سەرکەوتی جیهاز & بەختیار شارەزوری: سۆپەرپاوەر و کۆمارەکانی مۆز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەزمی نوێ ی جیهان و سیستەمی بەڕێوەبردنی جیهان گەیشتوەتە شوێنێک کە چی تر دەبێت لە بری ئەوەی بەردەوامی بدات بە کۆنتڕۆڵکردنی دنیا دەبێت بیر لە کۆنتڕۆڵ کردنی خۆی بکاتەوە، لە بری ئەوەی قسە بۆ جیهان بکات دەبێت قسە بۆ خۆی بکات، لە بری ئەوەی کار لەسەر بنەما بەرژەوەندیەکانی مرۆڤ بون بکاتەوە دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە ناکرێت مرۆڤایەتی بخاتە خزمەت بەرژەوەندی خۆیەوە، ئەوەی ناو دەبرێت بە دیموکراتی و لیبڕالی هیچ کات بەقەد ئێستا لە ژێر پرسیاردا نەبوە، با بپرسین چۆن.؟
خۆ ئەگەر لەمسەری دنیا بۆ ئەو سەری دنیا ئەگەر مرۆڤێک چەوسابێتەوە ئەوا چاوی لەوە بوە لە ژێر بیری لیبڕالیەت و دیموکراتیدا هاوار بۆ مافەکانی خۆی بکات یان شۆڕشێک لە ژێر ئەم ناوەدا بەرپا بکەن، وەک دەبینین لە دنیادا زۆربەی حیزبەکان پاشکۆی دیموکرات یان لیبڕاڵیان هەڵگرتوە، بەڵام ئایا ئەم سیستەمە و ئەم نەزمی نوێی جیهانە توانی هەقیقەتی خۆی لە ڕێگەی کارئەکتەری سیاسی و پرۆسەی دیموکراتی و شۆڕشەکانی دیموکراتیەوە بگەیەنێتە ئەنجام، لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی دەبێتە سەنتەری سەرمایەداری و نەزمی نوێی جیهان و سۆپەرپاوەری پارێزگاری لە بنەماکانی دیموکراتی و ئەو وڵاتانەی دیموکراتیان تێدایە ئەمریکایە، واتا ئەم ئەمریکایە دەبێت لە پەنای بەرژەوەندیەکانی خۆیدا بەرگری تەواو لە نەزمی نوێی جیهان بکات و لە ناوخۆی خۆشیدا نمونەیەک بۆ جیهان پێشکەس بکات کە ببێتە مۆدێل بۆ بەڕیوەبردنی وڵاتانی تری جیهان، بەڵام ئایا ئەمریکا ئەمەی پێ وتین.؟
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ لە ئەمریکا تەنها شورەیی نیە بۆ ترامپ بەڵکو کۆی سیستەمی بەڕیوەبردنی جیهان و سەرمایەداری و دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەر چی ئەم کودەتایە بێ بیری نوێ و بێ پرەنسیپی فکری بوە و سەری نەگرت و لە مێژوی ئەمریکادا هەندێ حاڵەتی لەم شێوە دروست بوە، بەڵام لە گشتدا پرسیارگەلێک دروست دەکات کە بڵێین لە ناو سۆپەر پاوەر و ئەمریکادا ئەم ڕوداوانە بۆ.؟
ترامپ ئەگەر چی کاری لەسەر دێواندن کرد و بنەمای جیاوازی ئەوەی دی لەیەک بازنەدا نە‌هێشت و جیاوازی و فرە دەنگی و فرەڕەنگی خستە ژێر پرسیارەوە ڕۆحی ململانێ و دەستاو دەستکردنی دەستەڵاتی لە بنەمایەکی مەدەنیەوە خستە دەست بنەما هێزییەکان و یاساکان، بە مانایەکی تر بە شەیتانکردنی ئەوەی دی هێنایە سەر ستەیجی جیهان لە بری قبوڵکردنی بردنەوە و دۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا، ئالێرەوە کۆمەڵگەی ئەمریکی بەدەر لە سۆپەرپاوەر و هێزی یاساکان کۆمەڵگایەکی زیندوە ناهێڵێت لادانەکان سنوری بنەما فکریەکان ببڕێت و وە بینیمان ترامپیزم و ئەوانەی ئەو ڕوداوەیان دروست کرد چییان بەسەر هات.
ئەگەر چی ئێستەی سۆپەر پاوەر وەک کۆمارەکانی مۆز ناوزەند دەکرێت، ئەگەر بگەڕێینەوە پێشتریش ئەم سۆپەر پاوەرە بەهۆی کۆمەڵک دەرهاویشتەوە دیسان وەک هێزی بەڕێوەبردنی بەشێکی دنیا دەکرێت ناوزەند بکرێتەوە بە کۆمارەکانی مۆز، ئەم حالەتەش لە بەریەککەوتنی لەگەڵ چین و شەڕی بایۆلۆجی دەردەکەوێت، کە سیستەمی دیموکراسی و سۆپەرپاوەر پێش ڕودانی ترامپیەکان کەوتوەتە ژێر پرسیارەوە قوڵتر لەم ڕوداوەی ترامپیە پۆپۆلیستەکان، بەوەی کۆرۆنا وەک زیاتری کەڵەکە بونی سەرمایەداری و قازانجی زیاتری کۆمپانیاکان دەبینرێت، ئەگەر چی جموجۆڵ و مامەڵەی دنیای خاو کردەوەم، بەڵام لە پشتی پەردەوە سیناریۆکان ئاوا بوو، بەوەی تەمەنە پیرەکانی دوای خانەنشین لە ناو دەبات تا ئەو مافەی کە کاریان کردوە بە درێژایی تەمەنی گەنجێتی نەخۆن و کەڵەکەبونی سەرمایە زیاتر بێت، ئەمە و ئەوەی ترامپ و بەریەککەوتنی لە چین دوو پرسیارگەلن کە ئەمریکا و ناوهێنانی بە لیدەری دیموکراتی و پرۆسەی بەڕێوەبردنی دنیا بکەوێتە ژێر پرسیارەوە ئەگەر چی تا ئێستا هێزی بەرگری لە دەستاودەست کردن و هێزی یاساکان ناو ئەمریکا بەهێزترە لە لادانەکان، بەڵام کە گەیشتە ئەوەی بە کۆمارەکانی مۆز ناوزەند بکرێت ئەوا دەبێت چاوەڕێی سەرەتای کەوتنی ئەم سیستەمەی نوێیەی جیهان و لاواز بونی سۆپەر پاوەر بکەین.

کۆماری مۆز: بە کۆمارەکانی ئیندۆراس ئەوترێت کە کۆمەڵیک لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەمو وڵات دەفرۆشن بەتایبەت مۆز، کە بوە بە ناونانێک بۆ ئەوانەی نیشتمانی خۆیان دەفرۆشن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت