هەژار نامیق: حەسەنەک.؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەبراهام لینکۆڵن دەڵیت: پیاوی بێ غیرەت کەسێکە لە شوێنێک کە پێویستە قسە بکات بە بێ دەنگی بمێنێتەوە..
بێدەنگی هەمیشە بەرهەمەکەی سەرکوت کردن و پشتگوێ خستن و تەنانەت زۆرێک لە دیکتاتۆرەکان لە سەرەتاوە بە شێوەیەکى هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، بەڵام دواتر و بەهۆی بێدەنگ بوون و لەبەر بەرژەوەندی چەند کەسێک چاوپۆشی لە کارە خراپەکانی ئەکرێت و حکومەتێکى پۆلیسی دادەمەزرێت بۆ سەرکوت کردنی خەڵکەکە تا بەرژەوەندیەکانیان پارێزراو بێت. حکومەت و دەسەڵات وەک پەروەردە کردنی منداڵ وایە لە لایەن دایک و باوکەوە کاتێک کە منداڵەکەیان هەڵەیەک دەکات و بە دەمیەوە پێدەکەنن ئەویش دووبارەو دووبارە و سەد بارەی دەکاتەوە تا دەبێتە خوویەک و بەشێک لە کەسایەتی ئەو منداڵەو دواتریش دایک و باوک لە گەڵ بێ ئەدەبی و بێ شەرمی ئەم منداڵە ڕادێن بە ناچاری لە پێناو خۆشەویستی منداڵەکەیان کە دواتر ئەم منداڵە چەقاوەسووە ڕوو لە دەیان کاری خراپ و بەدڕەوشتی ئەکات و جار دوای جار خەڵکەکە زیاتر هەراسان دەکات..
هەمووان گلەیی لە خراپی دۆخ و گوزەرانى خۆمان ئەکەین، بەڵام هیچ یەکێک لە ئێمە ئامادە نیە دەستپێ بکات و کۆتایی بە ئەو نەریتە خراپە بهێنێت کە خۆمان دروستکەری بووین وەک ووتم کارە هەڵەوچەوتەکانی حکومەت کاتێک جار دوای جار بێدەنگ دەبین ئەوان دەنگیان بەهێز و خەڵک دەنگی لاواز دەبێت، ستەم کار و دیکتاتۆر کێ دروستی ئەکات؟ هیچ سەرکردەیەک لە سەرەتاوە دیکتاتۆر نیە تا ئەوەی کە کارەخراپ و بەدڕەوشتیەکانی بە بێدەنگی خەڵک، وەڵام بدرێتەوە، لەناخی هەرتاکێک بیگریت بورکانێک لە ڕق لە بێزاری لە ناڕەزایەتی هەیە، بەڵام بێئاگاین لەوەی ڕۆژێک ئەو بورکانە خۆمان ئەسوتێنیت دە با گڕی ئەو بورکانە بکەینە دەرەوە و ئەوانە بسوتێنین کە دۆخیان وێران کردووین، تەنها یەک جووڵە بەسە بۆ ئەوەی بە کاربەدەست و فەرمانڕەواکان بڵێت ئیتر بەسە بەڵام چەند دەنگەکان زیاتر بێت هێندە کاریگەرتر دەبێت دەنا وەک حەسەنەکمان لێدێت.
ڕۆژێک پاشای وڵات دێت و خەڵکەکەی بۆ کۆ ئەکەنەوە و لێیان دەپرسیت: لە چیتان کەمە؟ ئەمڕۆ بەڕاشکاوی بیڵێن من بۆ خزمەتی ئێوە لێرەم لە کاتێک هەمووان بە دەست نەبوونی، برسێتی، قات و قڕی و نەبوونى ژیانێکی شایستەوە دەناڵێنن هیچ کەسێک جورئەتی قسە کردنى نابێت و لەوبەینە کەسێک بە ناوی حەسەنەک دەڵێت: ئەی پاشای وڵات کوا بەڵێنى ژیانێکى باشتر؟ کوا خزمەتکردن و خزمەتگوزاری باشتر؟ کوا بوژانەوەی وڵات و زیادکردن داهاتی وڵات؟ کوا جادە و بان و ڕێگەوبان؟ کوا بنبڕکردنى گەندەڵی و دزی و جەردەیی… کوا و… هتد، پاشا دەڵێت: ئافەرین ئەی پیاوی مەرد کە وە بیرمنت هێنایەوە ئایا کەسێکی تر گلەیەکى هەیە؟ هەمووان بێدەنگ دەبن و کەس قسە ناکات! ساڵ تێدەپەڕێت و پاشا دیسان خەڵکەکە کۆ دەکاتەوە و لێیان دەپرسێت: هەرچیەکتان پێویستە ئەمڕۆ بە ڕاشکاوی بیڵێن؟! دۆخی خەڵکەکە کە لە پارساڵ خراپتر و ژیان سەخترو بژێوی و قات و قڕی و برسێتى زیاتر بووبوو هەمووان بێدەنگ دەبن و کەس هیچ ناڵێت: لەو نێوانە پیرەژنێک بە ئەسپایی و بە دەنگێکى لەرزۆک و کزۆڵە دەڵێت: کوا حەسەنەک؟!
پرسیارە جەوهەریەکە ئەمەیە ئەگەر لە ساڵی یەکەم کە هێشتا دۆخی ژیانى خەڵک باشتر بوو لە بری حەسەنەک دەیان حەسەنەک قسەیان بکردایە چەند حەسەنەک بێدەنگ دەکرا؟ بێدەنگی زۆرێک لە حەسەنەک ناوەکانی ناخی ئێمە دۆخی ژیانمان وێرانتر ئەکات و ئەوان باشتر و ئێمە وەک گەدا دەمێنینەوە!!!
لە کۆتایی ئەو ووتەیەی سەرۆکی فەڕەنسا( شاڕڵ دوگڵ) بۆ تەواو کەری ئەم بابەتە زۆر جوان ئەینەخشێنێت: هیچ شتێک هێندەی بێدەنگی نابێتە هۆی زیاتر کردنی دەسەڵات..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت