بورهان شێخ ڕەئوف: تورکیا جارێکى تر هەوڵى سفر کردنەوەى کێشەکانی لەگەڵ ئەوروپا دەدا.

پارتى دادو گەشەى تورکیا ( ئاکەپە) لە ساڵى 2002 کە دەستەڵاتى گرتە دەست دروشمى (زیرۆ پرۆبلم )ى لە گەڵ دراوسێکانیدا بەرز کردەوەو تا ڕادەیەکى باشیش سەرکەوتنى بەدەستهێنا، چ لە ڕووى ڕیفۆرمى ئابورى و سیاسى و بەگژاچوونەوەى گەندەڵى و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد و پرۆسەکانى ئاشتى کە دواتر شکستیان هێنا.
لەگەڵ سەرهەڵدانى شۆڕش و خۆپیشاندانەکانى بەهارى عەرەبى هەر لە تونس و لیبیا و میسرو یەمەن و سوریا، تورکیا بووە بەشێک لە کێشەو ململانێکانى ناوچەکە بە شێوەیەکى ڕاستەوخۆ کە قسەو باسى زۆرى لە سەرکرا لە کاتى خۆیدا کە لەوەیە لێرەدا بوارى باسکردنى نەبێت، چونکە من دەخوازم باسى پەیوەندییەکانى تورکیا و یەکێتى ئەوروپا بکەم کە بابەتێکى گرنگە بۆ ئایندەى تورکیا.
ئەگەرچى تورکیا لە 14/4/1987 ەوە داخوازى ئەندامێتى پێشکەش بە یەکێتى ئەوروپا کردووە، تورکیا لە ساڵى 1961 ئەندامى ڕێکخراوى هاریکارى ئابورى و گەشەپێدانى ئەوروپایە(oecd ) لە ساڵى 1973 ئەندامى ڕێکخراوى ئاسایش و هاوکارى ئەوروپایە ( osce ) هەروەها ڕێککەوتننامەى یەکێتى گومرگى لە گەڵ یەکێتى ئەوروپا واژۆ کردووە لە ساڵى 1995، جگە لە وەى ئەندامى زۆر ڕێکخراوى ترە لە گەڵ وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا، لە 12 / دیسەمبەرى 1999 پاڵێوراوە بۆ ئەوەى ببێتە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا لە کۆبونەوەى لوتکەى یەکێتیەکە لە هلسنکى. بەڵام ئەوەى قورسە بۆ تورکیا ئەو مەرج و فلتەرانەیە کەیەکێتى ئەوروپا دایناوە بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیەکەیاندا هەر لە مافەکانى مرۆڤ و مافى کەمینە نەتەوەیى ئتنیکە جیاوازەکان کە تورکیا کەنەیتونیوە تا ئێستا جێبەجێیان بکات بە تایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە کوردو نەتەوەکانى ترى ئەو وڵاتەوە هەیە تەنانەت مەسعود یەڵمازى سەرۆک وەزیرانى پێشترى تورکیا وتى ڕێگاى ئەوروپا لە ئامادەوە دەست پێدەکات.
ئەگەرچى لە نێوە ( ئەکەپە ) شدا دیدو بۆچوونى جیاواز هەبوو لە سەر ئەندامبوونى تورکیا لە یەکێتى ئەوروپا تەنانەت یەکێک لە بیرمەندو سەرکردەکانى و سەرۆکوەزیرانى پێشووترى تورکیا دکتۆر ئەحمەد داود ئۆغلو ( کە ئێستا لەو حزبەدا نەماوە) لە کتێبى ( قووڵایى ستراتیجیدا ) بە ئاشکرا دەڵێت قوڵایى ستراتیجى ئێمە ولاتانى عەرەبى و ئیسلامیە نەوەک ئەوروپا کە پەنجا ساڵە لە دەرگاکانیان دەدەین لێمان ناکەنەوە.
تەنانەت کار گەیشتە ئەوەى ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بڕیارى یەکجارى کشانەوەى دۆسێیەى ئەندامبوون لە یەکێتى ئەوروپا بکێشێتەوە، بە هۆى ئەو پێشمەرجانەى کە یەکێتى ئەوروپا لە کۆبوونەوەى لوتکەى بروکسل بۆ تورکیایان دانابوو لە ساڵى 2004، بەڵام دواتر بە هۆى هەوڵەکانى تۆنى بلێرى سەرۆک وەزیرانى ئەوساى بەریتانیاوە پەشیمان بووەوە.
ئێستا دواى 17 ساڵ تورکیاى ژێر سەرکردایەتى ئەردۆگان لە هەموو کات زیاتر دوورترە بۆ ئەوەى ببێتە ئەندامى یەکێتى ئەوروپا، دواى ئەوەى سەرکردەکانى یەکێتى ئەوروپا فەرمانیانداوە کەوا لیستێکى سزا بەسەر تورکیادا ئامادەبکرێت بەهۆى ناکۆکى و ململانێکان لە دەریاى سپى ناوەڕاست و گەڕان و پشکنین و کنە بە دواى غازو نەوتدا، کە پەیوەندییەکان لە هەموو کات زیاتر ئاڵۆزو شپرزەن بەبێ ئەوەى هیچ پلان و چارەیەک دانرابێت بۆ هێور کردنەوەى دۆخەکە.
لەوانەش زیاتر هەڵکشانى ململانێکانى نێوان هەردوولا لە بوارەکانى وابەستە بە مافەکانى مرۆڤ و ناکۆکى دەریایى، مەترسی گەورەیە بۆ سەرهەڵدانى جەنگ و لە نەمانى متمانەى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا و بەرپرسانى برۆکسل بە دراوسێکەى باشوریان تورکیا، لەلایەکى تریشەو ئاڵوگۆڕى بازرگانى و زۆر بەرژەوەندى هاوبەشى تر لە بوارەکانى کۆچ و بەگژاچوونەوەى تیرۆر هەردوولایانى والێ کردووە کەوا بە ئاسانى و خێرایى لە یەک جیانەبنەوە.
دواى تێپەڕبوونى ساڵانێکى زۆر لەو دۆخە چەقبەستووەى نێوان تورکیا و یەکێتى ئەوروپا وابڕیارە سەرانى یەکێتى ئەوروپا لە مانگى ئازارى داهاتووداگفتوگۆى تازە ئەنجام بدەن و ستراتیجیەتى نوێ ى بۆ دابنێن لەوانە سەپاندنى سزاى نوێ، لە کاتێکدا ئەم کێشەیە پێویستى بە ئەبدەیتە بەڵام لایەنەکانى پلان و ئەڵتەرنەتیفیان نیە.
ئەوەى ڕۆژى 12/1/2021 ڕابردوودا گوێبیستى بووین سەرۆکى تورکیا ئەردۆگان لە کاتى کۆبوونەوەى لە گەڵ باڵوێزەکانى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا لە تورکیا لە کاتێکدا دۆخى ئابوورى وڵاتەکەى شپرزەیە و بە ( سەرکەوتنى جۆبایدن بۆ سەرۆکى ئەمریکا و کەوتنى ترەمپى دۆستى ئەردۆگان لیرەى تورکى 2% بەهاکەى لە دەستدا )، ئەوەبوو ئەردۆگان بە زمانێکى نەرم و ئاشتیخوازییەوە خوازیارى ڕاکێشان و وەبەرهێنان و سەرمایەى بیانى یە بەتایبەتى ئەوروپى بوو بۆ ڕاستکردنەوەى بارى لارى وڵاتەکەى، هەروەها باسى پلانى دەستپێکردنى وتوێژى لە گەڵ یونان بۆکردن و وتى ئەجنداى باشمان داناوە بۆ باشکردنى پەیوەندییەکانمان لە گەڵ بروکسل، بەڵام هەموو ئەمانە لە کاتێکدان کە ساڵانێکى درێژە پەیوەندییەکان ئاڵۆزن بۆیە دیبلۆماتکارەکانى ئەوروپا لەوباوەڕدا نین هیچ گۆڕانارییەى ئەرێنى ڕوبدات لە ئایندەى نزیکدا لە نێوانیاندا، بەڵکو پێشبینى ئەوە دەکرێت لە پێش مانگى ئازار دا سەرۆک ئەردۆگان بە تەرزێکى زۆر دوژمنکارانەترەوە پەلامارى ئەوروپیەکان بداتەوە کە پێشتر وتى ئەوروپیەکان درۆزنن، بە هۆى ئەو سزا داراییانەوە کە یەکێتى ئەوروپا بە نیازن بە سەر تورکیایدا بسە پێنن کە زۆر توندن، کە پێشتر یەکێتى ئەوروپا خۆى لا دەدا لە سەپاندنى بەهۆى بارودۆخى قەیراناوى تورکیاوە، پێشتریش ئەردۆگانیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەگەر بەردەوام بێت لەو ڕەفتارانەى ئەوا ئاکامەکەى زۆر کارەساتبار دەبێت بۆیان.

گرنگى یەکێتى ئەوروپا و تورکیا بۆ یەکدى
بنەماو فاکتەرى ئابورى و بازرگانى هاوبەش زۆرن لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا کە خۆى لە یەکێتى گومرگى دا دەبینێتەوە کە 25 ساڵى ڕابردوو درێژەى هەبووە، تورکیا پێنجەمین هاوبەشى بازرگانى ئەورویایە، هەروەها یەکێتى ئەوروپا هاوبەشى یەکەمى تورکیایە لە بوارى هاوردەو هەناوردەدا جگە لەوەى یەکەمین سەرچاوەى وەبەرهێنانى ناوخۆییە.
لەلایەکى ترەوە ئاڵۆزییەکانى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوین کاریگەرى خۆیان هەبوو بۆ بەهێز کردنى پەیوەندییەکانى تورکیاو یەکێتى ئەوروپا، بە جۆرێک تورکیا هاوبەشێکى گرنگى ئەوروپا بوو بۆ بەگژاچوونەوە ى تیرۆر، هەرچەندە زۆر هەواڵ و دەنگۆ هەبوو کە پێچەوانەى ئەم بۆچوونە بوون تەنانەت میدیاکانى تورکیا باسیان لە کۆمەک و هەماهەنگى تورکیا و گروپە توندئاژۆکان دەکرد لە کاتێکدا بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە کە تورکیا وێستگەیەکى گرنگى هاتوچۆى تیرۆریستان بوو لە ئەوروپاوە بۆ عێراق و سوریا و بە پێچەوانەوەش.

ئاوارەو کۆچبەران
کێشەیەکى ترى زۆر ئاڵۆز ى نێوان تورکیاو یەکێتى ئەوروپا ئاوارەو کۆچبەرانى سوریاو عێراق و وڵاتانى ترە کە لە تورکیاوە بەرەو ئەوروپا دەڕۆن بە شێوەیەک تەنها لە ساڵى 2015 زیاتر لە (1) ملیۆن بووە، دواتر لە ئازارى 2016 تورکیاو یەکێتى ئەوروپا ڕێککەوتن کە ملیارەها یۆرۆ بدەن بە تورکیا لە بەرامبەر ئەوەى ئاوارەکان لە تورکیا وەربگرن و نیشتەجێیان بکەن ئەوانەشى کە گەیشتوونەتە دوڕگەکانى یۆنانیش.
لەلایەکى ترەوە ساڵى ڕابردوو کاتێک کێشەى ئاوەرەکان لە نێوان تورکیا و یەکێتى ئەوروپا سەرى هەڵدا زیاتر گرنگى پێگەى تورکیا دەرکەوت، کە ئەردۆگان هەڕەشەى ئەوەى کرد سنوورەکانى تورکیا دەکاتەوە کە هەزاران ئاوارە بە تایبەتى سوریەکان کە بڕۆن بەرەو یۆنان، بۆیە ئەوروپیەکان بەرامبەر بەم هەڵوێستەى ئەردۆگان زۆر هەستیارو نیگەران بوون.

ناکۆکی و ململانێ ى نوێ نێوانیان
1. توورەبوونى ئەردۆگان لە ئەوروپیەکان بە هۆى لاوازى هەڵوێستیان دواى کودەتاکەى 16 تەموزى 2016 کە تەنها ئیدانەیان کرد، بەڵکو ئەو خوازیارى هەڵوێستى توندبوو کە 250 کەس کوژران تێیدا.
2. لە ساڵى 2017 ڕێ نەدان بە نیشتنەوەى فڕۆکەى تایبەتى وەزیرى دەرەوەى تورکیا لە هۆڵەندا و دەرکردنى وەزیرێکى ترى تورکیا کە بۆ هەڵمەتێکى بانگەشە بۆ هەموار کردنەوەى دەستوورى تورکیا لە گەڵ ڕِەوندى تورکى لە هۆڵەندا رَێکدەخرا.
3. دەستگیرکردنى هاوڵاتیانى هەڵگرى ڕەگەزنامەى ئەڵمانیا کەلە بنەچەدا تورکن لە لایەن تورکیاوە.
4. نیگەرانى وڵاتانى یەکێتى ئەوروپا لە چالاکى جموجووڵى دەزگاى سیخورى میتى تورکی لە سەر خاکى وڵاتەکانیان.
5. نیگەرانى فەرەنساو وڵاتانى ترى یەکێتى ئەوروپا لە جموجوڵ و دەستوەردانەکانى تورکیا لە باکورە ئەفریقیاو لیبیاوە تاوەکو ناگۆنۆقەرەباخ و باکورى سوریا.
بۆ سزاى توندتر بۆ تورکیا؟
ئەو خاڵەى کە زۆر گرنگە بەلاى ئەوروپیەکانەوە کە دەخوازن سزاى توند بە سەر تورکیادا بسەپێنن ئەو پرۆسەى گەڕان و پشکنین و کنە کردنە بۆ غازو نەوت لە دەریاى سپى ناوەڕاست کە ناوچەى ململانێ لە سەرن لە نێوان یۆنان و قوبرس و تورکیا کە فشار دەکەن سزاى زیاتر بسەپێت بەسەر تورکیادا، بەڵام هەندێک وڵاتى ئەوروپا تا ئێستا بە گومانن لەوەى بتوانن ئەو سزانە جێبەجێ بکرێن.
لە کاتێکدا ڕاوێژکارى ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل لە هەوڵى ئەوەدایە کە پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا نەگەنە لێکترازان و دابڕان بەهۆى گرنکى تورکیا بۆ کۆمپانیا ئەڵمانیەکان و بوونى ڕەوندێکى زۆرى تورک کە هەڵگرى ناسنامەى ئەڵمانیان، هەرتایبەت بە ئەردۆگان بەرپرسێکى گرنگى ئەڵمان وتى ئەم ئیدارەى ئەردۆگان تا ئەبەد نامێنێت، لەوانەیە ئەم دۆخە بگۆڕێت، بەڵام تورکیا گرنگە بۆ ئێمە هەمیشە، بۆیە ناخوازین لە دەستى بدەین.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies