزبیش بوویت ئەتووت ئاگام لە نەوت و وڵات شامی شەریفە.
کورد ئەڵێت (لە پاش تڕێ خەپشەی مڕێ) و عەرەبیش ئەڵێت )بعد خراب البصرة) ئەحمەد شەماڵیش ئەڵێت ( لە پاش باران فەرەنجیم بۆچییە؟) ئێوە ئەتانەوێت بە دووبارە بوونەوەی وێنەکانتان لە ژێر مانشێت و شیعاراتی دژ بە گەندەڵی خۆتان لە هەموو هەڵە و پەڵەی ڕابردووتان بدزنەوە. لە جێی ئەوەی داوای لێبوردنی ڕاستەقینە لە خەڵکی بکەن و ئەوەی بردووتانە و کردووتانە بیگەڕێننەوە بۆ شوێنی ڕاستەقینەی خۆی کە هۆکاری هەموو نەهامەتیەکانن. باوەڕ مەکەن وا بە ئاسانی لێی دەربچن ئەمجارە عەرەب وتنی (لقد وقع الفٲس في الرٲس)، بە کوردییەکەی تازە کار لە کار ترازا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت