محەمەد بەرزی: سیاسەت و شەڕی دۆڕاو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی سیاسەت بریتییە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا. شۆڕشیش بریتییە لە دروستکردنی گۆڕانکاریی گرنگ لە هەموو ئەو بوارانەدا ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکییەوە هەیە، وەک: بوارەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و دروستکردنی دواڕۆژێکی شایستە، لەسەر داروپەردوی دەسەڵاتە ڕوخاوەکە. پاشان حیزبیش رێکخراوێکی کۆمەڵایەتییە، کۆمەڵە کەسانێک دەگرێتە خۆی، کە لە بیرکردنەوەدا وەک یەکن و هەوڵی گەشەکردن و بڵاوبوونەوە باوەڕەکەیان دەدەن و بۆ ئامانجێکی هاوبەش تێدەکۆشن، کە بریتییە لە گرتنە دەستی دەسەڵات. پێویستیشە حیزب سەربەستی خۆی بپارێزێت و دووربێ لە هەژموون و کاریگەری دەستی دەرەکی. پاشان بەرنامە سیاسییەکانی گوزارشت لە خواستی خەڵکی بکات و داخوازی و کێشەکانی کۆمەڵگا بگرێتە خۆی. لە کاتی سەرکەوتن و گرتنە دەستی دەسەڵاتیشدا، پابەندبێت بە جێبەجێکردنی پەیام و دروشمەکانی خۆیەوە و بەپێێ بەرنامە سیاسییەکەی خۆی کاربکات، کێشە و داواکانی کۆمەڵگا چارەسەربکات و باوەڕی تەواوی بە ئازادی و هەڵبژاردنی پاکو و خاوێن هەبێت.
بە گشتی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و سەرکردایەتی حیزبە کوردییەکان، بە تایبەتیش هەموو حیزبەکانی باشور، کە دەم و چاویان لە یەک دەچن، پێش دامەزراندنیان، پێشەکی زانیویانە چ کەسایەتییەک پۆستی سەرۆکی حیزبەکە وەردەگرێت.
سەرۆکی حیزبەکەش ئەگەر لە دەستنیشانکردنی ئەندامانی سەرکردایەتییەکەدا، ڕۆڵی تایبەتی خۆی نەبووبێت، ئەوا لە نزیکەوە ئاگاداری بۆچوون و بیرکردنەوەی یەک بە یەکییان بووە. بە پێچەوانەشەوە ئەندامانی دامەزرێنەر، بێ ئاگابوون لە مەبەست و بیرکردنەوەی شارراوەی ناخی سەرۆک. بێگومان سەرۆک چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، هاوبەشی لە دانانی پەیڕە و پڕۆگرام و سیاسەتی حیزبەکەدا کردووە. لە خەباتی شاخ و شاردا ڕۆلی سەرەکی هەبووە، بە کوڵ و دڵ هەوڵی سەرکەوتن و گرتنە دەسەڵاتی داوە. پێش سەرکەوتن وەک باوکێکی میهرەبانی بێ فیز و کەسێکی خێرخواز و بـەخشندەی دەسـت و دڵ واز هـەڵسوکەوتی کردووە. وەک پێشمەرگەیەکی ئاسایی ژیاوە. نانە ڕەقێکی کردووە بە هەزار پارچەوە و بە تەنها بۆی قووت نەچووە، گوێی لە ئەندامێکی ئاسایی و لایەنگرێکی خواری خوارەوەی حیزبەکەی گرتووە . تا ڕادەیەکی زۆر پابەندی یاسا بووە، توانیویەتی جێگای خۆی لە دڵ و دەروونی خەڵکیدا بکاتەوە. بە سەرزاری ئەوەی بیری لێ نەکردبێتەوە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و بنەماڵەکەی بووە. هەر بۆیە وەک شێرێک قەپی بە پشتملی خزم و بێچووەکانیدا کردووە و بە سەلامەتی لە خۆی و لە ئاگری شەڕ و گرمە گرم و تەقەی تۆپ و بۆمبا دووری خستوونەتەوە.
بە پێچەوانەشەوە بەردەوام هەوڵیداوە بۆ شەڕ و کوشتار، پاڵەوانی گیانبەخشی ئازا و بوێر لە خۆی کۆبکاتەوە. بۆ گەیشتن بە مەرامەکانی، بە ئاگاییەکی تەواوەوە پەنای بۆ داگیرکەرێک بردووە، تا بەسەر داگیرکەرێکی تردا سەربکەوێت، بەبێ ئەوەی بیر لە ئاکامە خراپەکانی بکاتەوە. خۆ کاتێکیش سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت، ئیتر خۆی بە تەنها دەبێت بە چەقی قورسایی حیزبەکە و سەرۆکی تاقانەی بێ بەرامبەر. ئنجا ڕووی ڕاستەقینە ناخی دەردەخات. هەر زوو دروشمەکانی حیزبەکەی لە بیردەکات. سەرلەنوێ قەپ بە پشتملی کوڕ و کچ و خزمەکانیدا دەکات و یەک بە یەکییان بە سەلامەتی دەهێنێتەوە و لە حیزب و دەسەڵاتدا دەیانکات بە سێبەری خۆی و جێگای پاڵەوانە ماندووەکانی دوێنێیان پێ پڕ دەکاتەوە. نانی هەزاران کەس دەکات بە یەک پارووی چەور و بێ ئەوەی ئەم چاو بەو چاو بزانێ لووشی دەدات، لە هەڵبژاردندا بە چەپڵە خۆی دەکاتەوە بە سەرۆک و تا مردن فیلیش لە جێگای خۆی نایجوڵێنێ. لە پێناوی پۆست و پارە و مانەوەی خۆیدا، کۆ لە هیچ ناکات و هەر زووش پاڵەوانەکانی دوێنێش چاوی لێدەکەن و هەمان ڕێباز و ڕێچكە ناشیرینەکەی دەگرنەبەر، ئنجا بە هەموویان فوو لە چرای سیاسەت و حیزبەکەیان دەکەن و کۆمپانیاکانیان جێگایان دەگرنەوە. لە ئەنجامیشدا توورەکەی سواڵ لە ملی کۆمەڵگا دەکەن و وڵاتیش ڕووبەڕووی کیشەی گەورە و گران دەکەنەوە، کە بە کورتی لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێکییان دەکەین:
یەکەم/ بەر لە سەرکەوتن و دوای سەکەوتن، ناتوانن پلانێکی تۆکمەی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ئامادەبکەن، تا جێگای دەسەڵاتە کۆنەکە بگرێتەوە و ڕێگا لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی و نەبوونی دەسەڵات بگرێت. هەر بۆیە هەموو بێ چاودێری و لێ پرسینەوە، مل لە تاڵانی و شڕەخۆری دەدەن و هەزارەها ئامێر و ئامرازی گرنگی بە نرخ ئاودیودەکەن . لایان وایە گەیشتن بە دەسەڵات ماشینەوەی هەموو شتێکە، بێ ئاگا لەوەی بەڕێوەبردنی وڵات پێویستی بە پلان و بەرنامەی کورت و درێژخایەن و عەقڵی کەسانی دانا و شارەزایە.
دووەم/ نە شارەزاییان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی دامودەزگا گرنگەکانی سەردەمی داگیرکەر، کە کۆڵەکەی ئابوری و سەرچاوەی بژێوی هەزاران کەسبووە ، بەبێ ئەوەی بتوانن لەو جۆرە دامودەزگایانە بنیات بنێنەوە. لە ئەنجامیشدا ئەو کارانە دەبێت بە یەکێک لە هۆکارەکانی داڕمانی ئابوری و بڵاوبوونەوەی بێکاری و برسێتی.
سێیەم/ ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان ماندووبوون و خەباتییانکردووە، چاو لە سەرۆک و خزمەکانییان دەکەن، زیاتر لە وان خۆیان بە شایستەی پۆست و پاداشت دەزانن، بە نەشارەزیی و عەقڵی بەتاڵەوە دەست بەسەر وەزارەت و دامودەزگا گرنگەکاندا دەگرن و وڵات و کۆمەڵگا دەگەینن بەم حاڵە زۆر خراپەی ئەمڕۆمان. ئاخر خۆ بە درۆ نەیان وتووە: بەردێک نەزان بیخاتە گۆمێکەوە، بە هەزاران زانا دەرنایەتەوە.
چوارەم/ لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، ناپەرژێنە سەر دامەزراندنی هێزێکی ڕێکخراوی یەکگرتووی بە هێز، تا لە کاتی تەنگانەدا بەرگریی لە سەروەری و ئازادی گەل و نیشتمان بکەن. هەر بۆیە بە ئاسانی چەندین ناوچەی گرنگمان لە دەستدەچێت و وەک جلخوارێک دەبن بە چاو و گوێێ و گۆچانی داگیرکەران، کە لە ناو خاکی پیرۆزی نیشتماندا بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن.
ئەوەی شایانی باسە حەزی پیشڕەوایەتی و هەڵپەی کۆکردنەوەی پارە و سامان و دەسەڵات، شەڕ و ناکۆکی بە دوای خۆیاندا دەهێنن و دەستی دەرەکی تێکەڵدەبێت، ئیتر نە مانایەک بۆ سەروەری سیاسەت و حیزبایەتی و شۆڕش دەمێنێتەوە، نە دەتوانن گۆڕانکاری جەوهەری لە ژیانی خەڵکیدا بکەن.
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم، بە درێژایی مێژوو وتوویانە: هەمیشە کورد لە شەڕدا سەرکەوتوو بووە و لە سیاسەتیشدا دۆڕاو بووە، بەڵام بە پێێ مێژووی خوێناوی خۆمان، هەمیشە کورد لە سیاسەت و شەڕدا دۆڕاوبووە. خۆ ئەگەر وانییە ، کام سیاسەت و کام شۆڕشەمان توانیویەتی بۆ تەنها جارێک چۆک بە داگیرکەرێک دابدات و ژیانی کولەمەرگی میللەتە کڵۆڵەکەمان بگۆڕێت؟. بەڵام لە ڕاستیدا هۆکاری دۆڕان، نە شەڕ و داستانەکانە، نە پەیام و دروشمی حیزبەکانە، کە هەزاران کەس بە عەشقەوە سەر و ماڵ و گیانی خۆیانیان پێ بەخشیووە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی، سەرکردە سیاسییە مشەخۆرەکانە، کە بە پیریی و گۆجی و ئیفلیجی و گۆچانەوە، تا مردن واز لە دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان ناهێنن.. بە ڕاستی حەیفە خاکێک لە خوێن و فرمێسک هەڵکیشرابێت و ئەمجۆرە سیاسییانەی لێ شین دەبێ!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت