سەلاح خدر: چی لەپشت دەرگا داخراوەکانی تیرۆری پاریسەوە هەیە؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێک زانیای نوێ
ڕاستە کۆمەڵکوژی پاریس (ساکیەن جانسز و هەڤاڵانی) بەدەستی دەوڵەتی تورک پێکهات, بەڵام هێزی دیکەی شاراوەش لەناو ئەو تاوانەدا هەن. ئەو کۆمەڵکوژییە لەکاتێدا پێکهات کە قۆناغی دیالۆگ بوو، لە ئیمراڵی گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتی تورک و ڕێبەر ئاپۆدا هەبوو.
لەو کاتەدا کە هەواڵی ئەو تیرۆرە گەیشتە ڕێبەر ئاپۆ! ئەو ڕوداوەکەی وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی دیالۆگ و دیدارەکانی ئیمراڵی و بەردەوامی پیلانگێڕی بەناوکرد و ئاماژەی بە ڕۆڵی گلادیۆش کرد لەو تاوانەدا.
ئەوە یەکەم ڕووداو نەبوو لە کاتی دانوسانەکانی ئاشتیدا ڕووبدەن. بەرلەوەش لەکاتێدا ڕێبەر ئاپۆ و دەوڵەتی تورک لە گفتوگۆدا بوون، کوشتن و کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا. لە دانوسانەکانی 1993 لەسەردەمی تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی تورکیادا، بەکوشتنی 33 سەربازی تورک لە ناوچەی لیجەی ئامەد لەلایەن شەمدین ساککەوە قۆناغەکە لەباربرا و پاشان دەرکەوت شەمدین پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەبووە و هەربۆیە تەسلیمی پارتی بوو و، پارتیش ڕادەستی تورکیای کرد. لەدوای ئەوە ئۆزالیش ژەهرخوارد کرا و کوشتیان، بەوەش نەیانهێشت دانوسانەکان بگاتە ئەنجام و شەڕ دەستی پێکردەوە.
لە ساڵی 1997 دا و لە سەردەمی نەجمەدین ئەربکان دا جارێکی تر ناڕاستەوخۆ دانوسان لەنێوان حکومەتی تورک و پەکەکەدا دەستی پێکرد، بەڵام ئەوکاتیش دەوڵەتی قوڵ و گلادیۆ کودەتای سپی یان بەسەر ئەربکاندا کرد و حکومەتەکەیان پێهەڵوەشاندەوە و دانوسانیش نەگەیشتە ئەنجام.
جارێکی تر لە کۆتایی 2005 تا 2006 ناڕاستەوخۆ دیدارەکانی ئۆسلۆ دەستی پێکرد، تا لە یەکی تشرینی دووهەمی 2007 دا شاندی پەکەکە و حکومەتی تورک ڕوبەڕوو لە ئۆسلۆ دانیشتن، ئەمە هەتا مانگی تەمووزی 2011 بەردەوام بوو، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام.
کۆتایی 2012 جارێکی تر لە ئیمراڵی دیدارەکان ئەنجامدرانەوە، ئەوکات ئەردۆغان دان بەوەدانا کە دیدار هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی تاکتیکی تەعامولی لەگەڵ قۆناغەکەدا دەکرد. سەرەتای مانگی ئاداری 2013 چونی شاندەکان بۆ ئیمراڵی دەستی پێکرد، لەگەڵ ئەوەی موتابەقاتی دۆڵمەباخچە لەنێوان هەردوولاشدا واژۆ کرا بوو، بەڵام ئەردۆغان کاتێک زانی نەیتوانیوە پڕۆسەکە بۆ مەرامە سیاسیەکانی بەکاربهێنێت، لە مانگی نیسانی 2015 کۆتایی بەدانوسانەکان هێنا و کۆمەڵکوژ و ڕەشبگیری لە باکوری کوردستان ئەنجامدا.
تەواو لە گەرمەی دیدارەکانی ئاشتی ئیمراڵیدا لە نۆی کانونی دووهەمی 2013 دا بوو ساکینە جانسز و هەڤاڵانیان تیرۆر کران، هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ شەهیدکردنی ساکینە جانسزی وەک کودەتای نۆی کانونی دووهەم بەناو کرد و گوتی: ئەمە پەیامێکە بۆ پەکەکە.
لە دیدارەکانی ئەو ساڵەدا ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بەڕۆڵی گلادیۆ دەکات لەو کۆمەڵکوژیەیی پاریسدا و دەڵێت: ئەو کارە لەلایەن گلادیۆوە ئەنجامدراوە، دەرچوونی خۆشی لە سوریا بە ئۆپەراسیۆنی گلادیۆ – ناتۆ ناوبردبوو، شەهیدکردنی ساکینە جانسزیشی وەک پیلانگێڕی دووهەمین بەناو کردبوو.
لەناو دەوڵەتی تورکدا هێڵی گلادیۆ و هێڵی نزیکی چارەسەری هەیە، هەربۆیە هەمیشەی هەوڵی کودەتا دەدرێت. ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاندبوو لەو ڕۆژەوەی تورکیا بووەتە ئەندامی ناتۆ، ڕووداوی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پیلانگیڕێ نێونەتەوەیی لەڕێی ناتۆ – گلادیۆوە ئەنجام دەدرێن.
ڕێبەر ئاپۆ لە کوشتنی سەرۆک وەزیرانی سوید ئۆلف پاڵمێ دا ئاماژەی بەڕۆڵی ناتۆ کردبوو و، ڕووداوەکەش هەتا ساڵی پار بەسەرداپۆشراوی مایەوە و ئێستاش لەگەڵیدا بێت پلاندانەرانی ئەو تیرۆرە ئاشکرا نەکران.

ئەگەر ئەو قۆناغانە باش شیکار نەکرێت ئەوا زەحمەتە لە ڕووداوە گرنگەکان تێبگەن.
گلادیۆ هێزێکی شاراوەی ناو ڕێکخراوی پەیمانی ئەتڵەنتیکی باکوور ناسراو بە ناتۆ یە، ئەگەر ئەو هێزە نەبوایە کێ دەیتوانی لەپاریس کۆمەڵکوژیەکی وەها ئەنجام بدات، ڕاستە بەدەستی دەوڵەتی تورک پێکهات، بەڵام بەچاودێری و لەژێر کۆنتڕۆڵی گلادیۆدا ئەنجامدرا. کەواتە دەبێت ڕۆڵی فەڕەنساش لەو تیرۆرەدا هەبێت، چونکە هەتا ئێستا فەڕەنسا ڕاستی تاوانەکە و تاوانبارانی ئاشکرا نەکردووە. لەگەڵ ئەوەی هەموو کەس دەزانێت حکومەتی ئاکەپە و ئەردۆغان بڕیاری ئەو کۆمەڵکوژییەکەیان داوە، لەلایەن میتی تورک و هاکان فیدانەوە پلان و جێبەجێ کراوە و بکەرەکەشی عومەر گونەی بووە، هێشتاش دادگای فەڕەنسا لێپرسینەوەی لە حکومەتی ئەردۆغان نەکردووە، ئەمەش هێزی داوتە حکومەتی تورک کۆمەڵکوژی دیکە ئەنجام بدات.
ڕوونترین بەڵگە دانپێدانانەکانی دوو کاربەدەستی میتی تورکە، کە ساڵی 2017 لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لەلایەن هەپەگەوە لە شارۆچکەی دووکانی سلێمانی دەستگیرکران کە پەکەکە بە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی کۆمەڵکوژی پاریس بەناوی کرد، ئەو دوو میتە لە دانپێدانانەکانیاندا زۆرێک نهێنیان لەبارەی کۆمەڵکوژی ساکینە جانسز و هەڤاڵانی ئاشکرا کردووە.
هەر دوو کاربەدەستەکەی میت بەناوەکانی ئەرهان پەکچەتین و ئایدن گونەل، ماوەی 20 ساڵ لە کوردستان و تورکیا کاریان بۆ میت کردبوو. دوای پێنج مانگ لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەلایەن هەپەگەوە دانیان بەوەدانا کە بەفەرمانی ئەردۆغان و میت کاریان بۆ تیرۆرکردنی بەڕێوبەرانی پەکەکە کردووە، دانیان بەوەشدانا کە کۆمەڵکوژی پاریس بەفەرمانی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان ئەنجامدراوە. ئەرهان پەکچەتینی میت ئاشکرای کردبوو، کە کۆمەڵکوژی پاریس لەلایەن سەرۆکی ژووری چالاکی پارچەکردنی نەتەوەیی بەناوی ئوغوور کان ئایک و بەرێوبەری لقی ئۆپەراسیۆنەکان ئۆغوز یورەک و ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ئایهان ئۆرەن بەڕێوەچووە. یەک لە بەڕێوبەرانی میتی تورک بەناوی سەلاحەدین ئاساڵ کە لەگەڵ موحەمەد دەروێشئۆغڵوو ئەندامی شاندی دانوسانەکان بوون لە ئیمراڵی پلانی کۆمەڵکوژی 2013ی پاریس یان داڕشتووە، سەلاحەدین ئاساڵ ڕاستەوڕاست لەگەڵ ئەردۆغان و هاکان فیدان کار دەکات. پەکچەتین دانی بەوەشدا ناوە کە عومەری گونەی بکەری تاوانەکەش ئەندامی میت بووە.

باشە چارەنوسی ئەو چوار ئەندامەی میت کە بە فەرمانی ئەردۆغان و هاکان فیدان کۆمەڵکوژیەکەیان ئەنجامدا چی لێهات:
پلەی ئوغوور کان ئایک و ئۆغوز یورەک و سەلاحەدین ئاساڵ لە دەزگای میت بەرز کرایەوە.
ئایهان ئۆنەن بۆ ئەوەی هیچ نهێنییەک ئاشکرا نەکات بێسەروشوێن کرا.
بکەری تاوانەکە عومەر گونەی لە زیندانی پاریس بەپیلانێکی تایبەت کوژرا.
بەڵگەیەکی دیکە لە چواردەی کانونی دووهەمی 2014 لە چاپەمەنیەکاندا بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاشکرای دەکات کە فەرمانی کۆمەڵکوژی ساکینە جانسز و هەڤاڵان بەواژۆی هەر چوار کاربەدەستی ئاماژە بۆکراوی میت ئەنجامدراوە. پاشان تۆمارێکی دەنگی عومەر گونەی بڵاوکرایەوە کە لەگەڵ میت دانیشتووە و قسە لەسەر پلانی کۆمەڵکوژیەکە دەکەن.
لەگەڵ ئەوەشدا کاربەدەستانی فەڕەنسا لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی پێویستیان لە بارەی دۆسیەکەوە نەکرد بەمردن یاخود کوشتنی عومەر گونەی بەبێدەنگی لە 17ی کانونی یەکەمی 2016 خواستیان دۆسیەکە بەیەکجاری دابخەن. جگە لەوانەش چەندین سیخووڕ لەو پیلانگێڕییەدا بەکارهێنراون کە یەک لەوانە کەسێکی تورکە بە ناوی روحی سەمەن، لە ئەڵمانیا دەژی و لێپرسینەوەی لەگەڵدا نەکراوە.
عومەر گونەی بکەری تیرۆرەکەی پاریس ساڵی 2003 لەڕێی هاوسەرگیرییەوە چووەتە ئەڵمانیا و لەشاری بادتۆز لە هەرێمی باڤاریا نیشتەجێ بووە. لەو کاتەدا زۆرترین پەیوەندی و هاتن و چوونی لەگەڵ ڕوحی سەمەن لەو شارەدا هەبووە. هەردووکیان لە کارگەری کینشۆفەر GMBH کاری کردووە.
سەمەن لە باڤاریا کاری ڕێکخستنی نەژادپەرستە تورکەکان بووە، ساڵانێک لە مزگەوتەکانی سەر بە ئەردۆغان و ڕێکخراوی یەکێتی کاروباری ئاینی ئیسلامی تورک کاری کردووە، لەهەمان کاتدا لەگەڵ گروپی تۆپی پێی تورکە نەژاردپەرستەکان بەناوی تورک سپۆر هاوشام کاری کردووە.
لەدوای کۆمەڵکوژیەکە لە کاتێدا عومەر گونەی لە زیندانی فەڕەنسا دەبێت، سەمەن دەچێتە دادگای پاریس و خۆی وەک هاوڕێی گونەی دەناسێنێت و سەردانی دەکات.
گونەی لە زیندان نوسراوێک دەداتە سەمەن بۆی بگەیەنێتە میت کە تیایدا داوای لە میت کردووە لە زیندان بیڕفێنن و ئەویش بۆی دەگەیەنێت. لەگەڵ بوونی بەڵگە لەو بارەیەوە لە دەست یەکینە ئەمنیەکانی فەڕەنسا، بەلام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکردووە.
لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگە و ڕاستیانەش لە پەیوەندی سەمەن بە میتی تورکەوە، تا ئێستا دادگای ئەڵمانیاش لێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەمەن نەکردووە.
هەربۆیە بێ هەڵوێستی ئەڵمانیا لەڕای گشتی کوردان دا وەک چاوپۆشی ئەو وڵاتە لە کار و جموجۆڵەکانی میت لێک دەدرێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت