پشکۆ ناکام: داریوش ، زیاتر لە ئینسانێک.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای حەفتاکانەوە، دەنگێکی زوڵاڵ، گڕ، گەرم، کەوتە ناو خەڵکەوە، جگە لە قوڕگ، شیعرەکانیشی بوونە مایەی سەرنج ڕاکێشانی خەڵک بە تایبەتی گەنج و تازەپێگەیشتووەکانی ئەهلی شیعر و ئەدەب ،کەم و زۆر کاری کردە ناخی زۆربەیان، چونکە مەئیوسی خەڵک لە هەل و مەرجە سیاسییەکەی ئەو سەردەمە کە کورد وەک مریشکی ئاوە ڕووت کراوی لێ هاتبوو، وایکرد خەڵک پەنا بۆ هەموو شتێ بەرێ تۆزێک، تۆزێک سووکنایی پێ بێ و باس لە ناخی ئینسان و دۆڕانن و هەڵاتن و مل ملانێی ئینسان لەگەڵ خۆیا بکا، داریوش وای لێ هات خەڵکێکی زۆر ئالودەی بن وەک مەی، وەک عەشق، وەک جگەرە و.. شتی تریش. ڕەنگە کەسانێک زۆر بە کەمی لە فارسی حاڵی بوو بن، بەڵام ئەو دەنگە جەبەروتیە و ئەو ئاوازە سەر سوڕهێنەرانە و ئەو ووشە داگیرساوانە وای کرد کە زۆر گرنگ نەبێ چەن فارسی ئەزانی گرنگ ساتێکە بە گوێ گرتن لە داریوش زاخاوی دڵی شکاو و مێشکی جەنجاڵ و بیرەوەرییە تاریکەکان بەیتەوە، تەنانەت هەندێک لە شاعیرە گەنجەکان بە دارتاشی کردنەوە چەن شیعرێکیان بەناوی خۆیانەوە بڵاو ئەکردەوە. من بۆ خۆم بەسەدان جار لەگەڵ هاوڕێم” شەهید بارزان عوسمان” کە لە ڕيزەکانی ” کۆمەڵە” بە نهێنی کارمان ئەکرد، گوێمان لە داریوش گرتوە و باسمان لەوە کردوە تۆ بڵێی ئەم گۆرانیانە رۆژێک بکرێن بە کوردی! بە داخەوە ئەو خواستەمان کاتێ هاتە دی کە ئەو لە ژیانا نیە و لە دونیای نەمری خۆیایەتی..زۆر بە داخەوە.
بۆ گوێ گرتن لە داریوش و هەست کردن بەوەی لە جیاتی تۆ و بۆ تۆ گۆرانی ئەڵێ، پێویست بەوە ناکات تۆ لە گروپێکی تایبەتی کۆمەڵگا بیت، عاشقێکی دڵ شکاو وا ئەزانێ داریوش بە تایبەتی باس لە دڵ و عەشقەکەی ئەو ئەکات و بۆ کەسی تر نەووتراوە، دایکێکی جگەر سووتاو وا هەست ئەکا داریوش لە ماتەمی جگەر گۆشەکەیا ئەلاوێنێتەوە، زیندانیەک وا ئەچێتە خەیاڵێەوە کە هەست بکا داریوش لە گەڵیا زیندانە و لە جیاتی ئەو باس لە قەفەس” زیندان” ئەکات، هەژارێکی سفرە خاڵی کە ڕووی کردۆتە ئاسمان هەستی بە تەنهایی بوونی خۆی لەسەر سفرەکە نەکا، بەڵکو داریوش لەسەر هەمان سفرەیە و وەک ئەو برسیە و چاوی بڕیوەتە ئومێدێک لە ئاسمانەوە!.
کەسێک کە دەرد و غەمی دونیا سەری لێ تێک با و تووشی” شێتێتی” ئینسان بوون بوو بێ، تەنیا نیە لە تێڕوانینەکان بۆ ژیان، بەڵکو داریوش لە تەنیشتیوەیەتی و بە گۆرانیەکانی باس لە “ڕەوا”یەتی بوونی ئەو ئەکا لەو شێت بوونە، کچێک ، ژنێک کە بەدەست جیاوازی کردنیەوە لەگەڵ برا و کوڕانی خزم و گەڕەک و شار و ووڵات، گوێ ی لێیە دەنگێکی بەسۆزی گەرمتر لە ناخی ئەو باس لە بێدادی کۆمەڵگا ئەکات لە نەخۆشی شێر پەنجەی ئاین لە جیاوازی نێر و مێ. شۆڕشگێڕێک کە لە شەڕایە و لای ئەو هەموو ڕەنگەکان وەک خوێن سوورە و هەموو عەشق و جوانی ئینسان لە لوولەی تفەنگەکەیا ئەبینێ، بە گۆرانیەکانی داریوش ئەبیستێ، دەنگێک لە سەنگەرەکەی ئەوەوە و لە تەنیشتیەوە ئەجەنگێ بە ووشە و دەنگ و گووتارێک کە هەموو تفەنگەکانی دونیا ناتوانن بێ دەنگی بکەن…گەڕۆکێکی بێ ووڵات لەگەڵ هەنگاوەکانیا گوێی لە داریوشە پێی ئەڵێ: هەموومان قەلەندەرین ” گەڕۆک”، هەموومان سەرگەردانی غوربەتین و و بەداخەوە هەندێک جار بۆ یەک لەسەنگەراین..
كەواتە داریوش یەک ئینسان نیە، بەڵکو کارەکتەری دەیان پرۆسەی ئینسان بوونی لە خۆیا هەڵگرتوە، کەم کەس هەیە بتوانێ خۆی لەوە گێل بکات کە کام کارەکتەری داریوشە قسە ئەکات مەگەر” قامچی بەدەست و پاسەوانەکانی قەفەس”. لە هەمووی دیارتر ئەوەیە کە لە تێکستی گۆرانیەکانیا ئینسان هەر ئینسانێکی “مجرد” نیە و بەس، بەڵکو وەک ” کائن”ێک لە چەن لایەکەوە هەوڵی مانەوە ئەیا و مل ملانێ ئەکا، لەگەڵ ناخی خۆیا، لەگەڵ ویژدانی خۆیا، لەگەڵ دەوروپشتی خۆیا، لەگەڵ خودای خۆیا و لەگەڵ چارەنووسی خۆیشیا.. لە زۆربەی هەرە زۆری تێکستەکانیا دەیان ووشە وەک سیمبول بۆ هەردوو بەرەی خێر و شەڕ بەکار هاتووە: سپی، عەشق، گوڵ، ئەستێرە، هەتاو، خەندە، بەهار،کازێوە، ئازادی، نان، بارامبەر بە دڕک، بوغز و کینە، دەسەڵات، قەفەس، جەللاد، شەو، ترس، هەور، کۆتر کوشتن، سەهۆڵ بەنگان و… هتد. ( گەر ئەوان شەو نەبونایە ……… ڕووناکی ئەم ڕۆژە بۆ ئێمە ئەبوو..).
بۆ بەرگری کردن لە ئینسان و ئینسانی بوونی کێشەکان، داریوش پێویستی بەوە نیە لە دیدی ئایدیۆلۆجیەکی دیاری کراوەوە بڕوانێتە ئینسان، لای ئەو ئینسان ئینسانە و ناکرێ بە دوو سێ کەرتەوە، بۆ بەرگری کردن لە هەژارێک یا کرێکارێک مەرج نیە کۆمۆنیست یان” چەپ” بیت، بۆ بەرگری لە خاک و خەڵک نەتەوە پەرستی خاڵی یەکەم نیە، لە نەهێشتنی سەیتەرەکانی نێوان نێر و مێ هەر ئەوروپاییەکان ناگرێتەوە، بۆ قسە کردن لە سەر خودا و ئاین کافر و ئیلحاد بوون قسەی قۆڕە، بۆ بەگژا چوونەوەی ڕەگەزپەرستی ڕەنگی ئینسان ئاساییە سپی پۆستێک بەرگری لە ڕەش پێستێک بکات: تۆ سپی دڵ ڕەشی.. من ڕەشی دڵ سپی..” بۆ عاشق بوون ئیحساسات پێویستە نەک گیرفان، بۆ لابردنی تاریکی، تەنها دەنکێ شقاتە بەسە بۆ داگیرسانی چرایەک.
ئەمانەش هەر هەمووی جێبەجێ ئەکرێ بەبێ ئەوەی پەیڕەوپڕۆگرامی حیزب یان قورئانێکمان لە گیرفانا بێت. چۆن دیکتاتۆر و ستەم گەرەکان مەسەلەی” کورس” لایان خاڵی هاوبەشە، ئینسانەکانیش مەسەلەی ئینسان بوونیان هاوبەشە، ئیتر ڕەنگی ئینسانەکان و جوگرافیایان ئەسڕێتەوە.. هەر لە گوڵەوە سەیری بکەین، خۆ لە ” ئەفریکا”ش گوڵ ڕەنگاوڕەنگە.، دڕکیش هەر دڕکە لە هەموو شوێنێک.
من خۆم لە ساڵی 1976/ەوە کە یەکەم جار کاسێتێکی داریوشم لە تۆمارگای “بەناز” ی بەرامبەر بارەگای ئەوکاتەی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی لە جادەی سجن/ پیرەمێرد كڕی تا ئێستا گوێی لێ ئەگرم لەگەڵ ئاشنا بوونی زیاترم بە زمانی فارسی زیاتر و زیاتر لە تێکستەکانی نزیک ئەبمەوە و ئاسان تر ئەچمە دونیای مل ملانێیەکانی ئینسان لەگەڵ خودی خۆیا پێش خواکەی.
ئەمەوێ باس لەوەش بکەم کە هەندێک لە گۆرانییەکان بە ئاسان تر ئەکرا بە کوردی بێ لەکیس یانی ڕیتم و مۆسیقا و دیمەنی شیعرەکە، بەڵام هەندێک لە تێکستەکان قورستر بوون ئەوەش سەبارەت بە زمانی شیعرەکە، بۆ نمونە ئەو زمانەی ” ئەحمەد شاملو” پێی ئەنوسێ هەمان فارسی شاعیرێکی تری تازە دەرکەوتوو نیە، بە حوکمی ئەوەی فارسیش خۆی زمانێکی چڕ و قوڵ و فراوانترە لە کوردی بە تایبەتی لە ئەدەبیات و بە دەست نیشان کراوی شیعر، بۆ وەرگێڕان ئەبێ خۆت بۆ رێگایەکی پڕ لە “تاسە” حازرکەیت. زۆر “ووشە”ش کە لە کوردیشا هەمان مانای هەیە، پێم باش بوو هەر بە فارسییەکە بمێنێتەوە و بە زۆر چەکوش کاری تیانەکەم..
سوپاسی ئەوە ئەکەم سوپاسم ئەکا، و پشتی خۆم ئەکەمە ئەوەی توانج ئەهاوێژێت، چونکە گەر “ئەدەب” بۆ توانج فەرامۆش کەم ئەبوایە ئەم پڕۆژەیە لەسەر تێکستی توانج بوایە نەک ئینسان.

تێبینی/ لە پێشەکی کتێبی ” بۆنی گەنم”ەوە وەرگیراوە کە تایبەتە بە وەرگێڕانی کۆمەڵێک لە تێکستی گۆرانیەکانی “داریوش” لە فارسییەوە بۆ کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت