ئیبراهیم عەباس: مەکگۆڕک دۆست یان مۆتەکە؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچی لە ساڵی 2004 ەوە وەکو دبلۆماتێک و شارەزایەکی یاسایی لە ئەمریکاوە هاتە بەغدادی پایتەختی عێراق و یەکێک بوو لە داڕێژەرانی دەستووری نوێ بۆ عێراقییەکان، بەڵام لای عێراقییەکان نەناسرا تا لە ساڵی 2015 متمانەی سەرۆک ئۆبامای وەرگرت و بووە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش لە سوریاو عێراق، ئەو پلەیەش یەکسان بوو بە لێپرسراویەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق کە نزیکەی حەفتا وڵاتی خۆرئاوایی و تورکیا و عەرەبی هێزەکانیان خستە ژێر فەرماندەیی مەکگۆڕک.
لە جەنگی دژ بەداعش هاوکاریەکی زۆری پێشکەشی هێزە عێڕاقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەو شەڕڤانان لەرۆژئاوای کوردستان کرد، رۆڵێکی کاریگەری گێڕا بۆ ئەوەی داعش تێکبشکێت، هەرئەوەندەشنا بەهاوکاری مەکگۆڕک سوپای عێراق و هێزەکانی شەڕڤانان و پێشمەرگە پڕچەککران، بەڵام هەموو ئەمانە تەنها لە هەرێمی کوردستان نرخیان نەزانرا، بەپێچەوانەوە هێزو لایەنە عێراقییەکان و کوردانی رۆژئاوای کوردستان ئێستاش مەمنوونی کۆی هەڵوێستەکانی ئەو دبلۆماتکارە ئەمریکیەیەن کە لە پەنسلڤانیاوە هاتۆتە ناوچەکە.
من نازانم هۆکاری چی بوو پارتی و خودی سەرۆکی هەرێمی ئەوکات، مەسعود بارزانی بە دڕدۆنگی و دودڵی مامەڵەیان لەگەڵ برێت مەکگۆرک کردووە، تەنها ئەوەندە دەزانم، وەکو بەرپرسە باڵاکانی پێشووتری ئەمریکا لە هەرێم و عێراق، ناوبراو تەسلیمی ئەجندای پارتی نەبووە.
سیاسەتێک کە مەکگۆرک تەسلیمی نەبووە ئەوە بووە، کە بەدوای سەرکەوتنی خۆی و کارەکەی و ئەجنداکانی وڵاتەکەی بووە، نەک وەکو جەنەڕاڵ گارنەر یەکەم لێپرسراوی هێزەکانی هاوپەیمان لە هەرێم لە دوای راپەرینی بەهاری 1991 کاتێک گەیشتە زاخۆ هەتا ئەم ساتەوەختە وەکو لۆبیستێکی پارتی دیارکەوت، دواتریش هاڕی شوت لێپرسراوی هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان لەدوای 2003 هەمان رێچکەی گارنەری گرت و زیاتر لەئەوەش پارتی لە هەولێر کچە کوردێکیان بۆ خواست و دەستبەرداری هەموو شتێکی وڵاتەکەی بوو هاتە هەولێر خەریکی بزنسی بواری نەوتە.
زەڵمای خەلیل زادیش نەیتوانی لە ژێر ئیغرای پارتی دەربازی بێت و سەرئەنجام ئەو کە رۆژگاری پێش روخانی بەعس نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک جۆرج دەبلیو بوش بۆ رێکخستنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق و روخاندنی بەعس و سەدام، دواتریش بووە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق، بەڵام کەوتە ژێر کاریگەری بارزانی و پارتی و گرێبەستەکانی نەوت. زۆری تریش لە دبلۆماسی و جەنەڕاڵەکانی ئەمریکا دوای تەواوبوونی کارەکانیان لەهەرێم و عێراق و خانەنشینبوونیان هەمان رێچکەی گارنەرو خەلیلزاد و هاڕی شوتیان گرت.
بەڵام مەکگۆڕک بەهۆی ئەوەی چاوی لەسەر پێگەکانی بوو لەداهاتووی ئیدارەی وڵاتەکەی هیچ ئیغرایەک کاری لێ نەکرد، هەر بۆیە پارتی و بارزانی وەکو دۆستێک سەیریان نەکرد، بەڵکو بەپێچەوانەو ئەو هەموو دڵسۆزیەی بۆ کورد و هێزەکانی پێشمەرگە لەبەرچاو نەگیراو زۆرترین تێکگیرانیان لەگەڵ دروستکرد، هەر ئەوەشنا لەژێر کاریگەری تێکشکاندنی داعش لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، بارزانی مەغروری گرتی و وەکو دبلۆماتێکی پلە باڵا حسابیان بۆ نەدەکرد، بەڵکو نووسەرو قسەکەرەکانی خۆیان فێردەکرد وەکو دبلۆماتێکی پلەچوارو پلە پێنج ناوی بەرن. بێ ئاگا لەئەوەی مەکگۆرک هەرچی هاوکاری و رەقیەکی لەگەڵ بارزانی کردبێت سەداسەد سیاسەتی ئیدارەی ئەمریکابووە.
دەرکەوتنەوەی ناوی مەکگۆڕک لە ئیدارەی نوێی جۆبایدەن و سپاردنی لێپرسراویەتی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆشکی سپی، بەزوویی لێرە لە هەرێمی کوردستان جەدەلی خوڵقاند، بووەتە باسی میدیا و سۆشیال میدیا کە ئایا ئەم دبلۆماتکارە چاوشین و سپی پێستەی ئەمریکا دۆستی ئێمەی کوردە، یان مۆتەکەیە بۆ بارزانی؟ لە ڕاستیدا ئەگەرچی خودی مەکگۆرک پەیامی ئیدارەی ئەمریکای گەیاندە پارتی بۆ ئەوەی بەهۆی لێکەوتەکانی ریفراندەمەکەی ئەیلولی 2017 بارزانی کورسی سەرۆکایەتی هەرێم و هێزە چەکدارەکان جێبهێڵێت، بەڵام هێشتا رەوا نیە وەکو مۆتەکەیەک سەیری بکرێت، ئاخر هەر مەکگۆرک بوو، زۆرترین هەوڵی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان و بزوتنەوەی گۆراندا بۆ ئەوەی بارزانی تا کۆتایی و تێکشکاندنی داعش لەپۆستەکەیدا بەردەوام بێت، لەوەش راستی تر، مەکگۆرک لە خزمەت زیاتر بە کورد و کوردستان خزمەتی پارتی و بارزانی کردو لەسایەی رۆڵی ئەو، هێزەکانی پێشمەرگە پڕچەک کران و زیاتر لە سێ ساڵیشە پارەیەکی ئاشکرا لە پەنتاگۆن وەردەگرن، نیگەرانیەک کە ئەشێت پارتی و بارزانی لەگەڵ ئەم کەسایەتیە لەدڵیاندا بێت، ئەوە بوو کە مەکگۆڕک دەستی د.بەرهەم ساڵح ی گرتوو، نەیهێشت د.فواد حوسێن کاندیدەکەی بارزانی بگاتە کۆشکی سەلام و پلەی سەرۆک کۆماری عێراق. تەنانەت هەق نیە بۆ لەدەستدانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گلەیی لە مەکگۆڕک و ئەمرکییەکان بکرێت، بەقەدەر ئەوەی هەق پارتی و بارزانی خەتاکەی بخەنە نابەرپرسیاری خۆیان و دژایەتی کردنی هاوپەیمانان و ئەمریکییەکان. چونکە گەر عینادی ئەوان نەبوایەو تەنها بۆ ماوەیەکی زەمەنی ریفراندەم دواخرابوایە نە کەرکوک لەدەست دراو نە کۆی ناوچە دابڕاوەکانیش دەگەڕانەوە ژێر دەستی حکومەتی بەغدا، نەبەو ئاسانیەش شکۆی پێشمەرگە دەشکێندرا.
ئەشێت ئەو غروریەی جاروبار پارتی و بارزانی تووشی دێن، بەم هۆیە خەڵکی کوردستان باجەکەی دەدەن و سەرگەردان دەکرێن، ئیتر دەستبەرداری ببن، چونکە حەمەرەزا شای ئێرانیش بەهۆی راگەیاندنی شۆڕشی سپی و گۆڕینی ئێران لە وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوتەوە بۆ پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری غروری زۆر گرتی و سەرئەنجامەکەی خۆی و کورسی شاهانەی بنەماڵەکەی و خەڵکی ئێرانی بەدەستی ئەمرکییەکان بە خەسارەتێکی گەورەدا، کە تا ئێستا ئێرانیەکان باجەکەی دەدەن.
وێنەکە، خۆچەماندنەوەی برێت مەکگۆرگ! بۆ کچە کوردێک لەشاری رەقە دوای رزگاربوونی رەقەی پایتەخت داعش لەدەست هێزە ترسناکەکانی داعش.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت