شرەیا شەرمە: هاوڕێیەتییەکی تایبەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی/ محەمەد بەرزی
منداڵە ئازیزەکان: کوڕێکی ژیر هەبوو ناوی بەمۆ بـوو، خۆی و دایکی، لە گوندێکی ئاوەدانی جوان وخانووەیەکی پچکۆلەدا پێکەوە دەژیان. هەموو ڕۆژێک دوای تەواو بوونی لە خوێندنگا، دەچوو بۆ ناو دارستانێکی نزیک ماڵی خۆیان، تا هاوکاری دایکی بکات و دار و چیلکە و پووشی لەگەڵدا کۆبکاتەوە.
ڕۆژێک کاتێك بە تەنها دەڕۆیشت بۆ دارستانەکە، لە ڕێگادا توتکە سەگێکی جوانی خنجیلانە و بێ لانەی دۆزییەوە، کە زۆر کزۆڵە و داماو بوو، لە برساندا دەقورسکایەوە. بەمۆ زۆر بەزەیی بەو سەگەدا هاتەوە، هەر بۆیە بڕیاریدا سەگەگە لەگەڵ خۆیدا بباتەوە بۆ ماڵەوە و پارێزگاری و خزمەتێکی چاکی بکات.
کاتێک گەیشتەوە ماڵەوە، هەر لە دەرگاکەوە بە دایکی وت: ( دایە گیان ئەم سەگە پچکۆلەیەم لە ڕێگادا دۆزیوەتەوە، تکایە دەکرێت لـەگەڵ خۆماندا بیهێڵینەوە؟ ).. دایکی بە خەمباری تەماشایەکی بەمۆی کرد و تی: ( کوڕی خۆم، خۆت چاک دەزانی ماڵەکەمان پچووکە و بەهەزار حاڵ جێگای خۆمانی تێدا بۆتەوە، پاشان ئێمە زۆر هەژار و نەدارین، ئاخر لە چ شوێنێکدا جێگای بکەینەوە و چۆن چۆنیش بە خێوی بکەین؟). بەمۆ زۆر لەسەرخۆ بە دایکی وت: ( دایە گیان هەموو ئەوانە دەزانم، بەڵام خەمت نەبێت من ڕۆژانە لە بەشەکەی خۆم خواردنی دەدەمێ و بە شەویش لە لای خۆمەوە دەیخەوێنم).
دایکی، کە زانی بەمۆ زۆر ئەو سەگەی خۆشدەوێت و گرنگی پێدەدات، بۆیە نەیتوانی بێ دڵی بکات و زۆر بە هێواشی سەری ڕەزامەندی بۆ لەقاند و وتی: ( دەی با ئەمەیان بە دڵی تۆ بێت). ئنجا بەمۆ گورج چوو دایکی تێر ماچکرد و سەگەکەشی قایم قایم نووسان بە سنگییەوە و چەند جارێکیش بە گەرمی ئەویشی ماچکرد. هەر لەویشدا سەگەکەی نـاو نـا ( وردیـلـە ). ئیتر بەمۆ بۆ هەر شوێنێک بچووایە، وردیلەشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد و لێی جیانەدەبۆوە و بوون بە دوو هاوڕیی گیانی بە گیانی یەکتری. هەموو ڕۆژێکیش لە خواردنەکەی خۆی، بەشێکی بۆ جیادەکردەوە. پاشان ڕۆژانە دوای تەواو بوونی خوێندنگا، وردیلەی لەگەڵ خۆیدا دەبرد بۆ ناو دارستانەکە، بۆ کۆکردنەوەی دار و چیلکە و پووش. زوو زووش دەیبرد بۆ سەر گرد و تەپۆڵکە و ئەو شوێنانەی تۆپ تۆپێنی تێدا دەکرد و ناوە ناوەش پێکەوە چاوشارکیێ و ڕاکە ڕاکەیان دەکرد و کاتی زۆر خۆشییان پێکەوە بەسەر دەبرد و هەتا بڵێی هەردووکیان زۆر دڵخۆشبوون. کاتێکیش ئێوارە دەهات، دەگەڕانەوە بۆ ماڵەوە و شەویش لەسەر سەرین و دۆشەکێکی کۆن، پێکەوە دەنووستن و خەوی زۆر زۆر خۆشییان دەبینی، هەتا بەیانیش چرچەیان بۆ نەدەکرد.
ڕۆژێک وردیلە تۆزێک نەخۆشبوو، بۆیە بەمۆ هەر بە تەنها خۆی ڕۆیشت بۆ ناو دارستانەکە و نەیتوانی وردیلە لەگەڵ خۆیدا بیبات و لە ماڵەوە لای دایکی بەجێیهێشت. جا چونکە ئەو ڕۆژە باران بە لێزمە دەباری و هەموو ڕێگاکان قوڕ و چڵپاو بوون، هەر بۆیە کاتێک بەمۆ دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، لە پڕ قاچەکانی خلیسکان و بە خێرایی خزا کەوتە ناو چاڵێکی قوڵەوە و دیار نەما.
ئێوارە داهات و بەمۆ نەگەڕابۆوە بۆ ماڵەوە، دایکی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوو، بە پەلە پەنای برد بۆ دراوسێکانی و هەموو پێکەوە چوون بۆ ناو دارستانەکە، تا بە دوای بەمۆدا بگەڕێن و سۆراخێکی بکەن. ئەوەی سەیر بوو وردیلەش بەو نەخۆشیەشەوە دوای ئەوان کەوت. هەموو بە ناو دارستانەکەدا بڵاوبوونەوە و بەیەک دەنگ هاواریان دەکرد: ( هۆ هۆ بەمۆ گیان تۆ لە کوێێ ؟ ). بەڵام بەمۆ لە هیچ شوێنێکەوە دەنگی نەبوو.. پاش تۆزێک وردیلە لە بەردەمی چاڵێکی قوڵدا ڕاوەستا و کەوتە بۆنکردن، خێرا لە لێواری چاڵەکەدا کەوتە کلک لەقاندن و حەپە حەپ و پەیتا پەیتا دەیقروسکان. پیاوێکی دراوسێیان، کە وردیلەی بینی دەوەڕێت، بە ڕاکردن چوو بۆ لای چاڵەکە. تەماشایکرد بەمۆ لە ناو چاڵە قووڵەکەدا بە حاڵ سەری دیارماوە. پیاوەکە، کە ئەوەی بینی، بە پەلە پەل ڕایکرد و گوریسێکی درێژی هێنا و گورج بۆ بەمۆیان شۆڕکردەوە. بەمۆش بە هەزار حاڵ خۆی بە گوریسەکەوە بەستەوە، پاشان هەموو دراوسێکان پێکەوە گوریسەکەیان ڕاکێشا و توانییان بەمۆ لە چاڵەکە دەربهێنن. ئەوەی باشبوو، بەمۆ هیچ ئازارێکی پێ نەگەیشتبوو، بەڵام لە تەپڵی سەرییەوە تا بنی پێێ، بە تەواوی لە قوڕدا هەڵکێشرابوو.
کاتێک بەمۆ لە چاڵەکە هاتەدەرەوە، تۆزێک دەمووچاوی خۆی سڕیی، ئنجا بە گەرمی سوپاسی یەک بە یەکی دراوسێکانی کرد و زۆر بە پەرۆشیشەوە وردیلەی گرتە باوەش و هەتا توانی چەند جارێک ماچیکرد.. لەو ڕۆژەوە هاوڕێی یەتی نێوان بەمۆ و وردیلە تا دەهات بەهێز دەبوو، بە دڵیش یەکترییان خۆشدەویست و بۆ هەموو شوێنێکیش پێکەوە دەڕۆیشتن و بۆ تەنها ساتێکیش لە یەک جیانەدەبوونەوە.
*****
تێبینی: ئەم چیرۆکە نووسینی: ( شرەیا شەرمە ) یە، بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت