نوری کەریم: چەند بیرێکی راگوزاری، چەواشەکاری و حوکمی مێژو/ بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنجامەکانی ململانێی رامیاری یا جەنگ، بەسەرکەوتن و بردنەوە یا شکست و دۆڕان لە دانوستاندنێک یا بەرەیەکی جەنگدا، ئەنجامی کۆتایی و گردەبڕ نییە، بەڵکو سەرکەوتن و دەستکەوت لەو دو بوارەدا پێویستە بارودۆخی لایەنی سەرکەوتو بەگشتی باشتر بکات و هەنگاوێک یا قوناغێک بێت بەرەو پێشەوە، بەرەو خۆشکردنی یا خۆشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان. هەردو شۆڕشی ئەیلول وشۆڕشی نوێ لەلایەنی شەڕی پارتیزانی یەوە بەردەوام سەرکەوتوبون و چەندین داستانی قارەمانێتیی و خۆبەختکردنیان بۆ مێژوی کورد تۆمارکرد. هەربۆنمونە لە داستانی هەندرێن دا لیوایەکی سۆپای عێراقی تەفروتۆناکران و بون بە پەندی رۆژگارو شەرەفی سەربازیی ئەو سوپایە شکا. داستانەکانی شەڕی قەیوان – ماوەت ژمارەیەکی کەم پێشمەرگەی گیان لەسەردەست بە چەکی سوک و نانەڕەق و مەتارەیەک ئاوەوە هەفتەیەک بەرامبەر هێزێکی گەورەی پڕچەک بە نوێترین چەکەکانی ئەوسەردەمە، بەرگری یان کردو رێگەیان بە دوژمن نەدا پێشڕەوی بکات،بەڵام ئەنجامی کۆکردنەوەی ئەو سەرکەوتنانە لە راپەڕینە مێژوییەکەی بەهاری1991دا چ گۆڕانکاری یەک بەسەر بارودۆخی ژیانی کوردی باشورداهات؟هیچ و هیچ هەردو شۆڕشەکەش بە ئاشبەتاڵ کۆتابو،هەربۆیەش ئێستا و دوای 30 سی صاڵ فەرمانڕەوایی وەک میزی وشتر بەرەو دوا دەڕۆین و لەجورێک لە ئاشبەتاڵی رانەگەیەندراودا دەژین ولاپەڕە رەشەکانی شەڕی کورد کوشتن، گەندەڵکاریی حیزبەکان و حکومەت، دزیی و تەخشان و پەخشانکردنی سامانی گەل، تێرنەخواردنی دەسەڵاتداران و پڕنەبونەوەی ژیرزەمینەکانیان، لەدەستدانی نیوەی خاکی رزگارکراوی باشورو لەدەستدانی زۆربەی دەستکەوتەکانی دوای راپەڕینیشی هاتەسەر.
ئەگەر لاپەڕەکانی دیرۆکی دێرینیش هەڵدەینەوە، ئیمپراتۆریای میدیا، ئەو وڵاتە پان وبەرینە 672 – 559 پز.، ئیمپراتۆریای ساسانی 250 – 637 ز. گوایە هەردوکیان دەوڵەتی کوردبون، لە دوای خۆیان چییان بۆ جیهێشتوین؟ ئەوانیش هیچ !؟ نەک هەر کورد،عەرەب و گەڵانی موسوڵمانیش بون بە ئامێرو سوتەمەنی جەنگ بەدەست عوسمانی و صەفەوی (تورک ، فارس) و زلهێزەکانی ئەوروپاوە. تورک و فارس بەناوی جەنگ لەپێناو وشە پیرۆزەکانی یەزدان وبڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام و جێگیرکردنیدا(غەزا و جیهاد)، زلهێزەکانیش بە درۆ و چاوبەستەکانیان بە ناوی ئاشتی، ئازادی و مافی گەلان و ژیانی دیموکراتی، چەکداماڵین وچی و چی برەودان بەچەکی کۆمەڵکوژی کیمیاوی،بایۆلۆژی و پێشبڕکێی دۆزینەوەی چەکی کوشندەترو وێرانکارتر دەکەن.یەکێک لەلاپەڕە هەرە رەشەکانی زلهێزەکان بۆ ئێمەی کورد،دوابەدوای کۆتایی دوەمین جەنگی جیهان،کوردستانی دابەشکراویان جارێکی دیکەش دابەشکرد بەسەر چوار وڵاتدا کەهەنوکە دروستیانکردبون! بڕیارە ستەمکاری یەکانی ئەو لایەنانە رون وئاشکرا، نەک دوژمنایەتی کورد بەڵکۆ هەوڵی تواندنەوەشی پێوە دیارە، ئەگەرنا چ یاسایەکی ئاسمان یا سەرزەوی پەسەندی دەکات نەتەوەیەک وەک قاڵبێک کێک بکەیت بە چواربەشەوە وە هەر لەپەنا ئەوانیشدا چوار دەوڵەت بۆ نەتەوەیەکی دیکە دابمەزرێنێت!؟ ئاخر زلهێزەکان کەلەروکەشدا ناکۆکن،لە بنەوە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەت دا کۆک و تەبان،هەروەک پارتی و یەکیتی کە گوایە ناکۆکن و لەژێریشەوە دەستکەوتەکان وەک برا بەشدەکەن ئەمەریکاو یەکێتی سۆڤێتی روخاویش کەلەوپەڕی ناکۆکیی و ململانێی ئایدیاو سەربازیشدا بون،کەچی هەموانیان تۆشی سەرسوڕمانکرد، کاتێک پێکەوە لە 13/5/1988دا تاقیکردنەوەیەکی هاوبەشیان لە بیابانی نیڤادا ی ئەمەریکا،لە سەر دوجۆرچەکی ناوکیی ئەنجامدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت