وانـەیـەکـی بـە سـوود.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی
منداڵە خۆشەویستەکان: ڕۆژێک لە ڕۆژان پیاوێکی بازرگانی زۆر دەوڵەمەند، کوڕەکەی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ گەشتێک، مەبەستی باوکەکەش تەنها ئەوەبوو کوڕەکەی لە نزیکەوە چاوی بە ژیانی خەڵکی فەقیر و هەژار بکەوێت. پاش ماوەیەک ڕێگایان گەیشتە گوندێک و چەند ڕۆژێک لە ماڵی خێزانێکی ڕەنجبەری هەژاردا مانەوە، کە هەموویان لە ناو کێڵگەیەکدا سەرقاڵی جوتیاری و بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئیشوکار بوون.
کاتێک لە گەشتەکەیان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، باوکەکە لە کوڕەکەی پرسیی: ئەم گەشتەت بە لاوە چۆنبوو؟.
کوڕەکەی لە وەڵامدا وتی: زۆر زۆر خۆشبوو.
ئنجا باوکی وتی: خۆ بە چاوی خۆت بینیت ئێمە چۆن لەژیانێکی زۆر خۆشدا دەژین و خەڵکی هەژار و داماویش چۆن چۆنی دەژین؟.
کوڕەکەشی زۆر لەسەرخۆ وتی: بەڵی بابە گیان.
پاشان باوکی وتی: دەی باشە با بزانم چیی لـەو گەشتەوە فێربوویت؟.
کوڕەکەشی لە وەڵامدا وتی: ئەوەی بینیم زۆر شتی فێرکردم. ئێمە تەنها یەک سەگمان هەیە، بەڵام ئەوان خاوەنی چوار سەگ بوون.. ئێمە لە باخچەکەماندا مەلەوانگەیەکی پچووکمان هەیە، بەڵام ئەوان چەمێکی درێژی بی کۆتاییان هەیە.. ئێمە خانووەکەمان بە گڵۆپ ڕازاندۆتەوە، بەڵام ئەوان بە ئاسمانەوە ئەو هەموو ئەستێرانەیان هەیە، کە بەشەو دەبریسکێنەوە و تا بەری بەیان بۆیان دەجریوێنن.. ئێمە کۆتایی حەوشەکەمان تا ئاستی دیواری دەرەوەیە، کەچی ئەوان هەموو ئاسۆی بێ سنور حەوشەیانە.. ئێمە لەسەر پارچە زەوییەکی پچکۆلانە دەژین، بەڵام ئەوان تــا چاو بڕکات کێلگەیەکی گـــەورەی بێ کۆتاییان لـەبەردەمدایە.
ئێمە خزمەتکارمان هەیە و خزمەتمان دەکەن، بەڵام ئەوان خزمەتی خۆیان و خەڵکیش دەکەن.
ئێمە دیوارەکانمان دەمان پارێزن، کەچی ئەوان هاوڕیێ کانیان دەیانپارێزن.
باوکەکەی، هەرئەوەندەی گوێی لە قسەکانی کوڕەکەی بوو ، وا حەپەسا، ئیتر هیچی بۆ نە وترا . پاشان کوڕەکەی سەرلەنوێ بە باوکی وت: سوپاس بابە گیان، کە بۆت دەرخستم ئێمە چەند هەژارین.

منداڵە ژیرەکان ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت: پارە و سامان و کۆشکوتەلار ، سەرچاوەی بەختیاری نیین، بەڵکو سەرچاوی ڕاستەقینەی کامەرانی بریتیین لە: خۆشەویستی، تێکۆشان، دڵنەرمی، ڕاستی، برایەتی، یەکێتی، یارمەتی، خێرخوازی و چاوتێری.

تێبینی: ئەم چیرۆکەم لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت