قوتەیبە فازڵ: حکومەتی کازمی خۆری لە ئاوابوونە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ حکومەتی کازمی بکەین هەر لە سەرەتای دەست بەکار بوونیەوە لە مانگی ئایاری ساڵی 2020 تا ئێستا دەبینین ڕوو بە ڕووی چەندین گرفت بووەتەوە لە لایەن کوتلەی شیعەکانەوە، سەرەتا بە گۆڕینی ناوی کاندیدەکان دەستی پێکرد و پاشان ناو بە ناو هەڕەشەی وەرگرتنەوەی متمانە و کشانەوە لە حکومەت، سەرەتای درووستبوونی کابینە حکومیەکە بە ڕێککەوتنێکی وا درووستکرا کە کازمی بۆ هەر کارێک کە بڕیار بێت بیکات دەبێت بە ناچاری بگەڕێتەوە بۆ لای پارت و لایەنە دەست ڕۆیشتووەکانیی عێراق و بە پرس و ڕای ئەوان جیبەجێ بکرێت کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بڕیاری پێش وەختەی شکستی کازمی دەگەیاند.
کاتێک خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر داواکانیان پێشکەش بە کازمی کرد بەڵێنی جێبەجێکردنی تەواووی ئەو داوایانەی بە خۆپیشاندەراندا کە خۆی دەبینیەوە لە :
• هەڵبژاردنێکی پێشوەختەی بێ کەمووکوڕی دوور لە تەزویر و ساختەکاری.
• دادگایی کردنی بکوژانی خۆپیشاندەران.
• کۆتاییهێنان بە دەستێوەردان و هەژموونی وڵاتانی دراوسێ بەسەر عێراقەوە.
• هەروەها یەکێکی تر لە بەڵێنەکانی کازمی دەرکردنی تەواوی هێزە بیانیەکان بوو لە عێراقدا کە ئەم خاڵەیان مەبەست پێی هێزەکانی ئەمریکا بووکە یەکێک بوو لە مەرجە سەرەکیەکانی لایەنە شیعەکان.
ئەم بەڵێنانە بەشێک بوولە کارنامەی کازمی کە پێشکەشی کرد بە لایەنە عێراقیەکان، جگە لەوەی بەڵێنی دا لایەنە خۆپیشاندەرەکان بە باشکردنی گوزەرانی خەڵکیی و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێووی دانیشتووان و هەلی کار و دامەزراندن.
لە بەرامبەر ئەمانەشدا چەند بەڵێنێکی تری دابوو بە ئەمریکیەکان کە خۆی دەبینیەوە لە:
• کار کردن بۆ دەرپەڕاندنی ڕاوێژکارانی ئێرانی لە عێراقدا.
• کۆتایی هێنان بەو میلیشیا شیعانەی بۆ بەرژەوەندی ئێران کار دەکەن.
• دوور خستنەوەی سەرجەم ئەو کەسایەتی و لایەنانەی بۆ ئێران کار دەکەن لە دام و دەزگاکانی عێراقدا.
هەموو ئەم بەڵێنانە وایکرد ئاستی متمانە بوون و جەماوەریی بە کازمی بەرز ببێتەوە و تواناکانی زۆر لە خۆی زیاتر هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، متمانەیەکی زۆر هەبوو کە بتوانێت ئارامی و سەقامگیریی تەواوەتی بۆ عێراق بگەڕێتەوە.
بەڵام ئەو بەڵێنانە هەر لە سەرەتاوە ڕوو بە ڕووی چەندین ئاستەنگی گەورە بوونەوە لەبەر ئەوەی هەریەکە لەو خاڵانە دژ بە بەرژەوەندی لایەک لە لایەنە بەرژەوەندی خوازەکان دەوەستایەوە.
ئەمریکا دەیویست کازمی دەستی ئێران لە عێراق ببڕێت، بە پێچەوانەوە هەژموونی ئێران نەک کۆتایی نەهات و ئەو دەستەش نەبڕدرا بەڵکوو هێڕش و هەڕەشەکان زۆر زیاتر بوون، توانا و ئەدای کازمی هێندە بەهێز نەبوو تا بتوانێت ڕوو بە ڕووی ئەو هێزانە ببێتەوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە ئەو هێزانە ئەجێندای خۆیان بەسەر کازمیدا سەپاند.
لە لایەکی ترەوە هەموو ئەو بەڵێنانەی کە کازمی بە خۆپیشاندەرانی دابوو هەر لە هەڵبژاردنی پێش وەختە و دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی کار تا ئێستا هیچ کامیان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە هەڵبژاردنی پێش وەختە جێی مشتوومڕی لایەنەکانە و نەگەیشتوونە بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە، دامەزراندن و هەلی کاریش وەک خۆی مایەوەو ڕێژەی بێ کاریش ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوونە وعێراق تووشی داڕمانێکی ئابووری زۆر گەورە بووەتەوە کە هیچ کات بەو شێوەیەی ئێستای بەسەر نەهاتووە و وڵات ڕوو بە ڕووی قەیرانی ئابووری وا نەبووەتەوە.
کەواتە لە دەرەنجامدا دەتوانین بڵێین حکوومەتەکەی کازمی خۆری لە ئاوابووندایە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت