دکتۆر نازەنین عثمان: ڤیتۆ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەند جاری گوێمان لە وشەی ڤیتۆ دەبێت یەکسەر ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکانمان دێتە بەر چاو.
ڤیتۆ وشەیەکی لاتینیە بەمانای (من رێگەنادەم) دێت. ڤیتۆ بۆ هەموودەسەڵاتێک بەکار دێت کە یەکێک یان لایەنێک بەتەنیا رێگر بێت لە هەر بڕیارەک کە لایەنێکیتر یان کەسانێکیتر وەریگرن بە ڕێگەیەکی یاسایی. هەندێ نمونەمان هەیە بۆ بەکار هێنانی ڤیتۆ جگە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان وەک:
ڤیتۆ لای رۆمانی کۆن هەبوە و بەکاریان هێناوە لەلایەن دادوەر و قونسڵ. هەندێ کۆمپانیا هەیە سەرۆکەکی یاخود هەندێ لە خاوەن پشکەکان مافی ڤیتۆیان هەیە بەپێی جۆری دامەزراندنی کۆمپانیاکە لە سەر هەندێ بڕیار کە ئەندامانی بەڕێوەبردن دەری دەکەن.

سەرۆکی هیند دەتوانێ ڤیتۆ بەکار بهێنێت دژ بە یاسایەک پەرلەمان دەنگی بۆ دابێ و واژوی نەکا. پەرلەمانی ناوەندی هیند دەتوانێت مافی ڤیتۆ بەکار بینێت لەسەر یاسایەک کە پەرلەمانی یەکێک لەهەرێمەکان دابیتی. لە ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت دەنگ لەسەر یاسایەک نەدا و ڤیتۆ بەکاربێنێت کە کۆنگرەس دەری کردوە و بیگەڕێنێتەوە،بەڵام، کۆنگرێسیش بە دەنگی 2 لەسەر 3ی دەتوانێ ڤیتۆ لەسەر بڕیاری سەرۆک بدا و تێیپەڕێنێ. هەمان سیستەمی ئەمریکا لەفلیپین بەڕێوە دەچی. لە ئیسلاندا سەرۆک دەتوانێ ڤیتۆ بەکاربینێت بۆ یاسایەک کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە. مەلیکی ئینگلتەرە ئەو مافەی هەیە. زۆربەی وڵات دەسەڵاتی ڤیتۆی نەداوە بە سەرۆکەکانیان بەڵام مافی ئەوەیان پێداون کە داوای هەموارکردنی یاساکان بکەنەوە.
دوای شەڕی جەنگی جیهانی دووەم لە 1945 جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەلایەن 51 وڵات واژوو کرا و ساڵ بە ساڵ وڵاتەکان چونە ناو ئەو ڕێکخراوە و ئێستا 193 وڵات بەشدارن و کۆمەڵەی گشتی پێکدێنن، هەمو وڵاتێکی سەربەخۆ دەتونێت بەشدار بێ و خاوەن دەنگ بێ، تەنیا 5 وڵات هەن لەدەرەوەی کۆمەڵی گشتی: ڤاتیکان و فەلەستین ئەندامی چاوەدێرین بەڵام مافی دەنگدانیان نیە هەرچی تایوان، کۆسۆڤۆ، سەحرای غەربی ئەندام نین و دانیان پێ دانەنراوە.
لەو 193 وڵاتەی ئەندامی کۆمەڵەی گشتی 15 وڵات ئەنجومەنی ئاسایش پێک دێنن لەو 15 وڵاتە 5 وڵات ئەندامی هەمیشەیین و هەر ئەوانەشن کە مافی ڤیتۆیان هەیە ئەوانەش بریتین لە روسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا. 10 وڵاتەکەی تر بۆ 2 سال دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بەهەڵبژاردن لە نێو کۆمەڵەی گشتی هەڵدەبژێردرێن و هەر ساڵەی 5 وڵات دەگۆڕدرێن. بو بڕیاردان لەسەر هەر بڕیارێک پێویستیان بە 9 دەنگ هەیە. گەریەکێک لەو 5 وڵاتە دەنگی ڤیتۆی بدا گەر 14 وڵاتەکەی تر دەنگیان بە ئەرێ بۆ دابێت ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوەو دەنگی ڤیتۆ بەبێ ئەوەی هیچ هۆیەک و پاساوێك بهێنتەوە، دەیباتەوە.
لە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتوەکان تا ئەوڕۆ 258 جار ڤیتۆ دراوە و پشکی شێر بەر روسیا کەوتوە و 123 جار بەکاری هێناوە، ئەمریکا 77 جاربەکاری هێناوە و زۆرترینیانی بۆ پارێزگاری ئیسرائیل بووە دواجاری لە 2017 بۆ رێگری لەوەی نەیەڵن قودوس ببێ بە پایتەختی ئیسرائیل بوو ، بەریتانیا 32 جار، فەرەنسا 17 جار و چین 8 جار.
لە 2011 وە روسیا 14 جار ڤیتۆی بەکار هێناوە تەنیا بۆ کارو باری سوریا دواجار لە 2019 لەسەر ناردنی یارمەتی مرۆڤایەتی بۆ ساڵێک و لە 3 دەرگاوە 2 تورکیا و 1 عیراق، بەڵام، لەبەر ڤیتۆی روسیا یارمەتیەکە بوو بە 6 مانگ و گەیاندنی تەنیا لەڕێی تورکیاوە بوو.
زۆر کات ڤیتۆ بوە بە رێگرلە هەندێ بڕیار کە لەبەرژەوەندی مرۆڤایەتی دابوە، وەکۆ 2017 روسیا ڤیتۆی بەکار هێنا لە بەرژەوەندی سوریا کە چەکی کیمیاوی بەکارنەهێنێ.
فەرەنسا پرۆژەیەکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی کرد کە ڤیتۆ قەدەغە بکرێ لەکاتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیدا، بەڵام داواکەی سەری نەگرت. زۆر لە وڵاتانی کۆمەڵەی گشتی داوای لابردنی مافی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن و داوادەکەن بڕیارەکان بە شێوەی دیموکراتی بدرێت، تاکوو ئێستا سەرینەگرتوە.
وڵاتی میسر داوای کردوە کە ئەفریقیا بەدایمی خاوەنی 2 کورسی بێت لە ئەنجومەنی ئاسایش و مافی ڤیتۆیان هەبێت. بەڵام ئەمەش هەر سەری نەگرتوە.
پێنج هێزی سەرکەوتووی شەری جیهانی دووەم مافی ڤیتۆیان بۆ خۆیان قەرخ کردوە گوایە بۆ ئەوەیە رێگا بگرن لە شەری جیهانی سێەم رووبدا، بەڵام، لەراستیدا وە تاکوو ئێستا زۆربەی کات بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان و دۆستەکانیان بەکاریان هێناوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت