کارزان کۆیی: من بەهەشتەکەی نێو قورئانم ناوێت.

بەندە وەک مرۆڤێکی باوەڕدار به خودای گه وره….. زۆر بەئاسایی دەبینم بڵێم: ئەو ناز و نیعمەتانەی وەک پاداشت لەبەهەشتدا پێم دەبەخشرێت بەناوی خوداوە له ئەنجامی پابەند بوونم بەئایینی ئیسلامەوە من هیچ چێژێکی تێدا نابینم و ڕەتیدەکەمەوە و نامەوێت، ئەوەشی لەدوای خوێندنەوەی ئەم گووتارە دڵی بەوو بەهەشتە خۆشبێت، بێگومانبن کەسێکی نەخۆشە و پێویستە سەردانی پزیشکی دەرونی بکات.
ناز و نیعمەتەکانی بەهەشت زۆرن کەبەناوی خوداوە ئاماژەی پێدراوە لەقورئاندا، بۆ نموونە خوای گەورە وەک مژدەیەک، بەئێمەی پیاوان دەفەرموێت: ((ويطوف عليهم ولدان مخلدون إذا رأيتهم حسبتهم لؤلؤا منثورا.)) (1 ) واتا{منداڵانی جوان و ئێسک سوک و نەمر بەدەوریاندا دێن و خزمەتیان دەکەن دەڵێی مرواری بێگەردن، پڕژێنراون.} لەتەفسیری پایەدار “ابن کثیر” یشدا هاتووە دەفەرموێت:(ئەو کوڕە مناڵانە هەرگیز گەورە نابن و گوارەشیان لەگوێدایە).
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: (ويطوف عليهم غلمان لهم كأنهم لؤلؤ مكنون.)( 2) واتا {منداڵانی جوان و ئێسک سووک بەدەوریاندا دێن دەڵێی مرواری پاک و بێگەردن.} جەنابی “الطبري”یش لەتەفسیرەکەیدا بۆ ئەم ئایەتە دەفەرموێت: ( “لٶلٶ” بەواتای سپێتی لەشولاریان دێت و ئەم مێر منداڵانە بەپێکی شەرابەوە بەچواردەوری باوەڕدارانا دەسوڕێنەوە، هەر بەهەشتیەکیش هەزار خزمەتکاری وای هەیە).
منی “کارزان کۆیی” وەک مرۆڤێک، هەرچەند بیر دەکەمەوە، هیچ چێژێک لەوە نابینم و بەجوانیشی نازانم هەزار مێرمنداڵانی بەستەزمان بەلەش و لارێکی سپی جوانەوە گوارەیان لەگوێ کرابێت و لەخزمەتی مندابن و بەچواردەوری مندا بسوڕێنەوە بەپێکە شەرابەوە، من کەئێستا لەژیاندام، لەشوێنە گشتیەکاندا ئەو کارمەندانەی بەپارە خزمەتی ئەو شوێنە دەکەن و ئەرکیانە خزمەتم بکەن، لەئاستیا دەچەمێمەوە و سوپاسیان دەکەم….. زۆر جاریش وەک ڕێزلێنانێك بە بەخشیش پاداشتیان دەدەمەوە، ئەی پێم ناڵێن لەو بەهەشتەدا چۆن پاداشتی ئەو مێرمنداڵانە بدەمەوە و چی بکەم بەرامبەریان کەنازانم تاوانی ئەو مێرمنداڵانە چیە و بۆ وایان بەسەر هاتووە؟.
یەکێکی دیکە لە ناز نیعمەتەکانی بەهەشت کەلەقورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێدراوە، زۆر بەشەرمەوە ئاماژەی پێدەدەم، ئەویش ئەنجامدانی کاری سێکسیە بەشێوەیەکی زۆر سەیروسەمەرە.
قورئانی پیرۆز لەباسی سیفەتی حۆریەکاندا پێمان دەفەرموێت: (فجعلنا هن أبكارا.) ( 3 ) واتە کردومانن بەکچ بەواتایەکی تر{پەردەی کچێنیان نەدڕاوە.} لەزۆربەی سەرچاوە ئیسلامیەکاندا و لەتەفسیری (ابن کثیر)دا بۆ ئەم ئایەتە تێیدا دەوترێت: (هەرکاتێکیش کەجووت دەبن، دوای ئەوە جارێکی تر دەبنەوە بەکچ.) بەڵگەش بۆ ئەوە، پێغەمبەری ئیسلام(د.خ.) فەرموویەتی: (والذي نفسي بيده دحما دحما ، فإذا قام عنها رجعت مطهرة بكرا.) ( 4 ) واتا {سوێند بەو کەسەی کەگیانی منی بەدەستە، تەکان لەدوای تەکانی جووت بوون، ئەگەر هەستان لەسەری، جارێکی دیکە پاک دەبنەوە و دەچنەوە دۆخی کچێنی، واتا پەردەی کچێنیان بۆ دەگەڕێتەوە.} هەر لەبەر ئەوە {ئەصحابەکان_ هاوەڵەکان}ی پێغەمبەر بۆ دڵنیایی پرسیاریان لەپێغەمبەری ئیسلام(د.خ.) کرد، ئایا لەبەهەشتدا جووت دەبین لەگەڵ ئافرەتاندا؟ پێغەمبەری ئیسلامیش فەرمووی: (إن الرجل ليصل في اليوم إلى مائة عذراء.)) ( 5 ) واتا {پیاوانی بەهەشت لەڕۆژێکدا سەد جار دەچنە لای ئافرەتی پەردە نەدڕاو.} بۆ سەلماندنی ئەو هەموو جووت بوونەش پێغەمبەری ئیسلام(د.خ.) فەرموویەتی: ((إن الرجل من أهل الجنة يعطى قوة مائة رجل في الأكل والشرب والشهوة والجماع.)) ( 6 ) واتا {پیاوانی بەهەشت هێزی سەد پیاوی دەدرێتێ لەخواردن و خواردنەوە و شەهوەت و جووت بووندا.} هەروەها خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا وەک مژدەیەک ئاماژە بە{سینە-مەمک}ی ئەو حۆریانە دەدات و دەفەرمووێت: ((وكواعب أترابا.)) ( 7 ) واتا {حۆریەکان مەمکیان خڕ و قووت و تووندە.} خوای گەورە جارێکی دیکە لەقورئانی پیرۆزدا باس لەحۆریەکانی بەهەشت دەکاو پێمان دەفەرمووێت: ((فيهن قاصرات الطرف لم يطمثهن إنس قبلهم ولا جان.)) ( 8 ) واتا {لەبەهەشتا حۆری شۆخ و شەنگ هەن، کەپێشتر لەلایەن جنۆکە و مرۆڤەوە دەستیان بۆنەبراوە واتا پەردەی کچێنیان پارێزراوە)).
جارێکی دیکە خوای گەورە لەقورئانی پیرۆزدا باس لەکاری پیاوانی بەهەشەت دەکات و پێمان دەفەرمووێت: ((إن أصحاب الجنة اليوم في شغل فاكهون.))( 9 ) واتا {پیاوانی بەهەشت خەریکی کونکردنی پەردەی کچێنیین.} وەک لەتەفسیری {الطبري و القرطبي و أبن کثیر} دا هاتووە بۆ ئەم ئایەتە، هەروەها پێغەمبەری ئیسلامیش(د.خ.) پێمان دەفەرموێت: ((ان أدنی أهل الجنة منزلة، الذي لە ثمانون ألف خادم، واثنان و سبعون زوجة.) ( 10 ) واتا {خەڵکانی بەهەشتی، هەشتا هەزار خزمەتکاریان هەیە لەگەڵ حەفتاو دوو هاوسەر.}.
من وەک خودی خۆم، لەو بەهەشتەدا خۆم بەئاژەڵ دێتە بەرچاو گەر ڕۆژی سەد کچ بکەمە ژن، لەهەمان کاتدا جارێکی دیکەش ئەشکەنجەیان بدەمەوە لەدوای ئەوەی پەردەی کچێنیان بۆ دادەنرێتەوە سەرلەنوێ پەردەی کچێنیان بدڕمەوە، من نازانم، ئەمە جگە لەئازاردانی ئەو حۆریانە دەبێت چ چیژێک بدا بەمرۆڤی ڕۆشنبیر؟ یادەبێت سوود و کاری هەشتا هەزار خزمەتکار بۆمن چیبێت، لەکاتێکدا خاوەنی حەفتاو دوو هاوسەربم؟، بێگومان چێژ وەرگرتن لەڕابواردن بەشێوەیەکی هەمیشەیی و بێسنوور لەکۆتایدا هەردەبێتە هۆکاری بێزاری، لەبەر ئەوە من نامەوێت بێزار بم و شەرم لەخۆم دەکەم بەردەوام وەک ئاژەڵ هەر خەریکی خواردن و خواردنەوە و کاری سێکسی بم، من خوا گیان زۆر لەوە بەگەورەتر و مەزنتر دەبینم کەکوڕی لوس و ئافرەتی مەمک قووت بۆ بەندەکانی ئامادە بکات، خوایەگیان بم بەخشە گەر بەهەڵەدا چووبێتم.
هەروەها خوای گەورە وەک مژدەیەک پێمان دەفەرمووێت: (مثل الجنة التي وعد المتقون فيها أنهار من ماء غير آسن وأنهار من لبن لم يتغير طعمه وأنهار من خمر لذة للشاربين وأنهار من عسل مصفى.) ( 11 ) واتا {وێنەی ئەو بەهەشتەی کەبەڵێن دراوە بەباوڕداران، چەندین ڕوباری سازگاری تام نەگۆڕی تێدایە، وە چەندین ڕوباری شیری تێدایە کەتامی تێک نەچووە، وەچەندین ڕوباری شەرابی تێدایە کەچیژی هەیە بۆ ئەوانەی دەیخۆنەوە، وەچەندین ڕوباری هەنگوینی پاڵاوتەی تێدایە.} من وەک خودی خۆم چونکە لەبیاباندا نەژیاوم، زۆر بەئاسایی دەبینم تام و چێژی ئاوی ڕوباری سازگار و تام نەگۆڕ، بەهەمان شێوە لەبەر ئەوەی نیشتیمانی من هەر فێنک بووە و وەک بیابان گەرم نەبووە، شیریشمان تامی تێک نەچووە و ئێستاش زانست پێش کەووتووە هەر تێک ناچێت، وە لەبەر ئەوەی من زۆر مەیلی شەراب و مەیخواردنەوەش نیم هیچ چێژێکی ئەوتۆ لەو ڕوبارانە نابینم کەشەرابن، وە تام و چێژێکی زۆریشم کردووە لەهەنگوینی سروشتی شاخەکانی کوردستان کەپێویستیان هەر باپاڵاوتن نیە، لەبەر ئەوە ئەوانە ئەوەندە بەلای منەوە گرنگ نیە.
هەروەها قورئانی پیرۆز بەناوی خوداوە چەند مژدەیەکی دیکەی پێداوین لەبەهەشتدا لەوانە (حدائق وأعنابا.) ( 12 ) و (فيهما فاكهة ونخل ورمان.)) ( 13 ) و (إن المتقين في جنات وعيون)( 14 ) و (إن المتقين في ظلال وعيون.)( 15 ) واتای ئەم ئایەتانەی سەرەوە بەم شێوەیە دێت بەریز بەندی یەک بەدوای یەکدا{لەبەهەشتدا باخچە و ترێی تێدایە.} _ {میوەی خورما و هەناری تێدایە.} _ {باوەڕدان لەبەهەشتدا کانیان هەیە.} _ {باوەڕداران لەبەهەشتدا لەژێر سیبەر و کانیاودان.} من هیچ چێژێک لەم مژدانە نابینم، لەبەرئەوەی لەکوردستانەکەمدا هەموو بستێکی بۆخۆی باخچەیەکە و دەیان جۆری ترێی تێدایە و سەدان میوەی جۆراو جۆری تێدایە، نەک هەنار و ترێ، لەهەر شوێنێکیشدا پشویەک بدەین هەر سێبەرە و کانیاوە، سەبارەت بەخورماش تەنها لای عەرەبی دەشتەکی بەمیووە هەژمار کراوە.
یەکێکی دیکە لەمژدەکانی قورئان کەبە ناوی خوداوە پێمان دەڵێت: (ولحم طير مما يشتهون.)( 16 ) واتا {گۆشتی باڵندە ئەوەی مەیلی دەکەن.} باشە من هەرچەندە مەیلی گۆشت خواردنم هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی کەسێکی “ڤێجیتریان”م گۆشت ناخۆم، لەوێدا تاوانم چیە؟ گەرسەیری باڵندەیەک بکەم و ئارەزوم بچێتە سەری بەبرژاوی بێتە بەر دەستم، ئەوە من نیم وادەڵێم ئەوە پێغەمبەری ئیسلامە فەرموویەتی: (إنك لتنظر إلى الطير في الجنة فتشتهيه فيخر بين يديك مشويا.)( 17 ). ئەو مژدانەی سەرەوە لای من هیچ گرنگیەکی ئەوتۆی نیە، تەنها لای عەرەبی دەشتەکی کۆن نەبێت کەبرسی و شەیدای ئافرەت و میوە و کانیاو و باخ و باڵندە و سێبەر بوون.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، وەک دەبینین چەندین بەڵێن و مژدە بەئێمەی پیاوان دراوە لەبەهەشتدا، وەک ٧٢ حور الحین و… تاد…. بەڵام هیچ دەقێکی ڕوون و ئاشکرا نیە لەقورئاندا مژدە ببەخشێتە ئافرەتان، تەنها ئەوەندە نەبێت گەر بەهەشت دەستەبەر بکەن دەگەڕێنەوە لای هاوسەرەکانیان، لێرەدا دەکرێت بپرسین، دەبێت ئەو ژنانە چ خۆشیەک ببینن کاتێک لەبەهەشتدا دەچنەوە لای هاوسەره کۆنه‌کانیان، هاوسەرەکانیشیان حەفتاو دوو حۆریان لەباوەشدایە؟. ئەمە لەکاتێکدا چەندین مەرجیان بۆدانراوە بۆچونە بەهەشت، بۆنموونە پێغەمبەری ئیسلام فەموویەتی: ((إذا صلت المرأة خمسها ، وصامت شهرها ، وحفظت فرجها ، وأطاعت زوجها ))( 18 ) واتا {گەر ئافرەت پێنج نوێژەکەی بکات، مانگەکە بەڕۆژو بێت، کۆئەندامی مێینەی بپارێزێت لە جوتبوونی حەرام، مەرایی هاوسەرەکەی بکات، دەچێتە بەهەشت.}.
لەهەمووی سەیروسەمەرە تر دەوترێت: (زمانی ئاخاوتن لەبەهشتدا عەرەبیە.) واتا دەبێت بەعەرەبی قسە بکەین، لەسەر ئەوەش چەندین فەرموودە وتراوە، بۆنموونە هێندێکیان دەخەینە ڕوو ((أخبرنا عبدالرحمن بن عبدالعزیز قال: سألت الزهري عن لسان أهل الجنة، فقال: بلغني أنە عربي.)) و ((عن عکرمة، عن ابن عباس قال: لسان أهل الجنة عربي.)) و ( أخبرنا سعید بن أبي أیوب قال: حدثني عقیل عن ابن شهاب قال: لسان أهل الجنة عربي. )( 19 ) پێغەمبەری ئیسلامیش فەرموویەتی: ( أحبوا العرب لثلاث: لأني عربي والقرآن عربي وكلام أهل الجنة عربي. )( 20 ).
سەبارەت بەسزای دۆزەخیش دەکرێت ئێمە لەپیاوانی ئایینی بپرسین خوای گەورە فەرموویەتی: ((أفمن زين له سوء عمله فرآه حسنا فإن الله يضل من يشاء ويهدي من يشاء فلا تذهب نفسك عليهم حسرات إن الله عليم بما يصنعون.))( 21 ) واتا{ئەی پێغەمبەر، تۆ دڵگران مەبە لەوانەی کاری خراپە دەکەن و بەباشی دەبینن، خوا خۆی لەچارە ی نووسیوون ئەوەی بیەوێت گومڕای دەکات و ئەوەی بیەوێت هیدایەتی دەدات و دەیخاتە سەر ڕێگای ڕاست، خودا خۆی دەزانێت ئەوانە چی دەکەن.} لێرەدا دەپرسین گەر خوای گەورە خۆی لەچارەمانی نووسیبێت تاوان ئەنجام بدەین و بەکەیفی خۆی ئەوەی بیەوێ بیخاتە سەر ڕێگای خراپ و ئەوەی بیەوێ بیخاتە سەر ڕیگای ڕاست، دەبێت تاوانی ئێمەی بەندە چی بێت لەکاتێکدا چاکبونمان یاخراپ بوونمان بەدەست خۆمان نەبێت؟ هەروەها خوای گەورە بۆ خۆی پێمان دەفەرمووێت: ((وما كان لنفس أن تؤمن إلا باذن الله.))( 22 ) واتا{هیچ کەس ناتوانێت باوەڕ بەخودا بێنێت گەر بەمۆڵەت و ویستی خودا نەبێت.} ، هەرلێرەدا بەپێویستی دەزانم پرسیارێک ئاڕاستەی مامۆستایانی ئایینی بکەین گەر توانای وەڵام دانەوەیان هەبێت…! خوای گەورە دەفەرمووێت: ((وقالوا لن يدخل الجنة إلا من كان هودا أو نصارى تلك أمانيهم قل هاتوا برهانكم إن كنتم صادقين.))( 23 ) واتا{وتیان جگە لەمەسیحی و جولەکە کەسی تر ناچێتە بەهەشت، ئەوەش ئاوات و هیوایانە، پێیان بڵێ ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن بەڵگەکانتان بهێنن.} بەواتایەکی ڕونتر، خوای گەورە لەم ئایەتەدا پێمان دەفەرمووێت: ((جولەکە و مەسیحیەکان دەڵێن تەنها ئێمە دەچینە بەهەشتەوە، ئەوەش ئاوات و هیوایانە، پێیان بڵێ ئەگەر ئێوە ڕاست دەکەن بەڵگەکانتان بهێنن.)) پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئەی بەڵگەی ئێمەی موسڵمانان چیە کەتەنها هەرئێمە دەچێنە بەهەشتەوە، کەئەوەش ئاوات و هیوای ئێمەشە؟!.
هەڕەشەی دۆزەخ و مژدەی بەهەشتیش لەقورئاندا وای کردووە زۆرێک لەباوەڕداران ئەوەندەی لەدۆزەخ دەترسن، لەخودا ناترسن، ئەوەندەی بەهەشتیشان خۆش دەوێت، خواکەیان خۆش ناوێت، چونکە ئەوانە بەهەشتیان لەخوداکەیان لاگرنگترە، لەبەر ئەوە دەبینین، هەمیشە لەخودا دەپاڕێنەوە و نوێژدەکەن بۆ بەدەست هێنانی بەهەشت، نەک بۆ ڕازیکردنی خودا…….. بێگومان گەر سزای دۆزەخ و پاداشتی بەهەشتیش نەبووایە ئەوانە هیچ پێگەیەکیان بۆ خودا و ویژدانیان دانەدەنا.
لە کۆتایدا دەڵێم: ( خواگیانەکەی خۆم، من تەنها تۆ دەپەرستم و تۆشم خۆش دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەلێت دەپاڕێمەوە نەلێشت دەترسم، لەبەرئەوەی هیچ تاوان و هەڵەیەکم نەکردوە و ئازاری کەسیشم نەداوە لەژیانمدا، بەناوی تۆشەوە هەرگیز کەسم نەکوشتوە و کەسیشم تیرۆر نەکردووە بڵێم ئەمە (جیهادە)، بەناوی بەڕێزیشتانەوە دزی و تاڵانیم نەکردووە و بڵێم ئەمە(غنیمە)یە، کاری سێکسی ناشرینیشم هەرگیز ئەنجام نەداوە بڵێم ئەمە(زواج المتعة)یە، سەرانەشم لەکەس وەرنەگرتووە بڵێم ئەمە(الجزیە)یە، لەبەر ئەوە بێگومانم ئێوەی مەزنیش ئێمەتان خۆش دەوێت، هیوادارم گەر جێگەم دۆزەخە لێم مەبوورە، گەر شایستەی بەهەشتیشم….. بم بوورە خوای گەورە ئەو بەهەشتەم ناوێت کەلەقورئاندا باسکراوە، لەبەر ئەوەی من ئێستا کەلەژیاندام، بیر دەکەمەوە و دەخوێنمەوە و بەئاواتەوە دەژیم بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، بەڵام لەبەهەشتدا وەک ئاژەڵ بەبێ ئاوات دەژیم.

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies